| تاريخ: ۳۰ بهمن ۱۴۰۴ ساعت ۱۷:۴۷ | بازدید: 179 نظرات: 0 کد مطلب: 25749 |
فرە- -fre : پێشگرێکی چالاک و بەرهەمهێنەری زمانی کوردییە کە ئەوڕۆکە، مانای "زۆر" و "چەند" دەدا و بۆ ئەو مەبەستانە بەکار دەهێندرێ: ۱- بە ناوەوە دەلکێ و ئاوەڵناو بەدی دێنێ: فرەڕەهەند، فرەنەتەوە، فرەڕوو، فرەبەش، فرەلایەن. ۲- بە ڕەگی کردارەوە دەلکێ و ئاوەڵناو بەدی دێنێ: فرەخۆر، فرەزان، فرەگەڕ، فرەواچ (زۆربڵێ)، فرەوەڕ، فرەبێژ، فرەویست. ۳- بە ئاوەڵناوەوە دەلکێ و ئاوەڵناوێکیتر بەدی دێنێ: فرەزانا. شیاوی ئاماژەیە کە لە وشەگەلێکی وەکوو: فرەخۆری، فرەبێژی، فرەوەڕی، فرەزانی و...، پاشگری ناوی ماناساز یان ناوی چاوگسازی "ـی"، دوای پێشگری "فرە" لکاوە؛ بۆ وێنە لە وشەی "فرەخۆری"ـدا پێشتر پێشگری "فرەـ" بە ڕەگی "خۆر"ـەوە لکاوە و ئاوەڵناوی "فرەخۆر"ـی بەدیهێناوە پاشان پاشگری ناوی ماناسازی "ـی" زیاد کراوە و بووەتە "فرەخۆری". پێشگری "فرە-"، لە بنەڕەتەوە وشەیەکی سەربەخۆ بووە و ئێستاکەش لە زمانی کوردیدا جگە لە پێشگر، وەکوو وشەی سەربەخۆ کەڵکی لێوەردەگیرێت. شێوەمۆڕفەکانیتری ئەو پێشگرە لە زمانی کوردی و زمانە ئێرانییەکاندا بریتین لە: فەر- : فەرهەنگ (فەر: سەرێ، پێشێ، فرە، زۆر (هەر شتێکی زۆر، لە ڕاستیدا ڕۆیشتنێکی بەرەو پێش یان بەرەوسەرێی بە خۆوە بینیوە) + هەنگ: گۆڕدراوی θang ـی ئەوێستایی بە مانای "کێشان"؛ کەوایە وشەی "فەرهەنگ" مانا ڕیشەییەکەی دەبێتە "بەرەو ژوور یان بەرەو سەرێ کێشان")؛ فەرزەند (فەر: فرە، زۆر، پێش، ژوور + ز: سواوی "زا" بە مانای "زاوزێ + ند: پاشگری ئاوەڵناوی کارا. بەو پێیە وشەی "فەرزەند/فرزەند" مانا ڕیشەییەکەی دەبێتە "بەرەو پێش یان بەرەو ژووربەری زاوزێ، زۆرکەری زاوزێ)؛ فەرزانە (فەر: فرە، زۆر، پێش، ژوور + زان: ڕەگی ڕانەبردووی چاوگی "زانین" + ـە: پاشگری ئاوەڵناوی کارا و زێدەڕۆیی؛ بەو پێیە، وشەی فەرزانە مانا ڕیشەییەکەی دەبێتە "زۆرزان")؛ فەرمان (فەر: فرە، زۆر، پێش، ژوور + ما: پێوان + ن: پاشگری چاوگساز؛ بەو پێیە مانای ڕیشەیی وشەی فەرمان دەبێتە "پێوان یان بەراوردکردنی پێشێ یان داهاتوو")؛ فەریاد (فەر: پێش، ژوور، فرە + یاد: گۆڕدراوی dāta ـی ئەوێستایی بە مانای داد و "هاوارکردن بۆ یارمەتی وەرگرتن؛ بەو پێیە مانای ڕیشەیی وشەی "فەریاد" دەبێتە "بەرز کردنەوە یان بەرەو پێش هاوار کردن بۆ یارمەتی وەرگرتن)؛ فەرجام (فەر: فرە، پێش، سەرێ + جام: گۆیەکیتر لە "گام" بە مانای هاتن و قەدەم هەڵێنانەوە. ئەو ڕەگە لە زمانی ئینگلیسیدا بووەتە come بە مانای "هاتن")؛ فرـ : ئەو دیم و گۆیە، تایبەتی زمانی کوردییە و لە زمانە ئێرانییەکاندا دوای پیتی "فـ"، بزوێنێکی "ـە" یان "ـۆ" بەدی دەکرێ: فرۆش (فر: سواوی "فرە" بە مانای پێش یان ژوور + ۆش: سواو و گۆڕدراوی vaxš ـی ئەوێستایی بە مانای "دەنگ و هاوار". بەو پێیە، مانای سەرەکی و ڕیشەیی وشەی "فرۆشتن"، دەبێتە "دەنگ و هاوار بەرز کردنەوە بۆ گۆڕینەوەی کەلوپەل" کە شێوازی سەودای ڕابردوو بووە)؛ فریاد ( ☜ فەریاد)؛ فرزەند ( ☜ فەرزەند)؛ فراژوو (فر: فرە، زۆر سەرێ، پێش + اژ: ڕۆیشتن بەرەو، جووڵە، حەڕەکەت کە لە ئەوێستاییدا "اچ" بووە + وو: پاشگری ئاوەڵناوی کارا و زێدەڕۆیی. بەوپێیە مانای ڕیشەیی وشەی فراژوو دەبێتە "بەرەو ژوور چوو، تێهەڵچوو" کە لە زمانی گشتی و ئاساییدا بۆ "هەراش، پێگەیشتوو، زۆر گەورە" بە کار دەهێندرێ)؛ فرمێسک (فر: فرە، زۆر، ژوور، پێش + مێس: گۆڕدراوی maiza ـی ئەوێستایی بە مانای "ڕژان، هاتنە خوار کە لە زمانی ئەوڕۆکەدا بووەتە "میز" کە بە ئاوی زیادی و بێکەڵکی لەش دەگوترێ)؛ فەرا- : ئەو دیم و گۆیە زۆرتر -نەک هەمیشە- لە زمانی فارسیدا کەڵکی لێوەردەگرێت و لەوێوە ڕەگەڵ زمانی کوردی بە تایبەت زمانی کوردەکانی ڕۆژهەڵات کەوتووە کە ئەویش بە دەگمەن لە بەشی زارەکیدا دەبیسرێ: فەرامۆش/فەرامۆشت (فەرا: فرە، پێش، سەرێ، دەوروبەر + مۆش: سواو و گۆڕدراوی mŗšta ـی ئەوێستایی کە ئاوەڵناوی بەرکارە و لە دوو کەرتی mŗš: لەبیر بردن، لەبیرکردن + ta: پاشگری ئاوەڵناوی بەرکار پێکهاتووە کە گشت کەرتەکان، مانا ڕیشەییەکەیان پێکەوە دەبێتە "لە زەین و بیر پەڕێو")؛ فەرایاسایی (فەرا: دیمێکیتر لە پێشگری "فرە" بە مانای "ژوور، پێش، ڕەها، سەرێ، زۆر + "یاسا: قانون، دەستوور + ـی: پاشگری ناوی مانا یان ناوی چاوگساز. بەو پێیە مانای ڕیشەیی وشەکە دەبێتە "کەسێک یان شتێک کە لە سەرەوەی یاسایە و لە بواری یاساییەوە بەدواچوونەوەی بۆ ناکرێ؛ لە بواری یاساوە لە ئەماندا بوون"). بۆ زانیاریی زۆرتر لە بارەی ڕەچەڵەکی ئەو وشانەی کە باسیان هاتە گۆڕێ، بڕواننە ئەو سەرچاوانە: فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی؛ فرهنگ ڕیشەشناختی زبان فارسی؛ مسیر اشتقاق لغات فارسی و فرهنگ ریشە لغات فارسی.
سەرچاوەی پێشگری "فرە-" دەگەڕێتەوە بۆ per ـی هێندوئوروپایی بە ماناکانی "پێش" و "دەوروبەر" و pra ـی سانسکریت بە ماناکانی "فرە، زۆر، پێش" کە لە وشەی pra-jan بە مانای "فرەزانا، زۆرزان، چازان"ـدا بەدی دەکرێت [ئەو وشە لە زمانی فارسیدا بووەتە "فَرزانه" بە مانای "زۆرزان، زانای گەورە] (فرهنگ ریشه لغات فارسی، ص: ۱۱٦) و fra و frā ئەوێستایی بە ماناکانی: پێش، لە ڕادەبەدەر، زۆر، ڕەها لە [لە ئینگلیسیدا free from]، بەرەو پێش بردن، پەرە پێدان [لە زمانی کوردیی ئەوڕۆکەدا بە دیم و گۆی "پەرە/para" بەدی دەکرێت کە وشەکانی: "پەڕین" و "فڕین" هەر لەو ڕەگەوە سەرچاوەیان گرتووە]، بانگهێشت کردن، کۆ کردنە (فرهنگ واژههای اوستا، ص: ۹٤۱) و لە زمانی پەهلەویدا بووەتە fra بە ماناکانی: سەرێ، سەروو، پێش، زۆر، لێک کۆبوونەوە (فرهنگ زبان پهلوی، ص: ۱۸۷). پێشگری "فرە-" لە هێندێک زمانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێت: ئەوێستایی: fra, pairi ؛ فارسیی سەردەمی هەخامنشیان: pariy, pari, per ؛ پەهلەوی: frā ؛ سانسکریت: pra, pari, [ pre] ؛ ئەرمەنی: hra ؛ یونانی: peri ؛ لاتین: per, peri, pro ؛ گوتیک: fair, fra ؛ ئاڵمانیی کۆن: pariy, ver, fir ؛ ئینگلیسیی کۆن: fyr ؛ ئیسڵاویی کۆن: per, pre ؛ ڕووسی: pro ؛ چێکی: pro ؛ بوهەمی: per ؛ پڕۆسیی کۆن: per, pra ؛ ئیرلەندیی کۆن: ir , ro ؛ گاڵی: er ,eri ؛ وێڵزی: ry ؛ بێرتۆنی: er , ro ؛ ئاڵبانی: për ؛ هێتیت: pra، (فرهنگ ریشههای هند و اروپایی زبان فارسی، صص: ۹-۳۸۸) ؛ ئاڵمانی: vor ؛ ئینگلیسی: forth ؛ فەڕانسەوی: pré , pro ، (وندهای پارسی، بخش اوستایی، صص: ٤۰-۳۹). ڕەنگە لە زمانی ئینگلیسیدا وشەی very بە مانای "زۆر" و پاشگر و پێشگرەکانی خوارەوە کە لە بواری مانایی و گۆ و دیمەوە لە پێشگری "فرە-" نزیکن، لە بواری ڕەچڵەکیشەوە هەریەک بن: -par بە مانای "بەتەواوی، بە هۆی... کە لە -per ـی لاتینی وەرگیراوە؛ -par و -para کە لە -para ـی یونانی وەرگیراون؛ parous- بە مانای بەدیهێنەر، پەرە پێدەر؛ پاشگری لێکدراوی ferous کە لە دوو کەرتی fer و ous پێکهاتووە و پێکەوە مانای "بەرهەمدەر و هەڵکێشەر" ـیان هەیە (وندهای رایج در زبان انگلیسی، ص: ۱۷٤). لە ئاڵمانیی کۆندا پێشگرەکانی ver, fir و لەئینگلیسیی کۆنیشدا پاشگری fyr کە بە جیاوازییەکی کەم لە دیم و گۆدا بەدی دەکرێن، هەمبەری پێشگری "فرە-"ـی کوردین. چەند نموونە لە وشەکانی زمانەکانیتر کە لەخۆگری ئەو پێشگرە یان شێوەمۆڕف و هەمبەرەکانی پێشگری "فرە-" ـی کوردین؛ سانسکریت: pro-ni: بەرز کردنەوە؛ prodi: هەڵستان، وەپێشکەوتن؛ praudha: پەرە سەندوو؛ praudhi: گەورەبوون، تێهەڵچوون ؛ preș: گۆشار بۆهێنان، بەرەو پێش بردن، نارددن، تاراندن؛ preșta: ناردراو، تارێندراو؛ preșaka: ڕەوانەکەر، فەرماندەر (شیاوی ئاماژەیە کە وشەی "فەرمان"، خۆیشی هەڵگری پێشگری "فەر"ـە کە شێوەمۆڕفێکی پێشگری "فرە-"ـیە)؛ preșayitŗ/ preșana: بەرەو پێش پاڵپێوەنان، بەڕێکردن؛ preșya: ئەو کەسەی کە دەبێ بنێردرێ، کەسێک کە دەتوانێ وەکوو نێردراوی خودا بنێردرێ؛ praișa: ناردن، فەرمان، بانگهێشت کردن. ئەو وشەش خۆی لە ناوخۆیدا هەڵگری مانای هێنانە پێشە (فرهنگ سنسکریت - فارسی، ج۲، صص: ۷-۸۲۲)
ئەوێستایی: fraeta: بەرەو پێش چوون، وەڕێ کەوتن؛ fraešta: فریشتە، لەپێشترین، بەرزترین، هەوەڵین؛ fraoiris: ڕۆیشتن؛ fraourvaesa: خێرا، گەڕۆک؛ fraxšan: ڕووان، ڕسکان، گووران، پێشکەوت؛ fraxšayeiti: گەڕاندن، سووڕاندن، فەرمانڕەوایی؛ fraxşti-dã: وەپێشخەر، کەسێک کە پێشکەوت دەدا، بەرەو پێش بەر؛ fračaréθwant: گەڕۆک، کەسێک کە دەگەڕێ (فرهنگ واژههای اوستا، صص: ۹-۹٤۱).
پەهلەوی: frādahišnih: پێشکەوت، نیعمەتی زۆر و بەختەوەری؛ frā-dušmat: کەسێک کە بیری زۆر چەپەڵی هەیە؛ frahang: فەرهەنگ؛ frahangīk: فەرهەنگی؛ frahangīkīh: فەرهەنگی بوون، زانا بوون، frahāt: فەرهاد، بەفریا هاتوو، frahist: فرەترین، زۆرترین، زۆرینە؛ frahistīh: زۆری، هەوەڵ بوون، لە پێش بوون؛ fraĵām: فەرجام، کۆتایی، ئاکام؛ fraĵastan: دەڕپەڕین، بەرەو پێش هەڵاتن؛ framān: فەرمان، دەستوور؛ franāmišn: بەرەو پێش زۆر داهاتنەوە، کڕنۆش؛ frapād: بەشی پێشێی لاق، بەشی سەرەوەی لاق؛ frapīh: پیو زۆر، قەڵەو (لە فارسیدا بووەتە "فَربِه")؛ frāxv: ویسعەت، بەختەوەری، ژیان و بوونی خۆش، دژبەری dušaxv بە ماناکانی: دۆزەخ، بوون و ژیانی ناخۆش، دونیای ناخۆش؛ fravārtan: هێنانە پێش، هێنانە ئارا، خزمەت کردن؛ frāyar/frāayar: پێش نیوەڕۆ، نیوەی هەوەڵی ڕۆژ؛ frāy: زۆر، جۆراوجۆر؛ frā/frayist: زۆرتر، زۆرترین؛ frāybūt: زێدەڕۆ؛ frāybūtīh: زێدەڕۆیی؛ frāynērōk: زۆر بەهێز؛ frāyzāyišn: زاوزێی زۆر؛ frazānak: زۆرزان، زانای گەورە (فرهنگ زبان پهلوی، صص: ۲۰۳-۱۸۷)
چەند نموونە لە وشەی زمانە ئوروپاییەکان کە شێوەمۆڕف یان هەمبەری پێشگری "فرە-"ـی کوردی لەخۆ دەگرن؛ ئاڵمانی: profus:فرە، زۆر؛ prognose: پێش بینی، دەستنیشان کردن؛ programm: بەرنامە (مانای ڕیشەییەکەی دەبێتە "پێشتر نووسراو")؛ programmusik: مۆسیقای بەرنامەیی؛ prolog: پێشەکی، دەسپێک؛ promenadendeck: بەرزترین بەش و شوێنی گەمیە کە سواری دەبن؛ propaganda: پڕۆپۆگاندا، بانگەشە؛ prophet: نێردراوی خۆدا، پێشگۆ؛ preisanstieg: بەرز کردنەوەی نرخەکان؛ preisausschreiben: پێشبڕکێ؛ pressant: خێرا، بەپەلە؛ presse: ئامێری پرێس و فشاردان، چاپەمەنی؛ primitive: هەوەڵین بوونەوەر و گیانلەبەرەکان، هەوەڵین مرۆڤەکان کە شارستانییەتیان نەبووە (فرهنگ دانشگاهی آلمانی- فارسی، صص: ٤۳-٦۳).
ئیسپانیایی: principio: دەسپێک، سەرەتا؛ príncipe: شازادە، کەسێک کە بە پێگەی هەوەڵ دەگا؛ principiante: ناشی، ناوارید، نابەڵەد؛ promesa: بەڵێن (لە بنەڕەتەوە بە وتەیەک دەگوتڕێ کە لە هەوەڵێیە و بەڵێنیش بە قەولی هەوەڵێ دەگوترێ)؛ promulgar: ڕاگەیاندن؛ pronóstico: پێشگویی، ڕاگەیاندنی پێشتر؛ proponer: پێشنیار کردن؛ proposición: پێشنیار؛ proteger: پشتگیری کردن (فرهنگ اسپانیایی- فارسی، صص: ۳۱٥-۳۰۹). ئیتالیایی: prima: لە هەوەڵەوە؛ preveggenza: پێشگۆیی؛ predire: پێشگۆیی کردن؛ proposta: پێشنیار؛ proporre: پێشنیار کردن؛ prefisso: پێشگر؛ professione: پیشە، کار؛ progresso: پێشکەوت؛ precedente: پێشوو؛ precedenti: ڕابردووان، پێشینیان؛ profeta: ناردراو (فرهنگ فارسی- ایتالیایی، صص: ۹-۹۷).
فەڕانسەوی: précurseur: ڕچەشکێن، ڕێخۆشکەر؛ prédécesseur: پێشینیان، ڕابردووان، بەرپرسی پێشوو؛ prédestination: چارەنووس، لە پێشدا دەسنیشانکراو؛ prédiction: پێشگویی، پێشبینی؛ prédominance: ڕەسەرکەوتن، زاڵ بوون، زۆر بوون؛ prééminente: ڕەسەرکەوتوو، لە سەرتر؛ prémisse: پێشەکی، سەرەتا؛ présenter: هێنانە ئارا، نیشاندان، پێناسەکردن؛ présentoir: قەپەزی بەر دووکان بۆ پێشاندانی کەلوپەل؛ primo: لە پێشدا؛ princesse: شاژن، کچە شا؛ produit: داهات، بەرهەم؛ produire: بەدیهێنان، ساز کردن؛ projection: هاویشتن، نیشاندان، تیشک؛ projet: گەڵاڵە، بەرنامە، پڕۆسە (فرهنگ معاصر فرانسه- فارسی، صص: ۲۹-۸۱۲).
ئینگلیسی: prepare: ئامادە کردن؛ preposterous: نەزانانە، بەکار نەهاتوو؛ present: لێرە، لەبەر دەستان؛ prestige: پێگەی کۆمەڵایەتی، ئابڕوو؛ pretend: خۆڕانان، خۆنواندن؛ prior: ڕابردوو، قەدیمی، هەوەڵی، سەرۆکی دێر؛ profile: لاچاو، کورتەباس، کورتە پێشەکی؛ profit: بەهرەوەرگرتن، پەند وەرگرتن؛ profligate: خوێڕی، بێنامووس، بەڕەڵا؛ promenade: گەڕان، سەیرانگای قەراغ ئاو؛ prominent: بەرچاو، هەڵتۆقیو، لەبەر چاو، ناوبەدەرەوە؛ promise: بەڵێنیدان؛ pronounce: ڕاگەیاندن؛ protest: خۆنیشاندان، بەربەرەکانی کردن، ناچاری؛ protocol: ڕێککەوتننامە؛ protozoa: گیانلەبەری تاکخانی؛ process: پڕۆسە، چوونە پێش، بەرەو پێش چوون؛ present: پێشکەشی، لەبەر دەستان، پێشاندان؛ president: سەرۆک کۆمار (فرهنگ معاصر هزاره، صص: ۱۱۰-۱۰۸٥)
بۆ ڕوون کردنەوە و تێگەیاندنی زۆرتری خوێنەر لە سەر ڕەچەڵەکی چەند وشەی ئینگلیسی کوردی و ئینگلیسی کە یەکێک لە زمانە ئوروپاییەکانە، دەدوێم کە لەخۆگری یەکێک لە هەمبەر یان شێوەمۆڕفەکانی پێشگری "فرە-"ـی کوردین کە ماناکانی: پێش، سەرێ، زۆر، بەرەو پێش یان ژووری لێوەردەگیرێت.
pressent : لێرە، لەبەردەستان. وشەیێکی داڕێژراوە کە لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "-pre": پێشگر بە مانای پێش، لە پێش کە هەمبەری "فرە-"ـی کوردی و "فرە" و "فرا"ـی ئەوێستاییە + "s": سواوی ess بە مانای is واتە هەبوون + "ent-": پاشگری ئاوەڵناوی کارا. ئەو پاشگرە لە زمانی کوردیدا "ـندە"، "ـەندە"، "ـند" و لە ئەوێستاییدا anta- و لە پەهلەویدا andak- ـە کە ئاوەڵناوی کارا بەدی دێنێ. کەوایە مانای سەرەکیی ئەو وشە دەبێتە "شتێک یان کەسێک کە لە هەوەڵەوە بوونی هەیە".
president : سەرۆک کۆمار، سەرۆکی گشتی. وشەیێکی داڕێژراوە کە لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "-pre": پێشگر بە مانای پێش، لە پێش کە هەمبەری "فرە-"ـی کوردی و "فرە" و "فرا"ـی ئەوێستاییە + "sid": دانیشتن + "ent-": پاشگری ئاوەڵناوی کارا. بەو پێیە مانای ڕێشەیی ئەو وشە دەبێتە "کەسێک کە لە هەوەڵ یان سەرێ دانیشتووە واتە پێگە و جێگەی هەوەڵی لە ناو گەل هەیە".
progress: وەپێش کەوتن، بەرەو پێش چوون، بەرەو باشی چوون. وشەیێکی داڕێژراوە کە لەو دوو کەرتە پێکهاتووە: "-pro": پێشگر بە مانای پێش، لە پێش کە هەمبەری "فرە-"ـی کوردی و "فرە" و "فرا"ـی ئەوێستاییە + "gress": کە لە gradī ـی لاتینی بە مانای "ڕۆیشتن" وەرگیراوە و مانای ڕیشەیی و سەرەکیی ئەو دوو کەرتە پێکەوە دەبێتە "بەرەو پێش چوون" (فرهنگ ریشهشناسی انگلیسی، نویسنده: جان آیتو).
فریشتە frîşte: پەری، فرشتە؛ خوڵاپەڕک؛ بوونەوەرێکی ئاسمانی کە دەگوترێ هێز و عەقڵی لە مرۆڤ زۆرترە و کار و ئەرکەکەی بەڕێوە بردنی فەرمانی خودایە. وشەیێکی داڕێژراوە کە لەو دوو کەرتە پێکهاتووە: "فر": سواوی "فرە" بە ماناکانی: پێش، سەروو، زۆر + "ـیشتە": پاشگری ئاوەڵناوی سەرتر. بەو پێیە، مانای ڕیشەیی و سەرەکیی وشەی فریشتە دەبێتە "زۆرترین، پێشترین، لەپێشترین، سەرترین، هەوەڵین" (فرهنگ واژههای اوستا، ص: ۹٤۲). کەرتی هەوەڵ واتا "فر"، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ per* ـی هێندوئوروپایی بە ماناکانی "پێش" و "دەوروبەر" و pra ـی سانسکریت بە ماناکانی "فرە، زۆر، پێش" کە لە وشەی pra-jan بە مانای "فرەزانا، زۆرزان، چازان"ـدا بەدی دەکرێت [ئەو وشە لە زمانی فارسیدا بووەتە "فَرزانه" بە مانای "زۆرزان، زانای گەورە] (فرهنگ ریشه لغات فارسی، ص: ۱۱٦) و fra و frā ئەوێستایی بە ماناکانی: پێش، لە ڕادەبەدەر، زۆر، ڕەها [لە ئینگلیسیدا free from]، بەرەو پێش بردن، پەرە پێدان [لە زمانی کوردیی ئەوڕۆکەدا بە دیم و گۆی "پەرە/para" بەدی دەکرێت کە وشەکانی: "پەڕین" و "فڕین" هەر لەو ڕەگەوە سەرچاوەیان گرتووە]، بانگهێشت کردن، کۆ کردنە (فرهنگ واژههای اوستا، ص: ۹٤۱) و لە زمانی پەهلەویدا بووەتە fra بە ماناکانی: سەرێ، سەروو، پێش، زۆر، لێک کۆبوونەوە (فرهنگ زبان پهلوی، ص: ۱۸۷). پێشگری "فرە-" لە هێندێک زمانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێت: ئەوێستایی: fra, pairi ؛ فارسیی سەردەمی هەخامنشیان: pariy, pari, per ؛ پەهلەوی: frā ؛ سانسکریت: pra, pari, [ pre] ؛ ئەرمەنی: hra ؛ یونانی: peri ؛ لاتین: per, peri, pro ؛ گوتیک: fair, fra ؛ ئاڵمانیی کۆن: pariy, ver, fir ؛ ئینگلیسیی کۆن: fyr ؛ ئیسڵاویی کۆن: per, pre ؛ ڕووسی: pro ؛ چێکی: pro ؛ بوهەمی: per ؛ پڕۆسیی کۆن: per, pra ؛ ئیرلەندیی کۆن: ir , ro ؛ گاڵی: er ,eri ؛ وێڵزی: ry ؛ بێرتۆنی: er , ro ؛ ئاڵبانی: për ؛ هێتیت: pra، (فرهنگ ریشههای هند و اروپایی زبان فارسی، صص: ۹-۳۸۸) ؛ ئاڵمانی: vor ؛ ئینگلیسی: forth ؛ فەڕانسەوی: pré , pro ، (وندهای پارسی، بخش اوستایی، صص: ٤۰-۳۹). ڕەنگە لە زمانی ئینگلیسیدا وشەی very بە مانای "زۆر" و پاشگر و پێشگرەکانی خوارەوە کە لە بواری مانایی و گۆ و دیمەوە لە پێشگری "فرە-" نزیکن، لە بواری ڕەچڵەکیشەوە هەریەک بن: -par بە مانای "بەتەواوی، بە هۆی... کە لە -per ـی لاتینی وەرگیراوە؛ -par و -para کە لە -para ـی یونانی وەرگیراون؛ parous- بە مانای بەدیهێنەر، پەرە پێدەر؛ پاشگری لێکدراوی ferous کە لە دوو کەرتی fer و ous پێکهاتووە و پێکەوە مانای "بەرهەمدەر و بەرەو سەرێبەر" ـیان هەیە (وندهای رایج در زبان انگلیسی، ص: ۱۷٤). لە ئاڵمانیی کۆندا پێشگرەکانی ver, fir و لەئینگلیسیی کۆنیشدا پاشگری fyr کە بە جیاوازییەکی کەم لە دیم و گۆدا بەدی دەکرێن، هەمبەری پێشگری "فرە-"ـی کوردین. کەرتی دووهەم واتا "ـیشتە"، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ isto ـی هێندوئوروپایی بە مانای "زۆرترین یان کەمترین" و išta ـی ئەوێستایی (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۱۳) کە ئێستاش لە زمانی ئینگلیسیدا بە بیچمی est ماوەتەوە و بۆ چێکردنی ئاوەڵناوی سەرترین کەڵکی لێوەردەگێرێت (hardest: سەختترین). پاشگری "ـیشتە/ـەشت" لە زمانی کوردیدا تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم، لە وشەکانی "فریشتە" و "بەحەشت/بەهەشت"ـدا بەدی دەکرێت. بەهەشت، وشەیێکی داڕێژراوە کە لە دوو کەرتی "بەهـ": باش، چاک + "ـەشت": پاشگری ئاوەڵناوی سەرترین، پێکهاتووە. کەرتی هەوەڵ واتا "بەهـ"، لە زمانی هێندوئوروپاییدا su بە مانای چاک و باش و لە ئەوێستاییدا hu یان vahu بە مانای باش و چاک و لە پەهلەویدا bah بە مانای چاک و باش بووە (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۳۹). چەند وشەی زمانی ئەوێستایی کە "پاشگری "ـیشتە" لەخۆ دەگرن: mazişta: مەزنترین، گەورەترین (ئێستا کەرتی maz لە وشەی "مەزن"ـی کوردیدا ماوەتەوە کە بیچمێکیتری ئەو ڕەگە "مەس/ماس" (ماد) بە مانای گەورەیە کە دواتر بووەتە "ماە/مەهـ" کە بەو بیچمە لە زمانی فارسیدا ماوەتەوە و وشەی "مهاباد"ـیش هەر لەو ڕەگە وەرگیراوە. وشەی "مهاباد"، لە قۆناخی پێشتردا "ماداباد" بووە). ئەو پاشگرە لە پەهلەویدا ist بووە. چەند نموونەیەک لە زمانی پەهلەوی: masist: گەورەترین (کەرتی هەوڵ واتا "mas"، کەرتی هەوەڵی وشەی "مەزن" لە کوردیدایە)، nist: نەویترین بەشی جەهەنەم (نی: نەوی)، nazdist: نزیکترین، frayist: زۆرترین، mahist: گەورەترین. پاشگری ئاوەڵناوی سەرترین سازی "ـەشت" لە سانسکریتدا iștha بووە کە بۆ وێنە لە وشەی vásiștha بە مانای "باشترین"ـدا بەدی دەکرێت (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، ص: ٥٥۰). پاشگری "ـیشتە/ـەشت"، لە زمانی ئینگلیسیدا کە ئێستا پاشگرێکی چالاک و زیندوویە، بە چەشنی est و st بە کار دەهێندرێ: eldest: گەورەترین؛ first: هەوەڵین.
فەرامۆش feramoş: لە بیر چوو، لە بیر کراو، لە بیر پەڕیو، لە بیر نەماو. ئەوڕۆکە وشەیێکی سادە بە ئەژمار دێت بەڵام لە بنەڕەتەوە وشەیێکی لێکدراو-داڕێژراوە کە لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "فەرا": فرە، پێش، سەرێ، دەوروبەر + "مۆش": سواو و گۆڕدراوی mŗšta ـی ئەوێستایی کە ئاوەڵناوی بەرکارە و لە دوو کەرتی mŗš: لەبیر بردن، لەبیرکردن + ta: پاشگری ئاوەڵناوی بەرکار پێکهاتووە (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۱۲۹) کە گشت کەرتەکان، مانا ڕیشەییەکەیان پێکەوە دەبێتە "لە زەین و بیر پەڕێو". بۆ زانیاریی زۆرتر ☜ پێشگری "فرە-".
پەرە pere: برەو، ڕەواج؛ کاری بەربڵاو کردنەوە؛ گەشە پێدان، زیاد کردن. وشەیێکی سادەیە کە پێموایە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ per* ـی هێندوئوروپایی بە ماناکانی "پێش" و "دەوروبەر" و pra ـی سانسکریت بە ماناکانی "فرە، زۆر، پێش" کە لە وشەی pra-jan بە مانای "فرەزانا، زۆرزان، چازان"ـدا بەدی دەکرێت [ئەو وشە لە زمانی فارسیدا بووەتە "فَرزانه" بە مانای "زۆرزان، زانای گەورە] (فرهنگ ریشه لغات فارسی، ص: ۱۱٦) و fra و frā ئەوێستایی بە ماناکانی: پێش، لە ڕادەبەدەر، زۆر، ڕەها [لە ئینگلیسیدا free from]، بەرەو پێش بردن، پەرە پێدان [لە زمانی کوردیی ئەوڕۆکەدا وشەکانی: "پەڕین" و "فڕین" هەر لەو ڕەگەوە سەرچاوەیان گرتووە]، بانگهێشت کردن، کۆ کردنە (فرهنگ واژههای اوستا، ص: ۹٤۱) و لە زمانی پەهلەویدا بووەتە fra بە ماناکانی: سەرێ، سەروو، پێش، زۆر، لێک کۆبوونەوە (فرهنگ زبان پهلوی، ص: ۱۸۷). وشەی "پەرە" لە هێندێک زمانیتردا وەکوو وشەی سەربەخۆ یان پێشگر، بەو چەشنانە بەدی دەکرێت: ئەوێستایی: fra, pairi ؛ فارسیی سەردەمی هەخامنشیان: pariy, pari, per؛ پەهلەوی: frā ؛ سانسکریت: pra, pari, [ pre] ؛ ئەرمەنی: hra ؛ یونانی: peri ؛ لاتین: per, peri, pro؛ گوتیک: fair, fra ؛ ئاڵمانیی کۆن: pariy, ver, fir ؛ ئینگلیسیی کۆن: fyr ؛ ئیسڵاویی کۆن: per, pre ؛ ڕووسی: pro ؛ چێکی: pro ؛ بوهەمی: per ؛ پڕۆسیی کۆن: per, pra ؛ ئیرلەندیی کۆن: ir , ro ؛ گاڵی: er ,eri ؛ وێڵزی: ry ؛ بێرتۆنی: er , ro ؛ ئاڵبانی: për ؛ هێتیت: pra، (فرهنگ ریشههای هند و اروپایی زبان فارسی، صص: ۹-۳۸۸) ؛ ئاڵمانی: vor ؛ ئینگلیسی: forth ؛ فەڕانسەوی: pré , pro ، (وندهای پارسی، بخش اوستایی، صص: ٤۰-۳۹). ڕەنگە وشەی سەربەخۆی "فرە" بە مانای زۆر کە وەکوو پێشگریش بە کاردەهێندرێ لەگەڵ وشەی "پەرە" هەر یەک بن کە لە زمانە ئوروپایی و زمانە کۆنەکانیشدا بە دیمەکانی: -pra و -para بە ماناکانی: زۆر کردن، بەدیهێنان، بەرەو پێش یان سەرێ چوون بەدی دەکرێت. ئەو وشە وەکوو پێشگر لەو چەند وشەدا وەبەر چاو دەکەوێ: پەرەگرتن، پەرەدان/پەرەپێدان، پەرەسەندن. چەند وشەی زمانە ئوروپاییەکان:
فرەوان frewan: گوشاد، هەراو، فش، فشەڵۆک؛ بەربڵاو؛ هەمەلایەنە. وشەیێکی داڕێژراوە کە لەو دوو کەرتە پێکهاتووە: "فرە": زۆر، زیادی کە لە زمانی فارسیدا بووەتە "فِرِهـ" + "وان": سواوی "وانت"ـی ئەوێستایی کە ئەوڕۆکە لە زمانی کوردی و زمانە ئێرانییەکاندا بووەتە "وەند": پاشگری خاوەن بوون و پێوەندی. کەرتی هەوەڵ واتە "فرە" دەگەڕێتەوە بۆ pel* بە مانای "پڕ کردن" و pelu* ـی هێندوئوروپایی بە مانای "گرووپ یان چەند دانە" و pouru/ paourus ـی ئەوێستایی بە مانای "زۆر" کە لەگەڵ "فرە/fra" و "فرا/frā" بە مانای "پێش" و "ژوور" شێوەمۆڕفی یەکترن (فرهنگ ریشه لغات فارسی، ص: ۱۱٤) و لە زمانی کوردیدا بە چەشنی خوازەکی مانای "زۆر"ـی پەیدا کردووە. کەرتی دووهەم واتە "وان" کە سواوی "وانت/vānt" ـەی ئەوێستاییە، لە هێندێک زمانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێت: زمانی سانسکریت: vant- وەکووە: bhagavant: خاوەن باغ/بەغ بە مانای "بەش"؛ kŗtavant: بکەر، سازکەر (مقدمات زبان سنسکریت، ص: ۱٥۹ و ۱۷۱)؛ زەند: -مەنت/mant- ؛ وەکوو: خرتو-مەنت: ئاقڵ، خاوەن ئاوەز؛ پەهلەوی: -ومەند؛ وەکوو: rāyumand: خاوەن بیر و بۆچوون (وندهای پاسی، صص: ٥-٤٤)؛ ئەوێستایی: وانت/vant"؛ وەکوو: čazdõñhvant: بەهۆش، ژیر، پارێزگار؛ θwayañhwant: بەسام، زیانگەیێن؛ frãtat-čaranta/ frãtat-čarant: ڕێژان، کەسێک کە هەڵدێت (فرهنگ واژههای اوستا، صص: ٤۹٥- ٦٦٦- ۹۸۰). وشەی "فرەوان" لە هێندێک زمانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێت: ئەوێستایی: pouru, frāyah ؛ فارسیی باستان: paru ؛ پەهلەوی: frāy, freh ؛ سانسکریت: purú ؛ یونانی: polús, plelades ؛ گوتیک: filu؛ ئیسلەندیی کۆن: fiol ؛ ئاڵمانیی کۆن: filo, filu, viel ؛ ئینگلیسیی کۆن: fela, feola ؛ هولەندی: veel ؛ لیتوانی: pilos ؛ ئیرلەندیی کۆن: il, līa ؛ وێڵزی: liaus, lliaws، (فرهنگ ریشههای هند و اروپایی زبان فارسی، ص: ۳۹۰).
پەرگار pergar: پەڕگار، پەڕگاڵ، جەغزینگ؛ ئامێری جەغزکێشانەوە. وشەیێکی داڕێژراوە کە لەو دوو کەرتە پێکهاتووە: "پەر": سواوی pari یان pairi ـیی ئەوێستایی کە پێشگرە و مانای دەوروبەر یان دەوراندەور دەدا (وندهای پارسی، ص: ۲٦) + "گار": گۆڕدراوی "کار" کێشانەوە، وێناکردن، بەدیهێنان (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ٤۷) کە لە وشەکانی "نیگار و پەروەردەگار"ـیشدا بەدی دەکڕێت. وشەی "پەرگار" و هاوڕەچەڵەکەکانی لە هێندێک زمانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێن: ئێرانیی باستان: pari-kāra ؛ سانسکریت: pari-kara: دەوروبەر، پشتوێن، پشتێند؛ ئەوێستایی: pairi-kara: کێڵان؛ سەکایی: kār: کێشان؛ خاڕەزمی: prkُrc: پەرگار؛ پەشتوو: pargār: پەرگار؛ عەڕەبی: بِرکار، بِرجار، بَرجَل، فِرجار [ئەو وشە عەڕەبییانە گشتیان بەعەڕەبیکراوی وشەی "پەرگار"ـن] (فرهنگ ریشهشناختی زبان فارسی، ص: ٦٦٤).
پەرژین perjîn: چیل، شوورەی بەدڕوو. وشەیێکی داڕێژراوە کە لەو دوو کەرتە پێکهاتووە: "پەر": سواوی pari یان pairi ـیی ئەوێستایی کە پێشگرە و ماناکانی: پێش، دەوروبەر یان دەوراندەور دەدا (وندهای پارسی، ص: ۲٦) + "ژین": گۆیەکیتری "چین" بە ماناکانی "چنین، هەڵبژاردن، بژاردن، جوێ کردنەوە" کە لە ئەوێستاییدا čayeti بە مانای "هەڵبژاردن و جوێ کردنەوە" بووە (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ٤٦). بەو پێیە مانای ڕیشەیی ئەو وشە دەبێتە "دەوراندەور چنین یان تەنین".
فیردەوس fîrdews: باغی بەهەشت کە دوای مردن ڕووحی چاکەکارانی تێدا دەحەسێتەوە، بەهەشت. وشەیێکی داڕێژراوە کە لەو دوو کەرتە پێکهاتووە: پەر: سواوی pari یان pairi ـیی ئەوێستایی کە پێشگرە و ماناکانی: پێش، دەوروبەر یان دەوراندەور دەدا (وندهای پارسی، ص: ۲٦) + دیس: گۆڕدراوی "دێژ" بە مانای شوورە و قەڵا و دیواری دەوری قەڵا کە لە ئەوێستاییدا daeza بە مانای "دیوار، قایم و پتەو کردن" بووە (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص:٤۷). کەوایە مانای سەرەکی و ڕیشەیی ئەو وشە دەبێتە "باغێک کە لە دەوراندەورەکەی دیوار کێشراوە" و هەمبەرە عەڕەبییەکەی دەبێتە "حَظیرَة". وشەی فیردەوس لە فارسیدا "فِردَوس" و "پَردیس"ـە و لە ئینگلیسیدا بووەتە paradise کە مانای "بەهەشت"ـی هەیە.
فەرامەرز feramerz: ناوێکی پیاوانەیە و بە تایبەت لە ناو کورد و فارسەکاندا کەڵکی لێوەردەگیرێ. لە بنەڕەتەوە وشەیێکی لێکدراو-داڕێژراوە کە لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "فەر": گۆڕدراو و سواوی وشەکانی "فرە" و "فرا"ـی ئەوێستایی بە ماناکانی: پێش، ژوور، سەرێ کە ئەوڕۆکە لە زمانی کوردیدا وەکوو زمانی ئەوێستایی بە گۆی "فرە" وەکوو پێشگر و وشەی سەربەخۆ بە چەشنی خوازەکی بۆ ماناکانی "زۆر" و "چەند" کەڵکی لێوەردەگیرێت؛ چوونکە لە هەر "زۆر"ـێکدا بەرەوپێش یان بەرەوژوور چوون بەدی دەکرێت + "ا": سواوی "ئا" کە پێشگری ئەنجامدان و بەڕێوەبردن و هەبوونە. ئەو پێشگرە لە زمانەکانی سانسکریت و ئەوێستاییدا "a/â" بووە کە لە ڕەگی apo=off ـی هێندوئوروپایی بە مانای "ئەنجامدان و بەڕێوەبردن وەرگیراوە (مسیر اشتقاق، ص: ۱) + "مەرز": سڕینەوە، لابردن، ڕاماڵین و پاککردنەوە کە لە ئەوێستاییدا mŗz و لە سانسکریتدا mŗd بە مانای دلۆڤان بووە کە لە mŗĝ* ـی هێندوئوروپایی بە مانای "سڕینەوە و لابردن" وەرگیراوە (فرهنگ ریشهشناختی افعال زبان فارسی، صص: ٦-۲٥). بەو پێیە مانای هەرسێک کەرتەکە بەیەکەوە دەبێتە "کەسێک کە زۆر چاوپۆش و بەخشەرە". کەرتی هەوەڵ واتە "فەر" و شێوەمۆڕفەکانی لە زۆر وشەیتریشدا کە وەکوو ناو لە ئێرانی کۆندا کەڵکیان لێوەرگیراوە، بەدی دەکرێ: فرەگوزەک/ fragauzak: کەسێک کە مانگاکانی گوێلکیان زۆرە؛ فرانەک frānak: پەروەرێن، بەرەوپێشبەر، ڕاهێنەر؛ ئەفراسیاب/فراسیاب frāsyāb: زۆر ڕووخاو و داڕماو؛ فراشتا frāštā: بەرەو پێشهاتوو، نزیک؛ فرەواک frawāk: ناوی کوڕی سیامەکە بە مانای "زۆربڵێ"؛ فرازیهـ frāzīh: کەسێک یان شتێک کە بەرەپێش دەسوڕێ یان دەڕوا (فرهنگ ریشهشناختی نامهای فارسی میانه، ص: ٦٦-٥۹). کەرتی دووهەم واتە "ئا" لە زۆر وشەیتری زمانی کوردی و زمانەکانی ئێرانی، هیندی و ئوروپاییدا بەدی دەکرێت: ئاگا، ئامۆژگار، ئاوس، ئاکار، ئاخێز، ئافراندن، ئافەرین، ئاراستە. ئەو پێشگرە لە زمانە ئوروپاییەکانیشدا بەدی دەکرێت و هەمبەری "a" لە لاتین، فەڕانسەوی و ئینگلیسیدایە (وندهای پارسی، ص: ۲٦) کە لەوێدا مانای بەرەو، گەیشتن بە، بە/at/ ad دەدا (وندهای رایج در زبان انگلیسی، صص: ۸-۲٥). بۆ وێنە وشەی arrive ـی ئینگلیسی بە مانای "گەیشتن"، لە دوو کەرتی "a": سواوی ad بە مانای "بەرەو، گەیشتن" + rive: سواوی river بە مانای "چۆم" پێکهاتەووە کە مانا ڕیشەییەکەی دەبێتە " گەیشتن بە بەستێن یان قەراخ چۆم" (فرهنگ ریشهشناسی انگلیسی، ص: ۷۹).
پەروەردە perwerde: پەروەرش؛ کار و ڕەوتی بارهێنان؛ پێگەیاندن؛ کار و ڕەوتی بارهاتن؛ وەزارەتی پەروەردە؛ وەزارەتێک کە کار و ئەرکی فێرکاری و بارهێنان و ڕاهێنان بەڕێوە دەبا. وشەیێکی داڕێژراوە کە لەو دوو کەرتە پێکهاتووە: "پەر": پێشگر بە ماناکانی: پێش، دەوروبەر یان دەوراندەور کە سواو و گۆڕراوی پێشگرەکانی pari و pairi ـیی ئەوێستاییە + "وەر": بیچمێکیتر لە "بەر" بە مانای "هەڵگرتن" (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، ص: ٦۷۷) + "دە": پاشگری ئاوەڵناوی بەرکار. بەو پێیە مانای ڕیشەیی ئەو کەرتانە پێکەوە دەبێتە "بەرەو پێش براو" کە بۆ "بەرەو پێش بردن"ـیش بە کار دەهێندرێ. بۆ زانیاریی زۆرتر ☜ پێشگری "پەر/پەڕ" و چاوگی "بردن".
پەروەردگار perwerdgar: ئافرێنەر؛ ڕاهێنەر، پەروەرندە. لە بنەڕەتەوە، وشەیێکی لێکدراو-داڕێژراوە کە لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "پەر": پێشگر بە ماناکانی: پێش، دەوروبەر یان دەوراندەور کە سواو و گۆڕراوی پێشگرەکانی pari و pairi ـیی ئەوێستاییە + "وەر": بیچمێکیتر لە "بەر" بە مانای "هەڵگرتن" (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، ص: ٦۷۷) + "گار": دێمێکیتری "کار" بە مانای بەدیهێنان، کێشانەوە، ساز کردن. بۆ زانیاریی زۆرتر ☜ پەروەردە و پاشگری "گار".
|