تاريخ: ۱۳۹۵ يکشنبه ۱۳ تير ساعت ۱۵:۶ | بازدید: 2022 نظرات: 0 کد مطلب: 1201 |
دوای بڵاوبوونەوەی ده غهزهل له غەزەلە بڵاو نهکراوهکانی نووسهر و شاعیر و بیرمهندی ناوداری کورد خوالێخۆشبوو مامۆستا مهلا عهبدوڵڵا ئەحمەدیان (1312-1383ک.ه./1933-2004) لە ژمارە (160)ی گۆڤاری مەهاباد بە پێویستم زانی کە هەوڵێکم بۆ شیکردنەوەی هەوەڵ غەزەل (لهم ده غهزهله بڵاو نهکراوانه) هەبێ:
مامۆستا عهبدوڵڵا ئهحمهدیان (1312-1383ک.ه./1933-2004)
دوای بڵاوبوونەوەی ده غهزهل له غەزەلە بڵاو نهکراوهکانی نووسهر و شاعیر و بیرمهندی ناوداری کورد خوالێخۆشبوو مامۆستا مهلا عهبدوڵڵا ئەحمەدیان (1312-1383ک.ه./1933-2004) لە ژمارە (160)ی گۆڤاری مەهاباد بە پێویستم زانی کە هەوڵێکم بۆ شیکردنەوەی هەوەڵ غەزەل (لهم ده غهزهله بڵاو نهکراوانه) هەبێ:
یەکەم غەزەل
دەمێکە دڵ بە جوانیت موبتەلایە/ گەلێ ئەسراری جوانی تۆی لەلایە
هەتە تەنیا ئەوەی هەممو هەیانە/ ئەوەی نیتە بە تەنیا هەر وەفایە
لە شەوگاری درێژی زولفەکانت/ بریقەی چینەکانی چلچرایە
درا دەست چاوی مەستت تیغی ئەبرۆت/ لە دەورت بۆیە هەر شین و هەرایە
ئەمن دەمکوت لە زێڕە گەردنی زەرد / بەڵام دیارە بە کێشی کارەبایە
نیشانی دا جغارەی لێوی یاقیق/ لە دەورەی مانگی ڕووی هەور و هەڵایە
لە بازیی عەشقی تۆ خاڵی ڕەشم دی/ هەڵمگرت با دەریش چووبم لە کایە"
کە بازی دا بەسەر پەرژینی زولفت/ بە کونجی لێوی تۆ یانی خەتایە
کە بازی دا بەسەر پەرژینی زولفت/ بە کونجی لێوی تۆ یانی خەتایە"
بەسەد زەحمەت نیگاهێکی ڕەوا دیم/ دڵی بردم کەچی هەر ناڕەزایە"
دڵی سووتاوی من وەک خاڵی ڕووتە/ کەچی جارێک لە جاران ڕووت نەدایە"
دڵم ناڵەی خڵاس بوو، چاوەکانم/ دەسیان پێکرد ئەتۆ هەر گوێت نەدایە"
دە تفڵی دڵ بەسە هەر پێت دەڵێ لا/ دەڵێی خووت گرتووە بەو لایەلایە
1ـ «دەمێکە دڵ بە جوانیت موبتەلایە/ گەلێ ئەسراری جوانی تۆی لەلایە»
دڵ بە مرۆڤێک شوبهێندراوە. جوانکاری گیانبەخشی یا تەشخیس "personfiction" واتە خوازەی مەکنییەی تێدا بەدی دەکرێ. دڵ بە ئینسانێک لە قەڵەم دراوە کە بە جوانی خوشەویستەکەی گیرۆدە بووە و تاقیکارێکی گەورەی لەسەر دەکرێ. هاوزەمان لەگەڵ ئەوە ئەسراری جوانبوونی یاری لەلا ماوەتەوە کە خەڵکی تر پەیان پێ نەبردووە و ئەو ئەسرارە جوانەی لەلای خۆی ڕاگرتووە. دەیهەوێ بڵێ جوانیگەلێک و گەلێک جوانی دە یاردا هەیە کە دەتوانێ ڕواڵەتی نەبێ، بەڵکە زەرافەت و لەتافەتی ئەو جوانییە بە باری مەعنەوی و ئیستیدڕاکی و ئیشڕاقیدا بکەوێ کە بێ چاوی باتین و دڵی نەدیوخواز و نادیار بین نابیندرێ و پەی پێ نابردرێ و ئەو جوانیانە تەنیا و تەنیا لەلای ئه و هەن و بەس. هەرچەند جوانییەکانی ڕواڵەتیش نەفیی ناکاتەوە و هەندەسەی تەوازون و تەقاڕوونی پێ سیفر نییە؛ بەڵکە لە ناخی "لا"ی نافییە و نەهیدا دەکرێ پێگری لەسەر ئەو مەبەستە بێ کە تەواوی جوانییەکان بۆلای ئەو دەگەڕێتەوە نە کەسی تر و شتی تر. ئەو ئەوینە ئەگەر ئەوینێکی خاکیش بێ هیچ لەمپه ر و پەرژین و مانیعێکی بۆ نییە کە ئەویش هەر دەگەڕێتەوە سەر ئەوینی ئەفلاکی چون قسە لە ئەسرارە، ئەوە هەر دڵە کە شامیل و مەشموولی ئەو ئەسرارەیە. هیچ شتێکی تر جگە لە دڵ ئەو ئیمتیاز و جیاوازییەی نەدراوەتێ و نادرێتێ. دڵ گەلێ ڕازی بۆ دەرکەوتووە و بێ کۆتاییش ڕازی بۆ ماوەتەوە و لێی ئاشکرا نەبووە کە هەتاهەتایە هەر ڕازی تازە و تازەتری بۆ دەرکەوێ هەرگیزاوهەرگیز بنەی نایە. ئەگەر بێین و "لا"ی بە مانای توێ و لایە بگرین، وا لێکدەدرێتەوە کە توێ توێکان و ڕەگە ڕەگەکان و چین لەسەر چینەکانی دڵ ڕاز گەلێک جار دەگەڵ جار داپۆشراوە و سەری نراوەتەوە واتە ڕاو نراوەتەوە هەرە قووڵاییەکانی نابەئاگای ڕۆح کە لەعالەمی ئەمرەوە هاتووە، کە بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی دڵ نەبێ ئەو ئەسرارە وەدەر ناکەوێ. "لا" بە مانای تەک و تەنیشت یانیها هۆگر و هاواڵ و هاوڕاز و بەردەستکار. هەر هاودەم و پێزان بە خودی دڵ و پێچوپەناکانی، ئەسراری جوانی بێ. ئەوە هەر دڵە کە ئەسراری یاری بۆ دەدرکەوێ. دڵ بۆخۆی کتێبێکی مێژوویییە و پەڕتووکێکی هەرە کۆنینەناسی. قیدمەتی دڵ خۆی لە قەرەی قەدیمبوون دەدا کە تەنیا کۆنینەناسانی رۆح و ڕەوان و ڕاسیخانی عیلم و تێوەچووانی زانست وەرد و لێکی دەدەنەوە. دڵ کە لماولمی خوێن و بیرەوەرییەکانی خوێناوییە لە ڕابردووانی شەڵاڵی خوێن و بوێرانی ژیان سەخت و بە ئیروو، زۆر خەبەری داپۆشراوی پێیە. هەر دڵە خوێن دەدەڵێنێ. بە کوتانی سووری دەڵێ: خۆبەختکردن گەورەترین جوانیی مەعنەوییە.
بگەڕێینەوە بۆ لای "لا" ی نافییە واتا هەڵاواردنی هەموو جوانییەکان جگە لە یەک جوانی و تاقیکاری ئەو ئاشقە لەسەر ئاشقی داواکار و موودەعی کە چەندە بە ڕاستییەتی و چەندی توانایی و خۆشەویستی لەسەر خۆشەویستی و ئەشقی خۆ هەیە. کە هەموو جوانییەکان و قسە لە جوانییەکان بێوێنەن. بە واتایەکی تر نەفییکردنی هەموو جوانییەکان گەورەترین تاقیکارییە. خاوەندڵ بۆ ئەوەی بزاندرێ چ ڕادەیەک ئەویندار و موبتەلا بە دەردی ئەوینە، هەڵبەت ئەوینێکی ڕەمزاوی پڕ لە ڕاز و ڕەمز، دەرچون و تێپەڕبوونێکی جوامێرانە و شێرەپیاوانە لەو ئەزموون و ئیبتلایەیە کە کارێکی زۆر گرینگ و دژوارە. ئەو ئەسرارە هەم جوانە و هەم حیکایەت لە جوانییەکان دەکا. کلیلی ئەو ئەسرارە هەر لەسەر شکڵی "لا"یە واتە ڕواڵەتی شکڵەکەی هەر لە کلیل و هاچەر دەچێ. لە هەموو شتێک جگە لە یار و جوانییەکانی خۆلادەر و لالووتە. تەواوەتی لەوێڕا دەزانی بەڵام هیچ جوانێکی بێ یادی یار پێ جوان نییە. "لا" شاکلیلی هەموو بەختەوەرییەک و گشت بەختیارییەکە. دەیهەوێ بڵێ هیچ جوانییەکت بۆ کەس نەهێشتۆتەوە ئەی خۆشەویستەکەم! تەواوی جوانییەکان بۆ "لا"ی تۆ دەگەڕێتەوە؛ دڵ کە تەنیا یار لەوێدا جێ دەگرێ . یاریش هەر عاشقی بێ خەوش و گەردی مەتڵەبە. هەر بە یادی یار ئەو ئەویندارە پاک و بێ ڕیایە دڵی ئۆقرە دەگرێ و تەسکین دەخوا. هەر دڵە جێ تەختی حوکماتی یاری بێ وێنەیە و لە خەزێنەکانی ئەو سەروسۆراغ دەگرێ و هەر بە یارەوە ئیتمینان پەیدا دەکا و لە هەموو شتێک و هەموو کەس هەڵبڕاوە و دابڕاوەتەوە. ئینحیساری هەموو جوانییەکان لەودا بەدی دەکرێ و هەر لە دەڵدایە خەونی محەببەتی ڕاستەقینە و خۆشەویستی لێک دەدرێتەوە و وەسەر یەک دەخرێتەوە و ڕێک دەخسترێتەوە.
دەمێکە ڕووداوی موبتەلابوون ڕووی داوە. سەردەمانێکی دوورە بناغەی ئەوین داڕێژراوە. ئەوین شتێکە کە خۆ لە قەرەی قەدیمبوون دەدا. ئەوین ساز دەکا. ساز دەدا، دەسووتێنێ، دەمرێنێ و زیندوو دەکاتەوە، دەگەڵ فیترەت و زاتی مرۆڤ تێکەڵاوی هەیە و فەتڕەت و ئیستیڕاحەتی بۆ نییە. دڵ خەزێنەدار و ڕازدارێکی چاکە. جا وابوو دڵ هەم ئەمانەتدار و هەم ئەویندارە و هەرگیزاوهەرگیز لە ئەوینداری و ئەوینپەروەری خۆیدا غایەلەی پێدا نایە و خیانەتی پێ ناکا و دەغەڵی بە خەرج نادا. ئەسراری جوانی و ڕازەکانی جەماڵی خۆشەویست ڕادەگرێ و هەڵدەگرێ. ئەویندار کە خاوەنی ئەو دڵەیە. دەگەڵ گەورەترین ڕازەکانی سرووشت و تەنانەت ئەوپەڕی تەبیعەت تێکەڵاوی و ئاشنایەتی هەیە.
2ـ «هەتە تەنیا ئەوەی هەممو هەیانە ئەوەی نیتە بە تەنیا هەر وەفایە»
لە میسڕاعی هەوەڵ، بەیتی دووهەم هیجای دووهەمی هەتە (تە) دەگەڵ هیجای یەکەمی تەنیا (تە) بەیەکەوە واتە بە دوای یەکدا تۆن و مۆسیقای شێعری زێدەتر دەکەن. نێوان وشەکانی هەتە، هەموو و هەیانە ئارایەی واجئارایی دە ئارا دا هەیە. لەو بەیتەدا وەفادار نەبوون واتە بێوەفایی، بۆ تەعریف و ئیغڕاق لە ئەوپەڕی بوونی جوانی و بەرزێتیدا هاتووە و باری نەرێنی نییە، بەڵکە بە باری ئەرێنیدا کەوتووە، لە لایەکی دیکەوە وەفا و وەفاداری لە جنسی ئەعزا و پێلکاو بە جوانییەکانی ڕواڵەتی نییە؛ ئیستیسنای مونقەتیعە.
" ئەوەی نیتە بە تەنیا هەر وەفایە". دەیهەوێ بڵێ خۆشەویستەکەی ئەوەندە بەرزە کە حەقی ئەوەی هەیە لە جوابی "أرِنی" دا "لَن تَرانی" پێ بڵێ و هەرگیز خۆی نیشان نەدا. ( تەنیا بەرداشت و بەراوردی ناتەواوی ئەوەیە کە پێی وایە یار بێوەفایە). ئەوەیە کە ئەویندار هەرگیز بەو پلەوپایە ناگا کە یار خۆی پێ نیشان دا. هەروەک ئاماژەمان پێکرد بێوەفاییش لە جوانییەکان دێتە ئەژمار بەڵام لە نەوعێکی دیکە لە جنسێکی تر واتە موستەسنا و جیاواز ئەویش لە نەوعی مونقەتیع و دابڕاو. وەفاو وەفاداری حوسنە بەڵام لێرەدا بێوەفایی لە سەرەوەی هەموو حوسنەکان و جوانییەکانە. لە میسڕاعی هەوەڵ دەیهەوێ بڵێ تەواوی جوانییەکان بۆلای یاری ڕاستەقینە دەگەڕێتەوە هەر وەک لە بەیتی یەکەمیشدا ئاماژەمان بەو گرینگە کردووە. ئەگەر بڵێین وشەی "تەنیا" لێرەدا قەیدە و بە مانای "فقط" هاتووە واتە "هەر"، یانی جوانییەکانی هەمووانی(هه ممو جوانییه کانی) هەیە و چی تر، تەواوەتی شتەکە نییە بەڵام ئەگەر بڵێین بە تەنێ و بە تەنیایی تەواوەتی باشییەکان و چاکەکارییەکان و جوانییەکان لەلای ئەو هەیە لە هیچ بابەت و لایەنێکەوە کەموکورتی ناهێنێ. مانیعی ئەوەش نییە زۆر شت، بێکۆتایی جوانی تریشی لەلا بێ و کەسیش پێی نەزانێ.
3ـ «لە شەوگاری درێژی زولفەکانت بریقەی چینەکانی چلچرایە»
شەوگاری زولف: ئیزافەی تەشبیهییە واتە ئارایەی شوبهاندنی لە نەوعێک لە دوو نەوعی تەشبیهی بەلیغ تێزاوە و تێخزاوە. زولفی یار بە شەو شوبهێندراوە. چینچین دەدرەوشێتەوە یانی هاوزەمان دەگەڵ موجەعەدبوونی ترووسکە و بریقەشی دێ. وەک ئەوە وایە لە شەوێکی چراخانیدا حەشیمەتێکی زۆر، کۆمەڵکۆمەڵ شایی و شادومانیان هەبێ و خەڵکی لە ڕووناکایی و خۆشیدابن. ئەو چەشنە شوبهاندنە بەهێز و پێزەم بە نۆرەی خۆم لە هۆنراوەکانی هیچ هۆنەرێک یا نەدیتۆتەوە یا وەبیرم نایەت، چ لە باری نوێپەردازی و داهێناندا چ لە باری وێنەسازی و وێنەهێنانەوەدا. نێوان وشەکانی چینەکان و چلچرا، سەنعەتی واجئارایی واتە مۆسیقای پیت بەدی دەکرێ. لە ترووسکەترووسکی زولفەکانی یار کە لەبەر ڕەشی، ڕووناکایی و ڕەنگدانەوەی وەک سپیبوون لە باری بەڕڕاقی و گرشەگرشی بێوێنەهەست پێدەکرێ کە دەناو خۆیا نەوعە تەناقوز و پاڕادۆکسێکی شاراوە هەیە، لە لایەکی ترەوە لە وێککەوتنی هیجای دووهەمی بریقە(قە) و (ی)ی ئیزافە و هیجای ئەوەڵی چینەکانی ( چی ) [ (قە) (ی) (چی) ] بەو شیوەیە وشەی [قەیچی] هەر لە باری لەفزەوە تەداعی دەکرێ کە دەگەڵ زولف بێ موناسبەت نییە. ئەو سازدانە ڕەمزاوی و سێحراوییە زەینی مرۆڤ بۆ لای ئارایش و پیرایشی زولف واتە جوانکردن و ڕێکوپێککردنی زولف ڕادەکێشێ. زولفەکانی بە شەوێکی درێژ وەکوو یەلدا شوبهاندووە. لە شەوی یەلدا وڵات بە ڕووناکایی و چلچرا دەڕازێننەوە و ڕووناکی دەکەن. شەوی یەڵداش شەوی زاڵبوونی ڕووناکایی بەسەر تاریکی دایە. ژمارەی چل بۆخۆی ژمارەیەکی موقەدەسە وسەڕڕاستە و کینایە لە زۆربوون و ژمارەیەکی زۆرە.
چەشنە پاکییەک و دووربوون لە ناپاک بە کینایە و بەداپۆشراوی و شاردراوە بە یار نیسبەت دەدرێ. زولف لە ئیستیلاحی عیرفانیدا سیفەتی جەلالییەتی ئیلاهی و خوداییە. خودا هەروەک بە سیفەتی جەمالییەتی خۆیەوە جوانە بە سیفەتی جەلالییەتییەوە جوانە؛ یا جوانتر بڵێین: سیفەتی جەماڵییەتی خوداوەند بە سیفەتی جەلالییەتەوە جوانە هەر وەک کوتمان عورەفا زولفیان بە سیفەتی جەلالی گرتووە؛ دەبێ بزانین کە ڕوخساریش سیفەتی جەمالی خودای پێ شوبهێندراوە کە بەیەکەوە جوانن.
4ـ «درا دەست چاوی مەستت تیغی ئەبرۆت لە دەورت بۆیە هەر شین و هەرایە»
شاعیر چاوی خۆشەویستە دەسەڵاتدارەکەی خۆی، بە خاوەنی شمشیری برۆکانی دەزانێ و تیغی برۆی دەداتە ئەو مەستە بێ پارێز و نەترسە. دیارە سەرخۆشی و مەستی، غیرەتی وەبەر پیاوی مەست دەنێ و هەرچی لە دەوروبەر چاوی تەماعی لە ئەو بێ، دەیبڕێ و قەتڵبڕی دەکا و عاشقانی ئەو دایم و دەرهەم لە شیروەشێنی ئەو دەناڵێنن و شەهیدی شمشیری ئەبرۆی ئەون. تیغی ئەبرۆ ئیزافەی تەشبیهی یه و مەستی سیفەتێکە کە بەچاو دراوە. ئیزافەی تەشبیهی کە خۆی تەشبیهی بەلیغە و لە چاوی مەستدا ئارایەی تەشخیس و ئیستیعارەی مەکنییە لەبەر چاو گیراوە. یار بەو شمشیرە یەکەیەکە یا بە تێکڕایی عاشقانی چاوی مەست بریندار و زامدار دەکا هەربۆیە هەمیشە گوێت لە شین و ڕۆڕۆ و هاوار دەبێ. دەیهەوێ بڵێ لە حەددی ئیغڕاقدا چاوی یار سرنجڕاکێش و جوانە کە ئەوەش بۆخۆی سەنعەتی ئیغڕاقی بە شاردراوەیی تێدا بەدی دەکرێ. لە دابی ئەدەبی ئاساییدا لە شێعری کلاسیک چاو بە تەنێ کاری خۆی دەکا و شمشیر بە تەنێ، بەڵام لێرەدا ئەو دووانە پێکەوە لەکار دان. هەرچەند بە ڕواڵەت چاو لە ژێر سێبەری برۆ دایە و پارێزەری ئەوە و لە تکەی عارەقە و ئەو جۆرە شتانە برۆ دەیپارێزێ و جوانی ئەو بەوپەڕی دەگەیێنێ، بەڵام لە مەعنادا برۆی یار لە دەستی چاوی دایە و بۆخۆی بە تاقی تەنیا چی پێناکرێ و لە سایەسەری چاودا هەڵدەسووڕێ و بە کەیفی خۆی دەوەشێنێ، واتە بە دەستی چاو دەوەشێندرێ. لێرەدا چاو بە مرۆڤێک شوبهێندراوە کە کاری شمشیر بازی دەکا. جا که وا بوو دەبێ بە وردبوونەوەیەکی زۆر ورد، بە نەوعێک پاڕادۆکسی مەعنایی پەی بەرین. واتە لە تەقابوولی دوو مانای پێچەوانە بە وردبینییەکی زۆر،بزانین کە ئەم بەیتە خوێنەر و زەینییەتی ئەو و بیسەر و سرنجی ئەو بۆ ئەو خاڵە گرینگە پاڕادۆکساوییە ڕادەکێشێ.
"هەر" بە مانای هەمیشە و بەردەوام. دایم و دەرهەم شین و هەرایە و ئەو زەنازەنایە بێوچان و بێپسانەوە و بڕانەوە و کۆتایی، هەر بەردەوامە و جگە لە شین و هەرا( ئەگەر " هەر " بە مانای "فقط" بگرین ) لە دەوروبەری یار و مەستی چاوی ئەو و شمشێروەشێنی ئەو نابیندرێ و نابیسترێ. دیارە لێرەدا تەسویر و ئیغڕاق و کینایەشی تێدا بەدی دەکرێ. چاوەکەی وەک پاڵەوان و قارەمانێکە کە خودا یا فەرمانڕەوایەکی زۆر گەورە شمشیری دابێتە دەست و ئەویش ئەویندارانە و لە خۆبوردووانە و نەترسانە و دلێرانە و بوێرانە دایم و دەرهەم لە شەڕ دابێ. هێنانەوەی "درا" دەگەڵ "دەس" (درا دەس) باری مۆسیقایی شێعرەکە لەو بەیتەدا پتەوتر دەکا و وێککەوتنی پیتی (ت) لە دوو وشەی مەستت و تیغ (...مەستت تیغی...)تەنین و پێداگری لە تۆن و مەعنادا زۆرتر و پتەوتر دەکا. تەئکید وپێداگری تێدایە. ئاهەنگی ئەو بەیتە وه بیر هینه وه ری فەزاسازی و مەیدانی شەڕە و جەنگی مەغڵووبەی چیرۆکە سەیروسەمەرەکان دێنێتە بەرچاو و مرۆڤ دەباتە عالەمی خۆیەوە.
5ـ "ئەمن دەمکوت لە زێڕە گەردنی زەرد بەڵام دیارە بە کێشی کارەبایە"
جارێک شاعیر گەردنی خۆشەویستەکەی لە بەهاداری و زەردڕەنگیدا بە زێڕی زەرد دەشوبهێنێ، جارێ تر دەبینێ جگە لە زەردی، گەردنی یار جوانێتی کێشیشی لێ دەلکێتەوە، لە لایەکی ترەوە زەرد بە مانای جۆرە شتێک هاتووە کە لە کان دەردەهێندرێ و دەکرێتە سەماوەر و ئەو جۆرە شتانە، بە مانای شاخی زۆر سەختیش هاتووە، جا کەوابوو یەک شوبهێندراو بە دوو پێشوبهێندراومان هەیە کە بە نەوعێک دەکرێ تەشبیهی تەفزیلی لێ بەرداشت بکەین. خۆ بە خۆ شوبارو شەباهەتی کارەباش هەم لە باری جوانێتی هەم لە بابەت ڕەنگزەردێوە هەم لەمەڕ بەهاداریدا لێرە دێتە کایەوە، جگە لە چۆنێتی ڕاکێشان و جازیبەوە. سوڕاحییەکانی ڕابردوو کە لە زێڕ بوون شاعیر ناسەربەخۆ و ناخوئاگا گەردنی یاری بە ئەو شوبهاندووە و ناڕاستە و ڕێ وەبیرهێنەرەوەی ئەوە. بەوشێوە گەردنی یار بە سوراحی شوبهێندراوە بێئەوەی نێوێکی لێ هاتبێ.
گڵۆپەکانی کارەباییش زۆر بەیان زەردن کە پەپوولە و ئەو جۆرە شتانەش بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. کارەبا بە مانای بەرقیش هاتووە کە خۆلێدانی ئەستەمە. زەرد بە مانای شاخی سەخت کە کوتمان هاتووە. دەسکەوتنی زۆر چەوت و چەتوون واتە فەتحی ئەو مەردی مەیدان و شاخەوانی پاڵەوانی دەوێ. وەک ئاماژەمان پێکرد زەرد کە ماددەیەکی ئەوتۆیە کە سەماوەر و ئەو جۆرە شتانەی لێ درووست دەکرێ دەگەڵ ئاڵتوون و کارەبا و هتد.. ئارایەی موراعاتی نەزیر ساز دەکا وەک دەزانین تێکەڵاوی راستەقینەشی لەگەڵ زێڕ هەیە بۆ سازکردنی سەماوەر و زۆر شتی تر. شاعیر دەڵێ یار نەتەنیا زێڕی خالیسە وەک کارەباش قیمەتی و ڕاکێشەرە. ئەگەر لەو بەیتە زۆرتر بکۆڵینەوە زۆر شتی ترمان بۆ دەردەکەوێ کە سوڕ دەمێنین.
6ـ " نیشانی دا جغارەی لێوی یاقیق لە دەورەی مانگی ڕووی هەور و هەڵایە "
جغارە بە مانای سیغار هاتووە کە جگەرەش هەر بەو مانایە هاتووە، لە ئەسڵدا "سیگارێت"ە لە ئینگلیزیدا کە فارسیش پێی دەڵێ سیگار. وەک لەم بەیتەدا هاتووە:
هات و جگەرەی وەها ڕفاندم ئەو کیژە کە نەیگەمێ بە سی غار (شاعیر نامەعلووم).
جغارە لەگەڵ جغار جیناسە ( تەداعی ناراحەتی دەکاتەوە) کە بە نەوعێک ئیرتباتی مەعنایی دەگەڵ هەور و هەڵا و ناخۆشی و تەم و مژ و دووکەڵدا هەیە کە زیرەکانە هاتۆتە کایە تا زەینی خوێنەر دەرگیری ئەو بازییە بکات. هەڵبەت نەوعێک فۆنۆتیکی مەعنایی لێهەڵدەکڕێندرێ واتە تەنیا بە پێكگرتنێکی ئێحساسی هەڵسەنگاندنێکی زەینی تەعبیر دەکرێ و لێکدەدرێتەوە. دەیهەوێ بڵێ کاتێ یارەکەی بە فیزەوە جگەرەیەکی دادەگیرسێنێ لە نێوان لێوانی یاقیقی خۆی جێگای دەکاتەوەو مژی لێدەدا هەور و هەڵا کە تەعبیرێکە لە دووکەڵی سیغارەکەی لە دەورەی دەموچاوی وەک مانگێ خۆی دروستی دەکا. لە جوانیدا وەک دیمەنێکی ئاسمانی دەنوێنێ. لە دوای ئەوە عاشقان لەبەر جوانی ئەم دیمەنە و بە نەوعێک قیافەگرتنی ئەو و جواب نەدانەوەی، شین و ڕۆڕۆ و هەڵا وبگر دەخاتە نێو ڕواڵەت و باتینی عاشقان. ئاکارە ساکارەکانی یارەکەی هەمووی خاریقی عادەتن و باڵاتر لە شتگەلی ئاسایین. سەنعەت و ئارایەی تەشبیهی موڕەککەب یا شوبهاندنی پێکهاتەیی لە ئارا دایە.دەیهەوێ بڵێ خۆنواندن و ڕانانی یار بوو بە هۆی ئەوە کە عاشقان و دڵدارانێکی زۆری لە دەوروبەری خۆی کۆ کردۆتەوە و بەزموڕەزمێکی سەیروسەمەرەی سازداوە بەو شێوە دڵی هەمووانی بردووە و هەر کەسە لە بەرە خۆیەوە ئارەزووی پێگەیشتنی بە یار هەیە و غەیرە خۆی کە عاشقی ئەو بێ بە حەریف و دوژمن دەزانێ و بەرەقیبی لە قەڵەم دەدا. هەر کەسەی حەولی پێگەیشتنی بە ئەو هەیە و دەیهەوێ خۆی لەسەر بە کوشت بدا و کارێک بکا کە یار و دڵی یار بەدەست بێنێ.
7ـ " لە بازیی عەشقی تۆ خاڵی ڕەشم دی هەڵمگرت با دەریش چووبم لە کایە"
لە کایەی پاسۆڕدا خاڵی ڕەش هەیە. هەڵگرتنی خاڵی ڕەش ڕەنگە خیچان و دۆڕاندن و لە کایەدەرچوونی بەدوا دابێ. لە لایەکی ترەوە خاڵی ڕەشی سەر لێو و کوڵمی یار ئاماژەیە بە گوناه و بەهەتڵەچوون و وەسەر تەڵە پەڕین، دانەی فیتنەیە لەسەر تەپکەی تەقدیر، ئەوجاریش ڕەنگە مرۆڤ پێی سەیر بێ، خاڵ بە واتای عاریفانە و لێکدانەوەی عیرفانی مۆری موحەممەدییە لەسەر ڕوخساری شەهادەتی " لا إلهَ اِلّا الله " ( هەڵبەت بە قەولی عەینولقوزاتی هەمەدانی). لە درێژەی ئەو قسەیەدا دەڵێ: " خدّ شاهد هرگز بی خال کمالی ندارد ". کە مەنزووری مۆری محەممەدییە. ئەگەر خاڵی بە گوناه دانێین، ڕوون و ئاشکرایە دوایە تۆبەکردن و گەڕانەوە نە تەنیا زاتی لاشەریک لە تۆبەکار خۆش دەبێ بەڵکوو عیلم و حیکمەتیشی فێر دەکا. " یُزَکّیهِم وَ یُعَلِمُهُمُ الکِتابَ والحکمة "
وەک حەزرەتی ئادەم کە بوو بە عالەمی ئەسماء واتە عیلم و حیکمەتەکان. دوای ئەوەش بەرپرسایەتی باری قورسی خەلیفەتوڵڵاهی دەکەوێتە سەرشان کە ئادەم و بنی ئادەم بە هۆی کەللە شەقی و سووربوون لەسەر ئەو گرینگە ئەو بەرپرسایەتی و ئەرکە گرانەی وە ئەستۆ گرتووە.
لە ڕوانگەیەکی ترەوە با بڵێین شاعیر دەیهەوێ بڵێ: تیشکی نووری محەممەدی کە وە من کەوت( هەڵبەت منی نەوعی) هەرچەند دەمزانی کە لەوانەیە بچمە ناو ئاگری دۆزەخەوە بەڵام لە خۆشەویستی ئەو زاتە پاک و گەورەیە خۆم خستە ناو ئەو کایە پڕ چەرموچەڵەمە مەترسییەوە. دەیهەوێ ئەوپەڕی خۆشەویستی و ئەوینداری مەعنەوی خۆی سەبارەت بە خەتمی مەرتەبەت نیشان بدا و بڵێ زۆر زۆرم خۆش دەوێ تەنانەت لە خۆم و لە هەموو کەسم.
دەرچوون لە کایە دەرچوونی ئادەمە لە بەهەشت بە هۆی گوناهەوە کە ئاماژەی پێکرا. هەڵگرتن؛ ئەگەر خاڵ بە مانای دانە بێ یانی خواردن، باری قورسیش کە وەک بەرپرسایەتی بێ هەڵگرتن شیاوێتی هەرچەند "دەرچوون" بە مانای قەبووڵبوون و سەرکەوتن و ڕەهاییش هاتووە بەڵام لێرەدا بە هۆی هاتنی وشەی "با" کە بە مەعنای "هەرچەند" هاتووە لێرە بە مانای دۆڕان و ئەمانە لێک دەدرێتەوە کە لە مەعنای ڕەهابوونی دوور دەخاتەوە.
وەرەقی پاسۆڕ هەڵدەگرن جا ئەوجار دۆڕان یا بردنەوەی لە کایەدا بە دوودا دێ. کورتی ببڕینەوە زۆرتر مانای ئەو بەیتە بۆ ئەو مەبەستە گرینگە ڕادەکێشرێ کە لەودا ئاماژە کرابێ (تەنانەت ناڕاستەوخۆش بێ) بە سەرەتای خیلقەتی ئادەم و هاتنە خواری ئەو و خەلیفەبوونی لەسەر عەرز و خۆ لە گرمەگرم و هەراهەرا هاویشتنی دونیای پڕ لە ئازمایش و بەتاقیکردنەوەی زۆر دژواری ژیان .
8- "کە بازی دا بەسەر پەرژینی زولفت بە کونجی لێوی تۆ یانی خەتایە"
خاڵهاونشینی لێوە و خاڵیش کە ڕەشە دەربڕین و وەدەرخستنی ڕازەکانی نهێنی.
بازدان بەسەر هەر پەرژینێکدا بۆخۆی خەتا و هەڵەیە و تاوانێکی گەورە لە ئەژمار دێ، وەک بڵێین لێوی یار لە جێی خۆی و لە ڕوانگەی ڕواڵەتێوە، بە تایبەت خەتی نێوان دوو لێوەوە خەتی سوورە و تێپەڕین لەو سزا و دژکردەوەی زۆر گەورە و سەختی بە دواوەیە، هەم ئەسراری پێدا دێتە دەرێ (کُلِّ سِرٍّ جاوَزَ الاثنَینِ شاعَ). ئەوجار بۆخۆشی وەک پیتی (ب) هەڵبەت بە خاڵی ژێرێوە. ئەگەر ئەو خاڵە بکەوێتە یەکێک لە کونجەکانێوە بەو شێوەیە [ (0—) یا (—0)] لە ڕێنووس لایداوە و هەڵەیە، واتە دژایەتی دەگەڵ ڕەسموڵخەتی ئاسایی هەیە، دەشکرێ خاڵی لێوی یار ڕەشایییەکەی لە زولفی یار وەرگرتبێ و بەسەر ئەو پەرژینە ئینتزاعییەدا بێتە کونجی لێوی واتە نوختەیەک بێ و لە خەتی زولفی جوێ بووبێتەوە.
زولف کە لە ئیستیلاحی عیرفانیدا بریتی و خوازەی لە مەزهەری جەلالییەتی ئەحەدی و تێپەڕین لەو بۆخۆی هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، کە خاڵیش وەک لە بەیتی پێشوودا ئاماژەمان پێکرد دەتوانێ ئیستعارە لە گوناه و خەتا بێ. واتە بازدان بەسەر پەرژینی جەلالیدا تاوانە. دەشکرێ خاڵی یار بە کونجی لێودا بازی دابێ و فڕیبێتە شوێنی تر کە ئەویش شوێنی سرنج و وردبوونەوەیە کە دیسان پرسیارهەڵگرە و لێکدانەوەکەی گرێپووچکان دەخوا. لەوانەش خاڵ لە گۆشەدا بوون یا بازدان بەسەر مانعێکدا یانی لادان لە فۆڕمی بازی و ئیستلاحێک لە کایەی پاسۆڕدا بێ کە لەو حاڵەدا لێکدانەوەی بەیتەکە بەربڵاوتر و سرنجڕاکێشتر دەبێ.
کونج: گۆشەی تەنیایی. بە مانای خاڵداریش هاتووە وەک بڵێین ئەو مریشکە کونجییە یانی خاڵی ڕەشی دە پەڕوپۆی کەوتووە کە دەگەڵ خاڵ ئیهامی تەناسوبی تێدا بەدی دەکرێ.
خەتا وڵاتێکە لە تورکستان کە ناوەکەی دی دەبێ خوتەن بێ یا خەتاوخوتەن دوو شوێنن لە تورکستان جۆرە ئاسکێک لەو شوێنەدا هەیە کە لە نێوکی ئەو جۆرە ئاسکە عەترێکی ڕەشی بۆنخۆش دەگرن، ڕەشبوونی ئەو عەنبەرە لەگەڵ ڕەشایی خاڵ بێ پێوەندی نییە، دەکرێ دڵی عاشق یا خودی عەشق بەسەر پەرژینی یاردا بۆ باغ یا بێستانی ڕووی ئەو بازی دابێ و گوڵی خاڵی ئەو لە گۆشەی لێوی چنیبێ، ئەوەش دیارە نەوعێک شەوڕنییە و تاوانبارەکەی جێی خۆیەتی سزا بدرێ. دەیهەوێ بڵێ دەسکەوتی عەشق بە ساکاری و بە سووک و هاسانی وەدەس ناکەوێ، حافز کوتەنی:
«که عشق آسان نمود اول ولی افتاد مشکلها»، ئەوجار فێربوونی ئەلف و بێی عەشق لە هەموو عیلم و زانستێکی دونیا سەخت و دژوارترە و کاری هەموو کەس نییە!!...
لە قوماری عەشقدا هەمیشە عاشق بە خیچاو و دۆڕاو حیسابە هەرچەند ئوستاد و کارزان بێ کە فەتحی لوتکەی عەشق نزیکە بڵێم " مومکینە هەرچەند عاشق لە خۆ بوردە بێ!؟"
بە بڕوای من ئەگەر بەیتی ژمارە دە وەپێش بەیتی هەشتەم کەوێ بەو شێوەیە:
دڵی سووتاوی وەک خاڵی ڕووتە/ کەچی جارێک لە جاران ڕووت نەدایە
کە بازیدا بەسەر پەرژینی زولفت/ بە کونجی لێوی تۆ یانی خەتایە
بازدانەکە بەسەر پەرژینی زولفیدا بە ڕووی یاردا دەبێ بۆ کونجی لێوی بازی دابێ، جا ئەودەم دەبێ بیری لێبکەینەوە بۆ خەتایە؟!!!
9- "بەسەد زەحمەت نیگاهێکی ڕەوا دیم دڵی بردم کەچی هەر ناڕەزایە"
ڕەوادیتن: شتێک بە کەسێک بەخشین، پێ شیاو بوونی کەسێک بۆ بوونی شتێک، دڵبردن، کەسێک عاشق و شەیدای خۆ کردن.
مانای بەیت:
بەسەد حەولوتەقەللاو خۆ لەولا و لەولادان جارێکی یار چاوێکی لێکردم بە ئاوڕدانەوەی خۆی و بە تیری عەشقی خۆی گرفتاری کردم. چاولێکردنێک بە بەهای دڵ بردنێک. بەهای قورسی دڵم بە سووکە ئاوڕێکی ئەو گۆڕێوە. دیارە لەو موعامەلەدا بە ڕواڵەت ئەمن زیانم کردووە و مەغموون ماومەتەوە کەچی ئێستاش ناڕەزایە و پێی وایە غەدری لێکراوە، یا ئەوەکە ئەمنی بە نیگایەک و بەیەک نەزەر عاشقی خۆی کردووە و بە هیچ کلۆجێک بە سووتان و برژانی من پێ ناچێ و دەربەستی کوڵینی من دەو دەردەیدا نییە و وا نیشان نادا کە ببڕاببڕا ئەمنی خۆش دەوێ. ئەمنیش لێرەدا هیچ چارەیەکم بۆ نەدۆزراوەتەوە ئیللا سووتان و سازان. دەیهەوێ بڵێ کە جوانی و بێباکی و بێنیازی و کەمترخەمی یارەکەی لەو پەڕی خۆی دایە، واتە هەم لە غایەتی کەماڵ و جەماڵدا هەم لە ئەوپەڕی بێباکی و بێنیازیدا ئەمنی بردۆتەوە هیچێ. لەو بەیتەدا سەنعەت یا ئارایەی ئیلتیفات لە ئارا دایە، بە وردبوونەوە و سرنجدان لە بەیتەکانی پێشوو کە ڕووی قسەی لە دووهەم کەس وەرگەڕاندۆتە سێیەم کەس واتە لە موخاتەب ڕا بۆ غایب.
ئەگەر باری عیرفانی بەیتەکە لە نەزەر بگرین لەودا ئاماژە کراوە بە سیفاتی (صمد و غنی) کە کردگار بێنیاز و دیسان بێنیاز و دەوڵەمندترە لەوەی کە باکی لە کەس بێ یا بە ڕووتێکردنی کەسێک بەو زاتە فەردە دەروەست و مەحتەل بێ. عاشق بە مەرحەلەی (راضیةً مرضیة) گەیشتووە. چون هەم گلەیی لەو هەیە هەم ئەو ڕووی ناداتێ.
10- "دڵی سووتاوی من وەک خاڵی ڕووتە کەچی جارێک لە جاران ڕووت نەدایە"
دڵی عاشق بە جواب نەدانەوە و ڕووتێنەکردن و نادەروەستی یار سووتاوە و خاڵی ڕەشی تێکەوتووە، کە لە ڕەشیدا وەک خاڵی یار دەچێ کە ئەوە بۆخۆی ئیمتیازێکە جێی شانازی و خۆ پێ شتێکبوونە کە چەشنی ئاوێنە ڕەنگدانەوەی خاڵی ڕەشی تێدا بەدی دەکرێ. دڵ شوبهێندراوە و خاڵیش پێشوبهێندراو. لە میسراعی یەکەمدا خاڵی ڕووت یانی خاڵی ڕووی تۆ کە "ت" "مضاف الیە" بووە بەڵام لە میسراعی دوویەم "...ڕووت نەدایە" "ت" "شناسە" جێنشینی "فاعل"ە.
ڕوودان بە کەسێک بریتییە لە دواندن و مەیداندان بەو کەسە و ئیزهاری خۆشەویستی بەو کردن دەیهەوێ بڵێ کە دڵی من بەهۆی ئاگری خۆشەویستی تۆوە لەو پەڕی کۆڵوکۆ و ناحەجمین دایە و سووتاو و برژاو و ڕەش داگەڕاوە، کە ئەوینت گڕی بێئامانی بەرداوەتە دڵی من و کردوویەتی بە کۆی زووخاڵ، کەچی تەنانەت تەنیا جارێکیش لە جاران بە درۆش بێ ئاوری خۆشەویستیت وە دڵی ئاورتێبەربووم نەداوەتەوە. ئەو دڵە بێ ئۆقرەیەم هەروا ناکام و ناکاو ماوەتەوە و بە دەردی خۆیدا بیهەوێ و نەیهەوێ داکەوتووە. خۆ هەرچێک بێ بۆ شوبهاندنیش بێ وەک خاڵی سەر لێوی تۆ دەچێ جوابێکی وای نادەیەوە کە دەردی سووتانی لەبیر چێتەوە. خاڵ کە وەک لە بەیتەکانی پێشوو ئاماژەی پێکرا ڕەمزی دوو شتە. یەکەم گوناهـ و تاوان لە لایەکی ترەوە ڕەمزی موحەممەدی (خ). هەڵەی هەوەڵی ئادەم کە دوای تۆبەکردن و گەڕانەوە چۆ لای خودای تەعالا پێوەندی پەیدا دەکا لەگەڵ (علمَ الأَسماء) بوون واتە مەعریفەتی جیاواز لە هەموو ئیسمەکان و زانستەکاندا. لە لایەکەوە تاوانی عەزاب ڕوونەدان و ڕووتێنەکردنە ( کەچی جارێک لە جاران ڕووت نەدایە)دەیهەوێ بڵێ کە سیفەتی جەلالییەی زاتی فەرد سەبەبی هەڵەی عاشق و دوورخستنەوەی بووە بە واتایەکی تر نەوعە جەبرێک لە گۆڕێ دایە. جەبرێکی مەختووم و مەحتووم لە جەغزێکی زۆر گەورە و دائیرەیەکی بەربڵاوی فەلسەفی و عیرفانی و زانستیدا، لە لایەکی ترەوە لە گێژاوی ڕازی ئەلەستی (لولاک) کەوتن و گیرۆدە و ئەوینداری نووری محەممەدی بوون جێی پرسیار و وردبوونەوەیە لە ئەوتۆ ئیشاڕاتێک کە لەو بەیتانەدا بە جۆرێک مانا و لێکدانەوەیەکی پێویستە و بەدووی دادێ کە قووڵتر لەوەیە کە لە چەند ڕووپەڕیکدا بتوانین بە تەواوی لە کاکڵی ڕاستەقینەی دەربێنین.
11- "دڵم ناڵەی خڵاس بوو،چاوەکانم دەسیان پێکرد ئەتۆ هەر گوێت نەدایە"
ناڵەی دڵ: سكاڵای دەروون، ڕاز و نیازی ڕۆحی و هەست بە دووریکردن لە ناخی نەستەوە هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە کلۆجی خەیاڵەوە بۆ گەیشتن و گەیشتنەوە بە لە دەستچووەکانی ڕابردوو. دەڵێ نەمتوانی سکاڵای ئەندەروون و ڕازی ناڕازیبوونی نەهێنیم ئاشکرا نەکەم لەبەر ئەوە لە چاوەکانمەوە بە گوێرەی فرمێسک هەڵوەرینە سەر داوێنی ناکامیم سەرەڕای وەش هەر گوێت نەدا بە ئاهەنگی شین و زووخاوهەڵڕشتنم، هۆی ئەو بێبەزەیییەت دەبێ چ بێ. یا بە لێکدانەوەیەکی تر دەیهەوێ بڵێ ئەمن پێموابوو کە هەلی گرین دەستی پێکرد، تۆش رەحم و بەزەییت دەبزوێ کەچی حەیفێک و سەد مغابن وا نەبوو بەڵکوو ئەو گرین و گرینەشت بە هیچ نەژمارد و گوێت نەدا بە شڵپەی شەپۆلی دەریای دەرد و داخەکانی بێسەروبنم( سیفەتی ناڵین بە دڵ دراوە و دەستپێکردن بە چاو کە تایبەتی مرۆڤە: لێرەدا ئارایەی تەشخیس و ئیستیعارەی مەکنییە لە گؤڕێ دایە ).
