تاريخ: ۱۲ مرداد ۱۴۰۵ ساعت ۱۲:۴۸ بازدید: 36      نظرات: 0      کد مطلب: 26099
ئەدیب دڵدار

بە بۆنەی کۆچی دوایی شاعیرێک لە سەردەشت


نووسەران، ئەو هەڵکەوتووانەی گەلن کە بە کۆچی دوایی و ناشتنی تەرم و جەستەیان، قەڵەمەکانیان دەبنە هاوار و وشە و ڕستە دەروەستەکانیان دەبنە زایەڵەی تاهەتایی و لە گوێی هەموو چاخەکانی مێژوودا دەزرینگێنەوە.

ئەمشەو ۱۰ی گەلاوێژی ۱٤۰۵ی هەتاوی، مامۆستا حەمید سەفاجوو، کارمەندی خانەنشێنی فەرمانگەی "پەروەردە و فێرکردنی سەردەشت"، شاعیر، نووسەر و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی، دوای چەند ساڵ کێشانی ژان و ئازار بە هۆی نەخۆشی، کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا سەفاجوو، لە ماوەی ژیانی پڕ لە کێشە و کوێرەوەری خۆیدا، بێجگە لە هەڵسووڕاندنی قەڵەمەکەی لە پێناو خرمەتی گەل و نیشتمان، پەروەرێنی چەند منداڵی پشتی خۆی و داوێنی خێزانی بوو کە توانێویانە ڕێبازی باوکیان بپێون و ببنە نموونەی ڕۆڵەی بە ئەمەگ و نیشتمانپەروەر.

لەو هەموو ساڵە پڕ لە نەخۆشی و ئازارەیدا، ڕۆڵەکانی مامۆستا سەفاجوو، بەوپەڕی ڕێزەوە وەک منداڵێک تەڕ و وشکیان دەکردەوە، هەڵگێڕ وەرگێڕیان دەکرد و خۆراکی شیاویان بۆ دابین دەکرد و گەرم و ساردیان دەکردەوە و بە جوانترین پۆششی کوردانە لە سەرووی دیوەخانی ماڵەکەیان ئاگاداریان لێ دەکرد و هەموو ڕۆژێ بە دەمی پڕ لە بزە و بە دڵی تەژی دلۆڤانی، پێشوازییان لەو میوانانە دەکرد کە بۆ سەردان و لێپرسینی دەستە دەستە دەهاتن.

ئێمە:

ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی سەردەم ی سەردەشت، ئەو هەست و هەڵوێست و ڕەوشت و کردارەمان لە دیداری ساڵی ۱٤۰٤ کە بە گشتی چووینە سەردانی نەمر مامۆستا سەفاجوو، لە نزیکەوە لە چوارچێوەی ماڵە بەڕواڵەت بچووکەیان و لە دڵە گەورەکانی ئەندامانی ئەو بنەماڵە بەدی کرد.

لە لایەن:

کۆمەڵگەی وێژەیی و هونەری و ئەنجومەنی ئەدەبیی سەردەمی سەردەشت، لە خودای مەزن، دلۆڤانی و بەزەیی بۆ گیانی مامۆستا حەمید و ئۆقرەیی بۆ دڵی هاوژین، کوڕ و کچانی و هەموو خزم و دۆستانی دەخوازین.

لە هەمبەر ئەو هەموو خزمەتەی هاوژین و ڕۆڵەکانی سەبارەت بە ئاگاداریکردنی مامۆستا حەمید کردیان، سەری ڕێز و کڕنۆش دادەنوێنین.

انا للە و انا الیە راجعون

پرسە و سەرەخۆشی

وێڕای ڕێز و سڵاو و حورمەت

بە دڵێکی پڕ لە  ئازار و چاوێکی پڕ لە فرمێسک، هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا حەمید سەفاجوو ناسراو بە باوەڕ،  شاعیر، نووسەر و مامۆستای دڵسۆزی کورد، هەموومانی خەمبار کرد.

یەکەم جار دەنگی خۆش و دڵنشینی ئەم شاعیرە بەرزەناوەم لە بەرنامەی بەناوبانگی ((خاووخێزان))ی ڕادیۆی مەهاباد بیست. لەو ڕۆژەوە، شیعرە پەندئامێز و مرۆڤدۆستانەکانی، کە بە دەنگێکی ئارام و دڵنشین دەخوێندرایەوە، شوێنێکی هەمیشەیی لە دڵ و بیرمدا گرت.

 وشە زێڕینەکانی  هەڵگری چەمکی ژیان، ڕەوشت، نیشتمانپەروەری و مرۆڤایەتی بوون.

مامۆستا سەفاجوو، وەک داهێنەری کتێبی بەنرخی ((گەزیزەی کوردستان))، بە قەڵەمێکی ڕەسەن و بیرێکی قوڵ، خزمەتێکی گەورەی بە زمانی کوردی، ئەدەب و ڕۆشنبیریی نەتەوەکەی کرد. ئەگەرچی جەستەی ئێستا لە نێوانماندا نییە، بەڵام دەنگ، بیر، ئەندێشە و هۆنراوەکانی هەمیشە لە لاپەڕەی کتێبەکان و لە دڵی خوێنەران و خۆشەویستانی بۆ هەتاهەتایە هەر دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ سەری ڕێز و کڕنۆش دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی، و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی هاوژینی بەڕێز، کوڕ و کچەکانی، هەموو بنەماڵە و خزمەکانی، هاوڕێ و هاوپیشەکانی و ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی سەردەم دەکەین. هەروەها بە پەرەپێدانی هەستێکی قووڵی سوپاس، سەری ڕێز دادەنوێنین بۆ ئەو هاوسەر و ڕۆڵانەی کە لە ماوەی نەخۆشییەکەیدا بە وەفاداری و دڵسۆزی، بە خزمەت و چاودێرییەکی بێوێنە لەگەڵیدا بوون.

لە خودای گەورە داوادەکەین گیانی پاکی لە بەهەشتی بەرین نیشتەجێ بکات، و ئارامی و خۆڕاگری بە دڵە بریندارەکانی خێزان و خۆشەویستانی ببەخشێت.

شاعیر دەمرێت، بەڵام شیعر نامرێت؛ قەڵەم لە دەست دەکەوێت، بەڵام وشەی ڕاست هەمیشە لە دڵی مێژوودا دەژی.

ڕۆحی شاد، یادی پیرۆز و ناوی هەمیشە بەرز بێت.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد