تاريخ: ۲۸ آبان ۱۴۰۴ ساعت ۱۳:۲ بازدید: 32      نظرات: 0      کد مطلب: 25364
یونس قوربانیفەر

ناوە دێرینەکان و مێژووی ونبووی سەردەشت


1. سەرنجێک بدەنە ئەو ناوانە؛ ئەشکان، مەزناوێ، مێرگاسێ، بێتوش، دولکان،گروێس، بێژوێ، بالێتان، رەزگە، بەڵاو، سیسێر، نستان، لیلانێ، کۆتان، زێرە، شیواشان، بێوران، نێشکۆلان، زوران، بێشاسپ، تیت، کاکۆسان، کاوژان و...

ئەوانە و دەیان ناوی‌تر گوند و دێهاتەکانی ناوچەی سەردەشت پێناسە دەکەن. ئەو ناوانە ڕوون نییە هی چ سەردەمێکی کۆنن، دیار نییە کە یادگاری کام چەرخ و دەورانی مێژوویین. وا دیارە زۆربەیان دەست‌لێنەدراو ماونەوە و سووڕانی چەرخی مێژوو نەبۆتە هۆی گۆڕان و سڕینەوەیان. ئەگەر لە ڕێگەی مەهابادەوە بۆ لای سەردەشت دەرۆین، ڕێژەی ئەو ناوە کۆن و دێرینانە زۆرتر و زۆرتر دەبن، لە بانەوە بۆ سەردەشت بە هەمان شێوە، لە پیرانشار بۆ سەردەشت هەر بەم جۆرە.

2. ئەو ناوانە چێژبەخشن، وەکوو بۆنی عەترێک کە مانەوەی چەند هەزار ساڵەیە. ئەو ناوانە ڕەنگی مێژووی بە سەردا دیارە، ئەو ڕەنگانەی کە پاکبوونەوە و کاڵبوونەوە بە خۆیانەوە نابینن. ئەگەر چاوێکی خێرا بە سەر مێژووی پێش‌هاوچەرخی کوردستاندا بخشێنین، دەتوانن چەند دابڕان دەست نیشان بکەین؛ یەکەم دابڕانی مادی، دووهەم دابڕانی ئیسلامی- عەرەبی و سێهەم دابڕانی تورکی- موغوڵی. هەر یەک لەو دابڕانانە کاریگەری قووڵی لە سەر مێژووی کوردستاندا هەبووە. بە کورتی هەر یەک لەو دابڕانانە مێژووی کوردستانی بەرەو ئاقار و ئاراستەی جیاواز‌ بردووە؛ شارستانییەت، سیاسەت، جوگرافیای نیشتەجێبوون و دێمۆگرافی، زمان، کڵتوور‌، ئایین و دەیان و سەدان دیاردەی ئینسانی تووشی گۆڕان کردووە. نووسینەوەی مێژووی ئەو دابڕانانە کارێکی پڕزەحمەتە و پێوێستی بەوەیە لە چوارچێوەی Multidisciplinary approach لێکۆلینەوەی ئاکادیمێکی بۆ بکرێت کە هەندێک لە وردەکارییەکانی لە لێکۆلینەوەیەکی کورتی چاپ‌نەکراوی خۆمدا باسکراوە.

3. ناوی گوندەکانی سەردەشت یادگاری ئەو مێژوویە دێرینن. مێژوویەک کە تەنیا بە ووشەگەلی سازدان و سازکردن، دروستکردن و بنیاتنان نانووسرێتەوە، بەڵکوو بەشێکی زۆری بە وشەگەلی شەڕ و وێرانی و کاوڵکاری دەنووسرێتەوە. ناوچە شاخاوییەکانی سەردەشت، لێرەوار و دارستانەکان نەکەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی هێرشبەران و نەبۆتە ئیقتاع و تیوڵ، بۆیە ناوەکان وەکوو تەنیا نیشانەیەک لە ڕەنگ و بۆنی مێژوو ماونەوە. زانستی زمانناسی و زانایانی زمانە کۆنەکان دەتوانن بێنە مەیدان و ڕەنگە بتوانن ڕازی هەندێک لەو یادگارە کۆنانە ڕوون کەنەوە و ڕەنگە ئەمەش زۆر نەکرێ و نەگونجێ بۆیان. بەڵام ئەو ناوانە ئاماژەیەکن بۆ بەردەوامبوونێکی کوردی، ئاماژەیەک بۆ بەڕەنگاری لە بەرامبەر دابڕانەکان.

4. لەو ساڵانەدا بە بەردەوامی باسی شوێنەوارە کۆنەکانی ڕەبەت کراوە. هەندێک لێکۆلینەوە ئەنجامدراوە کە زانیارێکی ئەوتۆ و بەرچاو لە سەر مێژووی ئەو شوێنەوارانە نادەن بە ئێمە. چەند ڕاپۆرتێک و چەند وتارێک کە تەنیا شیکرەوەی کاری کۆنینەناسین تێکەڵ بە کۆمەلێک گریمانە و ڕاوبۆچوونی نەسەڵمێنراو. ئەم لێکولینەوانە سەرەتایەکن بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری مێژووی ناوچەکە، هەر بۆیە دەبێ وەکوو کۆمەلێک ڕوانگەی سەرەتایی و کاڵ سەیریان بکرێت. لەم ناوەدا خەساریی جیددی ئەو لێکۆلینەوانەن کە قەتیس ماونەوە لە چوارچێوەی "موتالعاتی ماناناسی". بەرتەسکبوونی لێکۆلینەوەکان و حوزوری کەسانی هۆگر بە مێژوو مانایی لە پرۆسەی لێکۆلینەوەکان، ڕێگەی بە ڕوانین و ڕوانگەی جیاواز نەداوە.

ئاماژەم پێدا کە ناوە دێرینەکان باس لە مێژووێیکی دێرین و کۆن دەکەن، شوێنەوارەکانیش بە هەمان شێوە شاهیدی بۆ ئەو ڕابردوویە دەدەن. جا لێرەدا مێژوونووس دەبێ مێژووی کۆن و بزربوو زیاتر بدۆزێتەوە و بە دوور لە چوارچێوە دیاریکراوەکان -وەکوو مێحوەری مانا- لە ئاستی تواناییدا ڕابردوو بە پێی گوتاری گونجاو بنووسێتەوە.

منبع: سیروان




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد