| تاريخ: ۱۳ مرداد ۱۴۰۵ ساعت ۱۱:۳۸ | بازدید: 190 نظرات: 0 کد مطلب: 26103 |
بە بیانووی ساڵەوەختی کارەساتی شەنگاڵ لەلایەن داعشەوە
کۆمەڵکوژی و ئاوارەکردنی ئێزیدییەکانی شەنگاڵ لەلایەن داعشەوە، ئەگەرچی وەک پەڵەیەکی ڕەش و چڵکن و تەماوی لەسەر ڕوخساری هەندێ لایەنی ناوخۆیی و خودی بناژۆخوازی داعش دا دەمێنێتەوە بەڵام تەنیا تاوان یا جنایەتێکی جەنگی دامەزراو لەسەر بناژۆخوازی ئایینی نەبوو؛ ڕووداوێک بوو کە سنووری هزر و عەقڵانییەتی مرۆڤی بناژۆخوازیشی دەرخست و تاقیشی کردەوە. بەپێچەوانەی داعش کە هەر لەسەرەتاوە، خەریکی جەستەمەندکردنی توندوتیژی و ئایین و شەڕ بوو بەڵام، هەندێ کارەسات هەن کە فۆڕمی دەکارهێنان و ژمارەی قوربانییەکانی، دەرخەری قووڵایی ڕاستەقینەی خودی کارەساتەکە نین، بەهۆی ئەوەیکە پڕەنسیپی کارەسات لە ڕێژەی کوژراوانی کارەساتەکە و لەناوبردنی جەستەدا دانەمەزراوە، بەڵکوو لە سەر لابردنی جیاوازی دە فۆڕمی کوشتندا بنیات نراوە. لەو ڕووەوە، داعش وەک پاساو و دەرکەوتەی کردەی بناژۆخوازانە، وێڕای ئەوەی ماشێنێکی کوشتن بوو، ماشێنی سڕینەوەی جیاوازیش بوو بەنێوی ئایینەوە. هەر گرووپ و تاقمێک کە بەنێوی ئایین و سیاسەت و هەر بیرۆکەیەکی تر، خۆی وەک تاکە خاوەنی حەقێقەت بناسێنێ، بێ هیچ شک و گومانێک، ئەویتر وەک هەڕەشە دەبینێ. لێرەدا مەسەلە تەنیا هەڵگۆستەی بناژۆخوازانە و تاک ڕەهەندانە لە ئایین نییە، مەسەلە ئەو لۆژیکەیە کە خۆی لە ژێر ناوی حەقێقەتێکی خۆبەڕەهازانەوە دەشارێتەوە و بەو جۆرەی لوکاچ دەڵێ: سەرەڕای ئەوە، بەرپرسیاری هیچ ئاگایی و نائاگاییەکیش نییە. فەڕقیش ناکا کە ئەو وەهمی خۆبەڕەهازانینە، لە ئایدیۆلۆژییەکی ئایینییەوە سەرچاوەی گرتبێ یا وەهمێکی زانستی یا سیاسی وەک نازیسم و...، بەڵکوو گرینگ ئەوەیە کە فێندامێنتالیزم و بناژۆخوازی، ئەو لۆژیکەی گەیاندە ترسناکترین و مەترسیدارترین و دڕندانەترین قۆناغی خۆی دە سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا. دەرخستنی ئەو قۆناخە دڕندانەی ئایدیۆلۆژی، تەنیا لە ڕەهەندی لۆجێستیک و لۆژیکی شەڕ و چەکەوە ناکرێ بەڵکوو ئەوەی پێویستە، کونجکۆڵ کردن و پشکنینەوەی لایەنی سایکۆ/ئەپیستمۆلۆژیکی ئەو شێوازەیە لە ئایدیۆلۆژی. بەمەرجێ لە سووچێکی لاکانییەوە لەو پرساژۆی داعش بڕوانین، دەتوانین بڵێین کە ئەگەرچی کەمێتی(فقدان)، پرساژۆیەکی مەعریفی هاوبەشە دە هەموو مرۆڤ و کۆمەڵگایەکدا بەڵام، فێندامێنتالیزم دەهەر شکڵ و فۆڕمێکدا، توانایی قبووڵکردنی ئەو درز و شکافەی نییە. ئەو دژبەریی و بەرخۆدانەی سووژەی فێندامێنتالیست، هۆکاری دروستبوونی فانتازمێکی مینۆکییە کە لەلایەکەوە تەنیا خۆی بە سەرچاوەی حەقێقەت و پاکی و خواناسی ئەزانێ و لەلایەکیش سڕینەوەی ئەویتری جیاواز، بە هۆکاری پڕبوونەوەی ئەو کەلێن و درزە مەعریفییە. ئێزیدییەکانی شەنگاڵ، دەو بەرئاوردەی داعش دا تەنیا کۆمەڵێک مرۆڤ نەبوون؛ «دال»ی ریتۆریکێکی جیاواز بوون. لەبەر ئەوە، ئامانجی داعش تەنیا داگیرکردنی شەنگال نەبوو؛ داگیرکردن و سڕینەوەی واتای جیاوازیش بوو. ئەوەی لە شەنگال ڕووی دا، هەرچەند بێبەری نەبوو لە هەندێ خۆتێوەردان و دەستی لایەنەناوخۆییەکان بەڵام، دوا ئامانجی هەوڵێک بوو بۆ مۆنۆپۆلکردنی حەقێقەت و مۆنۆلۆگ کردنی جیهان، بۆ ئەوەی زمانی دەربڕینی حەقێقەتەکان بسڕێتەوە و تەنیا فەرمان و دەستوور بمێنێ. تێئۆلۆژی فانتازم دەو هەڵوێستەی داعش دا بە ڕوونی خۆی نیشان دا. هەر بەپێی ئەو بنەما تێئۆلۆژیکی و ئیلاهییاتییە، دەکرێ پێوەندی داعش و مۆدێڕنیزم و فێندامێنتالیزم شی بکرێتەوە. بەو جۆرەی جان گەری دەڵێ: داعش نە دژی مۆدێڕنیزمە و نە لە دەرەوەی مۆدێڕنیزم. داعش بەرهەمی خودی مۆدێڕنیزمە. داعش تاریکترین سایەی ئەو جیهانەیە کە تێیدا مۆدێڕنیزم و تێکنۆلۆژیا گەشەیان کرد، بەڵام ئەخلاق پاکتاو کرا. هەمان کەس کە بەگوێرەی نا/عەقڵانییەت و نا/ئاگاییەکی بناژۆخوازانەوه، هێرشی بردە سەر شەنگاڵ، هاوکات ئامرازە مۆدێرنەکانی بەکار هێنا. توندوتیژی لێرەدا دژی مۆدێڕنیزم نییە؛ بەرهەمی شێوازێکی مۆدێرنی بەکارهێنانی دەسەڵات و توندوتیژی و کوشتاری بە کۆمەڵە. لە دیدی گەرییەوە، مۆدێڕنیزم ئەو بەستێنە بوو کە توانی ئامڕازەکانی دژایەتی خۆشی پێک بێنێ. لە ڕوانگەی جان گەرییەوە، مەترسیدارترین و خوڕافی ترین هەڵەی مێتۆدیک و ڕەچەڵەکناسانە ئەوەیە کە توندڕەوییەکانی ئەلقاعیدە و داعش تەنیا پەیوەست بکرێ بە «دینی بوونیان». بەگوێرەی گەری، دین بە درێژایی مێژوو بەشێک بووە لە مێژووی مرۆڤ بۆ دروستکردنی مانا، کانالیزەکردنی ڕەوەک و پێوەندیی مرۆڤ بە ئەوی تر. کێشە لەوێوە دەست پێدەکا کە باوەڕی دینی لە دەستی مرۆڤدا دەگۆڕێ بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی تەواوکەر کە دەیەوێ هەموو بۆشایی و جیاوازییەکانی جیهان بسڕێتەوە.
بەڵام گەری لەسەر ئەو بڕوایەیە کە تێگەیشتن لە دەرکەوتە و دیاردەیەکی وەک داعش تەنیا بە گوێرەی فۆڕم و فامێکی بناژۆخوازانە لە دین، خەزڵانێکی مێتۆدیک و ڕەچەڵەکناسانەیە کە هەم لە بەرامبەر دیندا هەم لە بەرامبەر مۆدێڕنیزم دا ڕوو دەدا. لە ڕوانگەی گەری و نۆلتەوە، ئەگەرچی فامی توندوتیژ و بناژۆخوازانە لە دین بەردەوام هەبووە بەڵام مۆدێڕنیزمیش بە هەموو توانا زانستی و تێکنۆلۆژیکییەکانی، زۆرجار مرۆڤی لە بنەمای مانا و هەستی پێوەندی بە جیهان دابڕیوە و بۆشاییەکی مەعنایی دروست کردووە. بۆشاییەک کە خۆی دە گرووپەتوندڕەو و فاشیستییەکاندا دەردەخا. کۆمەڵکوژی داعش، هۆلۆکاست و ئاشۆیێتس و گولاک و هتد... نموونەی هەرە بەرچاوی ئەو پاڕادۆکسانەی مۆدێڕنیزمن کە وەک پێویست هەموویان ئایینی نەبوون. دەو هەڵگۆستەی گەری و نۆلتەدا، داعش و نازیسم و ... نەک تەنیا دەرەنجامی تێگەیشتنێکی هەڵەن لە بەستێنێکی ئایدیۆلۆژیکی وەک دین و وەهمی بانترین ڕەچەڵەک و...، بەڵکوو نیشانەیەکی تاریکیی قەیرانی مۆدێڕنیزمیشن. کێشەی سەرەکی لێرەدا بە وتەی ژیژەک، فامی هەڵە لە دین یا ئایدیۆلۆژییەکی وەک نازیسم و ...نییە، کێشە ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژی ڕێک لەو شوێنەوە دەست پێدەکا کە بەستێنێکی ئایدیۆلۆژیک دەگاتە قەیران و بنبەستێک کە دە دیهاوێژییەکی نۆڕماتیودا (فرافکنی عادی شدە)، هەموو کێشە مەعریفییەکانی خۆی دەخاتە ئەستۆی ئەویترێکی جیاوازەوە. هۆکار لێرەدا نە دینە نە ئایدیۆلۆژی، بەڵکوو بە ئایدیۆلۆژیککردنی لۆژیکی ئایدیۆلۆژییە کە لە ڕێگەی سڕینەوە و پاکتاوکردنی ئەویترەوە، پەردە دەکێشتێتە سەر درز و کەلێن و شکافە مەعریفییەکانی خۆی بۆ مەشڕووعییەت بەخشین بە وەهمێکی فانتازیک و ناعەقڵانی...
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
ارجاعات:
القاعدە و معنای مدرن بودن/جان گری/ترجمەی سهراب خلیلی شورینی/تهران/نشر مروارید/چاپ اول/1397
اسلامگرایی: سومین جنبش مقاومت رادیکال/ارنست نولتە/ترجمەی مهدی تدینی/تهران/نشر ثالث/چاپ هفتم/1400
بنیادگرایی اسلامی و پست مدرنیسم/ دکتر بهروز مرادی/تهران/نشر بهمن برنا/چاپ اول/1399
عینیت ایدئولوژی/اسلاوی ژیژک/ترجمەی علی بهروزی/تهران/نشر طرح نو/چاپ دوم/1393
|