تاريخ: ۲۱ مرداد ۱۴۰۵ ساعت ۱۰:۲ بازدید: 372      نظرات: 0      کد مطلب: 26143
دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان "زمانەوان، نووسەر و لێکۆڵەر"

تاقانە‌ زمانەوانی ئێرانی کە دە بەرهەمی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون

بە بۆنەی سێیەمین ساڵیادی کۆچی دواییی پرۆفیسۆر کوورش سەفەوی


پڕۆفیسۆر کوورش سەفەوی (٦ی پووشپەڕی ١٣٣٥ – ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢)، یەکێک بوو لە ناودارترین زمانەوانانی ئێران؛ زانایەک کە لە هەردوو بوارەکانی فێرکاریی گشتی و پسپۆڕانەی زمانەوانی و هەروەها لە بەرهەم‌هێنانی دەقی زانستی لە بواری زمانەوانی‌دا، ئاسەوارێکی بێ‌هاوتا و تەکووزی جێ‌هێشت.

کارنامەی زانستیی ئەو، کە لە ژمارەیەکی زۆر کتێبی داهێنەرانە، توێژینەوەی ڕەسەن، وەرگێڕانی بەنرخ، وتار و بابەتی زانستیی قووڵ و هەروەها سەدان وانەوتاری ئەکادێمیکی پێک دێت، لە جۆری خۆی‌دا بێ‌هاوتا و بێ‌وێنەیە.

د. سەفەوی، تاقانە زمانەوانی ئێرانی‌یە کە دە بەرهەم لە بەرهەمە زمانەوانی‌یەکانی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون؛ هەندێک لەو وەرگێڕانانەش لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەخوێندرێن. تەنانەت هەندێک لە کتێبەکانی ئەو زیاتر لە یەک جار وەرگێڕدراون؛ بۆ نموونە، کتێبی «حەوت وتار سەبارەت بە وەرگێڕان» دوو جار، لەلایەن ڕەفعەت مورادی و هوما وەیسی وەرگێڕدراوە و بڵاوکراوەتەوە. هەروەها کتێبی بەنرخی «دەروازەیەک بۆ واتاناسی» (درآمدی بر معنی‌شناسی) و هەشت بەرهەمی دیکەی ئەویش بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون.

ئەگەر د. محەممەد موقەددەم، د. سادق کیا و د. مەنسوور ئیختیار (زمانەوانی کورد و نووسەری یەکەمین کتێبی «واتاناسی» بە زمانی فارسی) بە بەرەی یەکەمی زمانەوانانی ئێران دابنێین، و د. محەممەدڕەزا باتینی، د. عەلی‌محەممەد حەق‌شناس، د. عەلی‌ئەشرەف سادقی، د. یەدوڵڵا سەمەرە، د. ئەبولحەسەن نەجەفی، د. هورموز میلانیان، د. مەهدی میشکاتەددینی، د. لوتفوڵڵا یارمحەممەدی و د. ئێران کەلباسی وەک بەرەی دووەمی زمانەوانان بناسین، ئەوا ناوی د. کوورش سەفەوی لە پێشەوەی بەرەی سێیەمی زمانەوانانی ئێران دێت، لەگەڵ زانایانێک وەک د. محەممەد دەبیرموقەددەم، د. یەحیا مودەڕڕیسیی تارانی، د. سەید عەلی میرعیمادی، د. ویدا شەقاقی و د. موستەفا عاسی.

د. سەفەوی «زمانەوانێکی بەرزەڕۆیو» (Transcendent Linguist) بوو؛ واتە تێڕوانینی ئەو لە کتێبە ناوازەکان و لە وەرگێڕاوەکانی‌دا تەنیا سنووردار نەبوو بە باسە زمانەوانی‌یەکان، بەڵکوو زمانی لە پەیوەندی لەگەڵ گوتاری ئەدەب، کۆمەڵناسی، دەروون‌ناسی، فەرهەنگ و مێژوو لێک‌دەدایەوە.

د. عەلی‌محەممەد حەق‌شناس، د. ئەبولحەسەن نەجەفی، د. محەممەدرەزا باتینی و د. لوتفوڵڵا یارمحەممەدیش لەو جۆرە زمانەوانانە بوون.

 د. حەق‌شناس و د. کوورش سەفەوی هەردووکیان باوەڕیان بە کارلێک و دانوستانی نێوان گوتاری زمانەوانی و گوتاری ئەدەب هەبوو و لەم بوارەدا هەوڵێکی بەرچاویان دا. هەرچەند د. حەق‌شناس، وەک مامۆستای د. سەفەوی، لە ڕووی زەمەنەوە پێشەنگ بوو، بەڵام لە بواری تیۆری‌سازی و بنیات‌نانی بۆچوونی نوێ، د. کوورش سەفەوی سەرکەوتووتر و لە هەندێک بواردا بێ‌هاوتا بوو.

لە ئاستی جیهان‌دا، مایکل هەلیدی، دامەزرێنەری تیۆری ڕۆڵ‌گەرایی (Functional Linguistics)، نموونەی دیار و پێشەنگی «زمانەوانانی بەرزەڕۆیو» بوو.

لە بەرامبەردا، هەندێک لە زمانەوانانی ئێران، وەک د. یەدوڵڵا سەمەرە، د. هورموز میلانیان، د. ویدا شەقاقی و د. مەهدی میشکاتەددینی، لە ڕیزی زمانەوانانی ناوەکی (Immanent Linguists) جێگیر دەبن؛ چونکە زۆربەی کار و توێژینەوەکانیان لە بەشی ناوەوەی زمان‌دا چڕ بووتەوە و بە پەیوەندیی زمان لەگەڵ کۆمەڵگا، چینایەتی، جوگرافیا، فەرهەنگ و ڕۆڵە پەیوەندییەکان، گرنگی‌یەکی ئەوتۆیان نەداوە.

لە مێژووی زمانەوانی‌دا، فێردینان دو-سۆسور، دامەزرێنەر و پێشەنگی زمانەوانیی نوێ، بە یەکێک لە دیارترین نوێنەرانی ئەم ڕەوتە ناسراوە.

بەرپرسیاریەتیی زانستیی د. سەفەوی لە دوو بواردا بە ئاشکرا دەردەکەوێ: یەکەمیان؛ فێرکردنی زانستی زمانەوانی، هەم لە ئاستی زانکۆیی و پسپۆڕیی و هەم لە ئاستی گشتی بۆ خوێنەران و ئۆگران.

فێرکردنی زمانەوانی لە بواری ئاکادێمیک، پێویستی بە شارەزایی تەواو، زانیاریی قووڵ، خوێندنەوەی بەردەوام، لێزانی، توانای چارەسەریی کێشە، ناسینی چەند زمانێکی بیانی، ڕۆحی توێژینەوە و دۆزینەوە و ئاگاداری لە زانستە مرۆییەکان و بوارە پەیوەندیدارەکان هەیە. بەڕاستی د. سەفەوی لە ئاستێکی بەرزدا خاوەنی هەموو ئەم تایبەتمەندی‌یانە بوو.

لە بواری فێرکاریی گشتیی زمانەوانیش‌دا، د. سەفەوی خاوەنی شێواز و ڕێبازێکی تایبەتیی خۆی بوو؛ ئەمەش شتێکە کە زۆرێک لە پسپۆڕان لەسەری هاوڕان. هەرچەند لەم بوارەدا شوێنکەوتووی قوتابخانەی مامۆستای گەورەی خۆی، د. محەممەدرەزا باتینی، بوو، بەڵام بە بۆچوونی نووسەری ئەم وتارە، د. کوورش سەفەوی لەم بوارەشدا ـ هەروەک لە پەیوەست‌کردنی زمانەوانی و ئەدەب ـ توانیویەتی لە مامۆستاکەی پێش بکەوێت و شوێنەوارێکی تایبەتی خۆی جێ‌بهێڵێت.

فێرکردنی زانستێکی وەک زمانەوانی، کە زانستێکی قووڵ، فرەڕەهەند، خاوەن‌دیسیپلین، بابەتییانە و نوێ‌یە، ئیشێکی زۆر دژوار و هەستیارە و پێویستی بە زانست، ئەزموون، توانای تێگەیاندن و شێوازی فێرکردنی تۆکمە و تەکووز هەیە؛ تایبەتمەندی‌گەلێک کە د. کوورش سەفەوی بە تەواوی لێیان بەهرەمەند بوو.

