تاريخ: ۱۷ خرداد ۱۴۰۴ ساعت ۱۰:۳ بازدید: 562      نظرات: 0      کد مطلب: 24527

ڕاوبۆچوونی تاقمێک لە ئەدیبان و نووسەرانی بەشداربوو لە "خەڵاتی قەڵەمی هەژار" لەمەڕ بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە


بە پێی هەواڵی هاژە مەڕاسیمی "خەڵاتی قەڵەمی هەژار" ڕۆژانی ٧ و ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ی کوردی بە بەشداری شاعیران، نووسەران و ئەدیبانی گشت کوردستان لە هۆڵی مەولەوی زانکۆی کوردستان لە سنە بەڕێوەچوو.

پێگەی هەواڵی هاژە، لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوون و ئاستی کەیفییەتی مەڕاسیمەکە وتووێژی لەگەڵ تاقمێک لە بەشداربووان کردووە کە سەرنجی ئێوە بەڕیزان بۆ ئەم گفتوگۆیانە ڕادەکێشین.

 

هەڤاڵ کوێستانی (شاعیر، نووسەر) - سلێمانی

سەرەتا سپاس و پێزانینی خۆم بۆ هەموو ئەوانەی کە بیرۆکەی فیستیڤاڵەکەیان هەبووە لە سەرەتاوە تا دوو ڕۆژی ڕابردوو، هەوڵ و ماندووبوونی زۆریان لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە و شێوازی بەڕێوەبردنی هەبووە جێگای پێزانینە. مێهرەجانەکە بە گشتیی مێهرەجانێکی زۆر سەرکەوتوو بوو. مێهرەجانێکی ئەدەبیی گەورە لەو جۆرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شتێکی نموونەیی بوو و هەر ئەوەندەی کە بە بێ کێشە و گرفت بەڕێوە چوو و هیچ حاڵەتێک یان ڕووداوێکی نەخوازراو یا هیچ بابەتێکی وا کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی مێهرەجانەکە نەکات، جێگای دەستخۆشییە. لەو جۆرە کارانەدا ئەوە بۆ خۆی گرینگە بتوانی ئەو کارە جارێکی تر بکەیەوە. لە لایەکی ترەوە ئەوەی کە بە لای منەوە گرینگ بوو ئەمە پانتاییەکی زۆر باش بوو بۆ یەکتر ناسین و ئاشنابوونی نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا. ئەمە وا دەکات کە پردێکی پتەوی پەیوەندی لە نێوانی نووسەران و ڕۆشنبیران دروست ببێ کە ئیستفادە لە ئەزموونی یەکتر و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ یەکتری بکەن و بەرهەمەکانیان بۆ یەکتری بنێرن ئەمە یانی وا دەکات بەرهەمی نووسەران زیاتر بناسرێت و تەنیا لە ناوچەیەکدا قەتیس نەمێنێتەوە. لە لایەکی ترەوە مێهرەجانەکە لە ڕووی بەڕێوەبردن، پێشوازی، ئیدارەدان، ئەو خزمەتانەی کە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و لۆجێستێکییەوە شایانی ڕێزلێنان و پێزانینە. خاڵێکی تایبەت دی مێهرەجانەکە بەشداریی زۆری ژنان چ وەک نووسەر و چ وەک میوان کە هیوادارم ئەمە ببێتە سەرەتایەکی زۆر باش بۆ بەشداری زیاتری ژنان لە چالاکیی ڕۆشنبیرییەکاندا بەڵام ئەوەی کە لە مەسەلەی ژناندا بۆ من مایەی سەرنج بوو ئەوە بوو ژنان زیاتر وەکوو میوان یا وەکوو نووسەر بەشدار بوون بەڵام لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدان ڕۆڵێکی وایان پێ نەدرابوو، دەکرا لە پانێلەکاندا بەشداری زیاتریان بایە هیوادارم بۆ خولەکانی داهاتووی ئەو مێهرەجانە ئەم خاڵە لەبەر چاو بگیرێت و خاتوونی زۆرتر بەشداری لە بەڕێوەبەرایەتیی لە گفتوگۆکانی ناو مێهرەجانەکە ببێت. بە گشتیی کۆمەڵێ پانێڵی باشی تێدا بوو بەڵام بەداخەوە هەندێک لە پانێلەکان لە ئاستی پێویستدا نەبوون یا ئامادەیی باشیان بۆ ساز نەکرابوو، پێ دەچوو کە ئەوانەی بەشداری پانێلەکان بوون و قسەیان دەکرد پێشتر ئاگادار نەکرابن بۆ ئەوەی هەر یەکەیان بابەتێکی جدی یان گرینگ ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لەوێدا گفتوگۆی لەسەر بکرێ بەڵام بە گشتی پانێلەکان خەڵکی باش بەشدارییان تێدا کرد، دەکرا کوالێتی بابەتەکان لەوەی کە بەڕێوە چوو باشتر بێ. لە بەشێکی تردا وتە زۆر بە نرخ و جوانانەی مامۆستا سەلاحەدینی ئاشتی و هەروا کاک ماجدی ڕووحانی کە بە ڕاستی دوو هەڵوێستی کوردانە و مەردانە و ئازایانە بوون کە لە مێهرەجانەکەدا میوانان و بەشدارانی مێهرەجانەکەیان زۆر دڵخۆش کرد. ئەو مۆسیقا و گۆرانییانەی پێشکەش کران باش بوون، بەڵام پێموابێ بەشی گۆرانی و مۆسیقاکان زۆر بوون، هەر یەک بڕگە وەکوو گۆرانی و مۆسیقا هەبووایە بەس بوو، چونکە ئەمە مێهرەجانی ئەدەبییە، مێهرەجانی هونەری نییە، بۆیە دەکرا مەسرەفیش کەمتر بێ، هەمیش بابەتە ئەدەبییەکان زیاتر بایەخیان پێ بدرێت. لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە ئەوە کرا کە مێهرەجانێک لەو جۆرە بۆ مەستوورەی ئەردەڵانی تایبەت بە بەرهەمی ژنان بکردرێت. پێشنیارەکە زۆر لە جێی خۆیدایە کە مێهرەجانێک بە ناوی مستوورەوە ساز بکرێ بەڵام تایبەت بە ژنان نەبێ.

تایبەت بوون بە ژنان وا دەکات ژن و پیاو وەکوو نووسەر لە یەکتری جیا بکرێنەوە. ئێمە پێویستمان بەوە نییە نووسەری ژن لە نووسەری پیاو جودا بێ. بەرهەمی ژن و بەرهەمی پیاو فەرقێکیان نییە هەردووکیان پێکەوە بەشدار بن، چون بۆ ئەزموونی هەر دوو لا زۆر باشتر دەبێت. دابڕانی ژن یا پیاو لە یەکتری بە ناوی مێهرەجانی جیاواز بە ڕای من نێگەتیڤە نەک پۆزەتیڤ. جا ئەگەر وا بێ دەبێ یەکێتی نووسەرانی ژنان جیاواز بێ لە یەکێتی نووسەرانی پیاوان. یا ئەگەر وایە دەبێ مێهرەجانێک بکرێ بۆ پیاوان و مێهرەجانێک بکرێ بۆ ژنان. شتێکی باش نییە بۆیە ئەگەر ئەمە جێبەجێ کرابا بۆ هەردوو لایان بێ. کێشە نییە ئەگەر بایەخی زیاتر بە بەرهەمی ژن بدرێ، ئاساییە، بەڵام ژن و پیاو هەردووکیان وەکوو نووسەر بتوانن بەشداری تێدا بکەن. ئەوەی ماوەتەوە کە من قسەی لەسەر بکەم زۆرتر دەمهەوێت لەسەر خەڵاتەکان قسە بکەم. دانی خەڵات لە مێهرەجانێکی ئاوادا کارێکی زۆر گونجاو و دروستە. خەڵاتدان بە نووسەر بە تایبەتی بە نووسەری بەهرەمەند و داهێنەر هەم مایەی تەشویق و پشتیوانی کردنە بۆ نووسەرەکە هەم ناساندنی بەرهەمە باش و جوانەکانە بە خوێنەر. بۆیە خەڵات بەخشین بە بەرهەمە دانسقە و داهێنەر یا بەو بەرهەمە نایابانە لە جێی خۆیدایە، مایەی ستایش کردنە بەڵام ئەو کاتە دەبێ خەڵات بە باشترین بەرهەم بدرێ بە داخەوە ئەوەی لەو مێهرەجانەدا من بینیم زۆر بەرهەمیش هەبوون کە خەڵاتیان پێ نەدرا و بەرهەمی لاوازیش هەبوون کە خەڵاتیان پێدرا. هەر چەند ئێمە ئاگاداری وردەدەکارییەکانی پشتی پەردە نین بەڵام من بۆ دوو بەشی دەگێڕمەوە یەکێکیان تەسەور دەکەم هەندێکی لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەت نەگونجابێ و فیلتێری دەوڵەت ڕێی پێ نەدابن بەشداری مێهرەجانەکە بن، هەر چەند ئیزن دراوە کە بەشدار بن، بەڵام خەڵاتیان پێ نادرێ کە ئەمە نێگەتیفە. بە ڕێی من ڕەنگە هۆکارێکی تر هی ئەوەی کە من لە مەسەلەی خەڵاتەکاندا بە دڵم نەبوو ئەوەیە ئەو دابەشکردنە جوغڕافیاییە وایان کردبوو کە هەر پارچێک لە پارچەکانی کوردستان نووسەرێک یان زیاتر لە نووسەری خەڵات وەربگرێ کە ئەمە بۆ خۆی کارێکی باش نییە تۆ دەبێ خەڵات بدەی بە باشترین بەرهەم نەک بیدەی بە نووسەرێک لە پارچەیەکەوە هاتووە ڕەنگە بەرهەمەکەی باڵا نەبێ بەڵام تۆ خەڵاتی باڵای پێ دەدەی ئەمە وا دەکات کە بەرهەمێکی باڵاش هەبێ بەڵام لەبەر ئەوەی تۆ لەو پارچەیە خەڵاتت داوە بە یەکێک نایدەی بە بەرهەمە باشەکە. ئیتر ئەمە من پێم وایە تۆزێک بێ ویژدانی دەبێ بەرامبەر بە هەندێک بەرهەمی باڵا ڕەنگە بەرهەم هەبوو بێ بەشدارییان کردبێ یان نازانم هەر چۆنێک بێ بەڵام خەڵاتیان پێ نەدرابێ. ڕەنگە بەرهەمی زۆر باش بووبن و شایانی خەڵاتی لەوەش گەورەتر بن، بەڵام خەڵاتیان وەرنەگرتبێ. ڕەنگە بەرهەمی واش بووبێ لاواز بووبن خەڵاتیان وەرگرتبێ. دەڵێن قسە زۆر جوانەکان ئەوانەن کە نەوتراون یان نەکراون ڕەنگە بە نسبەت ئەمەش ئەوە وا بێ ڕەنگە بەرهەمە زۆر ناوازەکان ئەوانەن کە خەڵاتیان وەرنەگرتووە بەڵام ئەمە ئینکاری ئەوە ناکات کە هەندێك لە بەرهەمەکان شایانی خەڵات بوون و دەستخۆشیان لێ دەکەم.

 
 سیمین چایچی (شاعیر، شانۆنامەنووس، چالاکڤانی مەدەنی) ـ سنە 

دیارە مەڕاسیمەکە بێوێنە بوو، بەڵام هێندێک کەم‌وکوڕی و بەربەست هەبوو كە زۆر بەرچاو نەبوو. کۆڕێکی گەورە بوو و کەسایەتیی چاکیش بانگهێشتن کرابوو. ئەو کەسانەی کە ڕێکخەری ئەو بەرنامەیە بوون لەسەر ئەم بیرۆکەیە کاریان کرد و ئێستا گەیشتە ئەنجام و جێگای دەستخۆشی و پێزانینیە.

هیوادارم ئەم جۆرە بەرنامانە لە هەموو کوردستاندا بەتایبەتی لە ڕۆژھەڵاتدا زۆرتر بێ.

 

دوکتور شەهباز مۆحسێنی (مامۆستای زانکۆ) ـ مەهاباد 

مەڕاسمەکە سەردێڕەکەی فێستیڤاڵ و جەژنوارەیە. زۆر زانستییانە نەبوو. زۆر یەک لە کەسایەتییەکانی فەرهەنگی وڵات لێرەدا بەشدار بوون، جەوێکی سەمیمی و فەزایەکی ڕووحی و فەرهەنگییان بە مەڕاسیمەکە دابوو و ئەم بەشەی بەهێزتر بوو. ناتوانین بڵێین ئەمە کۆڕێکی عیلمی و زانستی بوو، بەڵام زەحمەتێکی زۆریان کێشا بوو، ئەو کتێبانەیان داوەری کردووە و خەڵاتیان بۆ دیاری کردوون. یانی کارە زانستییەکان پێشتر نووسەرەکان خۆیان کردوویانە، لێرە فێستیڤاڵێکە بۆ هەڵبژاردن و ناساندن و خەڵات کردنی ئەو ئاسەوارانە داندراوە. لەو نەزەرەروە کە کۆڕەکە پێویستە، زۆر پێویستە. چون هەوێنی خۆشحاڵی و دنەدانی فەرهەنگی کتێب خوێندنەوە و شادبوونی فەرهەنگی پێوە دیار دەبێت. ئەو خۆی دەستکەوتێکی کەم نییە پێم وایە ئەگەر ساڵانە شایەتی بەڕێوەچوونی ئەو کۆڕانە بین، زۆر کارێکی پیرۆز و جێگای ڕێزە و لێکەوتەی باشی بۆ کۆمەڵگا دەبێ. لاوەکان بەرەو کتێب خوێندنەوە هان دەدات و هەستی کێبەرکێ ساز دەکات، هەر بۆیە من پێم کار و دەستپێکی باشە.

 

پرۆفیسۆر دوکتور خەیروڵڵا ئاجار (مامۆستای بەشی کوردی زانکۆی تۆخوو) ـ مێردین 

بۆ هاتنم بۆ زانکۆی کوردستان ـ سنە گەلێک پڕ کەیفم، لە ڕاستیدا ئەم کۆڕە بۆ گەشەدانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دانی خەڵاتێکی بەو شێوەیە بۆ شاعیر، نویسکار و لێکۆڵەڕی ئێمە گەلێگ گرینگ و جێگای بایەخە. ئەمانە ئەگەر خەباتی خۆیان بە بەرزی بنرخێنن، قاتێکی بڵیند بەرەو پێشەوە دەنێن، چون دانی ئەو خەڵاتە قیمەتی بەرهەمی کوردی دەردەخات کە چەندە بە پێز و بە هێزە. هەر بۆیە ئەو کەسانەی کە بناغەی ئەو خەڵاتەیان دانا، ماڵی هەموویان ئاوەدان بێت، چون بۆ پەروەردەی زمانی کوردی و دەرکەوتنی نویسکاری نوێ، پاڵنەر و هاندەرێکی مەزن و گەورە دەبێت. لە چوارچێوەی ئەو مەڕاسیمەدا کە پانێلەکان ئیجڕا کران، زۆر باش بوون، فەقەت لەو جۆرە کۆبوونەوەنەدا لەبەر قەرەباڵغی زیاتری بەشداربووان، چاک تێناگەی، دوایەش کاتی هەر پانێل زۆر درێژ بوو، بە قەناعەتی من نیو کاتژمێر بۆ هەر پانێل کیفایەت بوو. 

 
 
 عەلیڕەزا سپاهی لائین (ڕۆژنامەڤان، هەڵبەستڤان، نویسکار) ـ خۆراسان

فێستیڤاڵەکە لە نەوعییەتی خۆیدا باشە، چون بۆ جاری یەکەمە کە بەڕێوە دەچێ، خولی یەکەم وەک خولی تاقیکاری و هەڵسەنگاندن سەیر دەکرێت، بەڵام لە ڕواڵەتی خۆیدا ئەم مەڕاسیمە ئێمە گەلێک گرینگ و جێگای بایەخە. من لەسەر پانێلیش گوتم ئەو فێستیڤاڵە وەک خاڵێکی وەرچەرخان بۆ هەموو کوردان سەیر دەکرێت. لە وەها ساڵێکدا وەک ئاوات و ئارەزوویەک بۆ ئێمەی لێهاتبوو کە هەموو کوردستانیان بتوانن خەڵاتێکی وێژەیی بۆ پێنووسی کوردان دیاری بکەن و وەک بنکەیەکی «خەڵاتێکی نۆبێل» لەناو ئێمەدا هەبایە و وەک بنکەیەکی زانستیی و وێژەیی بۆ فەرهەنگ و زمانی کوردان لەسەر نویسکار و لێکۆڵەڕی کورد سەیر بکرێت و ئاواتەخوازی ئەوەم ساڵ بە ساڵ کاری بە پێزتر و تۆکمەتر لەسەر وێژەی کوردی بکرێت.

 

دوکتور شەماڵ ئیسماعیل‌پوور (مامۆستای زانکۆ) ـ سەقز

کۆبوونەوەی «خەڵاتی قەڵەمی هەژار» دیارە وەکوو دەستکەوت و کارێکی فەرهەنگی و پێویست کارێکی جوان و فەرهەنگی و ڕێکوپێکە. بەڵام وەکو دەستکەوت باسەکە لەوە دایە، ئێمە وەکوو دەستکەوتانەی کە دەمانەوێت پێیبگەین پێی گەیشتووین یان پێی نەگەیشتووین؟ لە ڕاستیدا لە کارێکی ئاوەهادا ئەو کەسانە کە خەمی فەرهەنگ، کتێب، زمان و قەڵەم دەخۆن دەبێ بیر لەوە بکەنەوە لە کارێکی ئاوادا چەندە قازانج و دەستکەوتیان دەبێت. لە ڕاستیدا دەتوانم بڵێم بەشێک لەو دەستکەوتانە کە چاوەڕوانی دەکرا دەست کەوتن بەڵام زۆر زۆر کەمن. بە گشتی وەکو کار، فێستیڤاڵ و کۆبوونەوە من پێم وایە دەستکەوتەکانمان دەکرا زیاتر بێت تۆزێک پەلەی پێوە دیارە، دەستێوەردانی تایبەتی پێوە دیارە. لە هەڵبژاردنی کەسەکاندا دەبوو زۆرتر سەرنج بدرێت، کەسانێک دابنێن کە لە هەموو شوێنەکانی کوردستانەوە دەنگی هەموو شوێنەکانی کوردستان بن. دەبوو لە باری وتەدان و قسە کردن کەسانێک هەڵبژێرن کە بە جۆرێک بەشێک لەو دەستکەوتانە ببایەن کە ئەم کۆڕە چاوەڕوانی بوو کە پێی بگات. دەمهەوێت ئەوەی بڵێم ئەو کەسانەی کە قسەیان کرد، وتاریان دا دەبوو بە جۆرێک هەڵیان بژێرن کە بەشێک لە دەستکەوتی ئەو کۆبوونەوەیە بێت نەک دەستکەوتەکە تەنیا لەسەر کتێب و خەڵات و قەڵەمەکە بێت. چون ئەو هەموو نووسەرە کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی کە ئەگەر لێرە ڕۆیشتە دەرێ بەشێکی گرینگ لە زانیارییەکانی پێی زیاد بووبێت و بەشێکی گرینگ لە پێشکەوتنەکانی بە خۆوە دیتبێت. دیارە ناکرێت دڵی هەموو کەس ڕازی ڕابگرێت. بەڵام هەر کەسێک بە ئەندازەی خۆی ڕازی بێت و بۆ ڕەزایەتەوە کە چاوەڕوانی لێدەکرد بەو ڕەزایەتەوە بچێتە دەر. من پێم وابێ دەستکەوتەکە زۆر نەبوو بە زۆری نازانم. دەکرێت بۆ ساڵانی داهاتوو ڕێک و پێکتر، باشتر و جوانتر کارەکان پلان داڕێژی بۆ بکرێت و بەم جۆرە تۆزێک پەلەی پێوە دیار نەبێت دەکرێ ئەو لە وەها حاڵەتێکدا دەستکەوتەکان زۆرتر کەن.

  

فەوزییە سوڵتان‌بەیگی (شاعیر) - بۆکان

هەر ڕووداوێکی فەرهەنگی بە لەبەر چاوگرتنی دەستکەوتەکان و خرووجییەکانی گرینگی تایبەت بە خۆی هەیە، بە تایبەت ئەگەر بەرێوبەری ئەم فستیواڵە، زانکۆیەکی موعتەبەری وەک "زانکۆ کوردستان" بێت، ئیتر ئاستی چاوەڕوانییەکان لە نەزم و تەدارووکات و پەزیراییەوە بەرەو دەستکەوتە فەرهەنگی و زانستی و تەخەسووسی‌بوونی بەرنامە و بابەتەکان هەڵدەکشێ، کە بەداخەوە هیچ کام لە ئاستی ئەم هەمووە پروپاگەندە و تەبلیغ و ماندووبوونەدا نەبوون. جیا لە مانەش، لە بەشی داوەریدا (هەر چەند بە شناختێک  کە لە سەر قەڵەمی زۆربەی رێز لێ‌گیراوان و براوەکانی خەڵاتەکە هەمە تا ڕادەیەک مونسیفانە بوو) شیعر پەراوێز خرا، چیرۆک بە گشتی فەرامۆش کرا و زمان گرینگی خۆی پێ نەدرا و خاڵی ناڕوونی دیکەشی زۆر تێدا بوو. ئەمانە هەموو خەسارن بۆ یەکەم فستیواڵی خەڵاتی قەڵەمی هەژار. چاوەڕوانیمان هەیە لە فستیواڵەکانی داهاتوودا ئەم ناوەندە لە باری هزری و دەسەڵاتەوە سەربەخۆتر بڕیار بدات و ئەدیبانە رێز بگرێ لە هزری نووسەر و قەڵەمی نووسەری کورد.

 
دوکتور عەبدولڕەحمان ئادار (مامۆستای زانکۆ) ـ مێردین 

کوردەکان لەم بۆنەیە بە ناوی کەسایەتییەکی گرینگ خڕ بوونەتەوە، لە هونەرمەند و لێکۆڵەرەکان ڕا بگرە هەتا هەڵبەستڤان و ڕۆماننووس و ئاکادێمیسەنی کورد کە خەڵات دەکرێن. هەر وەک بەڕێوەبەران لەسەر مژاری ئەم مەڕاسیمە ئاخاڤتن، نزیکەی ٢٠ ساڵی پێچووە تا ئیمڕۆ هاتۆتە بەرهەم. ئەم کارە ئەنجامێکی گرینگ و پیرۆزە و هیوادارم ئەوە ببێتە نموونە و مۆدێل بۆ باقی شارەکانی دیکەی کوردستان، تا ئاستی خەباتی زانستیی و هونەری کوردان بچێتە سەرتر.

دەستکەوتی ئەم فێستیڤاڵە بە سێ بەش دابەش دەبێ. یەکەم ڕێزگرتن و بیرهێنانەوەی ئەو کەسایەتییانەی کە خزمەتی چاند و زمانی کوردیان کردووە و بە حەق مامۆستا هەژار لەم ڕێگایەدا تێکۆشاوە.

خاڵی دووھەم لە ناو کورداندا دەبێ نزیکایەتیی لە بەینی زاراوەکان باشتر و تۆکمەتر بکرێت. چون لە هەموو ئالی کوردستان، کوردەکان لێرە کۆبوونەتەوە و پەیوەندی تۆکمەتر ساز دەکەن و هەر وەک لەسەر پانێلەکەش گوتم دەبێ ئێمە هەموومان خۆمان فێری هەموو زاراوەکانی کوردی بکەین.

دەستکەوتی سێهەم هاندانی لێکۆڵەری کوردە کە ئەوەی بۆ خزمەتی ئەم وڵات و نەتەوەیە ئەوەی لە دەستیان دێت بیکەن.

 

جەبار جەماڵ غەریب (نووسەر) ـ هەولێر

مەڕاسیمی «خەڵاتی قەڵەمی هەژار» یەکێک بوو لە مەڕاسیمانەی کە لە ژیانمدا چاوم پێی کەوتووە، بێجگە لەو کتێبانەی کە گرینگ و شایەنن لێرە خەڵات کران، ڕووحییەتێکی بەرزی ڕۆشنبیری و عێرفانی وەبیر هێنامەوە. بە سەدان خەڵکی لە دەوری مامۆستا هەژار کۆکردەوە، ئەوەی بیرهێناینەوە کە قەڵەم هەمیشە ڕێزی خۆی هەیە. ئەوەی بیرهێناینەوە کە هەژار لەگەڵ ئەوەیدا دەیان کەسی بەدەسەڵات و دەستڕۆیشتوو و دەوڵەمەند ژیاون، بەس ئەو تاکە قەڵەمێک مایەوە کە ئێمە ئەمڕۆ یادی دەکەین و شانازی بە قەڵەمی هەژار دەکەین. من یەکێکم لەوانەی لە یەکەم خولی «خەڵاتی قەڵەمی هەژار» بەخت یاوەرم بووە و ئەو خەڵاتەم وەبەر کەوتووە. من شانازی بە سنە، بە زانکۆی کوردستان، بەو گرووپەی ئەو کارەیان کردووە، شانازی بە قەڵەمی هەژارەوە دەکەم.

 

دوکتور ئازاد بەرزەنجی (نووسەر، وەرگێر ـ سەرۆکی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەردەم) ـ سلێمانی 

سازدانی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە گرینگی خۆی هەیە، لە لایەک بە سەرکردنەوەی قەڵەمە گەورەکانی مێژووی ئەدەبیاتی کوردییە و ڕێزلێنانێکە کە لە ئەوان دەکرێت. لە لایەکی دیکەشەوە ئەمە ببێتە دەروازەیەک بۆ بە سەرکردنەوەی کار و چالاکییەکانی ئەدیبە لاوەکان و هاندانیان بۆ درێژەدان بە کاری نووسین و کاری ڕۆشنبیری تۆکمەتر. بێگومان ئەمە وەکو یەکەم خول، زۆر گرینگە کە یەکەم خول و دوا خولیش نەبێت. ساڵانە ئەم بۆنەیە جێگیر بێ و گرینگییەکی تریشی هەیە کۆکردنەوەی وزە و توانا و قەڵەمە ناسراو و گرینگەکانی دونیای ڕۆشنبیری کوردی و ئەدەبیاتی کوردییە لەم بۆنەیەدا کە ئەبێتە مایەی ئاڵوگۆڕکردنی بیر و ڕا و گوتووێژ و گفتوگۆی جیدی لە نێوان ئەواندا پێک دەهێنێت.

ڕەنگە ئەمساڵ لەبەر ئەوەی کە خولی یەکەمی ئەم خەڵاتەیە، شایەد هێندێک کەم‌وکورتی لە ڕووی بەڕێوەبردنی کاروبارەکان و فێستیڤاڵەکە و یان چۆنییەتی پلاندانان بۆ پانێلەکان و دیاریکردنی بابەتەکان هەبێت. بەڵام من دڵنیام ئەمە دەبێتە ئەزموونێک بۆ ئەوەی کە بۆ خولی دووەم زیاتر کاری باشتر بکرێت و وردتر و پێشتر پلانی بۆ دابنرێت. بە گشتیی ئەم داوایەم هەیە کە لە قۆناغی یەکەمدا ئەمە یەکەمین و ئاخرین فێستیڤاڵی «خەڵاتی قەڵەمی هەژار» نەبێت و وەک نەریتێکی ساڵانە بەردەوام بێت. لە قۆناغی دووهەمدا بۆ هەموو ساڵێک پێم باشە پێشوەخت پانێلیستەکان لە بابەتەکانیان ئاگادار بکرێنەوە و کاتی پێویستیان بۆ دیاری بکرێت. هیوادارم کە ئەمانە ببن بە ئەزموونێک بۆ ئەوەی کە ساڵانی داهاتوو بە شێوەیەکی وردتر ئەم شتانە دیاری بکرێن و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکردرێت. ئەم بابەتانەش کە بۆ خەڵاتەکە دێن کەسانی پسپۆڕ و شارەزا زۆر مەوزوعیانە، بابەتیانە و زانستییانە کارەکان هەڵبسەنگێنن.

 

کەلیموڵڵای تەوەحۆدی «کانیماڵ» (نووسەر، شاعیر، مۆسیقی زان) ـ خۆراسان

فێستیڤاڵەکە باش بوو، ئەوە یەکەمین جار بوو کە «خەڵاتی قەڵەمی هەژار» بەڕێوە دەچوو، کەموکوڕی هەبوو، بەڵام بە گشتیی باش بوو، توانی بەیادی هەژار خەڵکی کورد لە سەرانسەری دونیادا لە دەوری یەکدا کۆ کاتەوە و بێنە ئێرە و لەسەر هەژار ڕا و بۆچوونی خۆیان بڵێن. هەژار کەسایەتییەکی گەورەی فەرهەنگی گەلی کوردە، بەڵام بەداخەوە ئێستاشی لەگەڵ بێ هەر نەناسراوە. کاتێک کە هەژار لە جێگادا بوو من سەردانم کرد، ئەو کات خەریکی وەرگێرانی «قوڕئانی پیرۆز» بوو، ئەو بە منی گوت: «شەرەفخانا مان وەخێرهاتی وە سەرچاوێ مەرا هاتی». هەژار پێی گوتم، بەداخەوەم کە کتێبەکەت درەنگ بەدەست من گەیشت و گەر نا من لە کتێبی «بۆ کوردستان» دەمناساند.

فێستیڤاڵەکە بە گشتیی باش بوو، من هیوادارم ئەوە هەوەڵین خولی بوو، دوایین خولی نەبێت. ئێمە پیاوی گەورەمان لەناو کورددا زۆر هەیە، هەر نابێ بە هەژار ڕازی بین، دەبێ بۆ کەسایەتی گەورەی دیکەش وەکوو: (ئەمیرخانی بەدلیسی «باوکی مێژووی کوردان»، مەلا مستەفای بارزانی و...) مەڕاسیم و خەڵاتی تایبەت لە شوێنەکانی دیکە بکرێت و هەر لە ئەستۆی سنە نەبێت.

ئێمە ئەوەندەمان کەسی گەورە هەیە کە کاریان لەسەر بکەین و یادیان لێبکەین. مەلا مستەفای بارزانی و شێخ مەحموودی نەمریان ناشت و دوای کۆچەکەی هەر هیچ قسەی لەسەر کەسایەتی و جێگە و پێگەی نەکراوە و نەنووسراوە.

 

سروە نووری عەزیز (نووسەر، مامۆستا) ـ ستۆکهۆڵم 

سەرەتا زۆر زۆر هەستێکی تایبەت و زۆر خۆشحاڵ بووم کە بۆ جارێکی دیکە هاتمەوە ڕۆژهەڵات. من ساڵی ١٩٨١ی زایینی هاتمە ڕۆژهەڵات و ئێستاش دوای ۴۴ ساڵ ئەم جارە بە هەستێکی ترەوە کە ئێستا دەبینم زانکۆی کوردستان لە سنە خەڵاتێکی ئاوای ڕێکخستووە، بە ڕاستی زۆر زۆر جێگای شانازییە زۆر خۆشحاڵ بووم جێگای هیوا و هومێدە کە دەبینم زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات بە گشتی و لە سنە بە تایبەتی لەم دانیشتنە جوانەدا گرینگی پێ دەدرێت. لێرە لاوان و گەنجانی کورد لە هەوڵی فێربوونی زمانی کوردی و ئاشنایی بە ئەدەب و وێژەی کوردین، ئەمە جێگای زۆر خۆشحاڵییە. بەڕاستی ئێمە دەبێ تێکوشان بە قەڵەم بیکەین. هەر وەکوو لەم دوو ڕۆژە لەم مەراسیمە چەند جارێ دووپات کرایەوە، «زمان ماڵی بوونە» بە ڕاستی ئێمە بۆ ئەوەی هەبین، ئەبێ زمانەکەمان بپارێزین و گەشەی پێ بدەین و ئەلێرەدا دەبێ منداڵەکانمان بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و ئاشنای مێژوو و ئەدەبەکەیان بن. بە قەڵەم ئەبێ تێبکۆشێن، ئەبێ ئاشنای مێژووی خۆمان بین. وەکوو لە مەراسیمەکەشدا چەند جار دووپات کرایەوە کە «پێویستە ئێمە مێژووی خۆمان بینووسینەوە» تا ئێستا مێژووی خۆمان بۆخۆمان، نەمانووسیوەتەوە. مێژوو هەمیشە ئەو هێزانەی کە سەرکەوتوون ئەمانە نووسیانەتەوە لەبەر ئەوە زۆر شت لە مێژوو دایە کە درووست نییە لەبەر ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە ئەم مێژووە ڕاست بکەینەوە. وەکوو چەندین تێکۆشەر و نووسەر کە لەم دوو ڕۆژدا لە هەوڵی ڕاستکردنەوەی ئەم ئەرکە بە چەندین نووسین و کتێب هاتوونەتە ئێرە و باسی مێژوو ئەکەن. من بە وەها کارێک داهاتووی کوردستان گەش بینم کە لەم ڕۆژەدا چەندین جار لەم مەراسیمە لە خۆشەویستیان فرمێسک پەلکی پێ هەڵچنیوم و ئەوکم هەنیسکی گریانە. بەڕاستی ئەوەندە هەستێکی خۆشم بووە یانی ئەو هەستەی کە لە کۆتایی ساڵانی حەفتایی زایینی ساڵی ١٩٧٩ کە لە مێهرەجانی دووهەمی شێعری کوردیدا لە شاری سلێمانی ڕۆژێک بوو کە بوو بە ڕۆژی خەبات و تێکۆشان. ئێستاش ئەو مێهرەجانە کە باسی لێ ئەکرێت نووسەران و لێکۆلەران بە وشەکانیان بەڕاستی خەباتیان ئەکرد.

ڕێزم هەیە بۆ هەموو ئەوانەی کە عەزیەت و ماندوونێکی زۆریان پێوە دیارە. هیوادارم خەڵاتی قەڵەمی هەژار لە ساڵەکانی دواتردا بەردەوام بێت. شتێکی تریش کە زۆر دڵخۆشکەر بوو لە مەڕاسیمەکەدا ئاماژەی پێکرا بە هیوای ئەوەی کە خەڵاتی مەستوورە ئەردەڵانیش کاری بۆ بکرێت، بەڵام هیوادارم خەڵاتی مەستوورە نەبێتە تەنها خەڵاتێک بۆ ژنان، بەڵکوو خەڵاتێکی مێژوویی بێ چونکە مەستوورە ئەردەڵان تاقانە مێژوونووسی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە سەردەمێکدا کە  مێژوونووسی ژن هەر نەبووە لەبەر ئەوە کارێکی وا زۆر پیرۆزە و زۆریش پێویستە هەبێ. بەڵام وەکو خەڵاتی قەڵەمی هەژار پێویستە خەڵاتی هەموو نووسەران بە بێ جیاوازی لە ژن و پیاو، خەڵاتی مەستوورە ئەردەڵانیش بە بێ جیاوازی ڕەگەز ببێتە خەڵاتێک کە هەموو تێکۆشەرێک وەریگرێت.

 

حامیدی فەرازی (چالاکڤانی مەدەنی) ـ سنە 

 ئەم جۆرە مەراسیمانە هەبن زۆر باشە، یەکگرتوویی ساز دەکات، ئەو دۆستانەی کە بیر و هزری هاوبەشیان هەیە یەکتر دەبینن و دەناسن و کارەکانی خۆیان نیشان دەدەن و هەر لەم کۆڕیادانەدا یادێک لە مامۆستایان و گەورە پیاوان دەکەنەوە و پەرە بە زمانی کوردیش دەدەن و هەر ئەم ڕەوەتە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە هەنگاوێک بەرەو درووست بوونی زمانی ئیستانداردی کوردی بکرێتەوە.

کەسانێکی دڵسۆزی وەک کاک ماجد و دوکتور جەباری و تاقمێک مامۆستایانی زانکۆی کوردستان کە لە نزیکەوە دەیانناسم، دەزانم نییەتیان خێرە و زەحمەت دەکێشن، بە دڵنیاییەوە هەر کارێک کە زەحمەتی بۆ بکێشرێت، دەرەنجامی دەبێت، هیوادارم لەو کۆڕ و کۆبوونەوەدا دڵمان لێکتر نزیک بێتەوە، کاری بۆ بکرێت، لەداهاتوودا من پێی گەش بینم.

 

فەخریا ئات ساید (ڕۆژنامەڤان) ـ دیاربەکر 

بەڕاستی گەلێک پڕکەیف و سەربەرزم کە بۆ خەڵاتی قەڵەمی هەژار لە باژاری سنە و زانکۆی کوردستانم. مەڕاسیمەکە لە نەوعی خۆیدا باشە، زۆرم پێخۆشە کە ئەو هەمووە کوردە هێژا قەڵەم بەدەستە لێرە خڕبوونەتەوە، دیتنی ئەوان هەر بۆخۆی گرینگی خۆی هەیە، چون کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لێرە یەکتر دەبینن و یەکتر دەناسن، هەر بۆیە شتێکی گەلێک تایبەتە.

 

پرۆفیسۆر دوکتور کەیوان ئازاد ئەنوەر (مامۆستای زانکۆ) ـ سلێمانی 

بەش بە حاڵی خۆم زۆر خۆشحاڵ بووم کە لە شاری سنە زانکۆی کوردستان مەڕاسیم بۆ هەژار دەگرێت، بۆ پێم گرنگە، یەکەم ئەم چالاکییە زانستگا وەک ناوەندی ئەکادێمیک دەیکات و لێرەدا هەوڵ دراوە بەشێکی باش لە خەڵکی خوێندەوار و ڕۆشنبیری کورد لە پارچەکانی تری کوردستانەوە، بێن لێرە یادێک لە کەسایەتی مەزنی هەژار بکەن کەسایەتییەک کە هەموو تەمەنی خۆی بۆ زمانی کوردی، مێژووی کورد و ئەدەبی کورد تەرخان کرد. لە ڕۆژگارێکدا کە ئەمە ڕاستگۆیانە بەڵێم من لە باشووری کوردستان کە حکومەتداری کوردستانمان هەیە بە داخەوە زمانی کوردی خەریکە پەراوێز دەخرێت و بەداخەوە ئێستا ڕۆڵەکانی ئێمە فێری زمانی ئینگلیزی و عەرەبی تورکی دەبن و زمانی کوردی بە تەواوی لە پەراوێز دایە.

لە ئێران زمانی کوردی زمانی خوێندن و نووسین نییە ڕۆڵەکانی کورد بە شێوەیەکی نافەرمی لێرەوە لەوێ فێری زمانی کوردی دەبن، لە کاتێکدا لەم دوو ژینگە جیاوازەدا هەژار موکریانی شاعیر دەتوانم بڵێم نیو سەدە بەر لە ئێستاوە قسە بکەین هەموو تەمەنی خۆی بە کوێرەوەری تەرخان کرد بۆ ئەو نەوەیەی کە پێ ئەگات نەوەیەکی هۆشیار و خوێندەوار بێت. بۆیە خۆشحاڵم بۆ زانکۆی کوردستان کە ئاوڕێ لەم کەسایەتییە دەداتەوە کە خۆی خەڵکی موکریانە بەڵام زانکۆی سنە ئەم کارە دەکات، ئەو دەیهەوێت بۆ زیندوو هێشتنەوەی ناوی هەژار موکریانی خەڵاتی ببەخشێت بە بەشێک لەو بەرهەمە کوردییانەی کە لە بواری ئایین، کۆمەڵایەتی، فەلسەفە، مێژوو، ئەدەب یا ئەو زمانە شێعرە کە لە لایەن نەوەکانی خۆی نووسراون و زانکۆ بە شێوەی فەرمی دەیکات، هەر بۆیە خۆشحاڵم مەڕاسیمەکە بە گەورەیی دەبینم.

 

کەریم دافعی (شاعیر) ـ بانە

مامۆستا هەژار خۆی کەسایەتیێکی زۆر گەورەیە دیارە ئەوندەی بەرهەم هەیە لە هەموو بوارێکدا قەڵەمەکەی ڕۆیشتوو بۆ هەموو شوێنەکانی کوردستان و چێژیان لێ وەرگرتووە. دیارە ئەگەر بڵێین مامۆستا هەژار نووسەر بووە دەبێ بڵێین کە کارێکی کەممان کردووە بڵێین شاعیر بۆ دیسان ئەدای مەتڵەبمان نەکردووە، بڵێین فەرهەنگنووس بووە، دیسان گەورەیی هەژارمان نیشان نەداوە. بڵێین وەرگێڕ بووە دیسان نەمانتوەنیوە هەژار بناسێنین. کەسایەتییەکی گەورە بۆ کە هەمە چەشنە و هەمە ڕەهەندە کاری کردووە جا ئەم خەڵاتە خەڵاتێکە کە دەدرێ بە کەسانێک کە لە بواری نووسین و ئەدەبیدا چالاکن. کەسانێکن کە بۆ ئەم نیشتمانە هەوڵ دەدەن تا بۆ ئەم ئاو و خاکە شتێک بەرهەم دێنن. لام وایه ئەم خەڵاتە خەڵاتێکی زۆر گەورەیە ناوی مامۆستا هەژاری بە شوێنەوەیە. هیوادارم لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ئەم خەڵاتە پەرەیەکی زیاتر بستێنێت وا بێ شوێنە جیاجیاکان لێک بکرێتەوە مەسەلەن بۆ نموونە خەڵاتی ئەدەبی بۆ هەر کام لە شێعر، چیرۆک، شانۆ و شێوەنووسینەکانی تر جودا بێت. یانی بە کورتی شێوەگەلی جۆراوجۆری لێ ببێتەوە. من زۆری پێ دڵخۆشم چونکە پێم وایە کارێکی گەورە کراوە. لە داهاتوویەکی نزیکدا پێم وایە ئەم خەڵاتە پەرەیەکی زۆر دەستێنێت. هەر وەک بۆ خۆیان وتیان زیاتر لە ٧٠٠ کتێبمان پێگەیشتووە ئەمە یانی ئێمە حەوت سەد کەسی چالاکمان هەن کە بۆ ئەم بەشە بۆ ئەم خەڵاتە خۆیان ناونووس کردووە. ڕەنگە زۆریان خەڵات وەرنەگرن، بەڵام هەر ئەوە کە خەڵکەکە دەرکی کردوو نووسەران و شاعیران و قەڵەمەکان زانیویانە کە خەڵاتێکی ئاوا گەورە هەیە من پێم وایە ئەوە بۆخۆی جێی خۆی کردۆتەوە.

 

فەنەر ڕۆژبەیانی (نویسکار) ـ عەفرین

هەر چەنێ بۆ جاری یەکەمە بەڕێوە دەچێتن، مەراسیمەکە گەلێک کەیفێ مە هاتیە. لەسەر ئاستا باکووری کوردستان من بە گوتارێ لە کۆنفرانسی مەلای جزیری فەقیێ تەیران، ئەحمەدێ خانی بەشدار بووم، هەروەها لە باشووری کوردستان کۆنفرەنسی مەولانا خالیدی شارەزووری و شێخ مەعروفی نۆدەیم دیتوون. ئەم مەڕاسیمەش زۆر باشە، ئەوان بەو کۆنفرانسە بەو سەمپۆزیۆمە توانیان هەمی شاعیرێ و نووسەرێن لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە.

لە ئاستێ کەموکۆڕی ئەو هۆڵە تۆزێکی بچووک بوو، شتێکی ترش ئەو کەسەی نووسەری بەشداربوو دووری مەسەلەی مام هەژار دەهاتە ئاخاڤتن. ئەو شتانەی هاتنە بەر باس شتی دێریکی و مێژووییە هەر جارەش دێتە دووبارە کردن. شتی باشی کە تێیدا هەیە نووسەر، توێژەر لە هەر چوار ئالییە کوردستان لە دەرەوەی ئیرانێ هەموو یەکتریان دیت و ئەو ناس کردنەوە گەلێک باش بوو، هەر ئەوەندەی کە زانستگەها سنە ئەو مەسرەفەی ئەو مەڕاسیمان وەعۆدە گرتیە، جێگای سپاسە.

 

دوکتور ڕەئووف عوسمان (نووسەر، پەرلەمانتای پێشووی پەرلەمانی عێراق) ـ سلێمانی

بە شێوەیەکی گشتی کۆنگرەیەکی زۆر زۆر باش بوو و بەڕاستی مامۆستا هەژار مافی خۆی درایە. زۆر کەس قسەی لەسەر کرد، لەسەر زۆر بابەتی تر قسە کرا. هەر ئەوەی کە ڕووناکبیرانی هەر چوار لای کوردستان لەم مەڕاسیمە پێک گەیشتوون و یەکتریان دیوە، دڵخۆشکەرە. هەر بۆیە سپاسی زانکۆی کوردستان و دەوڵەتی ئێرانیش دەکەم کە ئەم ئەرکەیان کێشاوە و ئەو هەلەیان ڕەخساندووە. بەو هیوایەی کە لەمەودوا چالاکی زیاتر لەسەر مامۆستا هێمن و سەرجەم نووسەرە گەورەکانی دیکەش بکرێت.

ئەو وتارانەی لەوێ خوێندرانەوە هەر یەکی دە خولەک بوو، کە ئەم کاتە زۆر کەمە. ئەو کەسەی کە بابەتەکە ئاراستە دەکات یان ئەو کەسەی کە گوێ لە بابەتەکە دەگرێت بە دە دەقە تێر نابێ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی بەرنامەیەکی باش و ڕێکوپێک بوو.

 

ڕێباز مستەفا (وەرگێڕ) ـ ڕەواندز 

بە ڕاستی من بۆ خۆم سوودم لێ بینی، پانێلەکان تا ڕادەیەک باش تەنزیم کرابوون. ئەو وتارانەی کە لە فیستیڤاڵەکە دران زۆر حیماسی و باش بوون. ئەم کۆبوونەوەیە بۆ گەلی ئێمە زۆر پێویستە و زۆر شتی چاک و بە پێز گووترا. هیوادارم ئەو بۆنانە هەبن. لەبەر ئەوەی نووسەران، ڕۆشنبیران، بیرمەندان و لێکۆڵەران زیاتر لێک نزیک دەکاتەوە و لە ئەساسدا کاری هاوبەش زۆر زۆر سەرکەوتوو ترە. لەم مەڕاسیمانەدا زیاتر خەڵک لەگەڵ یەک ئاشنا دەبن و دەتوانن زیاتر کاری هاوبەش بکەن و هەنگاوەکان بخەنە پاڵ یەک بۆ ئەوەی کاری تۆکمەتر بکرێت. کورد پێویستی بە ئیشی هەرەوەزی هەیە، هەر بۆیە ئەمن ئەو هەنگاوە بەرز دەنرخێنم و جێگای دەستخۆشییە.

 

ئیبراهیم شادمان (وەرگێڕ) ـ ماکۆ

ئەو مەراسیمە وەکوو یەکەم ئەزموون خەڵاتێکی وەها گرینگ لە ئاستکی باشدا بڕێوە چوو. بۆ جاری یەکەمە کە ئەم خەڵاتە بەڕێوەدەچێ و زیاتر لە ٩٠٠ بەرهەم بۆ ئەم فێستیڤاڵە هاتووە و هەموو کوردەکانی کۆ کردۆتەوە. بەشێکی تر هەڵبژاردنی ناوی خەڵاتەکە بە ناوی «مامۆستا هەژار» کە هەم هەڵبەستڤان، هەم پەخشاننووس و هەم وەرگێڕ و هەمیش فەرهەنگنووس بووە، بەتەواوی ئەم خەڵاتە شایانی ئەم نێوە بووە.

لە ئەساسدا ڕووحی ئەم خەڵاتە مەتڵەبی سەرەکییە هەر وەک دەزانین نووسەری کورد بە هۆی دابەزینی ئاستی خوێندەوە گۆشەگیر بوونە، کە ئەم خەڵاتە دەتوانێ تا ڕادەیەک ببێتە پردی پەیوەندی هەر دوو لایەن و ئەم کەلێنە پڕ کاتەوە.

ئەم کەسەی کە خەڵاتێک دەباتەوە، بەردەنگ هان دەدات کە ئەو فڵان کەسە بە چ کتێبێک بەشداری کردووە و خەڵاتی بەدەست ھێناوە، ناوی کتێبەکەی چ بوو؟ بۆ نەموونە هەڵبەستڤانێک وەک یەحیا عومەری کە خەڵاتی ئاڕژەنگی بۆخۆی مسۆگەر کرد، خوێنەر تین دەدرێت کە بچێ ئەو بخوێنێتەوە. ئەلێرەدا حەزی خوێنەر هان دەدات و نویسکاریش دڵخۆش دەکات کە بەرهەمی ئەو دەدیترێ، هەر بۆیە پێویستە کاری جیدی تر بکات.

 

ئەییووب کوێخا ڕۆستەم کەریم (نووسەر، توێژەر ـ لێپرسراوی مەڵبەندی ڕۆشنبیری هەورامان ) ـ هەورامان 

لە ئەساسدا مەڕاسیمەکە کارێکی زۆر زۆر پیرۆزە. لەبەر ئەوە بۆ کەسێکە کە زۆر گەورەیە زۆر موستەحەقە بەوەی کاری گەورەتر لەمەی بۆ بکرێ و هەروەها ئەو بەرهەمانەش کە نزیکەی هەزار کتێب کۆکراونەتەوە، بۆ خۆی سامانێکە، سامانێکی گەورەیە هەم بۆ زانکۆ هەم بۆ ئەو توێژینگەیەی کە ئەم کارەی کردووە. بەڵام هیچ ئیشێک بێ کەم‌وکوڕی نابێ یانی ئەوەی کە کەم‌وکوڕی بوو من ڕەچاوم کرد قەرەباڵغێکی زۆر و خەڵکێک هەبوون لەوانەیە هەروا هاتبێ دانیشن. بوونی منداڵ لە هۆڵەکە بەشێکی دیکه بوو چونکە مناڵە نازانێ، هیچ لەو بابەتە تێناگات، لەگەڵ دایک و باوکیان هاتووە دەبایە ڕەچاوی ئەوە بکردایە کە  ئەو کەسە هاتبایە کە ئەهلی قەڵەم، خوێنەوە و نووسین بێ. مناڵ جیهانی خۆی هەیە، ئاهەنگێکی گۆرانی و مۆسیقا یان شانۆگەرییەک بێ. بەڵام بەڕاستی ئەوانەی لە چەند ڕیزی دواوە هیچ لە تەوەر و بابەتەکان تێنەگەیشتبن. بابەتەکان بە شێوەیەکی گشتی خراپ نەبوون، هیچ شتێک نییە بە تەواوی خراپ بێ و هیچ شتێکیش نێ بێ کەم‌وکوڕی بێ. ئێمە مرۆڤین، مادام مرۆڤین، کارەکانمان غەل و غەشی بە جۆرێک لە جۆرەکان  تێدایە.

 

ڕەفیق ساڵح (نووسەر ـ بەرپرس و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین) ـ سلێمانی 

لە ڕاستیدا گرینگی ئەم کارە فەرهەنگی و ڕۆشنبیرییە گەورە کە ئەویش دانی خەڵاتی قەڵەمی هەژارە، بە نووسەرێک و کتێبێکی دانسقە و گرینگ کە کەلێنێک لە ناو کتێبخانەی کوردی پڕ کاتەوە پیرۆز و بەرزە. هیوادارم ئەم کارە بۆ ساڵەکانی دیکەش هەر درێژەی هەبێ. هەڵبەت ئەدیبان، شاعیران، نووسەران و زانایانی ئێمە لە ڕابردوودا کەس نەبووە ئاوا ئاوڕی لێبداتەوە، ئەمە لە ڕاستیدا کارێکی گەورە و هەنگاوێکی قورسە. گرینگی ئەم کارە ڕۆشنبیرییە گەورە بێجگە لە خەڵاتی هەژار کۆکردنەوەی ڕۆشنبیران، نووسەران و زانایانی لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستانە، دەبێتە پەیوەندییەکی قووڵ کە ئاستی هۆشیاری نەتەوەبی بەدوایدا دێت. ئاواتەخوازم ئەم جۆرە چالاکییانە کە کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان دەگرێتەوە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە کە لە سەدەی ڕابردوو تا ڕادەیەک کەم ببۆوە، ئێستا بە خۆشحاڵییەوە کە هەلومەرجێکی ئاوا هاتۆتە پێش کە ڕۆشنبیران و ئەدیبانی کورد دەتوانن لەم جۆرە بۆنانەدا بەشدار بن، ئەوە تا ڕادەیەک زامی دوورییەکان سارێژ دەکاتەوە.

بە دڵنیاییەوە هیچ کارێک بێ کەم‌وکوڕی نییە، بەڵام لە چاو ئەو ئیمکانات و هەلومەرجەی هەیە فێستیڤاڵەکە بە بڕوای من سەرکەوتوو بووە و هەموو ئەو کەسانەی کە من بینیومن، هەڵسەنگاندنی باشی ئەم کار و چالاکییەیان کردووە و جێگای ڕێزە.

 
عەباس غەزالی (نووسەر و ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق) ـ هەولێر 

دەستخۆشی لە زانکۆی کوردستان دەکەین کە ئێمەی هەموو کۆ کردووەتەوە لە دەوری مرۆڤێک کە نیوسەدە خزمەتێکی بێوچانی بە کورد کردووە. مامۆستا هەژار نووسەر، شاعیر ، وەرگێڕی مەنزڵگەی کوردایەتییە. ئێمە هەموو بۆ ئەوەی هاتووین ڕێز لە مام هەژار بگرین چونکە حەقی بە سەر هەموو کوردەوە هەیە و ئەمنیش لە بناری چیای شیرینەوە هاتووم بۆ بناری ئاویەر چونکە هەژار تایبەتمەندییەکی تایبەتی لە لای ئێمەی بارزانییان هەیە. مەڕاسمەکە گونجاوە، قۆناغی یەکەمە و زۆر باشە و لێرەدا هەموو زاراوە و بن زاراوەکانی کوردی لە ژێر خێوەتی قەڵەمی هەژار خڕبوونەتەوە. بە دڵنیاییەوە هیچ شتێک بێ کەم‌وکوڕی نابێ بۆ قۆناغەکانی داهاتوو ئیشەڵا باشتر ببێت.
 



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد