زمانی زگماکی دیاردەیەکە یەکەم جار تاکەکانی کۆمەڵگا بەرەو ئەو زمانە هان دەدا کە دایکی ئەو کەسە ئاخاڤتنی پێ دەکا.ئەم وتەیە دەکرێ وتەیەکی ئەرێنی بێ و دەشکرێ وا نەبێ.
کە وایە زمانی زگماکی چیە؟
بە پێی تاریفی دەروونناسەکان زمانی زگماکی منداڵ زمانێکە دایکی ئەو کەسە لە کاتی دووگیانبووندا پێی دەدوێ و دەکرێ بە یەکەمین
دەنگ و ئاوا بناسرێ کە زارۆک لە گەڵیا ئاشنا دەبێ. بەو پێیە منداڵ لە کاتی بە دونیا هاتن بە بیستنی دەنگی دایکی بە هۆی ئاشنا بوونیەوە ، هێور دەبێ و گریانی دەوەستێ.
ئێستا ئەو پرسیارە دێتە پێش بۆ ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان بە دوو زمانی جیا دەدوێن یا لە کۆمەڵگا و بەستێنێکی چەند زمانی دا دەژین ، کامە زمان وەک زمانی زگماکی هەژمار دەکرێ؟
مێشکی مرۆڤ خاوەنی تەنین و تواناییەکی زۆر و جیاوازە کە هێزی ئاخاڤتن و فێربوونی زمان یەکێک لەوانە.بە پێی لێکۆڵێنەوەکان ئەو منداڵانەی لە دەسپێکی لە دایک بوونەوە لە گەڵ چەند زمانی جیاواز بەرەوڕوو دەبن (بۆ وێنە ئەو منداڵانەی دوای کۆچکردنی بنەماڵەکەیان ، لە وڵاتانێک بە زمانی جیاوازەوە لە دایک دەبن )
توانایی فێر بوونی چەند زمانیان هەیە و ئەو فرە زمانییە لە مێشک و هزری ئەوان دا جێگر دەبێ و ناکرێ هیچ یەک لەو زمانانە وەک زمانی یەکەم دیاری بکرێ. هەرچەند دوورکەوتنەوەی هەر یەک لەو کەسانە لە چوارچێوەی یەکێک لەو زمانانە ، دەتوانێ فەرامۆشی ئەو زمانەی بەدوا دابێ.
توێژەران لەو بڕوایەدان تێگەیشتن و فامی تاکەکانی کۆمەڵگا لە زمانی زگماکی و توانایی شرۆڤە کردنی ئەو ، کاریگەری تەواوی هەیە لە سەر فێر بوونی زمانی دوویەم و سێیەم لە لایەن کەسەکانەوە. بەو پێیە دەکرێ زمانی زگماکی وەک ماکە و بنەمای فێربوونی زمانێکی تر دیاری بکرێ.
لە زۆرینەی وڵاتانی دونیا جیاوازی و فرەچەشنی قەومی و نەتەوەیی وەبەرچاو دەکەوێ و هەر ئەو بابەتە بۆتە هۆی جوان بوون و ڕازانەوەی فەرهەنگ و کلتووری ئەو وڵاتانە . هەریەک لەو نەتەوانە خاوەنی بیر و باوەڕ و داب و نەریت و هونەری تایبەت بە خۆیەتی کە بە درێژایی تەمەنی ئەو نەتەوەیە پێک هاتووە.
لەناوچوونی هەر زمانێک ، له ڕاستیدا فەوتانی بەشێک لە کلتوور و مێژووی هەر وڵاتێک و لە ئاستێکی بەربڵاوتردا ، فەرهەنگ و ژیاری مرۆڤایەتیە.هەر وەک میلان کۆندرا (نووسەری خەڵکی ولاتی چیک ) دەڵێ« یەکەم هەنگاو بۆ لەناوبردنی یەک نەتەوە، سڕینەوەی یادگه و بیری ئەو نەتەوەیە . دەبێ کتێب و نووسراوە ، کلتوور و فەرهەنگ و زمانی ئاخاڤتنی ئەو نەتەوە لە ناو بچێ.»
زمانی زگماکی ئەو زمانەیە کە مرۆڤ قسە و ئاخاڤتن بەو فێر دەبێ و تەنانەت لالایی دەورانی منداڵیشی هەر بەو زمانە لە بیرگە و یادی دا دەمێنی. تا ئەو ڕادەیەی گەورەترین پێکانی مێشکی مرۆڤیش نابێتە هۆکارێک تا مرۆڤ ئەو زمانە لە بیرباتەوە.بۆیە هەر مرۆڤێک دەبێ تێبکۆشێ تا پێش بە لەناوچوونی زمانی زگماکی خۆی و کۆمەڵگاکەی بگرێ و بە جوانترین شێوە ڕێزی ئەو دیارییە ڕاگرێ کە هەر لەیەکەم چرکەکانی ژیانیدا پێی بەخشراوە.