تاريخ: ۱۳۹۸ چهارشنبه ۱۹ تير ساعت ۱۷:۱۶ بازدید: 371      نظرات: 1      کد مطلب: 11350

محەممەدئەمین زەکی بەگ کێیە؟


محەممەدئەمین کوڕی حاجی عەبدوڵڕەحمان کوڕی مەحموودە، گوزەران و  بژیوی ماڵە باوکی لەسەر ئاڵوێری تووتن بووە. لە ساڵی ١٨٨٠ لە گەڕەکی گۆیژە لە سلێمانی لەدایک بووە. لەسەر کۆمەڵی عوسمانی ناوی "زەکی" کردووە بە لەقەب و هەر بۆیە بە "محەممەدئەمین زەکی" یا "ئەمین زەکی" ناسراوە. سەرەتا لە حوجرەی مەلا عەزیزی زەلزەلەیی خوێندوویەتی و خەتمی قوڕئانی کردووە و فێری نووسین بووە. لە ساڵی ١٨٩٢ لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا لە قوتابخانەی سەرەتایی "ڕوشدییەی موڵکیی" دەستی بە دەرس خوێندن کردووە، دوایی ساڵێک لە قوتابخانەی سەرەتایی سوپا لە پۆلی دووەم وەرگیراوە.

لە پاش تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی لە سلێمانی، لە ساڵی ١٨٩٦ بۆ خوێندن چۆتە بەغدا و لە قوتابخانەی ئامادەیی سپا وەرگیراوە. لە دوای ٣ ساڵ خوێندن، بۆ خوێندن لە قۆناغەکانی سەرتر بەرەو ئەستەمبوڵ چووە.

ئەمین زەکی لە ئەستەمبوڵ قوتابخانەی جەنگی تەواو کردووە و دواتر لە قوتابخانەی ئەرکان بە پلەی سەرۆک مومتاز دەرچووە. لە ساڵی ١٩٠٢ لە لەشکری شەشەمی عوسمانی لە بەغدا بۆتە ئەفسەر، لە پاش ساڵێک بۆ "بەڕێوەبەرایەتی ئەرز و ئەملاکی سەنییە" گوێزراوەتەوە و وەک ئەندازیارێک لەوێ دامەزراوە و تا جاڕدانی دەستووری عوسمانی لەو شوێنە ماوەتەوە. لە پاشان بۆ لەشکری دووەم لە ئۆردون گوێزراوەتەوە، دوای ئەوە لە ئەستەمبوڵ وەک ئەندامی "کۆمەڵەی نەخشەدانان" لەگەڵ تاقمێک لە ئەندازیارانی دیکە خەریکی ئامادەکردنی نەخشەی شاری ئەستەمبوڵ و دەورووبەر بووە. زەکی هەر لەو ماوەیەدا بە لێژنەی دیاری کردنی سنووری دەوڵەتی عوسمانی و بۆلگاریا هەڵبژێردراوە، جگە لەمە لە ناوچەی قەفقازیشدا بەشداری لە دیاری کردنی سنووری عوسمانی و ڕووسیا کردووە.

زەکی لە ماوەی ژیانی عەسکەری و سەربازی‌دا جێگۆڕکەیەکی زۆری پێکراوە. ناوبراو لە ساڵی ١٩١٢ بەشداری لە جەنگی بەڵقاندا کردووە و لەوێدا بە پلەی دووەمی ئەرکانی جەنگ دەگات. لە ساڵی ١٩١٣ لەگەڵ هێندێ ئەفسەری دیکە بۆ کاروباری ڕەسمی ڕووی لە وڵاتی فەڕەنسا کردووە و بۆ ماوەی ساڵێک لەوێ ماوەتەوە. لە ساڵی ١٩١٤دا جارێکی دیکە بە ئەندامی لێژنەی دیاری کردنی سنووری ڕووسیا هەڵدەبژێردرێ. بۆ بەرەو پێش بردنی ئەو کارە لە شاری بایزیدەوە ڕووی کردۆتە تفلیس و لەوێوە بەرە ڕووسیا چووە.

لە ماوەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا ئەمین زەکی لە ئۆردووی سوپا لە سەلمان پاک، پلەی مایۆری وەرگرتووە. لە کاتی داگیرکردنی بەغدا لە لایان ئینگلیزەوە ئەمین زەکی لەگەڵ ئەو لەشکرە بۆ مووسڵ چووە. لە دوای جەنگی جەهانی یەکەم‌دا بۆ "بەشی مێژووی جەنگ" گوێزراوەتەوە و تا حوزەیرانی ١٩٢٤ لەو دەزگایەدا ماوەتەوە.

ئەمین زەکی ڕۆشنبیر

ئەمین زەکی سوپایەکی زانا و ڕۆشنبیرێکی کورد ئەژمار دەکرێت. ڕەفیق حیلمی بە عەسکەر، مێژوونووس، شاعیر و نووسەر بە خەڵکی دەناسێنێت. ئەم هەڵسەنگاندنە ڕاستییەکی زۆری تێدایە، چونکە لە بواری ستراتیجییەتی سوپایی، زانستی مێژوو، خەیاڵی شاعیری و ڕۆمانتیکی شاعیری لە ڕووی تیۆرییەوە بەرهەمی هەیە. ناوبراو لە پێشدا کۆمەڵێک کتێبی بە زمانی تورکی لە بارەی ستراتیجییەت و ئەندازیاری سوپایی بڵاو کردۆتەوە، هەر وەها لە ڕۆژنامە و گۆڤارە تورکییەکانیش‌دا بەرهەمی لە چاپ داوە. ئەمین زەکی بە زمانی کوردی دەستی داوەتە نووسین و لە ساڵی ١٩٢٨ "موحاسەبەی نیابەت" لە بەغدا بڵاوکردۆتەوە، لە پاشان بەرگی یەکەمی کتێبی "خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان"ی لە ساڵی ١٩٣١ و بەرگی دووەمی لە ساڵی ١٩٣٧ لە بەغدا چاپ و بڵاو کردۆتەوە.

 

ئەمین زەکی لە پەخشانی کوردیش‌دا قەڵەمی لێداوە کە دوو کتێبی "دوو تەقەلای بێ‌سوود" لە ساڵی ١٩٣٥ و "تاریخی سلێمانی و ووڵاتی" لە ساڵی ١٩٣٩ لە بەغدا چاپ و بڵاو کردوونەوە. نووسەر لە بەرهەمە مێژووەکانیدا لە ڕووی زانستییەوە لە دوای شەرەفخانی بەدلیسیەوە، بە دووەم مێژوونووسی کورد ئەژمار دەکرێت.

عەلائەدین سەجادی لە بارەی ئەمین زرکییەوە دەڵێ: "ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە لە عالەمی سیاسەتدا نابێ توندوتیژی هەبێ، لە بەر ئەوە لە هەموو مەیدانێکی سیاسیدا بە هێمنی دەهاتە پێشەوە، لە پایەی یەکەمدا خۆی بە کورد دەزانی، لە پلەی دووەمدا بە عێراقی، هەر کاتێ بچوایەتە ناو ئیشەوە، لە بەر ئەوە کورد لە عێراقا هەبوو لە ڕێگەی گشتییەوە زۆرتر ئەیویست خزمەت بە کورد بکا".

بەم جۆرە ئەمین زەکی ڕۆشنبیرێکی کوردی سەردەمی خۆی بووە. ناوبراو شەش حەوت زمانی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی وەکوو کوردی، تورکی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، فەڕانسی و ئەڵمانی زانیوە. کوردناس و ڕۆژهەڵات‌ناسی ڕووسی گوورگین ئاکووپۆڤ لەسەر ئەمین زەکی دەڵێت: "لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانی‌دا لە بەغدا چاوم بە ئەمین کەوت، لە گفتوگۆکردندا بە زمانی ڕووسیش لە یەکتری دەگەیشتین".

 

ئەندام پارلەمان

محەمەدئەمین زەکی‌ بەگ لە سەردەمی‌ پاشایەتی‌ عێراقدا پەرلەمانتار بووە و وەک نوێنەری‌ سلێمانی‌ ھەڵبژێردراوە. لە دوو ڕاپۆرتیدا بۆ پادشای‌ ئەو کاتی‌ عێراق و کاربەدەستانی‌ ئینگلیز بە ڕوونی‌ باسی‌ لە کێشەی‌ پارێزگا کوردنشینەکانی‌ عێراقی‌ کردووە و لە ڕێگای‌ ڕەخنەکانییەوە کاربەدەستانی‌ لە جێبەجێکردنی‌ ئەو بەڵێنانەی‌ لە ساڵی‌ ١٩٢٦ بە کورد درابوو، بە ئاگاھێناوەتەوە.

 

بەرهەمی ئەدەبی ئەمین زەکی

ئەمین زەکی ئەو کاتەی لە ئەستەمبوڵ ژیاوە هێندێ شێعری هۆنیوەتەوە، بەڵام بڵاوی نەکردۆتەوە. وا دیارە قانعی شاعیر  بە نامەیەکی شێعری چەند پرسیارێکی مێژوویی لە ئەمین زەکی دەکا و لە ڕۆژنامەی "ژین" لە سلێمانی بڵاوی دەکاتەوە. زەکیش بە شێعر وڵامی قانع دەداتەوە و لەسەر لاپەڕەکانی گۆڤاری "گەلاوێژ" بە قانع و خوێنەرانی دەگەینێ:

 

لە ڕۆژنامەی ژین لە سێی ڕەمەزان

هەشت شیعرم زۆر شیرین و جوان

سێ شیعری ئەوەڵ شایستەی شوکرە

سێ شیعری دواییش پرسینی فیکرە

ئەڵێن هەیکەلی دەربەندی گەورە

نازانین چییە و هینی چ دەورە

....

لە پەخشاندا ئەمین زەکی کوردی زانێکی بەتوانا بووە، شێوازی کوردی عوسمانی لە نووسینیدا بەدی دەکرێ. وشەی عەڕەبی، تورکی، فارسی ناو زمانی ئەدەبی ئەو نەتەوانەدا بەکار دێنێ. هەر چەندە نووسینەکانی پەیوەندیان بە مێژووە هەیە، وەک ئاشکرایە، مێژوو تەنها دیاردەیەکی زانستی نییە بەڵکوو تێکەڵ بە ئەدەبە و جوانکاری تێدا هەیە.

 

نموونەی پەخشانی ئەمین زەکی

 

ئەمین زەکی لە پێشەکی مێژووی کورد و کوردستان دەڵێ: " لە دوای ئەمە، کە لە جێگەی تەعبیری عوموومی (عوسمانی) لەفزی (تورک) و (توران)ی لە تورکیادا باوی سەند، بە تەبیعەت وەک ئەفرادی میللەتەکانی‌تر منیش لە ناو ئەم کۆمەڵەدا غەیرییەتی خۆم چاکتر حیس پێکرد، غورووری قەومی، مەجبووری کردم لە هەموو فرسەتێکدا ئەم حیسسەی خۆم ئیزهار بکەم. بەڵام دەرحەق بە ئەسڵ و تاریخی قەومەکەم هیچم نەئەزانی، چونکە تا ئەو وەقتە نە لە مەکاتیبدا فیکری وامان درابوویە و نە لە دواییشدا زەروورەتی تەدقیقی تاریخی کوردمان دیبوو، وە کەلیمەی جامیعەی (عوسمانی) ئەعسابی قەومییەی هەموومانی تا دەرەجەیێک خاو کردبووەوە...." ئەم پارچە پەخشانە لە ڕاستییەک دەدوێ، پەیوەندی بە زانستیی مێژووە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر گێڕانەوەی بەسەرهات و یادداشت کردنی  ژیانی ڕۆژانە و دەربڕینی بیروباوەڕ و هەست و نەستی بەرامبەر بە کوردایەتی، ئەم شێوە نووسینە ئاسۆیەکی ڕۆمانتیکی بە پەخشانەکە بەخشیوە.

 

لە پێشەکی کتێبی "تاریخی سلێمانی و ووڵاتی"دا بەناوی "سکاڵایەک" دەنووسێ: "هیچ ووڵاتێ نییە کە لە سەحنەی تاریخدا وەزیفەی خۆی بەجێ نەهێنا بێ. ووڵاتی سلێمانیش یەکێ لەوانەیە. لە زۆر قەدیمەوە تا زەمانی ئیحتیلال زۆر حادیسات و مەسائیبی دیوە. شاخی پیرەمەگروون ئەگەر بهاتایە زمان و ئەوی دیویە بۆی بگێڕاینایەوە لە سەرگوزەشتی حەقیقیی ئەم ووڵاتە زۆر باش حاڵی ئەبووین. بەڵام ئەمە تەمەنیی مەحاڵە..." ئەم دوو پارچە پەخشانە نموونەیەکی جوان و ڕاستەقینەی تازەکردنەوەی پەخشانی کوردی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم سەیر دەکرێن.

ئەمین زەکی کوردی زانێکی بێ‌وێنە بووە لەگەڵ ئەوەی کە درەنگ دەستی بە نووسینی کوردی کردووە، بەڵام خاوەن شێوازی تایبەت بەخۆی بووە. نموونەی نووسینی ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە بووە. شێوازی نووسینی پەخشانی ئەمین زەکی لە هەموو بەرهەمە کوردییەکانی‌دا هەر ئەو شێوازەیە کە شاعیران و خوێندەواران تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لە کوردستانی ئێران و عێراق بەکاریان هێناوە.  

بەرهەمەکانی تر

لە بەرهەمەکانی تری زەکی بەگ دەتوانین "مشاهیر الأکراد" نێو بەرین کە بەشی یەکەمی لە ساڵی ١٩٤٥ و بەشی دووەم ساڵی ١٩٤٧ و "تاریخ الدولة‌ و الامارات الکردیة‌" لە ساڵی ١٩٤٥دا چاپ و بڵاو کراونەتەوە.

 

کۆچی دوایی

ئەمین زەکی ٧١ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە شەوی ١٩٤٨/٧/٩ لە شاری سلێمانی گورچیلەکەی لە کار دەکەوێ و خوێنی لێ پیس دەکات و بەو جۆرە ماڵاوایی لە ژیان کردووە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

سید سامان ۱۳۹۸/۴/۲۰
زوور سپاس براستی بابه تیکی به که لک بوو.

نظر خود را براي ما ارسال كنيد