ئەو ئیشە لەڕادەبەدەر دژوارە و هەر کەسێک توانای ئەنجام‌دانی نییە؛ چونکە ئەوەی لەم بوارەدا دەنووسرێ، لە هەمان کات‌دا کە دەبێ ساکار، پوخت‌وپاراو و ڕەوان بێ، هەروەها دەبێ لە قووڵایی واتایی، دەوڵەمەندی و پڕناوەرۆکیی زانستی بەهرەمەند بێ و، بە بیانووی «ساکارنووسی» نەکەوێتە داوی نزمیی واتایی و بێ‌ناوەرۆکی.

ئەم توانستە دەگمەنە، لە بواری زمانەوانی‌دا، تا ئێستا تەنیا لە بەرهەمەکانی دوو زانای گەورەدا دەردەکەون: د. باتینی و د. سەفەوی. وەک پێشتر ئاماژەمان پێ‌دا، د. باتینی لەم ڕێبازەدا پێشەنگ بووە، بەڵام سەفەوی بە هۆی داهێنان، ئافراندن، نوێ‌کاری و توانای بێ‌هاوتای خۆی، بێ‌ڕکابەر و بێ‌هاوتا مایەوە.

لە نێو هەموو ئەو کتێبە زمانەوانی‌یانەی بە زمانی فارسی نووسراون، کەمتر بەرهەمێک دەبینرێ کە وەک بەرهەمە جۆراوجۆر و زۆرەکانی د. سەفەوی، لەم بوارەدا ئەوەندە سەرکەوتوو، کاریگەر، ئاماژەپێدراو و شێوازمەند و پڕناوەڕۆک بێ.

شێوازی نووسینی د. سەفەوی لە زمانەوانی‌دا، شێوازێکی «سانای لەدەست‌نەهاتوو» (سهلِ ممتنع) بوو؛ لە هەمان کات‌دا کە ساکار و پاراو و ڕوونن، هیچ جۆرە گرێ‌وگۆڵ یان دابەزاندنێکی زانستی‌یان تێدا نابیندرێ. نووسینەکانی هەم بابەتی خوێندنەوەی هەڕەمەی خوێنەران بوو و هەم لە لایەن پسپۆڕانەوە پەسەند دەکران. ئەم جۆرە سەرکەوتنە زۆر دەگمەنە و بە زاراوەی «النادر کالمعدوم» (دەگمەنی لەگوێن نەبوو) پێناسە دەکرێ.

شێوازی وانەوتنەوەی د. سەفەوی ڕێک وەک شێوازی نووسینە زانستی‌یەکانی بوو: ڕوون، پوخت‌وپاراو، بێ‌گرێ‌وگۆڵ و سەرسووڕهێنەر لەباری تێگەیاندنەوە. من کە خۆم ساڵانێک قوتابیی ئەو بووم، یەک‌جاریش نەمدیت هیچ خوێندکارێک لە تێگەیشتنی ناوەرۆکی وانە زمانەوانی‌یەکانی ئەودا تووشی کێشە بێ. بەڕاستی توانای فێرکردن و تێگەیاندنی، شتێکی پەڕجۆئاسا بوو.

دووهەمین بەرپرسیاریەتیی گەورەی زانستیی د. سەفەوی، دروست‌کردنی پردێک بوو لە نێوان گوتاری زمانەوانی و گوتاری ئەدەب. لەم بوارەدا، بە هۆی شارەزایی و دەسەڵاتی بێ‌هاوتای لە واتاناسی، نیشانەناسی، ژیربێژیی نوێ، شێوازناسی، هەروەها توێژینەوەی درێژخایەن، بەردەوام و قووڵ لە ئەدەبی کلاسیک و هاوچەرخی فارسی، توانی بەرهەم‌گەلێکی پڕبایەخ، پڕئاماژە و پڕخوێنەر لەم بوارە نێوان‌زانستی‌یەدا بەرهەم بهێنێت.

یەکێک لە گرنگ‌ترین سوودەکانی بەرهەکانی ئەوەیە کە یارمەتی خوێندکاران، مامۆستایان و توێژەرانی ئەدەب دەدەن بۆ خوێندنەوە و لێک‌دانەوەی بابەتی‌یانە و زمانەوانانەی دەقە ئەدەبی‌یە کلاسیک و هاوچەرخەکان. هەر کەسێک لەم بەرهەمانە کەڵک وەربگرێ، بێ‌گومان توانای لێک‌دانەوەی زانستی‌یانە و زمانەوانانەی دەقە ئەدەبی‌یەکانی ئەو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

لەبەر ئەوەی زۆربەی خوێندەوارانی بواری ئەدەب نە دەسەڵاتی تەواویان بەسەر زمانە بیانی‌یەکان‌دا هەیە و نە دەتوانن ڕاستەوخۆ بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە بنەڕەتی‌یە زمانەوانی‌یەکان، بەرهەمەکانی د. سەفەوی لەم بوارەدا جێگە و پێگەیەکی زۆر گرنگ، بێ‌هاوتا و بێ‌جێگرەوەیان هەیە.

هەرچەند د. سەفەوی بەسەر چەندین زمانی زیندووی جیهان‌دا زاڵ بوو و نزیکەی شەست کتێبی چاپ‌کراوی داهێنەرانە و وەرگێڕدراوی هەبوو و لە زانستەکانی وەک فەلسەفە، فەلسەفەی زانست، مێژووی زانست، ژیربێژیی نوێ، زمانەوانی، واتاناسی، نیشانەناسی، ئەدەب و ڕوونبێژی و ڕەوان‌بێژی‌دا دەسەڵاتێکی بەرزی هەبوو، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ خوێندکارانی‌ مرۆڤێکی لەڕادەبەدەر خۆش‌خوڵق و خاکەڕا بوو. پرسیارەکانیانی بە گرنگ دەزانی و پێشوازی لێ‌ دەکردن؛ باوەڕی وابوو کە هەر زانستێک، هەرچەندە ئاڵۆز و پسپۆڕانەش بێ، دەتوانرێ بە زمانێکی ساکار و ڕوون و پاراو بۆ بەردەنگ باس بکرێ.

وێڕای هەمووی ئەوانە، خۆش‌ڕەوتاری، خۆش‌مەحزەری، چێشکەی تەنز، مرخی تەوس، خۆش‌ڕاوێژی، شیرین‌قسەیی، دڵسۆزی، دڵۆڤانی، ڕەوشت‌بەرزی، خاکەڕایی، بێ‌دەعیەیی، چاکەخوازی، چاک‌بینی، جوان‌ڕەفتاری و بیرکردنەوەی ڕوون، لە دیارترین خەسڵەتەکانی ئەو بوون و ئەوەش بووە بە هۆی جیاوازیی ئەو لە تێکڕای هاواڵانی.

بەڕاستی، تێکڕای ئەو چاکە و ڕەوشت‌بەرزی‌یانەی وا لە کەسانی جیاوازدا دەبینرێ، یەکجێ لە کەسایەتیی ئەودا کۆ ببوونەوە؛ هەر بۆیە فارس‌واتەنی لە پەسنی ئەودا دەڵێین:

«آنچه خوبان همه دارند تو تنها داری»!

پۆلی وانەوتنەوەی بەبێ هیچ پیاهەڵگوتنێک، ئەکادێمی‌یەکی زیندوو بوو؛ شوێنێک بوو کە زانست، هونەر، داهێنان و جوانی بە شێوەیەکی دڕاماتیک و مامۆستایانە تێک‌چندرابوون.

لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ خوێندکاربوون، سی‌ودوو ساڵ وانەوتنەوە لە قوتابخانەکان، بیست‌وسێ ساڵ مامۆستایەتی لە زانکۆکان، گەڕان بە ناو شار و وڵاتان و، بەشداری لە سەدان کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستی، هەرگیز مامۆستایەکی وەک ئەو، کە هاوکات‌ هونەرمەند، بیرمەند، دڵسۆز، توانا، خۆشڕەوتار، ڕەوشت‌بەرز، وێژاوەر، چاکەخواز، ڕووشنبیر، تینووی زانست، وردبین و تێبین و لە یەک وشەدا «پەڕجۆئاسا» بێ، نەمدیتووە و نەمدۆزیوەتەوە.

خوات لەگەڵ! ئەی مامۆستای بێ‌هاوتا و زانای پایەبەرز و نووسەری مەزن و مرۆڤی بێ‌جێ‌نشین و فێرکاری بێ‌جێگرەوە؛ هەروەک چۆن مردنت باوەڕپێ‌نەکراو بوو، ژیانیشت بێ‌وێنە و بێ‌جێگرەوە بوو. ناو و یادت هەتا هەتایە لە مێژوودا زیندوو و هەرماو دەمێنێتەوە، ئەی زمانەوانی ڕووناکبیر و ئەی بیرمەندی مرۆڤ‌دۆست و ئەی خۆشەویستی دڵان!




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد