| تاريخ: ۱۷ مرداد ۱۴۰۵ ساعت ۱۹:۳۱ | بازدید: 40 نظرات: 0 کد مطلب: 26125 |
بەبیانووی ساڵەوەختی کۆچی دوایی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی
دەخوێندنەوەی مۆدێرنی کەلتووردا، هونەر تەنیا بوارێک بۆ خۆنواندن و بەرهەمهێنانی جوانی نییە؛ هونەر شوێنی دروستبوونی مانا، شوناس و شێوازی تایبەتی بۆ نواندنی "بوون" ــشە. بە واتایەکی تر هونەر لەگەڵ ئەوەی بەستێنێکی ئێگزیستانسیالیستییە، هاوکات پێوەندی ڕاستەوخۆشی لەگەڵ لایەنی ئانتۆلۆژیک و بوونناسانەی نەتەوە هەیە. دەونێوەدا دەنگ، بە تایبەت لە کۆمەڵگایەکی وەک کورد کە مێژووی پڕە لە دابڕان، دەپەراوێزکەوتن، چەوسانەوە، ژینۆساید و تڕۆمای مێژوویی و کۆمەڵایەتی، تەنیا ئامرازێکی هونەری نییە؛ دەنگ ئەرشیڤی زیندووی یادەوەری نەتەوەییە. لەو ڕوانگەیەوە، دابەزاندنی ڕەهەندەکانی ناسینی سەید عەلی ئەسغەر، تا ئاستی دەنگ، خەزڵانێکی ڕەچەڵەکناسانە و مێتۆدیک و هەڵبەت کەلتووریشە. دە ئابووری سیاسی مۆسیقادا، دەنگ، گۆڕەپان و پێکهاتەیەکی کەلتوورییە کە مێژوو و شوناسی کوردی تێیدا لێک گرێ دەدرێن. کاتێ سەید عەلی ئەسغەر، بە نێوانگری دەنگ، لە سنووری ژیانی تاکەکەسی خۆی تێپەڕیوە و وەک دەق و مەیدانێکی کەلتووری خۆی ئاراستە کردووە، ڕاستەوخۆ هەڵگری هەندێ بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریش بووە. دەقێک کە هەر نەوەیەک بە پێی نیاز و پرسیارەکانی خۆی، خۆی تێدا دەخوێنێتەوە. بەو هۆکارە سەید عەلی ئەسغەر، دەقێکی زیندوویە کە تێیدا نەتەوە، زمان، مۆسیقا، عڕفان و ئەوین و نەستی کۆمەڵایەتی دە دیالۆگ و گفتوگۆیەکی بەردەوام دان. ئەگەر کەلتووری کوردی لە مێژوودا زۆرجار بە شێوەیەکی زارەکی گواستراوەتەوە و بواری بە داکیۆمێنت کردنی نەبووە بە هۆکارگەلی سیاسی و پێکهاتەی خودی کۆمەڵگای کوردی، ئەوا گۆرانی، چیرۆک، مەقام و فولکلۆر و دەنگ، بوونەتە ئەو دامەزراوە نادیارانەی کە یادەوەری و نەستی گشتیی کۆمەڵگای کوردییان چێ کردووە و پاراستوویانە. لەو سووچەوە، سەید عەلی ئەسغەر بەشێکە لەو ئەرشیڤە زارەکییەی کە زۆر جار لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی مێژوودا، بەشێک لە سەربوردەی نەتەوەیەکی ڕاگوێزی قۆناخەکانی مێژوو کردووە. دەبەستێنی خوێندنەوە کەلتوورییەکان دا، شوناسی نەتەوەیی، بابەت یا چەمک یا مژارێکی پێشوەختە و جێگیر نییە، شوناسی نەتەوەیی بەرهەمی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە کە لە ڕێگەی زمان و هێما و یادەوەری گشتییەوە دروست دەبێ. ستوارت هاڵ لەسەر ئەو باوەڕەیە کە شوناس، بەردەوام لە نێوان ڕابردوو و ئێستا دا دە حاڵی پەل هەڵدان دایە. دەو چوارچێوەیەدا، سەید عەلی ئەسغەر تەنیا بەشێک لە مۆسیقای کوردی نییە، بەشێکە لە پرۆسەی بەردەوامیی پڕۆسەی شوناسی کوردی. دەئاوڕدانەوەیەکی سەرپێیی لاکانی دا، دەنگ یەکێکە لەو نیشانانەی کە پێوەندیی نێوان مەیل و ئارەزوو لەگەڵ کەمێتی و شوناس ئاشکرا دەکا. ئەوەی لە دەنگێک دا دەبیسترێ تەنیا ئەو وشانە نییە کە دەوترێن، بەڵکوو ئەو بۆشاییەشە کە بە پاڵپشتی دەنگ و وشە و دەربڕینەوە، خەریکی درێژەدانی پڕۆسەیەکی نەتەوەیین دەبواری بەرساخت گەری و ئانتۆلۆژیک و مەعریفی دا. لە ڕوانگەی بۆردیۆوە، کەلتوور مەیدانی هێزە؛ مەیدانێک کە تێیدا ماناکان دروست و پەسەند دەکرێن. لەو ڕووەوە، دەنگ جۆرێک لە سەرمایەی نمادینە کە لە ڕێگەی کۆمەڵگاوە بەرهەم دێ. سەید عەلی دەو مانایەدا ماکی ئەو سەرمایە نمادینە نەتەوەییە کە لە سنووری مۆسیقا تێدەپەڕێ و دەچێتە ناو پرۆسەی دروستکردنی یادەوەری گشتییەوە. دە خوێندنەوەیەکی قووڵتر دا، دەنگی سەید عەلی ئەسغەر دەکرێ وەک جۆرێک لە «ئەرشیڤی هەستیی»ــش بخوێندرێتەوە؛ ئەرشیڤێک کە هەڵگری ئەو ناوەرۆکەیە کە مێژووی فەرمی زۆرجار نەیتوانیوە بیاننوسێ. مێژووی فەرمی زۆرجار بە زمانی دەسەڵات، ڕووداو و دامەزراوەکان دەنووسرێ، بەڵام مێژووی کەلتووری لە ڕێی دەنگ، هەست و یادەوەری دەدوێ. لێرەدایە کە ئەرکی هونەری لە کردەیەکی سادەی دەربڕینەوە دەگۆڕدرێ بۆ شایەتیدان لەسەر قۆناخێکی تایبەت، ئەویش نە تەنیا بە مانای گێڕانەوەی ڕووداو ڕەوایەتەکانی ئەو قۆناخە، بەڵکوو بەو مانایە کە شێوازیی هەستەوەری کۆمەڵگای کوردیی دە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوو دا پاراستووە. لە ڕوانگەی ئەدۆڕنۆوە، هونەر لە کۆمەڵگایەکی پڕ لە ناکۆکی دا تەنیا ئامرازێکی ئارامکردنەوە و گەڕانەوە بۆ قۆناخێکی نۆستالۆژیک نییە بەڵکوو، شێوەیەکی دەربڕینی پرسیاری تایبەت بە قۆناخێکە کە مێژوو هێشتا وڵامی بۆ نەدۆزیوەتەوە. هەر ئەو خسڵەتەی دەنگە کە مەترسی لەبیرچوونەوەی قۆناخە
تایبەتەکانی مێژووی کوردی، خستووەتە پەراوێزەوە. لەو ڕووەوە مۆسیقای کوردی بەگشتی و سەید عەلی ئەسغەر بەتایبەتی، جودا لە ئەڕشیڤێکی بەهێز و نرخ، بەشێکیشن لە مێژووی ئانتڕۆپۆلۆژیکی کورد.
|