خڵاسبوون بە مانای: کۆتایی پێهاتن و تەواوبوون و ڕەهابوون. وەک دیارە میسراعی یەکەم و دووهەمی ئەم بەیتە ( موقوف المعنی )ن. وای بۆ دەچین کە دڵ لە ناڵە کەوت ئەو شەکەتبوون و بە سیمی ئاخرگەیشتنە سەرەتای چوونە ناو مەرحەلەیەکی نوێیە بۆ ڕۆڵێکی تر کایەکردن کە نۆرەی ڕەوانبوونی فرمێسک لە چاوا لە سەرچاوەی دڵەوەیە کە تۆقیوەتەوە جاری بوو ناڵەی دەروون وەرگەڕاوە بە شێوەی دەرەوە. دەڵێی گەڕەلاوژەیە فی مابەینی دڵ و چاوە، بە چاو عاشق دەبن و بە دڵ دەکوڵێن لە ئەندەروونا دەسووتێین و لە چاوە و خەفەت وەدەر دەخەین پڕیشکی ئاور لە ئاوی ڕوون بە پڕژاندن و بۆ بڕژاندن دەهاوێین. مابێنی چاو و گوێ ( با دڵیش دەگەڵ بێ کە ئەندامێکی بەدەنە ). ئارایەی موراعاتی نەزیر لە ئارا دایە.
گوێدان: کینایەیە لە گرینگی پێدان. شاعیر وشەی (ئەتۆ)ی لە جیاتی (تۆ) بەکار هێناوە بە دوو دەلیل، یەکەم کێشی بەیتەکە؛ دووهەم (ئەتۆ) داکۆکییە لەسەر (تۆ) بۆ وەی کە بڵێ تۆ! تۆ! بێرەحمیت بە ئەوپەڕی خۆی گەیاندووە واتە یار زۆر بێبەزە و گوێ هەڵنەخەرە و ئەوجاریش (ئەتۆ) زۆرتر بۆ (کارا)بوون "فاعل" بوون بەکار دەهێندرێ و (تۆ) لە حاڵەتەکانی (مضاف الیهی و متممی) کەڵکی لێوەرگیراوە.
ئەوجار پیتی (ڵ) یا دەنگی(ڵ) نێوان وشەکانی دڵ و ناڵە و خڵاس سەنعەتی ئارایە ساز دەکا. کاری دڵ ڕازدارییە، کاری چاو ئاشکاری و ئاشکراکردنە. دەیهەوێ زۆر بە گلەیی و موحتەڕەمانە بڵێ نەتهێشت ڕازەکەم هەر لە نێوان خۆماندا بمێنێتەوە تا ئەو جێگایەی تەواوی عالەم و ئادەمت تێگەیاندم سەرەڕای ئەوە گرینگیت پێ نەدام و بەتەنیات هێشتمەوە. (هەر) بۆ بەردەوامی گوێ نەدان و جواب نەدانەوە هاتووه و هەرمانی بێبەزەیی دەگەیێنێ. دڵ نە تەنیا ناڵەی خڵاس بوو لەوانەیە بۆخۆشی خڵاس بێ . دڵ بۆ دیتنی دونیای ئەبەدی و ئەبەدییە. چاویشی بۆ دیتن و بینینی دونیای دەرەوە واتە ئەو دووانە پێکەوە دەرکی مەعقوولات و مەحسووسات دەکەن؛ دەیهەوێ بڵێ دەرکی عالەمی مەحسووسات و و دونیای مەعقوولاتت لە من داخست و لە زیندانی ئەوینی نابەکاو و ناکامی خۆم و خۆتت هەتاهەتایە هێشتەوە کوا ئەوە شەرتی دڵداری و ئەویندارییە، وەرەوە بەو ئیشاڕاتەی کە کردم روحمێکت بە من دابێ. بە قەولێ کە دەڵێن: بە جوابی (لن ترانی) کەوتوومە سەرگەردانی.
12- "دە تفڵی دڵ بەسە هەر پێت دەڵێ لا دەڵێی خووت گرتووە بەو لایەلایە"
دە: دەی، دەست پێ بکە، جا ئەگەر وای لێهات... لە پێوەندی لە بەیتەکانی پێشوو ئەوجار ڕستەی دووهەمی میسڕاعی یەکەم (هەر پێت دەڵێ لا)یە. دڵ شوبهێندراوە بە تفڵی پێشوبهێندراو. (تفڵی دڵ). پێت دەڵێ: بە تۆ دەڵێ./ لە نێوان وشەکانی ( تفڵ، دڵ، دەڵێ و دەڵێی) سەبارەت بە پیتی ( ڵ )، ئارایەی (واجئارایی) دە ئارادایە. لایلایە: نارەنارەیەکە کە دایک بۆ حاواندنەوە و ئارامکردنەوە و لەخەوکردنی مناڵەکەی چەندپاتی دەکاتەوە (تەداعی "توێ توێ"ش دەکاتەوە لایەلایە)، واتە وەبیر هێنەوەیەتی.
بەسە: کورتە ڕستەیەک واتە دەنگێک و دەنگدانێکە بۆ ڕاگرتنی دەست لە کارێک کە کردنەکەی لە بەردەامی خۆیدا لە چۆنیەتی ئاسایی لایداوە و نەکردنی ئەو کارە خۆ دوورکردنەوەی لە بێهوودەیی و نەکردنەکەی بە سەڵاحە.
شێوەی لێویستن و خواستن لە میسڕاعی یەکەمدا تێکەڵاوە دەگەڵ نەوعێک ئیزهار و چەشنە دڵسۆزییەک کە ئیلقای بەزەیی بۆ موخاتەبەکەی دەکا واتە مرۆڤ هەست بەوە دەکا دڵی عاشق مەزلووم واقیع بووە.
لا: پیتی نافییەیە لە زمانی عەڕەبیدا. بە کوردی یانی لێم لادە بڕۆ بەو لاوە، جوابت نییە. شکڵ و ڕواڵەتی پیتی لا (لا) لە ڕێنووسی کۆندا وەک گەسک دەچێ کە نەمادی ڕادان و ڕاماڵین و وەدەرنانە.
شاعیری عاشق بە دڵی خۆی دەڵێ وەک منداڵی و گڕووت لەسەر شتێک گرتووە و پێت لەسەر ئارەزوویەک داگرتووە و داکۆکی بۆ بەدەستهێنان لەسەر غەیری مومکنێکە کە هیچ عەقڵێک ڕێی تێ ناچێتێ. یار هەر دەڵێ (لا و نا و لا چۆ) (هەر پێت دەڵێ لا): لا، لا لا،... دەڵێی ئەو چەندپاتکردنەوەیە کە تۆی تۆی و لایەلایە کەوتوونەتە سەر یەکتر بۆتە لایلایە بۆ تۆ و ئارامبەخشی زاتی تۆ، عادەت بە گرفە و گڕی ئاگری عەزابی لا گرتووە.
بە قەولی موحەیەددینی عەڕەبی، بەهەشتی کافر ئەوەیە لە ئاکامدا بۆخۆی دەبێتەوە ئاگر و ڕزگاری دێ. جگە لە جیناسێک کە مابەینی ( لا و لایلایە) وەبەرچاو دێ، باری مەعنایی ئەو پەیوەندە سەنعەتییە جوانترین نەوعی هێنانەوەیەتی کە لە ئەدەبیاتدا چاومان پێ دەکەوێ.