تاريخ: ۷ مهر ۱۴۰۴ ساعت ۱۱:۴۷ | بازدید: 233 نظرات: 0 کد مطلب: 25010 |
- ئارش مێهرەبان ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٧٦ی هەتاوی لە گوندی کانی سانانی مەریوان لەدایکبووە و ئێستا نیشتەجێی شاری سنەیە.
- یەکەمین نووسینی لە بلاڤۆکی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بڵاو بووەتەوە.
- ساڵی ١٣٩٢ کۆمەڵە شێعرێکی منداڵانەی ژینگەپارێزیی لەژێر ناوی "سمۆرە" بڵاو کردووەتەوە.
- ساڵی ١٣٩٣ "ڕۆژێکم بۆ زرێبار" چیرۆکێکی منداڵانەی تایبەت بە زرێبار بڵاو کردووەتەوە.
- ساڵی ١٣٩٩ "وەکوو مانگی شەوی چواردە" وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی.
- لەسەر تیۆری و توێژینەوەکانی ئەدەبیی منداڵان کاری کردووە و چیرۆکێکی منداڵانی بەناوی "کێ نەخەوتووە؟" لەسەر شێوازی خوڵقاندنەوەی دووبارە بۆ سەر زمانی کوردی داڕشتووە.
- ساڵی ١٤٠٢ کارگەیەکی چیرۆکنووسیی بۆ منداڵان بەڕێوە بردووە کە ئاکامی ئەو کارگەیە کۆمەڵە چیرۆکێکی منداڵانەیه کە قوتابییەکانی نووسییانە و بڕیارە لەلایەن زانکۆی کوردستان لەژێر ناوی "هێلانە" بڵاو بکرێتەوە.
- چوار بەرهەمی دیکەی بۆ منداڵان لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و بڕیارە لە لایەن چاپەمەنی مانگ بڵاو بکرێتەوە.
هاژه ـ چۆن بوو ڕووتان لە ئەدەبیاتی منداڵان کرد، ئایا حەزی خۆتان بوو یان هەڵبژاردنی لەقی خوێندن بوو؟
دەتوانم سەرەتای دەستپێک و حەزی خۆم بۆ نووسین بۆ منداڵان بگەڕێنمەوە بۆ قۆناغی منداڵی. ئاوایی ئێمە (کانی سانان) بەهۆی ئەوەی کە حوجرەیەکی گەورەی لێ بوو و لەوێدا فەقێی تێدا پەروەردە دەکرا، ئەمەش دەرفەتێک بوو بۆ ئێمەیش کە لەو فەزایە کەڵک وەربگرین و بتوانین بێجگە لەو وانانەی کە لە قوتابخانەدا دەیخوێنین، هەندێ لەو کتێب و سەرچاوە سەرەتاییانەی کە تا ڕادەیەک لەگەڵ فەزای زەینی و توانستی ئێمەدا دەگونجا بخوێنین. لەم نێوانەدا کتێبێک بەنێوی "سەرچاوەی ئایین" بەرهەمی زانای گەورە، جەنابی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لەنێو ژیانی مندا. ئەم کتێبە لە چەند بەش پێکهاتبوو و کۆمەڵێک بابەتی ئایینی بە زمانێکی سادە و شێعراوی بۆ منداڵان هۆنیبوویەوە، هاوکات ژیانی چەند پێغەمبەرێکیشی بەشێوازێکی چیرۆکییانە و بەسەرهات، بە زمانێکی سادە نووسیبوویەوە و ئەو مامۆستایەی کە ئەو کتێبەی پێدەوتمەوە، هانی دەدام کە شێعرەکانی لەبەر بکەم و هاوکات چیرۆکەکانیشی بنووسمەوە. هەر ئەم کارە بووە هاندەر و هۆکارێک بۆ ئەوەی حەز و خولیایەک لە مندا دروست بێت و بەرەو دنیای ئەدەبیات هەنگاو هەڵبێنم. ئەم بەسەرهاتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی یەکەم و دووەمی خوێندنم لە قوتابخانەدا. دوابەدوای ئەوە، هێدی هێدی دەستم کرد بە خوێندنەوەی کتێب و چیرۆک و شێعری منداڵانە. تا ئەوەی کە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا یەکەمین بەرهەمم بۆ منداڵان بڵاو کردەوە و ساڵی دواتریش بەرهەمێکی دیکە و ئیتر درێژەم پێدا تا هەنووکە و درێژەپێدەرم تا هەرکات ئەم هەناسەیە لەگەڵما بێت.
هاژه ـ ئەو بەرهەمانەی کە لەسەر منداڵان بەرهەمتان هێناوە یان وەرتان گێڕاوە، ناویان چییە و تەوەرەکەیان چییه؟
ساڵی ٨٦ بوومە ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە مەریوان و لەو کاتەوە تا ئێستا داڵغەی ژینگە و سرووشت و کێشە و گرفتەکانی لەگەڵم بووە. ساڵانێک ئەنجومەنی چیا بلاڤۆکێکیان هەبوو کە ژینگەیی-کۆمەڵایەتی بوو، منیش زۆر حەزم دەکرد بابەتێکم چاپ و بڵاو بێتەوە، بۆیە بەردەوام بابەتم دەنووسی بۆیان تا ئەوەی کە جارێکیان بابەتێکم لەو بلاوڤۆکەدا بڵاو کرایەوە و بۆ جاری یەکەم ناوی خۆمم بەسەر چاپەمەنییەکەوە بینی؛ هەر ئەو یەک بابەتە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر من دانا و دوای ئەوەش بەردەوامتر بووم لەسەر نووسینەکانم لە بواری ژینگەدا. ساڵی ٩٢ یەکەمین بەرهەمم بەنێوی "سمۆرە" کە کۆمەڵە شێعرێکی منداڵانەی ژینگەپارێزی بوو بڵاو بوویەوە. ساڵی ٩٣ بەرهەمێکی دیکەم بەنێوی "ڕۆژێکم بۆ زرێبار" کە ئەویش چیرۆکێکی منداڵانەی تایبەت بە زرێبار بوو بڵاو کردەوە. ئەم دوو بەرهەمە ئەگەرچی ئێستا چوونەتە ڕیزی ئەو بەرهەمانەی کە وەبەر دڵی خۆم ناکەون، بەڵام بوونە پردی پەڕینەوەی من و دەستیان گرتم و خۆشم دەوێن. ئەوکات یەکەمین بەرهەمم ٥ هەزار تیراژی بوو و هەمووی فرۆشرا و پێشوازییەکی باشی لێکرا کە بەداخەوە لە ئێستادا وەها تیراژێک بۆ کتێبی کوردیی منداڵان مەگەر بە خەون ببینین. بەرهەمی سێهەمم ساڵی ١٣٩٩ بڵاوکرایەوە. چیرۆکی پشت ئەم کتێبەیش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە دەستم دابووە خوێندنەوەی ئەو بەرهەمانەی کە بۆ منداڵان چاپ دەبوون. یەکێک لەو نووسەرانەی کە شەیدای نووسین و پەخشانەکانی بووم، هووشەنگی مورادی کرمانی بوو. هەربۆیە لەو قۆناغەدا سەرجەم کارەکانیم خوێندەوە و یەکێک لە بەرهەمەکانی بەنێو "مثل ماه شب چهارده" زیاتر سەرنجی ڕاکێشام و دەستم دایە وەرگێڕانی و بوو بە "وەکوو مانگی شەوی چواردە".
هاژه ـ ئێستا بە نیسبەت پێشوو گرینگی زیاتر بە بارهێنانی منداڵ دەدرێت و جودا لە خوێندنی قوتابخانە، بنەماڵە لە حەولی ئەوە دان بۆ کلاسەکانی فێر کردنی مۆسیقا و وەرزش و... بیاننێرن، ئەو شتە چۆن دەبینن؟
مارتا نۆسبام یەکێک لە تیۆریسیەنەکانی بواری پەروەردە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە پەروەردەی منداڵ تەنیا نابێت بە قوتابخانەوە سنووردار بکرێت؛ بەڵکوو دەبێت کۆمەڵێک توانایی و لێهاتوویی ژینگەیی، عاتیفی، فەرهەنگی و داهێنان لە منداڵدا بەهێزتر بکرێت تا بتوانیت لە داهاتوودا ژیانێکی شیاو و لەباری بێت؛ لەم ڕوانگەیەوە ڕاپێچبوونی بنەماڵە بەرەو فێرکاریگەلێکی تەکمێلکەر وەکوو مۆسیقا، وەرزش و هونەرە داهێنانەکان، دەتوانێت نیشانەیەکی ئەرێنی بێت لە بایەخدان و گرینگیی بە "گەشەی چەند ڕەهەندیی منداڵ". بەڵام دەبێت خاڵێکی سەرەکی لەبەرچاو بگیرێت: ئەگەر ئەم چالاکییانە تەنیا لە چوارچێوەی "سەرمایەگوزارییەکی ئەبزاری" ببینرێن- یانی تەنیا بۆ سەرکەوتنی منداڵ لە خوێندنی داهاتوو یان ڕکابەریی کۆمەڵایەتی بێت- مەترسیی ئەوە هەیە کە منداڵ بێت بە ئۆبژەیەک لە داواکاریی دایکان و باوکان. لە کاتێکدا کە ڕوانگە نوێیەکانی بواری پەروەردە لەسەر ئەمە جەخت دەکەنەوە کە ئەو فێرکارییانە دەبێت لەگەڵ حەز و هۆگریی دەروونی منداڵدا هاوئاهەنگ بن تا ببنە هۆی گەشەی تەواوی ئەو منداڵە.
هاژه ـ منداڵ دۆخی تایبەت بە خۆی هەیە، لە ئێستادا پزیشکی تایبەت بە منداڵان هەیە، ڕاهێنەری وەرزشی و مۆسیقای تایبەت بە منداڵان هەیە، ڕەوانناسی تایبەت بە منداڵان هەیە، بەو پێیە دۆخی کتێبی کوردی منداڵان بەتایبەتی لە بەشی (شێعر و چێرۆک) چلۆن هەڵدەسەنگێنن؟
منداڵانی هەر کۆمەڵگەیەک مافی ئەوەیان هەیە کە لە سەرەتاییترین قۆناغەکانی ژیانیانەوە لەگەڵ دەقگەلێکدا پەیوەندی بگرن کە بە زمانی دایکییان، فەرهەنگ و ئهزموونی ژینکراوی خۆیان وێنا کرابێت. ئەم بنەمایەش بۆ ئێمە و منداڵی ئێمە وەکوو کورد دەبێت لەبەرچاو بگیردرێت و ئەدەبی کوردیی منداڵانیش، بەتایبەت لە بواری شێعر و چیرۆکدا، نەتەنیا ئامرازێک بۆ سەرگەرمی یان فێرکاری، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاو و بنەڕەتین لە دۆزینەوە و ناسینی شوناس و گەشەی فەرهەنگیی منداڵ دێنە ئەژمار.
لە دەیەی ڕابردوودا، بەرهەمەکانی ئەدەبیی کوردیی منداڵان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. وەشانگە و نووسەرانێکی زۆرتر هاتوونەتە نێو ئەم بوارەوە، فێستیڤاڵ و دانیشتن و کۆڕ و کۆبوونەوەگەلێک لەم بەستێنەدا بەڕێوەچوون و بەشێک لە بەرهەمەکان بەشێوازێکی جیددی چوونەتە نێو دنیای ڕەخنە و لێکدانەوە. بەم پێیە هێشتا لەڕووی چۆنیەتییەوە کۆمەڵێک ئاڵنگاریی پێوە دیارە کە بەچەند خاڵێکیان ئاماژە دەکەم.
زاڵبوونی وەرگێڕان: بەشێکی زۆر لە کتێبەکان وەرگێڕانن و کەمتر لەسەر بەرهەمێکی داهێنەرانە جەخت کراوەتەوە. هەر ئەمە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە منداڵی کورد زیاتر لەگەڵ جیهانی ئەدەبیی "کەسانی دیکە"دا ئاشنا بێت تا جیهانی ئەدەبی و فەرهەنگیی خۆی.
لاوازی لە بواری شێعری منداڵ: شێعری کوردیی منداڵان هێشتا نەیتوانیوە پێ بە پێی گۆڕانکارییە جیهانییەکان لە ڕووی مۆسیقای زمانی، کێشگەلی نوێ و بەیانێکی ڕیتمیکی تایبەت بە منداڵ بجووڵێت و هەنگاو بنێت. زۆرێک لەو شێعرانەی دەوترێن هێشتا بەپێی ئەو نمێنکە سونەتییانە دەڕۆن کە بۆ منداڵی ئەمڕۆ سەرنجڕاکێشی و چێژێکی ئەوتۆی نییە.
چیرۆکنووسی و لاوازبوونی ڕەخنەی زانستی و پسپۆڕانە: ئەگەرچی لە بواری چیرۆکدا پێشکەوتن دەبینین، بەڵام نەبوونی ناوەندگەلێکی تایبەت و پسپۆڕی ئەدەبی منداڵ و نەبوونی توێژینەوەگەلی زانستیی بەرین لەم بوارەدا، بووەتە هۆی ئەوەی کە پێوەرەی زانستی بۆ هەڵسەنگاندنی چۆنیەتیی بەرهەمەکان نەیەتە ئاراوە.
لە ڕوانگەی تیۆرییەوە دەبێت سەرنج بدرێت کە ئەدەبی کوردیی منداڵان ئەگەر بەپێی بنەمای ڕوانگەگەلێکی نوێ وەکوو ئێکۆکڕیتیزیسم و لێکۆڵینەوەگەلی پۆست کۆلۆنیالی منداڵ سامان و سەقام بگرێت، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگی بێت لە پەروەردەی منداڵاندا؛ لەبەر ئەوەی کە منداڵان لە ڕێگای چیرۆک و شێعرەوە دەکەونە بیرکردنەوە لەمەڕ سروشت، زمانی دایکی و شوناسی گشتیی خۆیانەوە. کەوایە بەڕای من ئەدەبیی کوردیی منداڵان لەمڕۆدا وێڕای بوونی کەمووکۆڕییەکان، لە جووڵەدایە و بەرەو کوالێت و داهێنانی خۆماڵییانە هەنگاو هەڵدەنێت. هاوکات بەبڕوای من داهاتووی ڕۆشنی ئەم بوارە کاتێک بە باشی مسۆگەر دەبێت کە پەیوەندییەک لەنێوان زانستگا، نووسەران، ڕەخنەگرانی ئەدەبی و ڕێکخراوە خەڵکییەکاندا دروست بێت و ئەم پەیوەندییە بەهێز بێت و منداڵی کورد بتوانێت کتێبێک بگرێتە دەستیەوە کە هەم زمانەکەی بپارێزێت و ڕێزی بۆ دابنێت و هەم خەیاڵ و داهێنانیشی بورووژێنێت. بۆ دەستەبەربوونی ئەم ئامانجە بەپێی توانایی خۆم ماوەی ساڵ و نیوێکە بە هاوکاریی توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان ناوەندێکمان دامەزراندووە کە بتوانێت لەڕووی خوڵقاندنی بەستێنێک بۆ دروستبوونی گوتارێکی ڕەخنەیی ئەدەبی منداڵ هەنگاو بنێت و هەم بێتە دروستکەری ئەو پەیوەندییەی نێوان ئەو چەمکانەی کە هەرکام لە داهێنان و بەرهەمی منداڵدا دەور دەگێڕن. هەربۆیە تا هەنووکە زنجیرە دانیشتنێکی زانستیی تایبەت بە ئەدەبی کوردیی منداڵانمان بەڕێوەبردووە و بۆ یەکەمین جار لە زانکۆیەکدا کۆمەڵە کتێبێکی منداڵانە ئامادەی چاپ و بڵاوکردنەوەن کە هەم پاڵپشتییەک بێت لەو نووسەرانە و هەم ئەوەی کە زانکۆ لە بنەڕەتەوە لە ڕەوتی خوڵقاندن و بەدیهاتنی ئەدەبی منداڵدا ڕۆڵ بگێڕێت.
هاژه ـ سنوورەکانی ئەدەبیاتی منداڵان لە کوردستاندا چۆن دەبینی؟
سنوورە سەرەکییەکانی ئەدەبی کوردیی منداڵان دەتوانین لە چەند ئاستێکی زانستیدا پۆلێنبەندی بکەین:
سنووری نێوان فێرکاری و ئەدەبیات: زۆرێک لەو بەرهەمانەی بۆ منداڵان دەنووسرێن، هێشتا بە ڕوانگە و ڕوویکەردێکی فێرکارییانەوە دەنووسرێن، نەک ئەدەبی. لە کاتێکدا لە ڕوانگەی نوێی ڕەخنەی ئەدەبیی منداڵ جەخت دەکرێتەوە کە ئەدەبیات کاتێک مانا پەیدا دەکات کە خەیاڵ، جوانیناسی و تەجروبەی ژینکراوی منداڵ لە ناوەنددا دابنرێت. دانانی سنوور لەنێوان "ئەدەبییەت" و "کارکردی فێرکاری" یەکێکە لە گرینگترین ئاڵنگارییەکانی ئەدەبی کوردیی منداڵان.
سنووری نێوان ڕەوتی خۆماڵی و جیهانی: ئەدەبی کوردیی منداڵان لەلایەکەوە بەدوای نواندنەوەی میراتی خۆماڵی، ئەفسانەکان، سروشت و فەرهەنگی خۆماڵییە و لەلایەکی دیکەوە بە ناچاری لەگەڵ ڕەوتە جیهانییەکانی ئەدەبی منداڵدا پەیوەندی دەگرێت. ئەم سنوورە هەندێ کات دەبێتە هۆی "وەرگێڕان تەوەری" و هەندێ کات دەگاتە "داهێنانی خۆماڵییانە". ئەم سنوورە هەرچەندە بەرەو هاونشینییەکی داهێنەرانە بڕوات، ئەدەبی کوردیی منداڵان دەفرایەتییەکی زیاتری بۆ دروستکردنی شوناس و وتووێژی فەرهەنگی دەبێت.
سنووری توێژینەوەیی: نەبوونی ناوەندگەلی بەهێزی ڕەخنە، بانکی دەیتا و توێژینەوەگەلی زانستگایی بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەدەبی کوردیی منداڵان هێشتا چوارچێوەیەکی دیاریکراوی بۆ هەڵسەنگاندن و داڕشتنی تیۆری نەبێت. سنوورەکانی ئەم چەمکە زیاتر لەلایەن نووسەران و وەرگێڕانی تاکەوە دەکێشرێن تاکوو ناوەندگەلی زانستی و فەرهەنگی. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئێمە لەگەڵ بوارێکی "پەرتەوازە و دوور لە چوارچێوە" ڕووبەڕوو بینەوە کە بۆ سەقامگیربوون، پێویستی بە بوونی توێژینەوەگەلێکی زانستیی نێوانبەشی و ڕەخنەی تایبەت و پسپۆڕانە هەیە.
کەوایە دەتوانین بڵێین سنوورەکانی ئەدەبی کوردیی منداڵان، سنوورگەلێکی شناوەر و تێپەڕن. ئەم سنوورانە نەبەستراون، و نە لە پێشیش تاریف و پێناسەیان بۆ کراوە؛ بەڵکوو بەردەوام لە وتووێژن لەگەڵ پێویستییەکانی منداڵ، گۆڕانکارییە فەرهەنگییەکان و ڕەوتە جیهانییەکاندا خەریکی کێشانەوەی دووبارەن. داهاتووی ئەم بوارە پەیوەستە بەوەی کە تا چ ڕادەیەک بتوانێت لە ئاستی بەرهەمهێنانی تاکەوە تێپەڕێت و بەرەو نواندندەوەیەکی زانستی، پەرەسەندنی ڕەخنەی پسپۆڕانە و لە پەیوەندی لەگەڵ تیۆرییە نوێیەکانی ئەدەبی کوردیی منداڵاندا بڕوات.
هاژه ـ بە گشتی ئەدەبیاتی منداڵانی پێشوو لەگەڵ ئێستا لە ڕووی جوانی و ناوەرۆکەوە چ جیاوازییەکی هەیە؟
ئەگەر لەسەر بنەمای ڕێبازە مۆدێرنەکان بۆ ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان و بەتایبەت بۆچوونەکانی ماریا نیکۆلایڤا بڕوانین، دەتوانرێت پەرەسەندنی ئەدەبی منداڵان لە گواستنەوەی لە "کارکردی پەروەردەیی و ئەخلاقی" بۆ "کارکردی جوانکاری و شوناس" ڕوون بکرێتەوە. لە ڕابردوودا چ لەسەر ئاستی جیهانی و چ لە کوردستان، ئەدەبی منداڵان زیاتر لە هەموو شتێک ئامرازێک بوو بۆ گواستنەوەی بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان.
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە: تەوەرە باڵادەستەکان بریتی بوون لە فێرکردنی ئەخلاق، ئایین، گوێڕایەڵی دایک و باوک و پاراستنی نەریتەکان. منداڵەکە زیاتر وەک "گەورەیەک" سەیر دەکرا نەک مرۆڤێک کە جیهانێکی سەربەخۆی هەبێت و خاوەنی پێویستی بێت.
لە ڕووی جوانیناسیەوە: زمانەکە سادە و هێڵکاری بوو، کارەکتەرەکان تیپیک بوون (قارەمانی باش/خراپ)، گێڕانەوەکان بەبێ لایە و چەند دەنگ نەبوون. ئەگەر شێوەکارییەک هەبوو، زیاتر دیکۆری بوو نەک توخمێکی گێڕانەوەیی.
لە سەردەمی هاوچەرخدا، لەگەڵ فراوانبوونی توێژینەوەکانی منداڵی و تێڕوانینی منداڵ وەک "سووژەیەکی سەربەخۆ"، ئەدەبیاتی منداڵان گۆڕانکاریی قووڵی بەخۆیەوە بینیوە.
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە: بابەتەکان فراوانتر و مرۆڤانەتر بوون؛ پرسەکانی وەک ناسنامەی تاک و گشتی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کۆچبەری، هاوڕێیەتی، مردن، ژینگە و تەنانەت پرسیارە فەلسەفیەکانیش هاتوونەتە ناو ئەدەبیاتی منداڵانەوە. منداڵ چیتر "بینەرێکی پاسیڤ" نییە، بەڵکوو ناوەندی ئەزموون و بابەتی گێڕانەوەیە.
بە کورتی، جیاوازی سەرەکی ئەوەیە کە ئەدەبیاتی منداڵان لە ڕابردوودا "بۆ منداڵان" دەنووسرا، بەڵام ئەدەبیاتی منداڵانی ئەمڕۆ "لەگەڵ منداڵ و سەبارەت بە منداڵ " دەخولقێت. ڕابردوو زیاتر سەرنجی لەسەر ڕێنمایی و پەروەردە بوو و ڕوانگەی لە سەرەوە بۆ خوارەوە بوو، بەڵام ئەمڕۆ جەخت لەسەر خەیاڵ و ئەزموونی ژیاو و خۆدەربڕینی منداڵ دەکاتەوە. لە ڕاستیدا پەرەسەندنی ئەدەبی منداڵان ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی چەمکی "منداڵییە" لە زانستە مرۆییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا: لە "گەورەساڵی ناتەواو"ەوە بۆ "مرۆڤێکی تەواو بە پێداویستی و جیهانی خۆیەوە".
هاژه ـ دەبێ پەیڤ و وشەی تایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان جیهانی تایبەت بە خۆی هەبێت، بە بڕوای ئێوە نووسەران، ئەدیبان و شاعیران و میوزیسییەنەکانی کورد توانیویانە ئەو شارە ڕەنگینە پێک بهێنن؟
لە تیۆرییە نوێیەکانی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵاندا، جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئەدەبی منداڵان تەنیا کاتێک دەگاتە ڕەسەنایەتی خۆی کە "زمان و فۆرم و جوانکاریی خۆی" بدۆزێتەوە؛ واتە نە بەرهەمهێنانەوەی سادەی ئەدەبیاتی گەورەساڵانە بێت و نە تەنها ئامرازێکی پەروەردەیی. ئەدەبیاتی جیهانی منداڵانی ئەمڕۆ، "ڕێزمانێکی تایبەت"ی بۆ خۆی دروست کردووە؛ زمانێک کە تێکەڵەیەک لە خەیاڵ و کورتی و مۆسیقای ناوەوە و وێنەسازییە و ڕەنگدانەوەی ئەزموونی ژیانی منداڵە.
ئێستا ئەگەر ئەم پێوەرە گشتگیر بکەین بۆ ئەدەبیاتی منداڵانی کورد، دەبێ بڵێین:
لە بواری چیرۆکی منداڵاندا، بەشێک لە نووسەرانی کورد بە پشتبەستن بە ئەفسانە و فەرهەنگی فۆلکلۆر و ژینگەی ناوچەکە توانیویانە جۆرێک لە گێڕانەوەی منداڵان بە تایبەتمەندییەکانی خۆیانەوە بخولقێنن. ئەو بەرهەمانەی پشت بە خەیاڵ و ڕوانگەیەکی لۆکاڵی دەبەستن، نیشانەکانی ئەم "تایبەتمەندییە سەربەخۆیە"یان نیشانداوە، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا.
لە بواری شێعری کوردیی منداڵاندا، سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە دراوە، هێشتا کەلێنێکی بەرچاو لەگەڵ "زمانی سەربەخۆی منداڵان"دا هەیە. هێشتا زۆرێک لە شێعرەکان لە ئاستی بەرهەمهێنانەوەی زمانی گەورەساڵان یان نەخشە نەریتییەکاندا ماونەتەوە و کەمتر توانیویانە ڕیتم و مۆسیقای گونجاو لەگەڵ عەقڵ و زمانی منداڵانی ئەمڕۆدا دروست بکەن.
لە بواری مۆسیقای منداڵاندا بەرهەمهێنانی بەرهەم زۆر سنووردارە و زۆرتر لە چوارچێوەی گۆرانییە نەریتییەکان یان خوڵقاندنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکاندا کاری کردووە. مۆسیقای منداڵانی کورد هێشتا وەک "ژانرێکی سەربەخۆ" دانەمەزراوە.
بە واتایەکی تر، هونەرمەندان و نووسەرانی کورد لە هەندێک بواردا توانیویانە لە "زمانی تایبەتی منداڵان" نزیک ببنەوە، بەڵام هێشتا ئەم ڕەوتە بۆ شوناسێکی یەکگرتوو و بەردەوام پێک نەهاتووە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش نەبوونی دامەزراوەی تایبەتمەند بۆ ڕەخنە و توێژینەوەی ئەکادیمی و وەبەرهێنانی بەردەوام بووە لەم بوارەدا. بەڵام خاڵی ئومێد ئەوەیە کە ڕەوتی نوێ لە ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا (وەک گرنگیدان بە بابەتی ژینگەیی، فرەچەشنی فەرهەنگی، و گێڕانەوەی ڕەسەن) لەگەڵ ڕەوتە جیهانییەکاندا یەکدەگرێتەوە. ئەگەر ئەم هەوڵانە بەردەوام بن و به تیۆرییە نوێیەکانی ئەدەبی منداڵانەوە گرێ بدرێن، دهکرێت چاوهڕوان بکرێت که ئه دهبیاتی منداڵانی کورد ورده ورده "زمان و جوانیناسی"ی خۆی دابمهزرێنێت - زمانێک که لاساییکردنەوەی ئهدهبی جیهانی نییه، بهڵکوو ڕهنگدانهوهی ئهزموونی ژیاوی منداڵانی کورده .
هاژه ـ هێندێک وا بیر دەکەنەوە نووسین بۆ منداڵ زۆر هاسانە و هێندە مەرج و یاسای قورسی نییە، بەڕێزتان وەک مامۆستایەکی زانکۆ چۆن لەم بابەتە دەڕوانن؟
بیرۆکەی ئەوەی کە "نووسین بۆ منداڵان ئاسانە" ڕوانگەیەکی زۆر هەڵە و سادەبینراوە. ئەدەبی منداڵان یەکێکە لە ئاڵۆزترین بوارەکانی نووسینی ئەدەبی، چونکە نووسەر دەبێت گرنگی بە توانا مەعریفی و دەروونی و سۆزدارییەکانی منداڵ بدات و لە هەمان کاتدا دەوڵەمەندی زمانەوانی و جوانکاریی بپارێزێت. نووسین بۆ منداڵان نەک تەنها پێویستی بە "یاسا و مەرجەکانی خۆی" هەیە، بەڵکوو پێویستی بە ناسینی زانستە نێوان بەشییەکانە:
لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە: نووسەر دەبێت زمانێکی ڕوون و هاوئاهەنگ دروست بکات کە لەگەڵ جیهانی منداڵدا بگونجێت، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ نووسینی سادە یان ڕووکەش ببات.
لە ڕوانگەی دەروونناسی گەشەسەندنەوە: بە پشتبەستن بە تیۆرییە نوێیەکانی وەک “دەروونناسی گێڕانەوە لە منداڵیدا، منداڵ لە هەر قۆناغێکی تەمەنیدا توانای جیاوازی هەیە بۆ تێگەیشتن لە گێڕانەوە و هێماکان. نووسەر دەبێ بە وردی ئەم جیاوازیانە بناسێت.
لە ڕووی جوانیناسیەوە: ئەدەبیاتی منداڵانی ئەمڕۆ لە تێکەڵەیەک لە دەق و وێنە و تەنانەت دیجیتاڵ میدیا پێکهاتووە. بۆیە نووسەر دەبێت ئاگاداری فرەلایەنەی بەرهەمەکەی بێت.
لە ڕاستیدا ڕەنگە نووسین بۆ منداڵان "دژوارتر بێت لە نووسین بۆ گەورەکان" چونکە نووسەر بۆ گەورەکان دەتوانێت پشت بە ئەزموونە ژیاوەکانیان و هۆشیاری ڕەخنەیی ببەستێت، بەڵام لە نووسین بۆ منداڵان، دەبێت جیهانێکی نوێ دروست بکات کە هەم خەیاڵی بێت و هەم هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ زمان و پێداویستی و هەستیاریی منداڵ. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە زانکۆ و ناوەندە بەناوبانگەکانی توێژینەوە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەدەبی منداڵان لقێکی سەربەخۆ و تایبەتمەندە، و نووسەرانی پیشەیی لەو بوارەدا ساڵانێک دەخوێنن و ئەزموون بەدەست دەهێنن. ئەگەر کەسێک پێی وابێت نووسین بۆ منداڵان سادەیە، ڕەنگە ئاشنای ئاڵۆزییە تیۆری و پراکتیکییەکانی ئەم بوارە نەبێت.
هاژه ـ هۆی ئەوەی کە لە ساڵانی پێشوودا گرینگێکی ئەوتۆ بە دنیای منداڵان و ئەدەبیاتی ئەوان نەدراوە، بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ئەگەر لە ڕوانگەی مێژووی کۆمەڵایەتی منداڵییەوە لێی بڕوانین، کەمی گرینگیی ئەدەبی منداڵان و جیهانی منداڵان لە ڕابردوودا ڕەگ و ڕیشەی لە چەند هۆکارێکی پێکهاتەیی و فەرهەنگیدا داکوتاوە:
تێڕوانینی گەورەساڵان بۆ منداڵی: لە سەدەکانی ڕابردوودا زۆرجار منداڵان وەک "گەورەیەکی ناتەواو" سەیر دەکرا، نەک وەک بوونەوەرێکی خاوەن پێداویستی و جیهانبینیی سەربەخۆ. بۆیە بایەخدان بە خەیاڵ و ئەزموونی زیندوو و ئەدەبیاتی منداڵان هیچ جێگەیەکی نەبوو. هەروەها ئەو ئەدەبیاتەی کە هەیبوو بە شێوەیەکی سەرەکی پەروەردەیی یان ئەخلاقی بوو و کات بەسەربردن یان داهێنەربوونی منداڵان بەهایەکی ئەوتۆیان نەبوو.
سنوورداربوونی پەروەردەیی و کولتووری: لە ڕابردوودا ژێرخانی چاپ و کتێبخانەکان و قوتابخانەکانی منداڵان سنووردار بوو. زۆرجار بڵاوبوونەوەی ئەدەبیاتی منداڵان تەنیا لە چوارچێوەی کتێبی خوێندن یان وەرگێڕانی بەرهەمی گەورەساڵان ڕووی دەدا و بەرهەمی داهێنەرانەی ڕەسەنی منداڵانی گەشەیەکی ئەوتۆی نەبوو.
ڕوانگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی: منداڵان وەک هێزی کاریی پوتانسیەل یان داهاتووی ئابووریی خێزان سەیر دەکران، نەک وەک بەردەنگێکی فەرهەنگیی سەربەخۆ. بۆیە وەبەرهێنان لە کتێب و چیرۆک و هونەری منداڵاندا گرنگییەکی ئەوتۆی نەبوو.
نەبوونی لێکۆڵینەوە و تیۆریزەکردن لە بواری منداڵیدا: تا نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، توێژینەوە نێوان بەشەکان لەسەر منداڵی و دەروونناسیی گەشەکردن و پێداویستییە فەرهەنگییەکانی منداڵان زۆر سنووردار بوون. ئەدەبیاتی منداڵانیش بەدەست ئەم کەموکوڕییەوە دەناڵێنن و پێوەری زانستی بۆ بەرهەمهێنان و هەڵسەنگاندنی بەرهەمی منداڵان نەخولقابوو.
بە گشتی دەکرێ بڵێین لاوازی لە گرینگیدان بە جیهانی منداڵان و ئەدەبیاتەکەیان، تێکەڵێک بووە لە ڕوانگەیەکی گەورەساڵانە و سنووردارکردنی فەرهەنگی و دامەزراوەیی و نەبوونی تیۆری و لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند. لەم دەیان ساڵەی دواییدا، لەگەڵ گەشەکردنی خوێندنی منداڵ و دەروونناسی منداڵان و گرنگیدان بە مافە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانیان، ئەم تێڕوانینە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئەدەبیاتی منداڵان لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی لە فەرهەنگ و هونەردا نزیک بووەتەوە.
هاژه ـ تا چەند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرینگی بە فێستیواڵەکانی تایبەت بە منداڵان دراوە؟
لە ڕۆژهەلاتی کوردستان فێستیڤاڵەکانی ئەدەبی منداڵان لە گرنگترین ئامرازەکانن بۆ داڕشتن و بەهێزکردنی فەرهەنگی منداڵان بە زمانی دایکی. ئەزموونە سەرکەوتووەکانی وەک فێستیڤاڵی شیعری کوردیی "مناڵ" لە شاری ئەیوانی ئیلام کە لەلایەن بنەماڵە و شاعیرانەوە پێشوازی لێدەکرا، توانی شێعری کوردیی منداڵان لەنێو کۆمەڵگەیەکی بەرفراونی منداڵ-بنەماڵەدا جێگیر بکات و سەکۆیەک بۆ گەشەی داهێنەرانەی منداڵان دابین بکات. هەروەها فێستیڤاڵی ئەدەبیاتی منداڵانی "شوناس" کە لە کامیاران بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا پێنج جار بەڕێوەچووە، کەشێکی شیاوی لەنێو دنیای چیرۆک و خوڵقاندنەوەی منداڵاندا دروست کردووە و بووەتە شوێنی گفتوگۆی نێوان نووسەران، پەروەردەکاران، توێژەران، و خودی منداڵانیش. جگە لەوەش، فێستیڤاڵی خوێندنەوە و شانامەی کوردیی منداڵانی کورد لە کرماشان، ڕێبازێکی نوێ بۆ میراتی چیرۆکی و گێڕانەوەی کلاسیک بۆ منداڵان دەڕەخسێنێت و فەرهەنگی "خوێندنەوەی بەکۆمەڵ" بەهێزتر دەکات.
سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، هێشتا دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە فێستیڤاڵەکانی ئەدەبی منداڵان لە کوردستاندا ڕووبەڕووی چەند کێشەیەکی جددییە:
زۆرێک لە فێستیڤاڵەکان وابەستەی تاک یان دامەزراوە ناوخۆییەکانن و سەقامگیریی پێکهاتەیییان نییە.
نەبوونی پاڵپشتی دامەزراوەیی و دارایی؛ بەردەوامی فێستیڤاڵەکان زۆرجار پشت بە توانای تاکەکەسی ڕێکخەران دەبەستێت و بەبێ سیاسەتێکی فەرهەنگیی بەرفراوان، داهاتوویەکی چاوەڕواننەکراویان نییە.
هێشتا پەیوەندییەک لە نێوان دەستکەوتەکانی ئەم فێستیڤاڵانە و مەنهەجی قوتابخانەکاندا دروست نەبووە.
نەبوونی ڕەخنەی زانستی و هەڵسەنگاندنی ناوەرۆک؛ زۆرێک لەو دەقانەی کە لە فێستیڤاڵەکاندا پێشکەش دەکرێن دواتر بەپێی پێوەرە زانستی و دەروونییەکانی ئەدەبیاتی منداڵاندا ناپێورێت.
لاوازی لە تۆمارکردن و ئەرشیڤکردنی دەستکەوتەکان؛ زۆربەی فێستیڤاڵەکان دوای کۆتاییهاتنیان ئەرشیڤیکی یەکدەست و تەواویان نییە و ئەنجامەکانیان لەبەردەستی توێژەران و نەوەکانی داهاتوودا نین.
بهڵام بهردهوامی ئهو فێستیڤاڵانه دەریدەخەن که کۆمهڵگەی کوردی سهرقاڵی تاقیکردنهوهی ڕێگای نوێیە بۆ دامهزراندنی ئهدهبی منداڵان وهک بزووتنهوهیهکی فەرهەنگی. ئەگەر ئەم بزاڤانە پاڵپشتی بەردەوامی زانکۆ و ڕاگەیاندن و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانیان لەگەڵدا بێت، ئومێد دەکرێت فێستیڤاڵەکانی منداڵان نەک هەر ببنە شوێنی کۆبوونەوەی هونەرمەندان و منداڵان، بەڵکوو ببنە سەکۆیەکی دامەزراوەیی بۆ بەرهەمهێنانی زانست و پەروەردەکردنی نەوەیەکی نووسەر و خوێنەری منداڵان و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەی کوردی.
هاژه ـ لە کایە و وانەکان تا چەند منداڵناسی و لایەنی پەروەردەیی و دەروونناسی لەبەر چاو دەگیرێن؟
لە پرۆسەی گەشە و پەروەردەکردنی منداڵدا، هەردوو یاری و وانە جێگەی یەکلاکەرەوەیان هەیە، بەڵام کاریگەرییەکانیان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە گرنگیدان بە زانستی منداڵان و ڕەچاوکردنی لایەنە پەروەردەیی و دەروونییەکانیان. یاریکردن تەنها کات بەسەربردن نییە بۆ منداڵ، بەڵکوو زمانە سرووشتییەکەیەتی بۆ تێگەیشتن لە جیهان و ئەزموونکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دەربڕینی هەستەکان. کاتێک یارییەکان بەپێی قۆناغەکانی گەشەکردنی مەعریفی و سۆزداری و کۆمەڵایەتی منداڵ دادەڕێژرێن، دەتوانن بەستێنێکی گونجاو بن بۆ پەرەپێدانی خەیاڵ و داهێنان و چارەسەرکردنی کێشەکان و تەنانەت توانای پەیوەندیکردنیان. بەتایبەتی لە قۆناغی پێش قوتابخانە و سەرەتاییدا، یاری ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پێکهێنانی کەسایەتی و متمانە بەخۆبوون و توانا مەعریفییەکانیان.
هەروەها وانەکان کاتێک دەتوانن زیاتر لە پەروەردەکردنێکی زانیارییانە تێپەڕن کە یەک کاتدا پێداویستییە دەروونی و پەروەردەییەکانی منداڵ لەبەرچاو بگرن. پەروەردەی یەکلایەنە و وشک وا دەکات منداڵ ڕقی لە فێربوون بێت، بەڵام ئەگەر وانەکان بە شێوازی چالاک و داهێنەرانە بخرێنەڕوو، جگە لە گواستنەوەی زانست، بەها مرۆییەکانیش فێری منداڵ دەکەن، وەک هاوسۆزی، بەرپرسیارێتی، ڕێزگرتن لە جیاوازی و... لە لایەکیترەوە پەروەردە دەبێت لەگەڵ ناسنامەی فەرهەنگی و زمانی منداڵدا بگونجێت. کاتێک یاری و ناوەڕۆکی وانەکان لە پەیوەندی لەگەڵ فەرهەنگ و زمان و ئەزموونی ژیاوی منداڵدا داڕێژراون، نەک هەر سەرنجڕاکێشتر و کاریگەرتر دەبن، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی ناسنامە و متمانە بەخۆبوون بەهێزتر دەکەن.
بۆیە دەکرێ بڵێین هەردوو یاری و وانەکان ئامرازی پەروەردەین کە ئەگەر لەسەر بنەمای زانستی منداڵ و پێداویستییەکانی دروست دابمەزرێن، گەشەیەکی باش بۆ ئەو منداڵە مسۆگەر دەبێت. لە لایەکی ترەوە پشتگوێخستنی لایەنە دەروونی و پەروەردەییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی یارییەکان ببنە کات بەسەربردنێکی ڕووکەش و وانەکان ببنە ئەرکێکی ناچاری. بۆیە ئایندەی پەروەردەی منداڵان پەیوەستە بە ڕادەی سەرمایەدانان و پلانی ئێمە بۆ تەڕاحیی ئەو یاری و وانانەی کە نەتەنیا زانست، بەڵکوو چۆنیەتیی ژیانکردن فێری منداڵ بکەن.
هاژه ـ کایەکانی کۆنی کوردەواری تایبەت بە منداڵان لە کوردستان تا ئاستێکی زۆر بە هۆی سۆشیال میدیا بەرەو فەوتان چوون، ڕێگا چارە چییه کە ئەو کایانە (وەک کرداری فیزیکی لەش) منداڵانی ئهمڕۆ سەرقاڵ بکەن؟
کایەکۆنەکانی کوردەواری، جگە لەوەی کە خۆش و چێژبەخش بوون، ئامرازێکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و جەستەیی بوون کە منداڵانیان لەگەڵ جووڵە و کاری تیمی و ڕێسای کۆمەڵایەتی و داهێنان ئاشنا دەکرد. بەداخەوە هاتنی سۆشیال میدیا و کەمبوونەوەی کاتی یاریکردن لەسەر شەقامە و کۆڵانەکاندا، بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لەو یارییانە لەبیربکرێن. بەڵام هێشتا ئەگەری گواستنەوەیان بۆ نەوەی نوێ ماوە، بەڵام پێویستی بە پلاندانان و شێوازی کردەیی هەیە کە ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەم:
دروستکردنی فەزای تایبەتی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی بۆ منداڵان: قوتابخانە و یانەگەلی ڕۆشنبیری و پارکەکان دەتوانن شوێنێک بن بۆ ئەنجامدانی کایەکۆنەکان. ئەم ژینگانە بە شێوەیەک دابڕێژرێن کە تەندروست و سەرنجڕاکێش بن و لەگەڵ پێداویستییەکانی منداڵدا بگونجێت.
تێکەڵکردنی یاری لەگەڵ فێربوون و چالاکیی گرووپی: یارییە کۆنەکان دەتوانرێت لە شێوەی چالاکیی گرووپی و دۆستانە لە پۆل یان لە شوێنگەلی کات بەسەربردن ئەنجام بدرێن. ئەم شێوازە جگە لەوەی کە چێژبەخشە، توانای کۆمەڵایەتی و هاوکاری و پابەندبوون بە یاساکانیش لە منداڵدا بەهێز دەکات.
بەکارهێنانی مامۆستا و ڕاهێنەری شارەزا: مامۆستایان و ڕاهێنەران دەتوانن ڕۆڵێکی کارامە بگێڕن لەم نێوانەدا و یاساکانی یارییەکە بە کردەوە بە منداڵان پیشان بدەن و هانیان بدەن بۆ بەشداریکردنی چالاکانە.
تێکەڵکردنی میدیا و تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی داهێنەرانە: دەتوانرێت میدیا و ئامرازە دیجیتاڵییەکان بەکاربهێنرێت بۆ تۆمارکردن و ناساندنی یارییەکان، وەک کورتە ڤیدیۆی پەروەردەیی یان بەرنامە کارلێککارەکان کە هانی منداڵان دەدەن بۆ یاریکردن.
بەهێزکردنی پاڵنەر و بایەخی فەرهەنگ: پەروەردە پێویستە لە یەک کاتدا بەهای فەرهەنگی و ناسنامەی کایەکان بگەیەنێت، بۆ ئەوەی منداڵان نەک هەر یاری بکەن، بەڵکوو پەیوەندییەکی سۆزداری و فەرهەنگی لەگەڵیدا دروست بکەن. ئەمەش یارییەکان لە کات بەسەربردنێکی سادەیەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ گەشەپێدانی جەستەیی و دەروونی و فەرهەنگی. فێرکاریی کایەکۆنە کوردییەکان پێویستی بە تێکەڵێکە لە فەزای پراکتیکی، ڕاهێنەری لێهاتوو، چالاکیی گرووپی، میدیای داهێنەر و گواستنەوەی بەهای فەرهەنگی. ئەگەر ئەم شێوازانە پەیڕەو بکرێن، ئەم یارییانە دەتوانن جێگەی خۆیان لە گەشەی جەستەیی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی منداڵدا بەدەستبهێننەوە و ئەزموونێکی ڕەسەن و کاریگەر بۆ نەوەی نوێ دروست دەکەن.
هاژه ـ لە ئێستادا بە هۆی بەرەوپێشچوونی تێکنۆلۆژی و ئاڵوگۆڕییەکان کایەکانی منداڵانیش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە،هاوکات منداڵان نازدارتر بوون و دایک و باوکەکان مەیدانی زیاتر بە منداڵان دەدەن، ڕاوبۆچوونی بەڕێزت لەم بارە چییە؟
پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و دەستڕاگەیشتنی بەربڵاوی منداڵان بە جیهانی زانیاری و دەیتا، بێ گومان شێوازی ژیان و یارییەکانی منداڵانی گۆڕیوە. هەرچەندە یارییە دیجیتاڵییەکان و ژینگە مەجازییەکان هەندێکجار دەتوانن تواناکانی مەعریفی و پەروەردەیی گەشە پێ بدەن، بەڵام جێگەی ئەزموونی جەستەیی و گرووپی و داهێنەرانەی منداڵان ناگرنەوە. جگە لەوەش، نزیکبوونەوەی هەندێک لە دایک و باوکان کە بەهۆی سەرقاڵی یان سۆز و خۆشەویستییەکی زۆرەوە، ئازادیی زیادەڕۆیی و نازکردنی منداڵیان پێ باشترە، دەتوانێت کاریگەری نەرێنی بەرچاوی هەبێت لەسەر گەشەکردنی کەسایەتی منداڵ و لێهاتوویی کۆمەڵایەتی.
ئەم دۆخە چەند دەرئەنجامێکی گرنگی هەیە:
کاتێک منداڵ بەبێ سنووردارکردن یان یاسا لە ژینگەی خێزاندا گەورە دەبێت و یارییە جەستەیی و گرووپییەکان وردە وردە جێگەی خۆیان بۆ یارییە دیجیتاڵییە تاکەکەسییەکان دەدەنەوە، کارامەیی کارلێککردن و هاوکاریکردن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی بە باشی پێکناهێنرێت. یارییە کۆنەکان و چالاکییە پراکتیکییەکان بنەمایەک بۆ پەرەپێدانی داهێنان و خەیاڵ و توانای چارەسەرکردنی کێشەکان دابین دەکەن. گۆڕینی ئەم چالاکییانە بە یارییە دیجیتاڵییە پاسیڤەکان ڕەنگە خەیاڵی منداڵ سنووردار بکات و فێربوونی چالاک کەم بکاتەوە.
دەستڕاگەیشتن بە ئامێرە دیجیتاڵییە بەردەوامەکان، سەبر و تەرکیز و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ڕاستەقینەکانی منداڵ کەمدەکاتەوە. پێویستە دایک و باوک و پەروەردەکاران هاوسەنگی لە نێوان ئازادی و چاودێریدا دروست بکەن و ژینگەیەک دروست بکەن کە منداڵەکە هەم یاری بکات و هەم یاسا و سنوورەکان دیاری بکات. یاریی جەستەیی و گروپی داهێنەرانە هەمیشە دەبێت بەشێک بن لە ڕۆتینی ڕۆژانەی منداڵ. بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لەگەڵ ڕاهێنان و ڕێنمایی گونجاودا دەتوانێت سوودەکانی بپارێزێت و کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەم بکاتەوە.
ژینگەی گەشەی منداڵ ئەمڕۆ ئاڵۆزتر بووە. ئەگەر ئازادی لەڕادەبەری منداڵ لەگەڵ کەمبوونەوەی یارییە کرداری و جەستەییەکاندا بێت، ئەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر لێهاتوویی کۆمەڵایەتی و خەیاڵ و کەسایەتی منداڵەکە دەبێت. بۆیە دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان یارییە تەقلیدی و چالاکییە کردارییەکان و بەکارهێنانی دروستی تەکنەلۆژیا، لەگەڵ ڕێنماییکردنی دایک و باوک، مەرجێکی پێویستە بۆ گەشەکردنی هەموو لایەنەکانی منداڵ.
هاژه ـ زۆر جار خۆشەویستی بێسنووری دایک و باوک بۆ منداڵ کاردانەوەی نهرێنی بەدواوەیە، بۆ هاوسەنگی ئهم کێشيه پێشنیارتان چییه؟
خۆشەویستنی منداڵ و دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی لەلایەن دایک و باوکەوە سەرەتاییترین پێداویستی منداڵە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێکهێنانی متمانە بەخۆبوون و ئاسایشی دەروونی و تەندروستی سۆزداریدا. بەڵام کاتێک سۆز و خۆشەویستی زیادەڕەوی و بێ سنوور دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی وابەستەیی و کەمبوونەوەی کۆنترۆڵی ئەو منداڵە. بۆیە دەبێت خێزان هاوسەنگی لە نێوان سۆز و یاساداناندا دابنێت. منداڵ دەبێت بزانێت چ ڕەفتارێک قبوڵکراوە و چ ڕەفتارێک قەدەغەیە. یاسای سادە و هەستکردن بە ئاسایش، چوارچێوەیەک بە منداڵ دەبەخشن.
دەربڕینی خۆشەویستی و سۆز بۆ منداڵ دەبێت لەگەڵ چاوەڕوانی ڕەفتاری گونجاو و پابەندبوون بە یاساکاندا بێت. بۆ نموونە دایک و باوک دەتوانن بە هێمنی و میهرەبانییەوە بە منداڵەکە بڵێن کە بۆچی ڕەفتارێک قبوڵکراو نییە و چ ڕەفتارێکی بەدیل گونجاوە.
دایک و باوک دەتوانن هانی منداڵ بدەن بۆ ئەوەی بڕیاردان ئەزموون بکات، بەرگەی شکست بگرێت و لە ڕێگەی یاری و چالاکییە گروپییەکانەوە چارەسەر بدۆزێتەوە. ئەمەش یارمەتی منداڵ دەدات بۆ پەرەپێدانی بەرپرسیارێتی و سەربەخۆیی.
منداڵان لاسایی ڕەفتاری دایک و باوکیان دەکەنەوە. پێویستە دایک و باوک مۆدێلی ئارامگرتن و ڕێزگرتن لە یاساکان و بەڕێوەبردنی سۆزداری بن بۆ ئەوەی منداڵ فێربێت چۆن خۆی کۆنترۆڵ بکات.
پێویستە دایک و باوک ژینگەیەک دروست بکەن کە منداڵەکە بتوانێت لێی بکۆڵێتەوە و ئەزموون بەدەست بهێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ڕووی سەلامەتی و ئەخلاقەوە سەرپەرشتی و چاودێری بکرێت. ئەم هاوسەنگییە ڕێگە دەدات منداڵ هەست بە سەربەخۆیی بکات بەبێ ئەوەی مەترسی لەسەر بێت. خۆشەویستی دایک و باوک جەوهەری و جێگرەوەی نییە، بەڵام بەبێ چوارچێوە و سنوور دەتوانێت کاریگەری نەرێنی هەبێت. باشترین ڕێگا دەربڕینی خۆشەویستییە لەگەڵ ڕێسایەکی یەکگرتوو و مۆدێلکردنی گونجاو و بەهێزکردنی تواناکانی خۆکۆنتڕۆڵکردن و دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ئازادی و چاودێریدا. ئەم شێوازە هەم منداڵ دەخاتە سەر ڕێگای گەشەکردنی تەندروست و هەم یارمەتی خێزان دەدات لە بەڕێوەبردنی پەروەردەدا.
هاژه ـ هێندێک جار دایک و باب منداڵی لە هاواڵ و منداڵی کۆڵان هەڵداوێرێ و دەیهەوێت بەو ژینگەیەی کە بۆخۆی لە ماڵێ باری هێناوە، هەر ئاوا بێت و ئیزینی چوونە دەری پێ نەدات، ئەمانە لێکەوتەکانی چ دەبێ؟
کاتێک دایک و باوک ڕێگری لە پەیوەندی منداڵ لەگەڵ هاوڕێکانی و جیهانی دەرەوە دەکەن و هەوڵ دەدەن لە سنووری ماڵدا قەتیسیان بکەن، ئەم کارە هەرچەندە بە مەبەستی پاراستن ئەنجام دەدرێت، بەڵام دەتوانێت کاریگەری نەرێنی بەرچاوی هەبێت لەسەر گەشەی گشتیی منداڵەکە. لە ڕێگەی یاریکردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوتەمەنەکانیدا، منداڵ فێری کارامەیی کۆمەڵایەتی دەبێت وەک هاوکاری، هاوسۆزی، نۆرە وەرگرتن و چارەسەرکردنی ناکۆکی و ئەگەر ئەم دەرفەتانە لێی بسەنرێتەوە، توانای دروستکردنی پەیوەندی گروپی و کارلێککردن لەگەڵ کەسانی دیکەدا بە شێوەیەکی سروشتی کەم دەبێتەوە. هەروەها، ڕووبەڕووبوونەوەی ژینگە جۆراوجۆرەکان و ئەزموونکردنی ئاستەنگەکان لە دەرەوە بەشێکە لە پرۆسەی پەرەپێدانی خۆکۆنتڕۆڵکردن، بڕیاردان و بەڕێوەبردنی هەستەکان؛ سنووردارکردنی منداڵ لە ژینگەی ماڵەوە ڕەنگە ئەم توانایانە لاواز بکات و هەستی سەربەخۆیی کەم بکاتەوە. جگە لەوەش ئەزموونکردنی سرووشت و یارییە داهێنەرەکان و گەڕان بەدوای ژینگەی دەوروبەریدا سەرچاوەی گرنگن بۆ پەروەردەکردنی خەیاڵ و داهێنەریی منداڵ و بێبەشکردنی ئەو دەرفەتانەش دەتوانێت ببێتە هۆی سنووردارکردنی دیدگا و توانای داهێنانی منداڵ. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان چاودێری دایک و باوک و ڕێگەدان بە منداڵان بۆ ئەزموونکردنی ژینگە دەرەکییەکان و کارلێککردن لەگەڵ هاوتەمەنەکانی، بۆ گەشەکردنی دەروونی و کۆمەڵایەتی و داهێنەرانەی منداڵ زۆر گرنگە.
هاژه ـ بە بڕوای ئێوە لە چ تەمەنێکدا دەبێ زمانی کوردی وەک زمانی زگماکی لە ماڵێ یان لە قوتابخانە فێری منداڵ بکرێت؟
بەگوێرەی شارەزایانی زمانەوانی و دەروونناسیی گەشە، باشترین کات بۆ فێرکردنی زمانی دایکی منداڵ، ساڵانی یەکەمی ژیانی منداڵە، لە کاتی لە دایک بوونەوە تا نزیکەی تەمەنی ٧ ساڵی. لەم ماوەیەدا منداڵ زۆرترین توانای فێربوونی زمانێکی هەیە و دەتوانێت بە شێوەیەکی سرووشتی و ڕەوان فێری بێژەکردن و پێکهاتەی ڕستە و وشەسازی بێت. فێرکردنی زمانی دایکی منداڵ لە ماڵەوە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە زۆر گرنگە، چونکە ژینگەی خێزان شوێنی یەکەمە بۆ فێربوونی زمان و ئامرازی سەرەکییە بۆ گەشەکردنی پەیوەندییەکانی منداڵ.
ئەگەر منداڵێک لە قوتابخانەش لە ڕێگەی بەرنامەی ڕێکوپێک و چالاکییە هەمەچەشنەکانەوە بە زمانی دایکی ئاشنا بکرێت، ئەم پەروەردەیە بەهێزتر دەبێت و منداڵ دەتوانێت بە تەواوی و دروست توانای خوێندنەوە و نووسین و بیرکردنەوە بە زمانی دایکی پەرە پێبدات. دواخستنی فێرکردنی زمانی دایک، تەنانەت ئەگەر منداڵ ئاشنای زمانی دووەمیش بێت، لەوانەیە ببێتە هۆی لاوازی پێکهاتە ڕێزمانییەکان و سنوورداربوونی وشەسازی و کەمبوونەوەی توانای گەیاندنی بیر و شوناسی فەرهەنگی. بۆیە تێکەڵکردنی خوێندنی بەردەوام لە ماڵ و قوتابخانە لە تەمەنێکی بچووکەوە باشترین چارەسەرە بۆ چاندنی زمانی دایکی و دامەزراندنی شوناسی فەرهەنگی منداڵان.
هاژه ـ شێوازەکانی بارهێنانی کۆمەڵایەتی وەک پاراستنی ژینگە دەبێ چلۆن فێری منداڵان بکردرێت؟
فێرکردنی منداڵان لە ڕەفتارە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان، وەک پەڕینەوەی سەلامەتی شەقام یان گرنگیدان بە سرووشت، پێویستی بە ڕێبازێکی گشتگیر و پراکتیکی و زانستی هەیە کە هەم دەروونناسی گەشەو هەم بنەماکانی پەروەردەیی لەبەرچاو بگرێت. منداڵان لە ڕێگەی ئەزموونی ڕاستەوخۆ و چاودێریکردنی ڕەفتاری گەورەکانەوە فێر دەبن، بۆیە فێرکردن بە تەنها پێدانی ڕێنمایی یان ئامۆژگاری کاریگەر نابێت. بۆ نموونە پێویستە لە تەمەنێکی بچووکەوە پەڕینەوە لە شەقام بە پراکتیکی و ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی سەلامەتی و دووبارەکردنەوەی ڕەفتاری دروست و هاندانی منداڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێساکان بۆ بەهێزکردنی سەرنج و بڕیاردان و توانای کۆنترۆڵکردنی ئەنجام بدرێت.
لە بواری ژینگەدا پێویستە منداڵ سەبارەت بە گرنگی پاراستنی سروشت ئاشنا بکرێت کە ئەویش لە ڕێگەی بەشداری لە چالاکییە هاوبەشەکاندا مسۆگەر دەبێت. بەشداریکردن لە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، گرنگیدان بە ڕووەک، چاندنی نەمام، یان چاودێریکردنی کاریگەرییەکانی پیسبوون لەسەر ژینگە بەشێوازی ڕاستەوخۆ، ئەزموونی پراکتیکی دروست دەکات کە دەبێتە هۆی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە بەها و بەرپرسیارێتی ژینگەیی. تێکەڵکردنی ئەم ئەزموونانە لەگەڵ چیرۆک و یاری پەروەردەییدا، نەک تەنها لە ڕووی چەمکەوە، بەڵکو لە ڕووی سۆزداریشەوە کاریگەری هەیە، بەجۆرێک منداڵ هەست بە سەربەخۆیی و بەرپرسیارێتی بکات بەرامبەر بە ژینگە و کۆمەڵگا.
لە ڕوانگەی دەروونناسی گەشەوە، پراکتیزەکردنی ئەم ڕەفتارانە لە یەک کاتدا پەرە بە تواناکانی مەعریفی و سۆزداری و کۆمەڵایەتی منداڵ دەدات. فێردەبێت لە بارودۆخی ڕاستەقینەدا چۆن بڕیار بدات، مەترسییەکان دەستنیشان بکات، هاوسۆزی و هاوکاری هەبێت، بەها فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەکاربهێنێت. هەروەها بەشداری چالاکانەی منداڵ لەم جۆرە پرۆسانەدا دەبێتە هۆی ناوەکیکردنی ڕەفتارە ئەرێنییەکان و دروستکردنی خووی بەردەوام.
بۆیە فێرکردنی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و ژینگەیی نابێت تەنها لە ئامۆژگاری و قسەدا سنووردار بێت؛ بەڵکو تێکەڵەیەک لە مۆدێلکردنی گەورەساڵان، ئەزموونی پراکتیکی، چالاکییە گروپییەکان، دووبارەکردنەوەی ئامانجدار و ڕوونکردنەوەی هۆکارەکان باشترین ڕێگایە بۆ پەروەردەکردنی منداڵێکی بەرپرسیار و داهێنەر و زیرەک کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەگەلی ڕاستەقینەی ژیانی هەبێت.
هاژه ـ شاعیران و چیرۆکنووسانی منداڵان دەبێ نووسینەکانیان هەڵگری چ بابەتێک بێت؟
شاعیران و چیرۆکنووسانی بواری ئەدەبی منداڵان پێویستە نووسینەکانیان لەسەر بنەمای گەشەسەندنی هەمەلایەنەی منداڵ و پەروەردەکردنی داهێنان و داڕشتنی بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان دابڕێژن. ئەدەبیاتی منداڵان شوێنێک نییە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕاستەوخۆی ئایدۆلۆژیا و نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ سەپاندنی بیرکردنەوەی گەورەساڵان. بەڵکو پێویستە فەزایەک بۆ منداڵ دابین بکات کە لە ڕێگەی ئەزموونی خەیاڵییەوە فێری کارامەیی کۆمەڵایەتی و هاوسۆزی و هاوکاری و بەرپرسیارێتی بێت و ئاشنا بێت بە بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان. جگە لەوەش بەکارهێنانی توخمە فەرهەنگی و ڕەسەنەکان لە بەرهەمەکانی منداڵاندا، شوناسی کولتوورییان بەهێز دەکات و هەستی سەربەخۆیی و شانازی بە کۆمەڵگا و پاشخانی فەرهەنگی خۆیانەوە دروست دەکات. هەروەها پێویستە بەرهەمەکانی منداڵان دەرفەت بۆ یاری خەیاڵی و گەڕان بەدوای جیهان و پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا بڕەخسێنن، بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن ئەزموون بکەن و بارودۆخەکان شی بکەنەوە و توانای بڕیاردان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە قۆناغەکانی دواتری ژیاندا پەرەپێبدەن. بۆیە پەیامی ئەدەبی منداڵان بۆ بەرەوپێشبردنی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت نییە، بەڵکوو دروستکردنی کۆنتێکستێکە بۆ گەشەی سۆزداری و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی منداڵ بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش و هونەری، بۆ ئەوەی خوێندنەوە هەم بۆ منداڵ چێژبەخش بێت و هەم ئاسانکاری بۆ ناوەکیکردنی بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان بکات.
هاژه ـ لە مابەینی شێعر و چیرۆکدا کامیان کاریگەری ئەرێنیتر لەسەر بیری منداڵ دادەنێت؟
کاریگەری شیعر و چیرۆک لەسەر گەشەی منداڵ هەم زۆر گرنگە و هەم تەواوکەری یەکترە، بەڵام لەڕووی گەشەی مەعریفی و سۆزداری و کۆمەڵایەتییەوە هەریەکەیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە. شێعر، بە ڕیتم و سەروا و یارییە زمانییەکانی، ڕاستەوخۆ هەستی جوانکاری، خەیاڵ، یادەوەری و توانای فێربوونی زمان بەهێز دەکات. ئەزموونی گوێگرتن و خوێندنەوەی شێعر، منداڵ ئاشنا دەکات بە مۆسیقای وشەکان و هارمۆنی فۆنێتیک و جوانی پێکهاتەی زمان و توانای تێگەیشتن لە مێتافۆر و وێنەی عەقڵی و چەمکە ئەبستراکتەکان. بە واتایەکی تر شێعر تێگەیشتنی عەقڵی پەرەپێ دەدات و بناغەیەک بۆ فێربوونی زمان و تواناکانی پەیوەندیکردن دابین دەکات.
بەڵام چیرۆکەکان لە ڕێگای پێکهاتەی گێڕانەوەیی خۆیانەوە، توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و تێگەیشتن لە پەیوەندییە مرۆییەکان و هاوسۆزی و ناسینی بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان پەرەپێدەدەن. چیرۆکەکان منداڵان بەرەو ڕووی دۆخ و کێشەگەلی ڕاستەقینەی ژیان دەبنەوە، فێریان دەکەن چۆن لە هەستەکانی خۆیان و کەسانی دیکە تێبگەن، بڕیار بدەن و بەرپرسیارێتی ئەزموون بکەن. چیرۆک ڕێگە بە منداڵان دەدات لە ژینگەیەکی سەلامەتدا بە ھاوشێوەکردنی بارودۆخەکان، کارامەییەکانی ئالنگاری و دەرفەتەکان بناسێت و بڕیار بدات، شتێک کە شیعر ڕاستەوخۆ دابینی ناکات. بۆیە باشترین کاریگەری ئەو کاتە بەدەست دێت کە شیعر و چیرۆک پێکەوە پێشکەش بە منداڵان بکرێن. شیعر هاندەری هەستکردن بە جوانی و خەیاڵ و فێربوونی زمانە و چیرۆک ئەزموونە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و مەعریفیەکان بەهێزتر دەکات. بە واتایەکی تر شیعر و چیرۆک دوو باڵی تەواوکەرن بۆ فڕینی مێشک و خەیاڵ و کەسایەتی منداڵ؛ بەبێ یەکێکیان، ئەزموونی ئەدەبی منداڵ بە ناتەواوی دەمێنێتەوە.
هاژه ـ لە نێوان ژانرە جۆراوجۆرەکانی ئهدەبی و هونەریدا کامیان پتر گرینگی پێدراوە؟
هێز و کاریگەریی هەر ژانرێکی ئەدەبی لەسەر گەشەی منداڵ پەیوەستە بە تایبەتمەندییەکانی خودی ژانرەکە و شێوازی پێشکەشکردنی و ناتوانرێت بە ڕەهایی بڵێین ژانرێک لە ژانرێکی دیکە باڵاترە، بەڵکوو هەریەکەیان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا کاریگەرن. شێعر بە ڕیتم و سەروا و یاری زمانییەوە، خەیاڵ و جوانکاریی منداڵ دەچێنێت و تواناکانی زمان و یادەوەری بەهێز دەکات. چیرۆک و ڕۆمانەکان، بەهۆی پێکهاتەی گێڕانەوە و تایبەتمەندیەکانیانەوە، توانای منداڵ بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و هاوسۆزی و تێگەیشتن لە پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان بەهێز دەکەن.
شانۆ، بەتایبەتی کاتێک بە شێوەیەکی پراکتیکی و نمایش پێشکەش دەکرێن، ئەزموونێکی بیستن و بینین و جووڵەیی لە یەک کاتدا بۆ منداڵ دابین دەکات و توانای کۆمەڵایەتی و کاری تیمی و تێگەیشتن لە هەستەکان لەنێو منداڵدا بەهێز دەکەن. هەروەها سیناریۆ و شانۆنامەکان بەستێنێک بۆ ئەزموونە چالاک و نواندنەکان دابین دەکەن کە چەمکە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان دەخەنە زەقتر دەکەنەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای ئەدەبیاتی منداڵان دەتوانین بڵێین ژانرە دراماتیکەکانی وەک شانۆ و ئۆپێرێت کاریگەرییەکی بەهێزتریان هەیە لەسەر پەرەپێدانی توانا کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانی منداڵان، بەهۆی چالاکیی کردەیی و بەشداریکردنیان بەشێوازی گروپ و ئەزموونی هەستەوە. بهڵام بۆ گهشهی ههموو لایهنهی منداڵ پێویسته ئهو ژانرانه لهگهڵ شێعر و خهیاڵدا ئاوێته بکرێن بۆ به هێزکردنی خهیاڵ و جوانیناسی و ههروهها توانای مهعریفی و کۆمهڵایهتی و ئهخلاقی. بۆیە ژانرە جیاوازەکان هەریەکەیان ڕۆڵی تەواوکەریان هەیە و هێزی ڕاستەقینەی ئەوان کاتێک دەبینرێت کە بە شێوەیەکی تێکەڵاو و هاوسەنگ پێشکەش بە منداڵان بکرێن، نەک بە گۆشەگیری یان سنووردار لە یەک ژانردا.
هاژه ـ نووسین بۆ منداڵان بەرپرسیاریەتییەکی گەورە بەرامبەر نەوەکانی داهاتوو پێکدەهێنێت، ئێمەی کورد لەناو ئەدەبیاتی منداڵاندا تا چەند توانیومان بەرە دەق و کرداری زانستی هەنگاو بنێین؟
نووسین بۆ منداڵان بەرپرسیارێتییەکی گەورە و هەستیارە، چونکە بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەمڕۆ، دەروون و کەسایەتی و بەهاکانی منداڵانی سبەینێ دەخوڵقێنن. لە ئەدەبیاتی کوردیی منداڵاندا، سەرەڕای هەوڵە بەنرخەکانی نووسەران و شاعیران، هێشتا ڕێبازی دەق و ڕەفتاری ئەدەبی زانستی و لێکۆڵینەوەی تەواو ئەنجام نەدراوە. هەندێک بەرهەمی منداڵان زۆر لەسەر گێڕانەوەی نەریتی یان ئەزموونی کەسیی نووسەر دامەزراون و کەمتر پەیوەستن بە زانستی دەروونناسی منداڵان و زمانەوانی پەروەردەیی و بنەماکانی گەشەکردنی مەعریفی و کۆمەڵایەتییەوە.
بەڵام هەنگاوی ئەرێنیش نراوە: بڵاوکردنەوەی کتێب و چیرۆکی لێکۆڵینەوەکراو، هەوڵدان بۆ پاراستنی شوناسی فەرهەنگی و ڕەسەن و گرنگیدان بە جوانیناسیی زمان و خەیاڵی منداڵان نموونەی پێشکەوتنی ئەم بوارەن. بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاستێک کە ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان لە یەک کاتدا زانستی و پەروەردەیی و هونەری بێت، پێویستە نووسەران خۆیان بە خوێندنەوەی توێژینەوە و تیۆرییەکانی فێربوون و بنەماکانی ئەدەبی منداڵان ئاشنا بکەن و دەقەکانیان لەسەر بنەمای پێداویستییە ڕاستەقینەکانی منداڵان دابڕێژن.
بۆیە دەکرێ بڵێین ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان ڕێبازی خۆی دەستپێکردووە و توانیویەتی وەڵامی بەشێک لەو بەرپرسیارێتییە گەورەیە بداتەوە، بەڵام هاوکاری نێوان نووسەران، توێژەران و پسپۆڕانی پەروەردەیی و فەرهەنگی، بۆ گەیشتن بە بەرهەمی هەمەلایەنە و زانستی و کاریگەر زۆر پێویستە. ئەم بزووتنەوەیە نەک هەر کوالیتی دەقەکان باشتر دەکات، بەڵکو ئەدەبیاتێکی پەروەردەکار و داهێنەر و بەنرخ پێشکەش بە نەوەی داهاتوو دەکات.
هاژه ـ ئەو پەڕتووک و نامیلکە و گۆڤارانەی تایبەت بە منداڵان دەردەچن، لە بواری ناوەرۆکەوە وەک پێویست چەندە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت؟
لە ئێستادا کتێب و گۆڤاری منداڵان لە زۆر شوێنی کوردستان و بە تایبەت لە ئێراندا هێشتا بە شێوەیەکی سیستماتیک و زانستییانە هەڵسەنگاندنیان بۆ نەکراوە. زۆرێک لە بەرهەمەکان لەسەر بنەمای ئەزموونی کەسیی نووسەر یان سەلیقەی بڵاوکەرەوە بەرهەم دەهێنرێن و پرۆسەی پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی پەروەردەیی، دەروونناسی گەشەسەندن، کوالیتی زمانەوانی و سەرنجڕاکێشیی ئەدەبی بە بەردەوامی تێیاندا بەدی ناکرێ. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک بەرهەم نەتوانن کاریگەری خوازراویان هەبێت لەڕووی چێژبەخشی، پەیامی پەروەردەیی، بەهای فەرهەنگی، یان پەرەپێدانی توانا دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی منداڵان.
بەڵام ئەو گۆڤار و کتێبانەی کە هەوڵ دەدەن تیمێکی پسپۆڕیان بێت لە بوارەکانی دەروونناسی، پەروەردە، ڕەخنەی ئەدەبی، شێوەکاری جیددی و...، کوالیتی ناوەڕۆکیان بەرزترە و دەتوانن لە هەمان کاتدا سەرگەرمی و پەروەردەیی بن. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆک نابێت تەنها لە پشکنینی جوانی زمان یان سەرنجڕاکێشیی بینراودا سنووردار بێت، بەڵکو دەبێت پەیامی ئەخلاقی و گەشەکردنی مەعریفی و کۆمەڵایەتی و گونجان لەگەڵ تەمەن و پێداویستییەکانی منداڵ و گواستنەوەی بەها فەرهەنگییەکانیش لەخۆبگرێت. بۆیە بۆ باشترکردنی کوالیتی کتێب و گۆڤاری منداڵان، پێویستی بە دروستکردنی سیستەمێکی زانستی و بەردەوامی هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆک هەیە کە هانی نووسەران و بڵاوکەرەوەکان بدات بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی توێژینەوە و پەروەردەیی و داهێنەرانە و منداڵان بەرەوڕووی ئەدەبیاتی تەندروست و کاریگەر و بەنرخ بکاتەوە.
هاژه ـ ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان لەگەڵ ئەدەبیاتی منداڵان لە ئاستی جیهاندا چۆن لێکدەدەنەوە؟
سەرەڕای هەوڵە بەنرخەکانی نووسەران و شاعیران، هێشتا ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان نەگەیشتووەتە ئاستی دینامیزم، فرەچەشنی ژانر و لە ڕووی توێژینەوەیشەوە لە ئاستێکی خواردایە. لە ئاستی جیهانیدا ئەدەبیاتی منداڵان جگە لەوەی سەرگەرمییە، لە توێژینەوەی دەروونناسی گەشە و تیۆرییەکانی فێربوون و بنەما پەروەردەییەکان کەڵک وەردەگرێت بۆ داڕشتنی بەرهەمەکانیان بۆ ئەوەی هەم خەیاڵ و داهێنەری منداڵانیان چاندبێت و هەم تواناکانی مەعریفی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییان بەهێزتر بکات. هەمەچەشنی ژانرەکان لە ئەدەبیاتی جیهانی منداڵاندا، کە بریتین لە ڕۆمان، کورتە چیرۆک، شێعر، شانۆ، ئۆپێرێتا، کتێبی وێنەیی، و سیناریۆ، ڕێگە بە منداڵان دەدات کە گەشەیەکی هەمەلایەنەیان هەبێت و کۆمەڵێک ئەزموونی جیاواز وەربگرن و لە هەمان کاتدا چێژ لە ئەدەب وەربگرن.
لەبەرامبەردا ئەدەبیاتی منداڵانی کورد، هەرچەندە ناسنامە و بەها فەرهەنگییە ناوخۆییەکانی پاراستووە و توانیویەتی خەیاڵ و حەزی منداڵان هان بدات، بەڵام لە ڕووی فرەچەشنی ژانر و بەکارهێنانی زانستی تیۆرییەوە، کوالیتی ناوەڕۆک و بڵاوکردنەوەی بەربڵاو، هێشتا سنووردارە. زۆرێک لە بەرهەمەکان زیاتر کات بەسەربردن یان گێڕانەوەی نەریتیین و کەمتر سوود لە دەرفەتی پەروەردەیی و دەروونی و پەروەردەیی وەردەگرن. بەڵام ڕێگایەک بۆ پێشکەوتن هەیە ئەویش بەرهەمهێنانی بەرهەمی بنەمادار بە توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری تایبەتە و ڕاهێنانی نووسەران دەتوانێت ئەو بۆشاییە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکاندا کەم بکاتەوە. بەکورتی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردی خاوەنی خاڵی بەهێزە و توانایەکی داهێنەرانەی هەیە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاستێکی جیهانی پێویستی بە گرنگیدان بە توێژینەوە و هەمەچەشنکردنی ژانرەکان و پابەندبوون بە بنەما پەروەردەیی و دەروونییەکانی گەشەکردنی منداڵ هەیە.
هاژه ـ خوێندکارانی کورد لە بەشی زانستی بارهێنان لە زانکۆ کەمتر ئاوڕیان داوەتەوە بارهێنانی منداڵی کورد یان ئەو بەرهەمانەی تایبەت به ئەدەبیاتی منداڵانن، ئەمه بۆچی دەگەڕێتەوە؟
بێ بایەخیی خوێندکارانی کورد لە خوێندنی پەروەردەی تایبەت منداڵانی کورد و بەرهەمە ئەدەبییە پەیوەندیدارەکان، دیاردەیەکی فرەلایەنە کە ڕەگ و ڕیشەی لە پێکهاتەی پەروەردەیی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا هەیە.
یەکەم: لە زۆرێک لە زانکۆ و پرۆگرامەکانی خوێندندا، ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان و توێژینەوە تایبەتەکان لەسەر گەشەکردن و پەروەردەکردنی منداڵان لە چوارچێوەی فەرهەنگی ناوخۆییدا وەک بەشێکی جددی و توێژینەوەیی ناخوێندرێت. ئەم بۆشاییە پەروەردەییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە قوتابییەکان، تەنانەت لە بواری پەروەردەشدا، زانیاریی زانستی و کردەیی سەبارەت بەو توێژینەوانەی کە پێویستە لەمەڕ پەروەردە و ئەدەبی کوردیی منداڵان بێت لە زانکۆکان و بەتایبەت ئەو بەشە زانستییەدا نەخوێنرێت و ئاوڕی لێ نەدرێتەوە.
دووەم: ئەو هۆکارانەی کە دەبنە پاڵنەر بۆ خوێندکاران پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە بەهای زانستی و توێژینەوە و متمانەپێکراوی ئەم بوارەوە. ئەگەر بەرهەم و دەقەکانی ئەدەبی کوردیی منداڵان سنووردار بن و لەسەر بنەمایەکی توێژینەوەییانە نەبن و کوالیتیان لە خوارەوە بێت، یان ئەگەر لەلایەن زانایانەوە پشتیوانی و ڕەخنەیان لێ نەگیردرێت، خوێندکاران هەست دەکەن کە توێژینەوە لەم بوارەدا ئەنجامی زانستیی زەق و کاریگەری نییە و پێیان باشە بەرەو ئەو بوارانە بچن کە سەرچاوە و دەرفەتی توێژینەوەی فراوانتریان هەیە.
سێیەم: نەبوونی پشتیوانی و دەرفەت بۆ بڵاوکردنەوەی زانستی بۆ کاری توێژینەوە لە ئەدەبی کوردیی منداڵاندا، هۆگریی خوێندکاران و توێژەران کەم دەکاتەوە. کاتێک دەستڕاگەیشتن کۆنفرانس و گۆڤاری زانستی سنووردارە، خوێندکاران ڕوو لە بابەتگەلی ناسراو و چالاکتر دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجی توێژینەوە و چالاکیی زانستیی خۆیان.
چوارەم: هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەرامبەر بە منداڵان و ئەدەبیاتی منداڵانیش ڕۆڵ دەگێڕێت. لە کۆمەڵگەی کوردیدا هێشتا گرنگیی توێژینەوەی زانستی لە بواری ئەدەبی منداڵاندا بە شێوەیەکی دیار نەگەیشتووەتە ئاستێکی باش ئەمەش هۆکارێکی نەرێنییە بۆ هۆگری و حەزیان بەرەو ڕووی کار و توێژینەوەی زانستیی ئەم بوارە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستە مەنهەجی تایبەت و پاڵپشتی زانستی و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی توێژینەوە دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی لە نێوان زانکۆکان و نووسەران و پەروەردەکارانی منداڵان دابین بکرێت بۆ ئەوەی خوێندکاران بتوانن بچنە ناو ئەم بوارەوە و بەرهەمە ئەدەبی و پەروەردەییەکانی منداڵانی کورد بۆ ئاستێکی باش و کاریگەر بەرز بکەنەوە.
هاژه ـ دوورە دیمەنی ئەدەبیاتی منداڵان لە کوردستاندا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بە لەبەرچاوگرتنی توانای ڕۆشنبیری، زمانەوانی و داهێنەرانەی نووسەران و شاعیران، ڕەوتی ئەدەبی منداڵان لە کوردستاندا ئومێدبەخشە، بەڵام پێویستی بە پلان و پاڵپشتی ڕێکخراویی هەیە. ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان توانیویەتی شوناس و زمان و فۆلکلۆر و فەرهەنگی ناوچەکە بە منداڵان بگەیەنێت و سەرنج و خەیاڵیان ببزوێنێت، بەڵام هێشتا دوورە لە ستانداردە جیهانییەکان و شێوازە زانستی و توێژینەوەکان.
بۆ گەیشتن بەو تێڕوانینە خوازراوە، چەندین ڕێگای سەرەکی هەیە: پەرەپێدانی بەرهەمی توێژینەوە و پەروەردەیی کە لەگەڵ بنەما و تیۆرییەکانی ئەدەبیاتی منداڵاندا بگونجێت، زیادکردنی هەمەجۆریی ژانرەکان لەوانە شێعر، ڕۆمان، شانۆ، و... هەروەها دروستکردنی پشتیوانی زانستی و چاپی تایبەت بە نووسەران و بڵاوکەرەوەی منداڵان. جگە لەوەش گرنگیدان بە وەرگێڕانی بەرهەمە جیهانییە گرنگەکان و ڕەخنەی تایبەت دەتوانێت ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا دەوڵەمەندتر بکات و قسەیەکی بۆ وتن بێت.
لە داهاتوودا دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە پەروەردەکردنی نەوەیەکی داهێنەر و سەربەخۆ و خۆناسانەدا، بەمەرجێک پەروەردەی نووسەران و پاڵپشتیی بڵاوکەرەوەکان و لێکۆڵینەوەی زانستی و گرنگیدان بە پێداویستییەکانی منداڵانی لە بەرچاو بێت. بە واتایەکی تر، داهاتووی ئەم بوارە گەشاوە، بەڵام پێویستی بە لێکنزیکبوونەوەی فەرهەنگ و لێکۆڵینەوە و پەروەردە هەیە بۆ ئەوەی بەرهەمی دەوڵەمەند و زانستی و کاریگەر بخولقێنێت.
هاژه ـ بوونی میدیایەکی کوردی سەربەخۆ تایبەت بە دنیای منداڵان تا چەند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە و چ کاریگەرێکی ئەرێنی دەبێت؟
بوونی میدیایەکی کوردی تایبەت بە منداڵان لە کوردستاندا گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە دەتوانێت کەشێکی سەلامەت و داهێنەرانە و پەروەردەیی بۆ منداڵان دابین بکات و لە هەمان کاتدا شوناسی فەرهەنگی و زمانییان بەهێزتر بکات. منداڵانی ئەمڕۆ بەرکەوتەی چەندین دەزگای میدیایی دەبنەوە کە ناوەڕۆکێکی هەمەچەشن و زۆرجار ناڕەسەنیان هەیە و بەبێ دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە فەرهەنگییە ڕەسەنەکان، ڕەنگە لە زمان و ئەدەب و بەها فەرهەنگییەکانی خۆیان دوور بکەونەوە. میدیایەکی تایبەت بە منداڵان دەتوانێت ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە، بە دابینکردنی چیرۆک، شیعر، یاری، پەروەردە، و کەرەستەی زانستی و پەروەردەیی کە لەگەڵ تەمەن و پێداویستییەکانیاندا بگونجێت و هاوکات لەگەڵ فەرهەنگ و زمانی کوردیدا سەرقاڵیان بکات و ئارەزووی خوێندن و گەڕان بە جیهانی دەوروبەریان زیاتر بکات.
لەم نێوەندەدا ماڵپەڕی چراوۆک دەستی بەکار و چالاکی کردووە کە نەک هەر بەرهەمە ئەدەبیەکانی منداڵانی کورد دەناسێنێت و ڕەخنەی لێدەگرێت، بەڵکو بە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکێکی داهێنەرانە و زانستی، سەکۆیەک بۆ کارلێکی نێوان خێزانەکان، پەروەردەکاران و نووسەران دابین دەکات بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن ئاشنای ئەدەبیات و فەرهەنگ و هونەری خۆیان بن. بوونی ئەو جۆرە میدیایە وا دەکات ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان لە ڕووی ناوەڕۆک و کوالیتیەوە بگاتە ئاستێکی پیشەیی و کاریگەرتر و منداڵان دەرفەتی ئەزموونکردنی خوێندنەوە و بینین و فێربوونیان لە ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش و پڕ لە زانیاریدا دەبێت.
هاژه ـ ئافراندنی دەقەکانی تایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان دەبێ چ تایبەتمەندییەکیان هەبێ؟
خوڵقاندنی دەقی ئەدەبی منداڵان پێویستی بە ڕەچاوکردنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئەدەبی، پەروەردەیی، دەروونی و فەرهەنگی هەیە، بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا خەیاڵی منداڵ بچێنێت و توانا مەعریفی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی بەهێزتر بکات. یەکەم: لە ڕوانگەی زمان و پێکهاتەی نووسراوەوە، دەقەکانی منداڵان پێویستە زمانێکی سادە و ڕەوان و تێگەیشتوو بەکاربهێنن. بەکارهێنانی ڕیتم و سەروا و دووبارەکردنەوە و یاریکردنی وشە بەتایبەت لە شێعر و کورتە چیرۆکدا دەقەکە سەرنجڕاکێش دەکات و توانای زمانی منداڵ بەهێز دەکات.
لە ڕوانگەی ناوەڕۆکەوە، دەقەکانی منداڵان دەبێ یارمەتیدەر بن لە ناسینی شوناس و ڕێزگرتن لە جیاوازی و هۆشیاریی ژینگەیی لە ڕێگەی پاراستنی شوناسی فەرهەنگی و زمان و بەهاکانەوە. بە واتایەکی تر دەقی ئەدەبی منداڵان پێویستە منداڵان بە مێژوو و فۆلکلۆر و داب و نەریت و ژینگەی سرووشتی خۆیان ئاشنا بکەن و هەستی سەربەخۆیی و بەرپرسیارێتی بەرامبەر کۆمەڵگە و سرووشتیان تیا بچێنن. جگە لەوەش، دەقی ئەدەبی منداڵان دەبێ داهێنەرانە، سەرنجڕاکێش و فرەڕەهەند بێت، دەرفەت بۆ ئەزموونە فرە هەست و خەیاڵی و سۆزدارییەکان بڕەخسێنن. لە کۆتاییدا، خولقاندنی دەقی ئەدەبیاتی تایبەت بە منداڵان، پرۆسەیەکی نێوانبەشی و توێژینەوەیە کە لە هەمان کاتدا ئەدەب، دەروونناسی، زانستە پەروەردەییەکان و فەرهەنگ لەبەرچاو دەگرێت. پابەندبوون بەم بنەمایانە دەبێتە هۆی ئەوەی بەرهەمەکان کاریگەر و بەردەوام بن، چ لە ڕووی سەرنجڕاکێشی ئەدەبی و خەیاڵی و چ لە ڕووی بەها پەروەردەیی و ئەخلاقی و فەرهەنگییەکانەوە.
هاژه ـ دوا وتە...
ئەدەبیاتی منداڵان بە تایبەت لە کوردستان زیاتر لەوەی ئامرازێک بێت بۆ کات بەسەربردن یان گواستنەوەی پەیام؛ ئیکۆسیستەمێکی پەروەردەیی و فەرهەنگی ئاڵۆزە کە لە یەک کاتدا مێشک و هەست و کارلێکی کۆمەڵایەتی منداڵ شکڵ دەدات. لەسەر ئاستی زانستی، پێویستە هەر دەقێکی منداڵان لەسەر بنەمای تیۆرییەکان ولایەنە ئەدەبییەکان دابڕێژرێت، بۆ ئەوەی منداڵ نەک تەنها وەرگری ناوەڕۆکەکە بێت، بەڵکو ئەکتەرێکی چالاک بێت لە پرۆسەی ماناسازی و ئەزموونی ئەدەبیدا. ئەم کارلێکە چالاکە ڕێگە بە منداڵان دەدات کە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، چارەسەرکردنی کێشەکان، هاوسۆزی و تواناکانی بەڕێوەبردنی هەستەکانیان بە شێوەیەکی سرووشتی و بەردەوام پەرەپێبدەن. لە کوردستاندا بە لەبەرچاوگرتنی فرەچەشنی فەرهەنگی و زمانی کوردی و دەوڵەمەندیی فۆلکلۆری کوردی، دەکرێت دەقی فرە چین و فرە هەست و داهێنەرانە بخولقێنرێت کە هەم بەهاکانی کۆمەڵگە بگەیەنن و هەم هاندەری خەیاڵ و داهێنەریی منداڵان بن. ئاسۆی ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان کاتێک ڕوون دەبێتەوە کە نووسین، چاپکردن، ڕەخنە، و ڕاهێنانی نووسەران و پەروەردەکاران لەگەڵ پێوەرەکانی توێژینەوە و پەروەردەییدا هاوتەریب بن. لەم دۆخەدا ئەدەبیاتی منداڵان دەبێتە تاقیگەیەکی فەرهەنگی و پەروەردەیی کە تیایدا هەر وشە و وێنە و گێڕانەوەیەک دەتوانێت پێکهاتەی دەروون و لێهاتوویی مەعریفی و ئەخلاقی و شوناسی فەرهەنگیی نەوەی داهاتوو بخولقێنێت. ئەم ڕێبازە ئەدەبیاتی منداڵان لە میدیۆمێکی کات بەسەربردنەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی زانستی و هونەری کاریگەر بۆ گەشەپێدانی هەمەچەشنی منداڵ، کە هونەر و لێکۆڵینەوە و پەروەردە لە یەک کاتدا کار دەکەن و منداڵان ئامادە دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان.