چنار ناسح عەلی و هێمن ناسح عەلی خەڵكی گوندی برایم غوڵامی سەر بەناحیەی قادركەرەم بوون و باوكیان لەشاڵاوی ئەنفالدا بێسەروشوێن بووە و دواتر لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ نیشتەجێ بوون لەگەڵ ئاهوخانی دایكیان.
دوای ئاوارە بوونیان لە كۆڕەوەكەی 1991 لە ئێران دەگەڕێنەوەو لە ئۆردوگای شانەدەری نزیك قەزای سەیدسادق دەگیرسێننەوەو ئەو خوشك و برایە (چناری تەمەن 9 ساڵ پۆلی سێیەمی سەرەتای و هێمن تەمەن حەوت ساڵی پۆلی یەكەمی سەرەتایی) ساڵی 1992 لە شاری سەیدسادق بەفر و سەرما گیانی لێستاندن، ئەوان هەموو بەیانییەك لە ئۆردوگای شاندەرییەوە بەپێ دەڕۆشتن بۆ سەیدسادق بۆ خوێندن.
7/1/1992 بەفرێكی زۆر دەبارێت و ئەوان ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە و ئیتر نەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە، كاتێك دایكی هاواری كرد كە منداڵەكانی نەهاتوونەتەوە خەڵكی شانەدەری و سەیدسادق جوامێرانە دەستیان كرد بە گەڕان بە دوای ئەو دوو منداڵەدا، سەرئەنجام دوای شەوێك مانەوە لەناو بەفر لە سەرووی سەیدسادقەوە لەژێر بەفرەوە جەستەی تەزیوی هەردووكیان دەدۆزنەوە كە بۆ ماڵەوە ڕۆشتبوونەوە و ڕێگەی ماڵەوەیان ون كردبوو بەفر و سەرما كەسیرەی خستبوون.
هێمن لە چنار منداڵ تر بوو زووتر پەكی كەوتبوو چناریش (هەر بەو شێوەیەی پەیكەرەكەیان) خۆی دابوو بەسەر جەستەی تەزیوی برا بچووكە بێ باوكەكەیدا تا سەرما نەیكوژێت، بەڵام ئەفسووس كاتێك دۆزرانەوە هێمن گیانی سپاردبوو چناریش لە كۆتایی ژیانیدا بوو، هاوڵاتیان بەپەلە گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئەویش ڕۆحیی پاكی دای لە شەقەی باڵ و بەرەو لای برا ئازیزەكەی فڕی.
ئێستا لە دەروازەی سەیدسادق پەیكەرێك بۆ ئەو دوو پەپوولە ئازیزە دروستكراوە و گۆڕەكانیان لە ناحیەی شۆڕشە لە قەزای چەمچەماڵە و پەروەردەی چەمچەماڵیش وەكو ڕێزێك ناوی دوو قوتابخانەی بەناوی هێمن و چنار ناوزەند كردوە.
ئامادەكردنی: م. سلێمان جرجیس