| تاريخ: ۲ اسفند ۱۴۰۴ ساعت ۱۸:۱۹ | بازدید: 536 نظرات: 0 کد مطلب: 25750 |
بە بۆنەی "بڵاوبوونەوەی چاپی دووهەمی وێڕای پێداچوونەوەی زانستی و لێزیادکردن"
1. پێشەکی:
زۆر لەمێژه‒ جگە لە زمانوێنەی① زارەکی و زمانوێنەی ئاپۆرەی خەڵک و چینی ڕەشۆکی کە فەرهەنگی زارەکیی موکریان، لەم بوار و بابەتەوە نووسراوە‒ دەست بەکاری دانانی «وشەدان»②(Lexicon) و تۆمارکردنی وشەی کوردی کراوه و وەک ئاشکرایه، ماوەیەکه دیاردەی «وشەنووسی»(Lexicography) و «فەرهەنگنووسی»ـی (Dictionary Making) کوردی خەریکه جێگای شیاوی خۆی له ژیانی ڕۆشنبیری و زانستیی گەلی کورددا دەدۆزێتەوه و هەندێک مامۆستای دڵسۆز لەم مەیدانه پیرۆزەدا هەنگاوی گەورەیان ناوەتەوە. ئەو پسپۆڕانه له دەرگایەکی فراوانەوه چوونەته نێو مێژووی ڕۆشنبیریی کوردەوه، بەوەی هەریەکەیان له سنووری توانست و زانست و بڕشتی خۆیدا، ئەوەی لە باری دابووە و ئەوەی له توانایدا بووه، بۆ پاراستنی زمانی نەتەوەکەی دڵسۆزانه جێبەجێی کردووه. ئەوەی شایانی باسه ئەوەیه که ئەم کاره هەر بەردەوامه و بەرەی نوێی گەلەکەمان لەگەڵ مامۆستا لێهاتوو و بەتواناکانماندا لەم مەیدانه سەخت و تاقەتپڕوکێنەدا خەریکی ئافراندن و تۆمارکردنی وشه و دانانی فەرهەنگ و وشەنامه و ئەم چەشنه بەرهەمە زمانەوانییانەن.
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایه ئەوەیه که موفرەداتی زمانی کوردیی، قاڵبۆوەی ساڵانی دوور و درێژی مێژووی گەلی کورده و سۆرەوتۆرەی چەندین پله و قۆناخی هەڵسوکەوتی باری ژیان و هاتونەهاتێتی. لەوماوه درێژ و بەرفراوانەدا که بە سروشت لەکەو دراون، گێژەوکراون و گورگه و بنژیل و زیوانیان لێ گیراوه، له زۆر ڕووی گرنگەوه پتەو بووه و بەخۆدا هاتۆتەوه و دەوڵەمەند بووه(پرۆفیسۆر ئەوڕەحمانی حاجیمارف:«هەوڵێکی مەزنی نوێ له جیهانی فەرهەنگنووسیی کوردیدا»، گۆڤاری کاروان، ژمارە17، ساڵی دووەم، شوباتی 1984، ل22).
ئەوەی ڕاستی بێ تا ئەم دواییانه له بواری کەلەپوور و کەلتووری ئاپۆرەی خەڵک و زمانی ئاخاوتنی جەمبوورەی جەماوەری کورد، له هیچکام له بەشەکانی کوردستاندا، ئاسەوارێکی وا که بە پێی پێوەر و پێوانەکانی زانستـی زمانناسیی پڕاکتیک(Criteria of Applied Linguistics) و هەروەها لقی«فەرهەنگنووسی»ـی ئەم زانسته، تەنانەت هەڵگر و خاوەنی بەشێکی کەم له تایبەتمەندییەکانی چەمکی«فەرهەنگ» بێ، نەهاتبووه بەرهەم. سەرجەم ئەم بەرهەمانەی تا ئێستا لەم بوارەدا ‒واته بواری کەلتووری کوردی‒ نووسراون، کۆکراوەی بابەتییانەی بەشێک له کهلتووری کوردییه که دەکرێ وەک: «پەندی پێشینیان، بەیت، گۆرانی، مەتەڵ و هتد» پۆلێنبەندی بکرێن. ڕوون و ئاشکرایه که ئەم بابەتانه سەربەخۆ و جیاجیا کۆکراونەتەوه و بڵاوکراونەوه و هیچکام له ڕێسا و یاساکانی فەرهەنگنووسی لەم ئاسەوارانەدا وەبەرچاو نایه و خۆ نانوێنێ و له بنەڕەتدا به بیچم و ڕەنگ و قەوارەی فەرهەنگ نەنووسراون. ئەوا بۆ هەوەڵین جار، ماکه زمانییەکانی زمانی کوردی «ژێر-زاراوەی موکریان» کەوا توخمی کەلەپوور و کەلتووری ئاپۆرەی خەڵک و زمانی ئاخاوتنی کوردی ئەم ناوچە و ژێردیالێکته(Sub-dialect)یان تێدا بەدی دەکرێ کۆکراونەتەوه و له دیمەنی فەرهەنگێکی ناوچەیی/دیالێکتی(Dialectal Dictionary)و له ژێر ناوی «فەرهەنگی زارهکیی موکریان» هاتووەته بەرهەم و بڵاوبووەتەوه. هەروەک ئاماژەی پێکرا، ئەم فەرهەنگه هاوکات لەخۆگری«زمانوێنەی ئاپۆرەیی»(= زبانگونەی عامیانه و روزمرّە=Colloquial language Variety) و «زمانوێنەی ڕەشۆکی»(= زبانگونەی عوامانه و چالەمیدانی=Slang Language Variety)یه؛ هەر بەو بۆنەیەوه جێی خۆیەتی سووکە ئاوڕێکی تێپەڕ بدەینەوە لە گەلێک تایبەتمەندیی ئەو دوو «زمان-وێنه»یه. ئەم تەکنیک و گەمەزمانییانه و هەروەها ئەم ڕێکارانەی له خزمەت زمانی ئاپۆرەی خەڵک و زمانی ڕەشۆکیی دان و لەم فەرهەنگەشدا به باشی وێنه جیاجیاکانی دیاری کراوه و نیشان دراوه، بریتین له:1- ئاوێتەیی هاوڕێ دەگەڵ بەرهەمهێنانی وشەی لێکدراو (= ادغام با تشکیل کلمەی مرکب =condensation with formation of composite word)؛ 2- ئاوێتەیی هاوڕێ دەگەڵ گۆڕان (= ادغام با تغییر= condensation with modification)؛ 3-ڕەگەزدۆزی(= جناس= pun)؛ 4- تەوس (=طعنه=irony)؛5- جوانوێژی(= حسن تعبیر=euphemism)؛ 6- ناحەزوێژیی(= قبح تعبیر=dysphemism؛cacophemism )؛ 7 - خواستە(= استعاره =metaphor)؛ 8- سەروا(= قافیه=rhyme)؛ 9- دووپاتکراوهیی(= اتباع=reduplication)؛ 10- دەنگەناو(= نامآوا=onomatopoeia)؛ 11- کورتەوشه(= سرنام=acronym)؛
12-کورتکراوەیی (= کوتەسازی=abbreviation)؛ 13- سووکەڵەنێو(= نام یا لقب تمسخرآمیز = nickname)؛ 14- تێکدانی بزوێن(= تحریف مصــــوت= phonetic distortion)؛ 15- ناوی تایبەت بۆ ئاماژه به مرۆڤی ئاسایی به ئامانجی درکە یا لاتاو(= اسم خاص همچون لقب کنایی= antonomasia). هەروەکوو پێشتر ئاماژه کرا ئەم ئاسەواره لێوڕێژ و تەژییه له سەرجەم تەکنیک و گەمه زمانییەکانی گۆرین و زۆربەی هەره زۆری لاپەڕەکانی ئەم فەرهەنگه لەخۆگری، لانیکەم یەک دوانێک، لەم تەکنیک و گەمە زمانییانەیه.
«فەرهەنگی زارەکیی موکریان»③، که بەرهەمێکی «زمانەوانی-کەلتووری»یه و «فەرهەنگی ئینسایکلۆپێدیک»
(Encyclopedic Dictionary=)
لە ئەژمار دێ④ و بەرهەمێکی بەنرخ و پڕبایەخه و وەک سەرچاوەیەکی خاوەنمرخی زمانەوانی-کەلتووری( linguistic & cultural)، تژییه له بابەتی هەمەچەشنەی
«زمان-وێنەی ئاپۆرەیی» و «زمان-وێنەی ڕەشۆکی» و زمانی لاوەکی و ئاخاوتنی جەمبوورەی جەماوەری خەڵک و، له ڕاستیدا پڕۆژەیەکی تاقەتپروکێن و درێژخایەنه و کەلەبەرێکی یەگجار گەوره له کتێبخانەی کوردی و له بواری زمانەوانی و کەلتووری لاوەکی و کەلەپووری ئاپۆرەی خەڵکی پڕ کردووەتەوە و وەک سەرچاوەیەکی دانسقه و تۆکمه و هەروەها وەک متورفەیەکی پڕبایی پێداویستیی تاقمێکی زۆر له توێژەران و هۆگرانی زمان و وێژه و کەلەپوور و کەلتووری کوردی دابین کردووە.
به بڕوای من دوای چاپ و بڵاوبوونەوەی سەرجەم 15 بەرگەکانی ئەم ئاسەواره، ئیتر زمهەڕی تەمەنێکی دوور و درێــژی نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان داخراوە و له قاتیوقڕیی بەرهەمــــی چڕوپڕ و بەپێزی «زمانەوانی- کەلتووری» که داگری زۆربەی هەرەزۆری ڕەهەندەکان و دەڤەرەکانی زمانی ئاخاوتنی جهمبورەی جەماوەر لەو ناوچەیه بێ، ڕزگاری بووە.
2. هەشت بەرهەمی فەرهەنگنووسیی گشتیی کوردیی جیاواز و شێوازمەند و زانستی:
ئەوەی ڕاستی بێ تا ئێستا تەنیا هەشت بەرهەم لە بواری «فەرهەنگنووسیی گشتی»، له لایهن حەوت فهرههنگنووس، له درێژایی مێژووی 344ساڵەی فەرهەنگنووسیی کوردیدا، بڵاوکراونهتەوه که دەکرێ بە پێی پێوانەکانی زمانناسی و وشەنووسی وەک «فەرهەنگ»(فەرهەنگی گشتی) نێودێر بکرێن که، بهبێ شک و گومان، یەکێک لەو هەشت ئاســەواره «فەرهەنگی زارەکــــــیی موکریان»ـە. حەوت ئاســــەوارەکەی تر بریتین له: 1- قامووسی زەبیحی (کوردی- کوردی؛ ناتەواو)؛ 2- فەرهەنگی کوردی «کرمانجی» – ڕووسیی پڕۆفیسۆر قەناتی کوردۆ؛ 3- فەرهەنگی کوردی «سۆرانی» – ڕوسیی پڕۆفیسۆر قەناتی کوردۆ؛ 4- فەرهەنگی کوردی کرمانجی – ڕووسیی پڕۆفیسۆر باکایاف؛ 5- فەرهەنگی کوردی «کرمانجی»- ئینگلیزیی پڕۆفیسۆر مایکل چایت؛ 6- فەرهەنگی میدیا، پڕۆفیسۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف (کوردی- کوردی؛ ناتەواو)؛ 7-فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی عەلی نانەوازادە(کوردی_کوردی؛ 6بەرگ).⑤
ئاشکرایه "هەنبانەبۆرینه" و "فەرهەنگی[وشهنامهی]کوردستان" و "فەرهەنگی[وشهنامهی] خاڵ"، هەرچەند سێ بەرهەمی سەرکەوتووی زمانەوانی له ئەژمار دێن، بەڵام بە پێی پێوانەکانی وشەنووسی و زمانناسی که لەم وتارەدا ئاماژەیان پێکراوه «وشەنامه» (= Thesaurus) لە ئەژمار دێن نەک «فەرهەنگ»، که وابوو لەم پۆلێنبەندییەی سەرەوەدا ناگوونجێن و ناکرێ دەگەڵ «فەرهەنگی زارهکیی موکریان» بەراوردیان بکەین؛ هەرچەند ئەم سێ ئاسەوارە، سەرکەوتووترین و جێمتمانەترین و گشتگیرترین «وشەنامە»ی کوردی-کوردی[-فارسی](سۆرانی) لە ئەژمار دێن. ئا لێرەدا بەردەنگی شارەزا و هۆگر به بابەتی زمانەوانی حەقیەتی پرسیار بکا: خاڵی هاوبەشی ئەم هەشت فەرهەنگانه له چ دایه؟ ئایا بهپێی ئەوەی یەکیان فەرهەنگی یەکزمانە (= monolingual)یه و ناتەواوه و تەنیا دوو پاژی بڵاو بووەتەوه، دوویان فەرهەنگی دووزمانە(=bilingual )ی کوردی- ڕووسین و یەکیان فەرهەنگی کوردی-ئینگلیزییه و. دواهەمین بەرهەم فەرهەنگێکی ناتەواوی یەکزمانەی کوردی-کوردییه و تەنیا یەک پاژی بڵاو بووتەوه، ئەوانه چلۆن دەگەڵ یەک بەراورد دەکرێن؟ له وڵامدا دەکرێ بڵێین ئەم هەشت بەرهەمه خاوەنی چەندین تایبەتمەندیی هاوبەشی بنەڕەتی و گشتین که ئەم ئاسەوارانه له شوێنەوارگەلی تری «بەناو فەرهەنگ» هەڵدەهاوێرێ و جیایان دەکاتەوه. ئەم چەند خاڵه هاوبەشه بنەڕەتی و گشتییه که بووەته هۆی هەرماوی و تۆکمەبوون و جیاوازیی ئەم هەشت بەرهەمه زمانەوانییانه بریتیین له:
1- هەرکام لەم هەشت ئاسەواره نەریتێکی نوێیان له گۆڕەپانی فەرهەنگنووسیی کوردی ڕۆناوه و بوونەته پێشڕەو و مەشخەڵداری ڕێچکە و ڕێبازێکی نوێ و شێوازێکی «نوێباو» له هەرێمی هەراوی فەرهەنگنووسیدا؛ بۆ وێنه ئێستاشی دەگەڵ دابێ «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» هەوەڵین فەرهەنگی «زمانەوانیی- کەلتووریی» ڕێسامەند و زانستییه که لەسەر ماکه زمانی و کەلتوورییەکانی ناوچەیەکی کوردستان به بەربڵاوی و گشتگریی تایبەتی و بێوێنەوه نووسراوه و هاتووەته بەرهەم.
جیا لەوەی که ئاسەوارگەلێکی که لەم دەڤەره زمانییەدا بڵاو بوونەوه هیچکام خاوەنی بیچم و تایبەتمەندیی و قەوارەی «فەرهەنگ» نین بەڵکوو پتر وەک «ماکەی خاو»ی فەرهەنگ له ئەژماردێن.
2- هەرکام لەم هەشت بەرهەمه له ڕوانگه و گۆشەنیگای بەردەنگ و خوێنەری شارەزا و پسپۆڕ و خاوەن ڕاوبۆچوون، خاوەنی ئاوا بایەخ و مرخ و پێگەوجێگه و موستەوایەکن که به تایبەتی له سەریان نووسراوه و هەڵسەنگێندراون و دەگەڵ بەرهەمگەلی تر بەراورد کراون. هەروەکوو لەمەڕ «فەرهەنگی زارهکیی موکریان» لە هەرکام لە 15بەرگەکەی ئەم ئاسەوارە بەپێز و بەهێز و تۆکمە و تەکووزە، گەلێک وتاری بەپێز و زانستی و شوێندانەر، وەک وتاری بەڕێز پڕۆفیسۆر ئەمیر حەسەنپوور، مامۆستا ئەحمەد قازی، پڕۆفیسۆر مایکل چایت/شایت، دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە، دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان، دوکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی و... له سەر ئەم ئاسەواره نووسراون «بڕوانه پێشەکیی سەرجەم 15 بەرگی فەرهەنگی زارەکیی موکریان»؛ که دەکرێ له داهاتوودا تێکڕای ئەم پێشەکییانە، له دووتوێی کتێبێکی سەربەخۆدا بڵاو بکرێنەوه.
3- ئیشی بەردەوامی ڕاوێژکارانه و مەیدانیی - جیا له توێژینەوەی کتێبخانەیی- نووسەرانی ئەم هەشت ئاسەواره به تەواوی بەرچاوه و به ڕوونی له ئاسەوارەکانیاندا هەستی پێدەکرێ. بۆ وێنه دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان جگه له ژێدەر و سەرچاوەی نووسراو، که له زۆربەی لاپەڕەکانی ئەم فەرهەنگەدا کەڵکی لێ وەرگرتوون و ئاماژەی پێکردوون، له زۆربەی هەرە زۆری لاپەڕەکانی ئەم فەرهەنگه، له ژێدەر و سەرچاوەی زارهکیی جــــێمتمانەی جیاجیا و جۆراوجۆر و بەربڵاو کەڵکــــی گونجاو و شیاوی وەرگرتووه که ئەمه خۆیلهخۆیدا هەروەک «ئیشی ڕاوێژکارانه و ئیشی مەیدانی»، ڕاده و ڕێژەی «بهوهج بوون»(=Validity) و «جێمتمــــانه بوون»(= Reliability) و هەروەها «سوودبهخش بوون و وڵامدهربوون»
(= Efficiency&Practicality)
و«یهکتر گرتنهوه»(= Relevance)ی ئەم بەرهەمه تا ئاستێکی یەگجار زۆر بەرز دەکاتەوه. وێدەچێ دانەری ئەم فەرهەنگه بۆ ئهم ههمووه پێشکهوت و سهرکهوتنه، لهم ڕێبازهدا و له سۆنگهی ئهم ئاسهواره پڕپیتوبهرهکهتهوه ڕەنج و مهینهتێکی زۆری کێشابێ و تهقهلا و ههوڵێکی بێوێنه و له ڕادهبهدهری له خۆ نیشان دابێ. به بڕوای من به بەراوردکاری و هەڵسەنگاندنێکی بێلایەنه بۆمان ڕوون دەبێتەوه که دانەر دهبێ تا ئێستا زۆربەی هەرە زۆری گوند و دێهات و شارۆچکه و شارەکان و تەنانەت هەوار و کوێستانی ئەم ناوچەیەی کوردستانی تەقاندبێتەوه و تهگبیر و ڕاوێژی تایبهتیی دهگهڵ چینوتوێژ و پیشه جۆراجۆرهکانی ناو کۆمهڵگای ڕابردوو و ئێستای کوردهواری وهک: ڕهنگڕێز، خمگهر، ههوڕگهر، تهونگهر، بگێڕ، لێفهدروو، زیندروو، کورتاندروو، سهڕڕاج، ئاسنگهر، جۆڵا، کهڵاشکهر، ناڵبهند، باغهوان، وهرزێر، ئاژهڵدار، عهللاف، خهڕڕاز، ههللاج، چێودار، شایهر، حهکایهتخوان، شوان، گاوان و سهپان کردبێ، و له داهاتووشدا، بۆ نووسینی بەرگەکانی تری ئەم فەرهەنگه، ئەم ڕێچکە و ڕێبازه دووپات و چەندپات بکاتەوە.
4- خۆپاراستنی بەرچاو و بەرهەست له «کۆپینووسیی» و «ڕوونووسیی» و «کۆپی لێهەڵگرتن» له فەرهەنگەکانی تری هاوشێوه. به پێچەوانەی ئەم هەشت ئاسەواره بایەخدار و سەرکەوتووه که تژییه له ئافراندن و خوڵقاندن و سەربەخۆیی، بە ڕاشکاوی و به متمانەوه دەکرێ ئەم ڕاستییه بدرکێنین که سەرجەم ئەم بەرهەمانەی تر که تا ئێستا «به ناو فەرهەنگ» بڵاو بوونەوه و لەبەر دەستی خوێنەری کورددان، کەم یا زۆر تووشی ئەم چەواشەکاری و ئەم پەتایه هاتوون.
5- سەرجەم دانەرانی ئەم هەشت ئاسەواره بەپێز و هەرماو و زانستییانه، لانی کەم یا: 1- «زمانزان» و «هۆگر و دواکەوتووی تاقمێکی زۆر له بڕیارەکان و ڕێساکانی زانستی زمانناسیی لهمەڕ فەرهەنگەنووسیی» بوون، یان: 2- «زمانناس» و «هۆگر و دواکهوتووی بێتهکولۆی سهرجهم بڕیارهکان و ڕێساکانی زانستی زمانناسیی لهمهڕ فهرههنگنووسیی» بوون؛ وه لانیزۆر، هاوکات: 1. «زمانزان» و، 2. «زمانناس» بوون؛ واته له لایەکەوه خاوەن توانایی و لێهاتوویی و شارەزایی و چێشکـەیەکی زمانی هەستیار(=sensitive intuition) بوون، لهلایهکی تریشـهوه «مامۆستا و پسپۆڕی زانستی زمانناسیی» ـــ بهتایبهتیی بهشی وشهنووسیی ـــ بوون.
هەروەک خوێنەری شارەزا و هۆگر به زانیاری زمانەوانی ئاگاداری ئەم ڕاستییانەیه که ئاماژەی پێکرا ئاگاداری ئەوەش هەیه که فەرهەنگنووسیی وەک زانستێک دوو دیوی هەیه: تیۆری و پڕاکتیک.
یەکەمیان لەو کێشانە دەکۆڵیتەوە کە لە دانانی هەر فەرهەنگێکدا سەرهەڵدەدەن و لە ڕێگای زانستییەوە ڕێگا و ڕێبازی ڕاست بۆ چارەسەرکردنیان دەدۆزێتەوە و ئەمیش لەسەر بناغەی ئەو تیۆرییە و
لەبەر ڕووناکیی ئەو ڕێگە و ڕێبازەی بۆی دانراوە کاری دانانی فەرهەنگ بەجێ دەگەیەنێ. بێگومان دابەشکردنی فەرهەنگنووسی بەسەر ئەم دوو لایەنەدا شتێکی ڕاستە. ئەو دوو لایەنەی فەرهەنگنووسی هەمیشه شانبەشانی یەکتر دەڕۆن و تێکئاڵاون(ئەوڕەحمانی حاجیمارف: له بواری فەرهەنگنووسی کوردیدا،بەغدا،1987،ل3و4). پسپۆڕی فەرهەنگنووسی تەنیا به خەریکبوونی به تێوریی ڕووت و کارنەکردنی له سەر کەرستەی خاو و خۆتاقیکردنەوه به دانانی فەرهەنگەوه سەرناکەوێ. به پێچەوانەشەوه هیچ فەرهەنگنووسێک ئەگەر وەک زانستێک زانیاری له کێشه گرنگەکانی فەرهەنگنووسییدا پەیدا بکا، ڕاست نییه خۆی بهاوێته دەریای فەرهەنگ دانانەوه. جا لە یەک کاتدا بایەخ دان بە هەر دوو بنکەی فەرهەنگنووسیی زۆر پێویسته (ل.پ.ستوپین: باروبنکەی تۆژەرانی سۆڤێت له بارەی فەرهەنگنووسیی ئەوروپا و ئەمریکاوه >هەواڵەکانی زانکۆی لێنینگراد<،1967،ژ20،ل161، بەگێڕانەوه له: سەرچاوەی پێشوو).
بهڵام بایهخ دان به ههردووک لایهنی تیۆری و پڕاکتیک پێوهندی ڕاستهوخۆی ههیه بهم بارودۆخه دهگمهن و زۆر کهموێنهیه که وا فهرههنگنووس هاوکات «زمانزان» و «زمانناس» بێ.
3.جیاوازییەکانی فەرهەنگی زارهکیی موکریان:
له ژێر ئەم تەوەرەدا به کورتی باس له چەند خاڵی بەهێز دەکەین که بوونەته هۆی جیاوازیی ئەم بەرهەمه له بەروارد دەگەڵ فەرهەنگەکانی تر:
1- بۆ نووسینی ئەم فەرهەنگه له ڕاوێژکارییەکی بەربڵاو و گشتگیر کەڵک وەرگیراوه، واته له تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا یارمەتی وەرگیراوه و ڕاوێژیان دەگەڵ کراوه(بۆ وێنە لە بننێرتکهکانی 503، 504، 539، 548، 1300 و ژێرنێرتکهکانی «تاجی»، «ترێ»، «تفهنگ»، «تووتن»، «تهندوور» و «تهون»). بە وتەیەکی تر ئەم ئاسەواره پتر بەرهەمی ئیشێکی «مەیدانی»ـیە نەک «لێکۆڵینەوەیەکی کتێبخانەیی»، بەپێچەوانەی ئەم ئاسەوارە، زۆربەی هەرە زۆری فەرهەنگەکانی تر، بەرهەمی «لێکۆڵینەوەیەکی کتێبخانەیی»ـن.(تەنانەت تاقمێک له فەرهەنگەکان بەرهەمی «کۆپیهەڵگریی کتێبخانەیی»ـن).
2- وێنه و عەکس و شێوە و نیگارەکان لەم بەرهەمەدا به چەشنێکی یەگجار گونجاو و «ڕێنوێنیکەر» داندراوه و کەڵکی شیاوی لێ وەرگیراوه؛ به پێچەوانەوه له فەرهەنگەکانی تردا یا وێنه و عەکس و شێوە و نیگاره نابیندرێ، یان وێنه و عەکس و شێوه و نیگارەکان تەواو کلیشەیی و نەگونجاو و «دێکۆڕاتیو»ـن و هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ به خوێنەر نابەخشن و هیچ ڕێنوێنییەک ئاڕاستەی بەردەنگ ناکەن. خوێنەری لێزان ئاگاداری ئەم هەمووه حەول و تەقەللا و تێکۆشان و بەدواداچوونەیه که دانەری ئەم فەرهەنگه بۆ بەدەستهێنان و دانانی ئەم عەکس و وێنه و... تووشی هاتووه.
3- ئەو سەرچاوه گشتگر و فرەلایەن و فرەڕەهەند (=multi-dimension source) و بەربڵاوه وا بۆ هەڵێنجانی دەروازەکان و سەروشەکان ( Lemmata & Entries) کەڵکی لێ وەردەگیرێ پێی دەگوترێ «جەستەی زمانی»(= پیکرەی زبانی/ تنوارەی زبانی/linguistic corpus ). ئەم جەسته زمانییه له مەڕ بەرهەمێکی وەک «فەرهەنگی زارەکیی موکریان»، له لایەکەوه ئەم پەڕتووک و کتێب و سەرچاوه چاپکراوانه لهخۆ دەگرێ که له بابەت ئەدەبی فولکلۆریک و ئەدەبی زارهکی و زمانی ئاخاوتنی جهمبــورەی جەماوەری خەڵکی ئەم ناوچەیه نووســـــراون و له لایەکی دی بریتییه لەم سەرچاوه «زیندوو»ـیانه که «زمانوێنه»ـی ئاخـــــــاوتنی ئەم ناوچەیه له وێنەی «توانستــــــی زمانی»(= language competence) له مێشـــــک و زەیـــــــن و "ذاکــــره" و بیـــــــــــرگەیاندا تۆمـــــــار کــــراوه و دانـــــەری فـــــەرهـــــەنگ دەبــــێ لـــه چـــەشنـــــــی «کـردەی زمانــــــــــی»(=language performance) بەشێکی زۆر لەم «توانستی مانی»ـیە که وەک «زانستی ناکارای زمانی
( passive knowledge of language=) نێـودێر کراوه و لە حاشــــارگەی زەینیـی ئاخێوەرانی زمانزان شاراوەیە، بە پرسیار و لێکۆڵینەوە و کاری مەیدانی و هاندانی ئەم چەشنە ئاخێوەره زمانزانانە بۆ ئاخاوتن و وەقسە هاتن و حیکایەت گێڕانەوه و... ڕاگوێزێتە نێو دەڤـەری«کردەی زمانیی»، کە لە لایان زمانناسان وەک زانستی کارای زمانی
.(active knowledge o language=) نێودێرکراوە
به خۆشییەوه دەکرێ بڕیار بدەین که دانەری «فەرهەنگی زارهکیی موکریان» له هەردووک ڕەهەند و بواری پێشوودا و له هەردووک سەرچاوەی «نڤیسار» و «ئاخاوتن»، شارەزایانه و پسپۆڕانه و به چەشنێکی گشتگر و هەمەلایەن کەڵکی شیاوی له ماکه زمانییەکانی پێویست و گونجاو بۆ هەر«دەروازە» و «سەروشە»ـیەک وەرگرتووه و لەم بابەتەشەوه ئەم بەرهەمه - هەر وەک بابەت و تایبەتمەندییەکانی تر- زۆر دەوڵەمەند و سەرکەوتوویە.
4- ئەمەی جێی سەرنج و ئاماژەی تایبەتییه ئەو ڕاستییەیە که دانەری ئەم فەرهەنگانەی بڕیاره له چەند بەرگدا(پتر له دوو یان سێبەرگ) بڵاو ببنەوه، وردەورده دوای نووسینی بەرگی یەکەم (وە لانی زۆر، دوای نووسینی بەرگی دووهەم)، دڵسارد و بێورە و بێتین دەبن و له گەڕ دەکەون و ئەم وزه و توانست و بڕشتهی پێشوویان نامێنێ و ئەم باردودۆخه و ئەم دیاردەیه به ئاشکرایی خۆی له بەرگی دووهەم و دواتری ئەم فەرهەنگ و بەرهەمە زمانهوانییانهدا نیشان دەدا و تەنانەت زۆر پڕۆژەی فەرهەنگنووسیی چەند بەرگی دوای هاتنەئارا و زاڵبوونی ئەم بارودۆخه و ئەم کەش و هەوا نەخواستراوه، وازی لێدەهێندرێ و به ناتەواوی دەمێنێتەوه؛ بۆ وێنه دەتوانین ئاماژە بە «فەرهەنگی هەرمان» بکەین که دوای تێپەڕبوونی پتر لە بیست ساڵ له بڵاو بوونەوەی بەرگی یەکەم، تەنیا بەرگێکی تری به دوادا هاتووه و وازی لێ هێندراوه. بەڵام ئەم دیارده لەمەڕ «فەرهەنگی زارهکیی موکریان»ـدا، تەواو پێچەوانەیه و تا ئێستا تێکڕای 15 بەرگەکەی ئەم پڕۆژە گەورە زمانەوانییە، یەک لە دوای یەک و بێپسانەوە و بێدابڕان بڵاوبوونەتەوە و تەنانەت ئەوەی جێی سەرسووڕمانه بەرگی دووهەم له چاو بەرگی هەوەڵ و بەرگی سێهەم تا پانزدەهەم، بەتەرتیب له بەراورد دەگەڵ بەرگەکانی چوارەم تا چاردەهەم، زانستیانەتر، ڕێسامهندتر، بەپێزتر و ڕێکوپێکتره. واته دانەری ئەم فەرهەنگه ڕۆژ له دوای ڕۆژ ئهزموون و ورە و وزه و زیپک و تین و گڕی زیاتر بووه و سەرخۆشتر له پێشوو بەردەوام بووە له ئافراندن و خوڵقاندنی بەرهەمێکی هەرماو و جێمتمانه و پێشڕەو له بواری فەرهەنگنووسیی کەلتووری و ناوچەیی بهپێی ماکە زمانییەکانی زمان-وێنەی«ئاپۆرەی خەڵک» و «چینی ڕەشۆکیی».
سەرکەوتوویی له ڕادەبەدەری ئەم بەرهەمه بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوه بۆ ئەم ڕاستییه کە کاک سەلاح، وەک تاکەکەس، له ڕادەبەدەر هۆگر و ئەوینداری کەلتوور و زمانی ئاپۆرەی خەڵکه و لەو بوارەدا، جیا لەوەی زۆر لێهاتوو و بلیمهت و پسپۆڕ و شارەزایه، ئەوینێکی لەکوڵ و دەروونێکی گڕگرتوو و لەجۆشی هەیه له حاند گەشاندنەوەی سکڵەکانی نیوەڕۆمرکاوی ئاورگەی پیرۆزی کەلتوور و ئەدەبی زارهکی.
دوا وتە له زمان «سامۆئێل جانسون»، فەرهەنگنووس و زمانناسی ناوداری ئینگلیسیی: «دانەر و نووسەری هەر بەرهەمێک پتر چاوەڕوانی ئەوەیه که له لایەن خوێنەرانەوه پەسن بکرێ و پێیدا هەڵبگوترێ، بەڵام چاوەڕوانی و ئاواتی تاقانەی فەرهەنگنووسێک پتر ئەوەیه که بە دوور بێ له لۆمە و لەقەم و گازنده و بناشتی بەردەنگەکان؛ ئەم تاقه ئاواتەی فەرهەنگنووسیش نەسیبی تاقمێکی یەگجار زۆر کەم له فەرهەنگنووسان بووه که ڕادەیان له ئەنگوستەکانی دەست پتر نییه»؛ که به دڵنیایییەوه یەکێک لەم «تاقمه یەکجار زۆر کەمە»، دانەری «فەرهەنگی زارەکی موکریان» دەبێ.
4.شیکردنەوە و لێکدانەوەی «زانست-وشە»کان:
①.«زمان-وێنه»(Language Variety) زاراوهیهکی گشتییه و به ههر شێوه دهربڕینێک له پانتایی زماندا دهگوترێ که دۆخی بهکارهێنانهکهی لهلایان چهشنه جۆراوجۆرهکانی «پێگهوجێگه»ی ئاخێوهران وهک پلهی کۆمهڵایهتی، پیشهیی، ناوچهیی و... دیاری بکردرێ. ئهم زاراوهیه ههروهها له واتایهکی زۆر تهنگهبهردا وهک چهشنێک له چهشنهکانی دهربڕینی زمان که له بواری «جێگهوپێگه»ـی بابهتیدا جیاوازیدهره بهکار دههێنرێ، بۆ وێنه: «زمان-وێنهی زانستی»، «زمان-وێنهی ئایینی»، «زمان-وێنهی یاسایی»، «زمان-وێنهی فهرمی»، «زمان-وێنهی ئاخاوتن» و...
②«وشەدان» (=Lexicon) چەمکێکی گشتییە و بە هەموو چەشنە بەرهەمێکی زمانەوانی دەگوترێ کە لەخۆگری وشەکان و مانای وشەکان یان هاوتا و هەمبـــــــەری وشەکان بێ. «وشەدان»، لە سەرەتایــــیترین دابــــەشبووندا دابەش دەبــێ بە دوو جۆری: 1ـ «فەرهەنگ» (=Dictionary) و 2ـ «وشەنامە» (=Thesaurus). «فەرهەنگ» و «وشەنامە» بەوە لێکتر جیاوازی پەیدا دهکەن کە «وشەنامە» تەنیا لەخۆگری «سەروشە»(=Lemma)، «هەمبەر و هاوواتا» (Equavelent& Synonym)ـی سەروشەکانە. جاریواشە جیا لەم دوو «ماکە» زمانییە، ماکەیەکی تریشی پێوە زیاد دهکــــرێ وەک: 1ـ «هاوواتا»ـی ســــەروشە لە زمانێکی تردا (جیا لەو زمانەی «سەروشـە» و «هاوواتا»
سەرەکییەکانی پێ نووسراوە) یان: 2ـ ناوچەی بەکارهێنانی «سەروشە»کان.
باشترین و زانستیترین و جێمتمانەترین «وشەنامە»کانی کوردیی بریتین لە: «فەرهەنگی [=وشەنامەی] خاڵ»، وشەنامەی «کوردستان»ی گیوی موکریانی و «فەرهەنگی[=وشەنامەی]هەنبانەبۆرینە»ـی هەژار موکریانی.
بەڵام «فەرهەنگ»، دەبێ لەخۆگری زۆربەی (یان باشتر وایە بڵێین «سەرجەم») ئەم تایبەتمەندییانەی ژێرەوە بێ:
1ـ «سەروشە»؛ 2ـ «وتەزا»(=part of speech)؛ 3ـ ڕەچەڵەکناسی (=Etymology) 4ـ شاهید و وێنە و نموونە لە ڕووی «بەکارهێنان» (=Pragmatics)ـەوە؛ 5ـ وێنە و عەکس و نیگارکێشیی ڕێنوێنیکەر؛ 6ـ جیاوازی بەکارهێنان (=Usages)؛ 7ـ لێکدراوهکان (=compound words)؛ 8ـ زاراوە و ئیدیۆمـەکان(=Idioms and Expressions)؛ 9ـ دەڤەر و ساحەی بەکارهێنانی سەروشە بۆ وێنە: پزیشکی، مێژوو، کشتوکاڵ، فەلسەفە؛ 10ـ هاوواتای جۆراوجۆر و جیاواز بۆ سەروشەی «فرەمانا»(=Polysemous)؛ 11ـ دەنگناسی و فۆنەتیکی سەروشەکان (=Phonetics)؛ 12ـ دژواتا (=Antonym) و هاوواتا (=Synonym)ـی سەروشەکان؛ 13ـ شێوازی بەکارهێنان وەک: فەرمی؛ نافەرمی؛ زارەکی؛ تابۆ؛ زانستی؛ ئەدەبی و... 14ـ جیاکردنەوەی وشە «هاوبێژ»ـەکان (=Homonymous) و تۆمار کردنی ئەوان لە ژێر دوو یا چەند سەروشەی جیاواز؛ 15ـ وشەزا (=Category) یان «جۆرەکانی وشە» وەک: کات، ژمارە، کەس، تێپەڕ و تێنەپەڕ (=transitive &intransitive)، بژاردە و نەبژاردە (=countable & uncountable).
هەروەک ڕوون و ئاشکرایە، بەشێک لهم خاڵانە لە ڕووی زانستی «وشەنووسی»، پێویست نییە لە سێ چەشــنە فەرهەنگی «کلتووریی، ناوچەیی و زارەکی» کە لە پۆلێنبەندیی چەشنەکانی وشەداندا، دەکەونە ژێر جۆری«فەرهەنگی دیالێکتی»(=Dialectal Dictionary)، تۆمار بکرێ و ئەم تۆمار نەکردنە بە کەمایەسی و زەدەی ئەم چەشنە فەرهەنگانە لە ئەژمار نایە.(هەرچەند باشتر وایە زۆربەی هەرە زۆری ئەم خاڵانە «نەک سەرجەمی خاڵەکان» لەم چەشنە فەرهەنگانەشدا ڕەچاو بکرێ و تۆمار کرێ.)
لە ڕووی هاوڕەنگیی و هاوشێوەبوونی زۆربەی هەرە زۆری ماکەزمانییەکانی ئەم چەشنە فەرهەنگانەش (کەلتووریی، ناوچەیی، زارەکی)، هەروەها سروشتی ئەم «زمان-وێنە»(=language variety) وا لەم چەشنە فەرهەنگانەدا بەکارهێندراوە و تۆمار کراوە، ناکرێ و ناگونجێ کە تاقمێک لەم خاڵانە بەکار بهێندرێ و ڕەچاو کرێ، وەک: خاڵی 4 و خاڵی 8 (تەنانەت خاڵی 3). لە ڕاستیدا تۆمار کردنی ئەم خاڵانە بە هۆی سروشتی تایبەتیی ماکەزمانییەکانی ئەم چەشنە فەرهەنگانە، «حشو» (=Redundancy) لە ئەژمار دێ و بە «درێژدادڕی» لە قەڵەم دەدرێ. (لەمەڕ خاڵی 3، تۆمار کردنی ڕەچەڵەکناسیی سەروشەکان لە ئەم چەشنە فەرهەنگانە نە تەنیا «درێژدادڕی»(=حشو) لە ئەژمار دێ، بەڵکوو وهک «نقصِ غرض» و دوور کەوتنەوە لە ئامانجی سەرەکی فەرهەنگ یان «دژوازی ئامانج و مەبەست» بەراورد دەکرێ).
جیا لە تەواوی ئەمانە، سەرچاوەی سەرەکیی بەشێکی یەکجار زۆر لە زاراوە و لێکدراوهکان و مەتەڵ و پەند و... ئەم چەشنە فەرهەنگانە، ناسراو و دیتراو و ڕوون و بەرهەست نییە و بە وتەیەکی تر ئەوەی کە هەوەڵین جار کێ و لە کوێ و چۆن و چلۆن ئەم زاراوە و لێکدراو و مەتەڵ و پەند و... بەکار هێناوە، دیار و ناسراو و ڕوون نییە. بێجگە لەم ڕاستییانە لە ڕووی زانستی وشەنووسیشەوە دیاردەی ڕەچەڵەکناسی پتر لەمەڕ «وشە»ـکان بەکار دەهێندرێ و تۆمار دەکرێ و دەدۆزرێتەوە نەک لەمەڕ زاراوە و لێکدراو و مەتەڵ و پەند و...
5. ڕوونکردنەوە و تێبینییەکان:
①.پڕۆژەی فەرهەنگنووسیی زارەکیی موکریان تا ئێستا(2026)، سەرجەم 15 بەرگی فەرهەنگی ئەلفوبێیی لێ بڵاوبۆتەوە(هەروەها دووبەرگی سەربەخۆ، واتە: «فەرهەنگی زارەکیێ موکریان، خورد و خۆراک» و «فەرهەنگی زارەکیی، بەشی ژنان» لە 856 لاپەڕەدا).
پڕۆژەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان بە بڵاوبوونەوەی بەرگی 15، وەک دوایین بەرگ، کە پێرار بڵاوبۆوە، هەنگاوی نایە قۆناغ و وارگەی کۆتاییی دڵئەرخەیانکەر، جێگرتوو و سەقامگیر کە وەک هەتاوی پڕتین و تاوی هاوینانی سارا و گەرمێنان تیشک و پڕشەنگی زێڕینی هاویشتووەتە گشت قەد و لاپاڵەکانی گەرمێن و کوێستانی کوردستان و لق و پۆپی داکوتاوەتە ناو هەرێمی ڕۆحهەژێنی جەستەی فەرهەنگنووسیی کوردیی سەردەمەوە.
سەیدا سەلاح پایانیانیی ورەبەرز و لێهاتوو، وارگە بە وارگە پێی سەلماندین کە دەکرێ زمانی کوردیش وەک زمانانی تری خاوەن پلەوپایەی گەردوون، دەراوی ڕوون بەخۆیەوە ببینێ و ببێتە خاوەنی فەرهەنگێکی زانستیی وڵامدەر، کارا، داگر و تەکووز، لەسەر بنچینەی ماکە زمانییەکانی زمان-وێنەی زارەکیی ئەم بەشەی کوردستان.
گەر بە چاوێکی وردبینانە، شڕۆڤەکارانە، لێزانانە و پێزانانەوە بڕوانینە مێژووی فەرهەنگنووسیی کوردی، لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە تا چاخی ئێستا، تاکوتەرا بیرۆکەی وەگەڕخستنی «پڕۆژەی فەرهەنگنووسیی کوردی» لە بیرگەی زمانناسان و زمانزانانی کورددا گەرای خستووە، بەڵام یەکێک لە دەگمەن پڕۆژەکانی فەرهەنگنووسیی کوردی کە تا ئێستا توانیویە لە وارگەی بیرۆکەی گەراخستنەوە بۆ قۆناغی کردەیی، وەگەڕ و گەڕیان کەوتبێ و بەو جێگەوپێگە دڵئەرخەیانکەر و سەقامگیر و جێگرتووە گەیشتبێ، پڕۆژەی بێمیناکی فەرهەنگنووسیی زارەکیی موکریان ـە؛ بەتایبەت کە ئەم فەرهەنگە هەرماوە گەیشتووەتە قۆناغی دوایی و کۆتایی و وارگەی دڵنیایی و بستووی دڵئەرخەیانی، لە بەستێنی داهێنان و ڕۆنان و ئافراندن و خوڵقاندنی فەرهەنگنووسیی گشتگیردا. بەئەوپەڕی دڵخۆشی و گەشە و نەشەوە دەبێ ڕایگەیێنم کە گەمییەوانی فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەم دوایین گوژمە، گەمییەکەی لە زەریای بێبنی فەرهەنگنووسی و کەلتوورناسی و زمانەوانیدا و بەسەر شەپۆلە فیتەر و زەبەلاح و باڵکێشەکانی ئەم زەریا زراوتۆقێن و پیرۆزەدا گەیاندە ڕۆخی دڵنیاییی کۆتایی و کەناری ئاکامی پڕپیت و فەڕی دوایی.
ئەو دیاردەیەی وا جێی تێڕامان و ئاماژەیە ئەوەیە کە ئەم پڕۆژەیە هەتا هاتووە هەم لە باری ناوئاخن و کاکڵەوە و هەم لە بواری توێکڵ و ڕواڵەت و دیمەنەوە بەرەژوورتر چووە و هەنگاوی تەرز و بەرزی ناوەتەوە و گەشەونەشەی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، بەو نێونیشانەیەی وا لە دوایین بەرگیشدا، هەر وەک هەشت بەرگەکەی پێشوو( واتە بەرگەکانی7 و 8 و 9 و 10و 11و12و13و14)، جیا لەوەی بەهۆی بەئەستۆگرتنی ئەرکی تاقەتپڕووکێن و دژواری «پێداچوونەوەی زانستی» لەلایەن مامۆستا عەزیز ئالی، وەک پێداچۆرەوەیەکی لێهاتوو و شارەزا و وردبین و پسپۆڕ، نرخ و بایەخی ئەم ئاسەوارە بەپێز و بەهێزە، هێندەی تر بەرزبۆتەوە، هەروەها مامۆستا عەزیز ئالی لە ژێرەوەی بەشێکی زۆر لە ماکە و نێرتکە زمانییەکانی ئەم دوایین بەرگەدا تێبینی و شڕۆڤە و لێکدانەوەی وردبینانە و زانستیانە و ڕوونکەرەوە و بەراوردکارانەی لە بواری ڕێزمان و وشەناسی و ڕەچەلەکناسی و ئێتیمۆلۆژیی وشەکان و زاراوەکان بەدەستەوەداوە کە بەبێ پیاهەڵگوتن و «مُجاملە»، جیا لەوە کە نرخ و بایەخ و ئاستی ئەم ئاسەوارەی فرە پێ چۆتە بان، لەلایەکی تریشەوە پتر لە پێشوو ئاستی بەرزی زمانزانی و زمانەوانیی خۆی بە خوێنەری زیت و لێزان و وریا ناساندووە و سەلماندووە. مامۆستا عەزیز ئالی لە ڕاستیدا ئەو بۆشاییەی لەو فەرهەنگەدا پڕکردووەتەوە کە ماوەی نیوسەدە دەبێ لە فەرهەنگە پێشکەوتووەکاندا لە ژێر سەردێڕی «بەکارهێنانی کردەیی»(=practical usage)، وەک بەشێکی پێویستی ڕێزمانی و وشەناسی و ڕەچەلەکناسی، لە ژێر تاقمێک لە ماکە و نێرتکەکان کە پێویستییان بە تێبینی و لێکدانەوەیە، تۆمار دەکرێ.
لە پاییزی ئەمساڵدا، دوو بەرگی 1 و 2 لە شەش بەرگی هەوەڵی ئەم فەرهەنگە، ڕێک هەر وەک بەرگەکانی 7 هەتا 15، بە پێداچوونەوەی زانستیی مامۆستا عەزیز ئالی بڵاو بووەتەوە. تا ئەم کات و ساتە(ڕێبەندانی 1404)؛ کۆی ئەم 6 بەرگە لە لایەن مامۆستا عەزیز ئالی پێداچوونەوەی زانستی بۆ کراوە و بەم زووانە، ئەم 4 بەرگەی تریش، سەرلەنوێ و بە پێداچوونەوی زانستیی مامۆستا عەزیز ئالی بڵاو دەبێتەوە(بەرگی 3و4: سەرەتای ساڵی 1405؛ بەرگی 5و6: دوابەدوای ئەو).
پێداچوونەوەی زانستیی مامۆستا عەزیز ئالی ئەم بەشانە لەخۆ دەگرێ: 1.ڕەچەلەکناسیی(Etymology) بەشێکی زۆر لە سەروشەکانی ئەم فەرهەنگە؛ 2. نووسینی بەشی«بەکارهێنانی کردەیی»(=practical usage) بۆ زۆرێک لە سەروشەکان؛ 3. داڕشتنەوە و پێداچوونەوە و نووسینەوەی سەرلەنوێی بەشی هەرەگرنگی «مانالێدانەوە»(definition) بۆ تێکڕای سەروشەکان.
②. لەم هەشت بەرهەمە وا لەم وتارەدا وەک شێوازمەندترین و سەرکەوتووترین فەرهەنگەکانی گشتیی زمانی کوردی ناسێندراون، جیا لە «فەرهەنگی زارەکیی موکریان»، حەوت بەرهەمەکەی تر لە پۆلێنبەندیی چەشنی فەرهەنگەکان، لە ژێر کاتیگۆڕی «فەرهەنگی وشەدانی/زمانەوانی»(Philologic/Linguistic Dictionary) پۆلێن دەکرێن(هەروەها سێ وشەنامەی: «خاڵ، کوردستان و هەنبانەبۆرینە»)؛ بەڵام فەرهەنگی زارەکیی موکریان، کە بەر لە پێداچوونەوەی زانستیی مامۆستا عەزیز ئالی بەم فەرهەنگەدا(چاپی پێشوو؛ بەرگی 1 تا 6)، لە پۆلێنبەندیی چەشنی فەرهەنگەکاندا، لە ژێر کاتیگۆڕی «فەرهەنگی [ئاماڵ-]ناوچەیی ئینسایکلۆپێدیک[/ زانستنامەیی]»
([Semi-]Reginal Encyclopedic Dictionary=)
دا دەگونجا و، بەرهەمێکی «شیکارانە»(=تحلیلی/analytic) لە ئەژمار دەهات؛ بەڵام ئێستا و دوای ئەم پێداچوونەوەی زانستیی مامۆستا عەزیز ئالی کە داگری بەشەکانی: 1. ڕەچەڵەکناسیی زۆرێک لە سەروشەکان؛ 2. بەشی بەکارهێنانی کردەیی زۆرێک لە سەروشەکان؛ 3. پێداچوونەوە و داڕشتەنەوەی سەرلەنوێی بەشی مانالێدانەوە و مانانووسیی تێکڕای سەروشەکانە؛ فەرهەنگی زارەکیی موکریان لە پۆلێنبەندیی چەشنی فەرهەنگەکان: 1.بەرهەمێکی «لێکدەرانە»(=ترکیبی/تالیفی/synthetic) لە ئەژمار دێ؛ 2. هەروەها دەکەوێتە خانەی «فەرهەنگی[لێکدەرانەی] وشەدانی/زمانەوانی-زانستنامەیی[/ئینسایکلۆپێدیک]»
(Philologic/Linguistic-Encyclopedic Dictionionary=)؛
3. هەروەها(دوای پێداچوونەوەی مامۆستا عەزیز ئالی) لە فەرهەنگێکی «[ئاماڵ-]ناوچەیی»یەوە(= semi-]regional]) بۆ فەرهەنگێکی «[شێوە-]گشتی»(=para-]general])، پەرە و گەشەی سەندووە[ دواتر لە وتارێکی سەربەخۆی بابەتییانەدا، ئەم سێ «چەشن-گۆڕانی کاتیگۆڕی»(=category shift)ـیەی دوای پێداچوونەوەی مامۆستا عەزیز ئالی بەسەر ئەم بەرهەمەدا هاتووە، شڕۆڤە دەکەم].
③. لەم وتارەدا، تەنیا ئاماژە بە تاقمێک «فەرهەنگ و وشەنامەی گشتی» کراوە کە بە پێی پێوانەکانی فەرهەنگنووسی، شێوازمەند و زانستی و سەرکەوتوون؛ واتە هیچ باسێک لە «فەرهەنگ/وشەنامەی پسپۆڕی» یان فەرهەنگ/وشەنامەی تایبەتمەند» نەکراوە. دیارە لەم دوو لق و بەستێنەدا، چەندین فەرهەنگ/وشەنامەی سەرکەوتوو و شێوازمەند لە لایەن زانایان و لێکۆڵەران و فەرهەنگنووسان بەرهەمهاتوون کە لە وتارێکی تایبەتدا، بە تێروتەسەلی باسیان لێ دەکەم. لێرەدا تەنیا وەک ئاماژەیەکی تێپەڕ، چەند بەرهەمێک ناو دەبەم:
1. «کوردواتەنی»: فەرهەنگی سەرکەوتوو و بەپێز و 10بەرگیی گشتگیر و تایبەتمەندی بواری پەندی پێشینیان و مەتەڵ و زاراوەی ڕەشۆکی و لاوەکی، لە نووسینی مامۆستا عەلی عەبدووڵڵا شەونم(ع.ع.شەونم)؛ 2. «پازار»: فەرهەنگی 9 بەرگیی تایبەتمەندی ڕەنگەکانی پازار، لە نووسینی خاتوو سەحەر موعێزی، کە خۆم پێشەکییەکی 31 لاپەڕەییم بۆ نووسیوە و هەروەها لە ماوەی دوورودرێژی بەرهەمهێنانی ئەم فەرهەنگە بەپێزەدا، وەک ڕاوێژکاری فەرهەنگنووسی و زمانەوانی، گەلێکم یارمەتیی شوێندانەر و زانستی و مێتۆدیکی فەرهەنگنووسی ناوبراو داوە؛ 3.کۆی فەرهەنگەکانی مامۆستای زانا و ناودار و بەرپرسیار و ماندوویینەناس، ڕێزدار جەماڵ عەبدول، لە بواری کیمیا و فیزیک و زیندەوەرناسی و زانستە ئەزموونی و تاقیکارییەکان، کە نزیک بە 10 بەرگی سەربەخۆن؛ ئەم مامۆستا هەڵکەوتەیە هەروەها دەیان کتێبی دەرسیی زانستە ئەزموونی و تاقیکارییەکانی بۆ وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان نووسیوە و هەر هەموویان چاپ بوون و هەزاران قوتابیی کورد، وەک وانەی قوتابخانە، ئەم پەڕتووکانەیان لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی باشوور، خوێندووە؛ 4. کۆی فەرهەنگەکانی زانا، شارەزا، وشەناس، زاراوەناس و بلیمەت، مامۆستا کەماڵ جەلال غەریب، لە بواری کیمیا، فیزیک، زیندەوەرناسی، ڕووەکناسی و زانستە ئەزموونی و تاقیکارییەکاندا؛ کە فەرهەنگی گەورە، بەپێز و شازی«کەماڵنامە»ش، هەر لەم بوارەدا و وەک گەورەترین فەرهەنگی پسپۆڕانەی زمانی کوردی، بەرهەمی ئەم مامۆستا هەڵکەوتە و بلیمەتەی کوردە؛ 5. فەرهەنگی کوردی-ئینگلیزی(زاراوەی سلێمانی)، لە نووسینی: تۆفیق وەهبی بەگ و ئەدمۆندز؛ 6. «فەرهەنگی حوجرە»: فەرهەنگێکی پسپۆڕانەی ئینسایکلۆپێدیک/ زانستنامەییە و زاراوەکانی بواری پەروەردە و بارهێنانی لە ماوەی 1400ساڵەی مێژووی حوجرەی کوردەواری لێکداوەتەوە و شڕۆڤەی کردوون، هەروەها تێکڕای ئەم کتێب و پەڕتووکە دەرسییانەی لە ماوەی ئەم 1400 ساڵەیەدا، لە حوجرەکانی کوردەواری خوێندراون، بەتێروتەسەلی و بابەتییانە و پسپۆڕانە، ناساندوویەتی؛ نووسەری ئەم فەرهەنگە مامۆستا محەممەد ئەحمەدیان، لێکۆڵەر و مێژوونووس و وێژەرێکی شارەزا و وشەناسە؛ 7. «فەرهەنگی هەراشان»: فەرهەنگی مناڵان و مێرمناڵان، بە سەرپەرشتیی دوکتۆر کوردستان موکریانی نووسراوە.
** ئەم وتارە لە ژۆڕناڵی «زانستی-توێژینەوەیی» و پڕۆفێشناڵی زمانناسیی(زمان و زار)، هەولێر، 2026،
چاپ و بڵاو بووەتەوە. سەرچاوەکان پارێزراون.
|