بێ گوومان هەر کەسێک کاری هونەری بکات دەزانێ ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵ چەند زەحمەتەو جگە لە پارەیەکی باش و زەبەلاح پێویستی بە هاوکاری و یارمەتی کۆمەڵە کەسێکە کە هەم پسپۆربن و هەمیش دڵسۆز.
پاش بەڕێوەبردنی چەند خولێکی فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێی بانە لە کۆتایی خولی پێنجەم بڕیار درا کە لە خولی شەشەمەوە بە شێوەی نێودەوڵەتی بەڕێوە بچێت،دەیجا ئەمە هەم ئەرکی سەرشانی بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵ قورس دەکات هەمیش چاوەڕوانی ئاستێکی بەرز لەو گرووپانە کە لەو فیستیڤاڵە بەشداری دەکەن.
خولی شەشەمی فێستیڤاڵ لە سەرەتای ئامادەکارییەکانییەوە زۆر باش بەرەوپێش دەچوو،
تا ئەو ئەوەی کە ڕۆژەکان وردە وردە تێپەڕ دەبوون و کاتی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵ نزیک و نزیکتر دەبۆوە
بەڵام کتوپڕ و زۆر چاوەڕوان نەکراو چەند بەرپرسێکی نابەرپرس کە بەڵێنی پاڵپشتیەکی ماددی زۆر قورسیان دابوو پشتیان لە فێستیڤاڵ کرد و بوونە هۆی دڵەڕاوکێ و خەمێکی زۆر بۆ دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئەم ڕووداوە گرینگە!!
بەڵام لەناو ئەو هەموو ناخۆشیانەشدا بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای کوردستان و قائیمقامی شار بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی شاری بانەو کۆمەڵێک سەرمایەداری دڵسۆزی گەل و نیشتمان قۆڵی هیممەتیان لێ هەڵماڵی و ناوی خوایان لێهێنا کە ئەم فێستیڤاڵە هەر دەبێ بەڕێوەبچێت!
لە کۆتاییدا بڕی یەک ملیارد و سێسەد و سی ملیۆن کە دەکاتە پازدە هەزار دۆلار تەرخان کرا بۆ ئەم پڕۆژە گەورە نیشتیمانییە!!!
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە شوێنێکی زۆر نزیک لە بانەو لە هەرێمی کوردستان قەت ڕووداوێک بەو قەبارەیە و لەو ئاستەدا بەو بڕە پارەیە تەنانەت کەس نە دەتوانێ بیری لێبکاتەوەو نە خەونیشی پێوە ببینێ!!
میوانداری ٤٥٠ کەس بۆ ماوەی ٣ شەوو ڕۆژ هەروەها هەموو بەشەکانی تری فێستیڤاڵ بەو بڕە پارەیە جێبەجێ کرا...!!!
بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە هێزێکی مرۆیی نزیک ٣٠٠ کەس کە پێکهاتبوون لە کۆمەلێک پیاو ماقووڵ و شارەزا و گەنج و لاوەکان هۆی سەرەکی بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە گرینگە بوون کە ئەستەمە لە شوێنێکی تر ئەم هەموو دڵسۆزە خۆنەویستە ئاوا کۆببنەوەو ببنە هێزی یەک دەست و بازوو.
هەر بۆیە بانە بۆ هەمیشە بوو بە پارێزەری فەرهەنگ و کەلتووری گەلەکەمان بە تایبەت لە بوواری هەڵپەڕکێ.
هەموو ئەوانە وایکردووە کە بانە ببێتە پایتەختی هەڵپەڕکێی کوردستان.
وێڕای دەستخۆشی و ماندووبوونی لە یەک بە یەکی ئەو خۆشەویستانەی تەنیا بۆ چرکە ساتێکیش یارمەتیدەربوون بۆ پێشوەچوونی کارەکانی فێستیڤاڵ هیوادارم هەردەم لەخۆشی و شادیدا بن.
هەر هەبن و بمێنن خوشک و برا ئازیزەکانم لە شاری بانەی هەمیشە سەربەرز