تاريخ: ۱۳۹۵ سه شنبه ۴ آبان ساعت ۴:۱۴ | بازدید: 3830 نظرات: 21 کد مطلب: 2116 |
سڵاو و ڕێزم هه‌یه بۆ ئێوە و خوێنه‌رانی به‌ڕێزی هاژه، من له شاری مەهاباد و له گه‌ڕەکی خڕێ له دایک بووم. ئێستا له وڵاتی ئاڵمان و له شاری دوسلدۆرف دەژیم.
سێ ئاڵبۆمم هه‌یه، ئاڵبۆمی ڕێگا ساڵی 2011، ژیانه‌وە 2012 و نیگه‌ران مه‌به 2016. کۆمه‌ڵه کارێکم هه‌بووه که به شێوەی ته‌ک تڕاک بڵاو بۆتەوە
هاژه: هه‌ستێکی ئه‌ویندارانه له کارەکانتدا به شێوەیه‌کی به‌رچاو به‌دی دەکرێ، به‌ڵام له ته‌ک تراکەکانت نه‌ختێک جیاوازتر نییه؟
بۆچی، له‌واندا مافی ژن، گرفته کۆمەڵایه‌تییه‌کان و هێندێک بابه‌تی دیکه به‌رچاون، ئه‌گه‌رچی له زۆربه‌ی کارەکانی ئه‌م دواییانه تێمێکی ئه‌ویندارانه هه‌یه.
هاژه: دەقی شێعرەکانی که دەیانخوێنی ئی خۆتن یان کەسانێکی تر؟
ئاڵبۆمی ڕێگا شێعرەکانی بۆخۆم نووسیومه، له ئاڵبۆمی ژیانه‌وە تێکستی خۆم و خاڵه قازی و سیمین چایچی و ناسر حیسامی به‌کار هاتووه.
هاژه: ئاڵبۆمی نیگه‌ران مه‌به، لایه‌نگری زۆر بوو، خۆت چۆنی دەبینی؟
پێم وایه پڕ فرۆشترین کاری کوردی بووە چوون هیچ کام له سی دییه‌کانی نەماوە و له سەر تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان خەڵک زۆر به باشی پێشوازیان لێ کردووە. له سەر تێلگرام، فه‌یسبووک، یوتیوب، ڕادیۆ جەوان نزیک 10 تا 12 میلیۆن بینەریان بووە، هه‌ر به ته‌نیا گۆرانی لاوه لاوە که له‌م ئاڵبۆمه‌دا تا ئێستا له یوتیوب به دوو لینک گه‌یشتۆته سێ میلیۆن بینه‌ر له تێلگرامیش یه‌ک میلیۆن و نیو بینه‌ری هه‌بووە. لاوە لاوە، تۆ پیرۆزی، به‌ڵێن، یاری و نیگه‌ران مەبە له‌و کارانه‌ن که زیاترین لایه‌نگریان هه‌یه. ئه‌و ئاڵبۆمه پێک هاتوو له 10 تراک، شێعرەکای خۆم، ڕەنج سەنگاوی و عەبدوڵڵا پەشێۆه. دوو کاری تێدایه ئی هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست کاک کامڕان مه‌ته‌ری که ته‌له‌فۆنم بۆ کردووە و ئیزنم لێ وەرگرتووه. یه‌ک له‌و دوو کاره گۆرانی "تاکه‌ی دەردی دووری" که به سەبک و ستایلێکی نوێ خوێندوومه.
هاژه: کەواتا نه‌وید زەردی سەرەڕای دەنگی خۆشی، دەقی شێعریش دەنووسێ.
به‌ڵێ، من به شێعر نووسین دەستم پێکردووە و هەڵبه‌ست و ته‌رانه‌ی زۆربه‌ی کارەکانم بۆخۆم نووسیومه، ته‌نانه‌ت دوا ئاڵبۆم و بگره زۆربه‌ی ئه‌و کارانه‌ی بڵاو بۆته‌وە دەقی شێعرەکانی ئی خۆمن. ئه‌گه‌ر شێعری شاعیرێکیشم به دڵ بووبێ هه‌ڵمبژاردووە و خوێندوومه.
هاژه: له شێعرەکاندا چ جۆره زمانێک سرنجت ڕادەکێشێ؟
هه‌میشه هەوڵم داوە له‌و زمانه ئابدەیته‌ی که ڕۆژانه له سەر شەقامەکان به کار دێ و ئه‌و شته‌ی که شێعری کلاسیکی پێدەڵێن لەو نێوەدا میکسێک دروست بکه‌م یان ئه‌و ته‌وازوونه ڕابگرم که کارەکان هەم مودێڕن بێ و هه‌م له‌و قالبه‌ی پێشوو زۆر نه‌یه‌ته دەر.
هاژه: ئاهه‌نگ سازیش دەکه‌ی؟
ئاهه‌نگ ساز نیم بەڵام مێلۆدی دروست دەکه‌م و مێلۆدی هه‌موو کارەکانم تا ئێستا بێجگه له چوار کار، هه‌مووی ئی خۆمه و موزیکه‌که‌ی ئی خۆم بووه، بەڵام دابه‌شکردنه‌که‌ی ئی هاوڕێیانی دیکه بووە. یانی دەتوانم بڵێم خانەندەگی به‌شێکه له‌و کارەی که دەیکه‌م.
هاژه: حه‌زت له کام ئامێری مۆسیقایه؟
دودوک، سازێکی دەهه‌نییه. هه‌ڵبه‌ت گیتاریش یه‌کێک له‌و ئامێرانه‌یه که زۆر هۆگریم.
هاژه: به نیازی به شێوەی حێرفه‌یی فێری بی؟
به چەشنی حێرفه‌یی گیتار فێر دەبم به‌ڵام وا هه‌ست ناکه‌م دەبمه ژەنیار. چوون به پێویستی نازانم، بەڵام چوون بۆ کارەکەم پێویستتره هه‌ر بۆیه ئێستا دەچمه‌وە کلاسەکەی.
هاژه: بگه‌ڕێنه‌وە پێشتر، یه‌که‌م جار که‌نگێ گۆرانیت وت و هه‌ستت به‌وە کرد دەنگت خۆشە و دەتوانی سەر بکه‌وی؟
ستارتی کاری من له منداڵییه‌وە بووە. له گرووپی سرووددا ته‌ک خان بووم. له شانۆشدا هه‌ر کارم کردووە و له هەر دوو به‌شدا ئه‌و کات له کێبه‌رکێیه‌کانی پارێزگادا خەڵاتم وەدەست هێنا. له ڕۆژهه‌ڵات چەند کارم هه‌یه که زۆر به شێوەی پرۆفشناڵ نه‌بووەن، چوون زیاتر خەریکی تێکست نووسین بووم تا ئه‌وەیکه به‌رهه‌م ساز بکەم و بڵاوی بکه‌مه‌وە.
هاژه: زۆربه‌ی ئه‌و لاوانه‌ی دەیانهه‌وێ بێنه نێو گۆڕەپان و دنیای مۆسیقاوە وەک ئۆلگوویه‌ک چاو له ئێوە ده‌که‌ن، داخوا گه‌یشتن به‌م قۆناغه چەنده سەخته...
تا ئێستا فکرم لێ نه‌کردۆته‌وە، زۆر کەس داوای هاوکاریم لێ دەکه‌ن یان مه‌سێج دەنێرن که تۆ ئۆلگووی منی چۆن دەست پێبکه‌م و چ کارێک بکه‌م، ڕاستیت دەوێ له‌وانه‌یه ئه‌وان به‌و دیدەوە من ببینن، بەڵام خۆم وا هه‌ست دەکه‌م زۆر زۆرم ماوە تا ببمه‌وە ئه‌و کەسەی که وەک ئۆلگووی که‌سێکی ته‌واو سەیر بکرێم. دەتوانم یارمه‌تی بدەم، بەڵام ئه‌وەیکه به‌و دیدەوە چاوت لێ بکرێ ئه‌رک چەند به‌رامبه‌ر دەکا و هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی زۆر گه‌ورەتر دەبێتەوە بۆیه‌ش دەڵیم زۆر سەخته. به هەر حاڵ من دەست خۆشی له‌و کەسانه دەکه‌م که به‌و دیدوە له من دەڕوانن و ڕۆژانه پەیامم بۆ دەنێرن به ڕاستی لوتفیان هه‌یه.
هاژه: حه‌زت لێیه بگه‌ڕێیەوە بۆ مەهاباد؟
هیچ مرۆڤێک نییه که پێی خۆش نه‌بێ بگه‌ڕێته‌وە بۆ شار و زیدەکه‌ی و ئه‌و شوێنه‌ی که لەوێ له دایک بووە. بە ڕاستی یه‌کێک له ئارەزووەکانی من ئه‌وەیه که ڕۆژێک بتوانم بگه‌ڕێمه‌وە مه‌هاباد و بتوانم گه‌ورەترین کۆنسێرتی خۆم له‌وێ بەڕێوە به‌رم و ئه‌و نۆستالێژییانه‌ی هه‌مه له‌وێ دووبارەیان بکه‌مه‌وە.
هاژه: له دەرەوەی وڵات کۆنسێرتەکانت که‌نگێ و له کوێیه‌وە دەستیان پێ‌کرد؟
له ساڵی 2010وە دەستی پێ‌کرد. له زۆربه‌ی شارەکانی ئورووپا وەک میلان له ئیتالیا، ستۆکھۆڵمی سوید، ئۆسلۆ له نوروێژ، بێرلین له ئاڵمان و... له هەمووی ئه‌وانه کۆنسێرتم بووە و له باشووری کوردستان چوار کۆنسێرتم به‌ڕێوە بردووە که خەڵکێکی زۆر به‌شداری کرد و نزیک چوار هه‌زار و دووسەد که‌س له‌م کۆنسێرتانه‌دا بەشدار بوون ئه‌وەش لە حاڵێکدا بوو که کوردستان خەریکی شەڕ [دژی داعش] و گرفتی ئابووری بوو. کۆنسێرتەکانم زۆر باش بوون و خۆم زۆر ڕازی بووم، له ئێران باشترین ژەنیارەکانمان هێنا و خۆم به ڕاستی چاوەڕوانی ئه‌و پێشوازییه‌م نه‌ده‌کرد و زۆربه‌ی بلیتەکانم به‌ر له کاتی کۆنسێرتەکه فرۆشرا و ئه‌وە بۆ من سورپرایزێک بوو، هه‌ر لێرەوە دەست خۆشی له گشت ئه‌و کەسانه دەکەم که له‌م کۆنسێرتانه‌دا بەشدار بوون.
هاژه: به‌رنامه‌ت بۆ داهاتوو چییه، کۆنسێرتی نوێ بەڕێوەیه؟
بۆ خوڵقاندنی کاری هونه‌ری گرووپ ده‌بێ کار بکا و گۆرانی بێژ به‌شێکه له‌و بابه‌ته، میکس و مسترینگ، په‌خشی کاره‌کان و... گشتی به گرووپ ده‌کرێ و پێم وایه جێبه‌جێ کردنی ئه‌م هه‌موو کاره ته‌نیا به که‌سێک ناکرێ.
هاژه: پێشنیاری نه‌وید زه‌ردی به‌و که‌سانه‌ی تازه خه‌ریکه ده‌ست پێده‌که‌ن یان ده‌یانهه‌وێ له مۆسیقادا خۆیان ببینه‌وه چییه؟
مرۆڤ ده‌بێ پشتکاری هه‌بێ و باوه‌ڕی به خۆی بێ. باوه‌ڕ به‌خۆ بوون له هه‌موو شت گرینگتره. زۆر که‌س هه‌ویستوویانه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک به‌رد باوێنه سه‌ر ڕێگای من و ببنه به‌ربه‌ستێک بۆ ئامانجه‌کانم، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم به کاره‌کانی خۆم و به تواناییه‌کانی خۆم بووه. له مۆسیقادا ده‌بێ ئامانجێکت هه‌بێ، ئه‌گه‌ر ده‌تهه‌وێ بۆ دڵی خۆت بیکه‌ی ئه‌و شتێکی دیکه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به نیازی ئه‌وه‌ی که له فه‌زایه‌کی گه‌وره‌تر و به‌رفراوانتردا کار بکه‌ی و خه‌ڵکێکی زیاتر سه‌یری هونه‌ره‌که‌ت بکه‌ن ده‌بێ ئامانجێکت هه‌بێ و گه‌وره بوونی ئه‌و ئامانجه له سه‌ر پێشکه‌وتن و سه‌که‌وتنت زۆر شوێندانه‌ر ده‌بێ و پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه. به رای من ئه‌گه‌ر که‌سێ به شێوه‌ی حێرفه‌یی و ئاکادێمیک بۆ فێر بوونی حه‌ول بدات زۆر به قازانجێتی.
هاژه: بارودۆخی مۆسیقای کوردی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
مۆسیقای کوردی چه‌ندین قۆناغی جیاوازی تێپه‌ڕ کردووه و ئه‌گه‌ر چاو له په‌نجا ساڵی ڕابردوو بکه‌ین ده‌بینین که ڕووداوگه‌لێکی جیاواز له نێو مۆسیقای کوردی‌دا ڕوویان داوه. یه‌کێک له گرفته‌کانی ئێمه ئه‌وه‌یه که وا ده‌زانین هونه‌ر چوارچێوه‌یه‌کی هه‌یه و موزیکی کوردی له مه‌رجێکی تایبه‌تی ناتوانێ ده‌رباز بێ، به‌ڵام ئه‌و شته بوونی نییه و هیچ که‌س ناتوانێ بڵێ هونه‌ر تایبه‌ته به یه‌ک شوێن. تۆ ده‌توانی له به‌شێک له گۆی زه‌وی یان ناوچه‌یه‌ک جۆرێک موزیک به کار بێنی، به‌ڵام ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌و نییه که موزیکی ئه‌و ناوچه‌یه ته‌نیا ئه‌وه‌یه. موزیک دنیایه‌کی بێ سنووره و ناکرێ چوارچێوه‌ی بۆ دانرێ و تابۆی بۆ دروست بکرێ، نوێ بوونه‌وه له نێو مۆسیقای کوردی‌دا زۆر پێویست بوو که ده‌بوو کرابا به‌ڵام ئه‌و شته زۆر به شلی ده‌چووه پێش هێندێک له‌وانه‌ی کاری مۆسیقای سوننه‌تیان ده‌کرد نه‌ختێک ڕادیکاڵانه و به تووڕه‌یی له‌و که‌سانه‌یان ده‌ڕوانی که ده‌یانویست کاری نوێ بکه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو به هۆکار که لایه‌نگرانی به شێوازێکی پارێزه‌رانه له به‌رامبه‌ر ئه‌م حه‌ڕه‌که‌ته نوێیه‌دا ڕاوه‌سته‌ن. وا هه‌ست ده‌که‌م له ماوه‌ی 10 ساڵی ڕابردۆوه ڕووداوگه‌لێکی باش هاتوونه‌ته ئاراوه ئه‌گه‌رچی گرفتیش زۆره وه‌ک گرفتی ماڵی، کۆپی ڕایت و.. که هه‌مووی ئه‌وانه هۆکارێکن بۆ شل بوونه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌کان.
هاژه: به‌و حیسابه، داهاتووی موزیکی کوردی چۆن ده‌بینی؟
زۆر گه‌ش، چوون زمانی کوردی زمانێکی مێلۆدیکه و ئه‌گه‌ر کاری له سه‌ر بکرێ له هه‌ر سه‌بکێکدا له سوننه‌تی ڕا بگره تا ڕاک و... و به شێوازێکی مۆدیڕن به کار بێت به‌رهه‌می جوان ده‌خوڵقێ.
هاژه: سوپاست ده‌که‌ین که ئاوا به سه‌بر و حه‌وسه‌له وڵامی پرسیاره‌کانی ئێمه‌تان داوه. له کۆتاییدا ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کتان هه‌یه بیفه‌رموون
من زۆر سوپاسی ئه‌و که‌سانه ده‌که‌م که ئێستا ئه‌و وت‌ووێژه ده‌خوێننه‌وه، سوپاسی هاژه ده‌که‌م به ڕاستی چوون پرسیاره‌کانتان کلیشه‌یی نه‌بوون و ئه‌وه‌ش بۆ من زۆر گرینگ بوو. ڕوانین له موزیکی کوردی به دیدێکی دیکه و له ڕوانگه‌یه‌کی تره‌وه به شێوه‌ی جیددی ده‌توانێ زۆر یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ پیشکه‌وتنی هونه‌ری کوردی.
ڕێز و حوڕمه‌ت و خۆشه‌ویستیم هه‌یه بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که من و کاره‌کانم به‌رده‌وام ساپۆڕت ده‌که‌ن و له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕۆژانه په‌یامم بۆ ده‌نێرن ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشیان لێ بکه‌م، هه‌روه‌ها سوپاسی ئه‌و که‌سانه‌ش بکه‌م که له‌و چه‌ند ساڵه‌دا یارمه‌تیده‌ر و پشتیوانی من بوون.