تاريخ: ۱۳۹۱ جمعه ۱۱ فروردين ساعت ۱۰:۵۳ بازدید: 608      نظرات: 0      کد مطلب: 24200

سێزدەبەدەر

پەروانە ئەحمەدێن


 
 
لەپشت پەنجەرەی ژوورەکەم ڕاوەستاوم دەڕوانمە داشامەجید ، چیای پڕ تەم و لێوڕێژ لە بیرەوەری خۆش و ناخۆشی سابڵاغەکەم.
خوناوکەی باران بە نەرمە ڕێتمێکی ئارام و هێمنانە دەڕژێتە خوارەوەی پەنجەرەکە و بەسەر شوشەکاندا چەند وێنەی خوارەکەوپێچەکە سازدەکات و لە داوێنی شووشەکاندا ئەو هەموو جادە و جۆگەلە تێکەڵ دەکاتەوە. هەستێک دەستم ڕادەکێشی بۆپێکەوەبوون و چوون بۆدنیای خۆش و ناخۆشی خەیاڵاوی ڕابردوو. 
بابم کۆچی نابەوەختی کردوە و تەنیا بەجێی هێشتوین. تەمەنم 9ساڵە. دەنگی ڕادێۆ لەماڵێ نابێسرێ ! هەموو دەمێ بێدەنگێکی سامناک بەسەر خێزاندا زاڵە. بزە و پێکەنین دەگەڵ کۆچی بابم لە ماڵی ئێمە کۆچیان کردووە. جلی ڕەشیان لەبەرکردوین! غەمبارودڵ پەشێوین. 
ئەوڕۆ سێزدەبەدەرە منداڵی گەڕەکێ هاتوون بەشوێنمدا کە بچینە بردەڕەشان بۆلای یەرغوی. دایکم ونەنکم چاولێکتر دەکەن نازانن ئیزنم بدەن یان نا؟ منیش وەک داوەڵی ویشک و ڕەق و تەق خۆم بە لادەرکەی هەڵپەساردوە و چاوم تێبڕیون. ئاخرهەوەڵ جارە دوای بابم ئەوان دەبێ بڕیاربدەن کە من چ بکەم و چ نەکەم؟
 نەنکم بێ دەنگی دەشکێنی و دەڵێ باشە پەروانە لەگەڵ ئاواڵەکانت بڕۆ! بەرەو دەروازەی حەسار باڵدەگرم. لە خۆشیان و پەلەپەلان دووسێ سەر سمان دەدەم و خۆم دەگرمەوە. خۆم دەگەیێنمە ئاواڵان و دەڵێم  منیش ئیزنم هەیە بێم، چ بێنم؟ مەنیژە دەڵێ پەروانە هەمومان هێلکەو پنگی لەگەڵ خۆمان دەبەین. دێمەوە ژوورێ بۆ نەنکمی دەگێڕمەوە. نەنکم هێلکەم بۆدەکوڵێنێ لەنێو قابڵەمێکی چکۆلەی دەنێ و کەمێک تۆگوڵەبەڕۆژەو هێندێک شیرنیات و غوڕابیم بۆدادەنێ و ئایتەلکۆرسێکم بەسەردادەخوێنی و لەگەڵ مندالان بەڕێم دەکات. دەبینم چاوی تەڕە! دەپرسم نەنە گیان بۆدەگری؟ دڵێ کوا ڕۆڵە؟ دەستی تەڕم لەچاوم داوە کچم! هەوەڵ جارە بەبێ بنەماڵە وەدەردەکەوم! گەلێک غەریبم و ترس هەڵی گرتووم. لینگم دەلەرزن. 
مەنیژە دەڵێ وەرن تا بەردەڕەشەکان بەهەڵاتن بڕۆین.
نووسرەت وئایشەگوڵ و مەنیژە و ئەمن دەست بەهەڵاتن دەکەین. تاوناتاوێک ڕادەوەستین و ماندو دەحەسێنینەوە. هەنگاوەکانمان کورتە و ڕێگا دوور. لەپڕ سەیدەلووشە لەکۆلانە تەنگەکەی پشت ماڵی رەحمان کالۆی واتە کۆڵانی پشت کاڕێژی ئێرانپەیمای دێتەدەرێ و پێشمان پێدەگرێ! لەترسان دەحەبەسێین، وەلەرزین دەکەوین. چاوی تێبڕیوین و لێمان نیزیکتر دەبێتەوە! نووسرەت پڕ بە کۆلان هاواردەکات و خۆی لەدەستی ڕادەپچڕێنێ  و دەڵێ کچینە هەڵێن وەبزانن کێ بەرکێیە. هەنگاوەکان چکۆلەن و هێز کەم بەڵام بەهەر چەرمەسەرێک بێ خۆمان ڕزگاردەکەین. دەگەینە قەبرە درێژەکانی جولەکەکان تۆزێک ماندوو دەحەسێنینەوە و ئینجا دەگەینە دەشتایێکی سەرسەوز. تاووساوێکی خۆشە. خەڵک بەپێیان و بەداشقەی وەدەرکەوتوون و سەماوەری ڕەژیان هەڵکردووە و دودکێشیان لەسەرداناوە. کچ وکوڕ جلی ئاڵ و واڵیان لەبەرکردوە و هەر یەکە و دەستە خەریکی کایە و هەڵپەڕین و سەما و  چاوبڕکێنن! ڕاخەر ڕاخڕاوە و مەنجەڵی دۆکڵیو وەکوڵ هاتووە. تاوڵەمە هەڵدەسوڕێ و ئاوردەگەشێننەوە بۆقەننەی. منداڵان خەریکی تەقڵەهاویشتنێن. بازاری پێنج بەردەی کچان گەرمە. پیاوان خەریکی مێشێنن. لەدورەوە گوێم لەدەنگی دەهۆڵ و زۆرنایە. ژنان لە دم چووم خەریکی کوزڵە و پەنگ لێکردنەوەن لەپڕ مەنیژە دەڵێ کچینە بەهەڵە هاتوین! دەبوو بەسەرپردی یەرغویدا رۆیشتباینە ئەوبەری ، خۆ بەردەڕەشەکان لەولایە نین. زۆریش لە پردێ دوور کەوتووینەوە و داگەڕانەوەمان کاتی زۆر دەوێ. ئایشەگوڵ دەڵێ دڵی خۆتان تەنگ مەکەن لاقمان هەڵدەماڵین و لە چۆمی دەدەین و بەئاوێدا دەپەڕینەوە ئەوبەری. بێ هیچ بیرکردنەوەیەک قسەکەی وەردەگرین. کەوشەکانمان دادەکەنین و لەبن پیلمان دەنێن، وەنێو ئاوێ دەکەوین. ئاوەکە گەلێک بەسامە! هەرچوارمان دەستی یەکترمان گرتوە. لەنێوەڕاستی یەرغویدا لەپڕ ئاوەکە قوڵتر دەبێ و هەرچوارمان وەلەرزین دەکەوین. خۆف هەڵمان دەگرێ، ئاوڕ دەدەمەوە خڵک بە نیگەرانی چاومان لێدەکەن! لەپڕ شەپۆلێکی بێ ئامانی یەرغوی تووڕە هەرچوارمان بە لا دادێنێ و نوقمان دەکات! دەنگی هاوار هاواری ژنان دبێسم. قابڵمەی هێلکان و کەوشەکانمان ئاو بردوویەتی. ئاو قڕنەگۆمەمان پێدەکات! ترس بەسەرماندا زاڵ بووە و فرمێسکمان لەگەڵ ئاوی یرغوی تێکەڵ دەبێ! لەبن تارمایی دیدەم چەند لاوی  ئازا دەبینم ، لەهۆشەوە دەچم، کەچاو هەڵدێنم لە نێوەراستی چۆمی دا لە باوەشیان گرتووین و دەمانپەڕێننەوە. ھەر یەکە دەریایەکمان  ئاو لێ دەچۆڕێتەوە و سەرماوترس کپ و ماتی کردوین. بەهەنگاوێکی کورت و دڵێکی تەنگ و ترس لەبنەماڵە بە پێخواسی بەرەو ماڵ دەگەڕێینەوە.
 ئێستا کە ئەو بیرەوەریە دەنووسم دیسان خەیاڵە شێت و سەرکێشەکە بەربینگی پێ گرتووم، خوناوکەی فرمێسکەکانم لەسەر ڕوومەتم ڕێیان داگرتوە، هیوادەخوازم هیچ بنەماڵێک نازیان لێنەشێوێ................ 
باوشێک ڕێز و ئامێز پێکەوە دەبین بە هێز.............. 


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد