تاریخ: ۱۴۰۵/۵/۸
سەردانی مامۆستا محەممەد ئیکڕامی مینبەر "هەوشار"

مامۆستا محەممەد ئیکڕامی لە کۆتایی شەستەکان لە گوندی مینبەر و ناوچەی هەوشار ڕا بە ماڵ و منداڵ تەشریفیان هێنایە مەهاباد و لێرە نیشتەجێ بوون.  منیش لە پۆلی دو و سێی ناوەندی (واتا ڕاهنەمایی) شانازی قوتابی بوونی مامۆستام به نسیب بوو.

مامۆستا لە قوتابخانەی ۱۷ی شەهریوەر هەڵکەوتوو لە گەڕەکی سێ ئاشان وانەی ئایینی ئیسلام و قوڕعانی  پێ دەکوتین و هاوکات لە چەند قوتابخانەی دیکە لە گۆیک تەپپە و مەهاباد دەرسی دەدا. یەکێک لەو موعەللیمانە بوو کە هەموو قوتابی بە دڵ خۆشمان دەویست و کەسایەتێکی هێدی، هێمن و قسەخۆش و لە سەر دڵان بوو. هاوکات زۆر نوکتە زان و تێگەیشتوو بوو و لە زۆر بواراندا وەک سەرمەشق و نموونەیەکی شایانی مرۆڤ دۆستی و کەسایەتی دەهاتە ئەژمار و بە ئەخلاق و نەزم و دیسیپلین و هەڵکەوتە بوو. دڵێکی پاک و میهرەبانی هەبوو و زۆر دەگمەن هەڵدەکەوت کە لە قوتابێکان قەڵس بێ و دەنگی بەرز کاتەوە.

مامۆستا وەک موعەللمێکی نەترس و بوێر هەڵوێستی دەگرت و شتێک باوەڕی پێی نەبوایە - وەک کارمەندی پەروەردە - ملی بۆ دانەدەخست و منەتی بە خودا نەبوایە، بە عەبدی خودای نەبوو.

ڕێزی لە قوتابێکان دەگرت و هاوکات وانەی ئەخلاق و ئەدەبی پێدەداین و بەخشندە و دلۆڤانانە هەڵس و کەوتی دەگەڵ دەکردین و هەڵە و بەدفەڕێکیش کرابا، چاوپۆشی لێ دەکردین.

هەر وەها مامۆستا هاندەر و ڕێنوێنێکی کەموێنە بوو کە قوتابێکانی بۆ لای دین و ئایینی ئیسلام ڕادەکێشا و وەک مەلایەک هیچ کات کوردایەتی و دین و ئایینی بە دژایەتی یەک هەڵنەدەسەنگاند و بە دڵ بڕوای بە هەر دووک باری نەتەوەیی و نیشتمانی و هاوکات دین و ئایینی ئیسلام هەبوو. هەروەها هەڵوێستەکانی ئەوا نەبوو کە «بیهەوێ کەس بە زۆرەملی بنێرێتە بەهەشت» و لایەنی ئاشتیخوازانەی ئیسلامی پێ دەناساندین و مرۆڤێکی ڕوناکبیر و گەشبین بوو کە زۆر دوور بوو لە بەرەی توندڕەو و سەلەفی و دژە نیشتمانی.

مامۆستا زۆر جار بەرەو ڕێ و ڕەسمە ئایینییەکانی ئیسلام هانی دەداین و تاقمێکی زۆر لە قوتابێکانی بە پێشنیاری بەڕێزیان دەچوینە «مزگەوتی کوردستان» لە نزیک قوتابخانە و شەوانی مانگی ڕەمەزان بۆ تەڕاویح لە خزمەتی دا دەبوین.

مامۆستا پێشنوێژی مزگەوتی بازاڕ واتا حاجی سەید بایەزیدی وەستۆ گرتبوو و جێگای متمانە و خۆشەویستی خەڵک و بازاڕییەکان بوو کە تا ئەو دواییانە درێژەی بەو گرینگە دابوو، هەر بەو بۆنەوە لە ماڵی ئەوقاف بەرانبەری خانەقای شەمزینان نیشتەجێ بوو. دیارە باش وابوو کە هەر لەوێدا ماباوە، بەڵام لەو دواییانەدا سیاسەتەکانی ئەوقافی مەهاباد  بۆتە هۆکاری هەڵوێست گرتنی چالاکانی مەدەنی و دڵسۆزانی شار کە نەشیاوە و بۆ باس کردن لێرەدا نابێ.

مامۆستا لە ڕواڵەت و جل و بەرگدا هەمیشە کەواپانتۆڵی کوردی و مێزەری سپی مەلای کوردەواری لە سەر دەنا و تەنانەت سۆرانیشی دەبەست و هیچ کات بە پۆشینی جلی دەرەکی و بیانی نەماندەدیت. هەر بۆیەش گشت کات بە کردەوە هاندەری قوتابێکانی بوو کە جل و بەرگی ڕەسەنی کوردی بپۆشن.

لە باری سەواد و تێگەیشتنی لە دین و ئایین، وەک زۆرینەی مەلا قەدیمیکانی لای خۆمان ، سەرچاوەی زانست و زانیاری بوو کە لە ئاستێکی زانستی بەرز وێستابوو و چەندین بەرهەمی بە زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی و ئایینی ئیسلام کردووە. لە بیرمە کە ئەوکات تاقیکارێک لە تاقمێک مامۆستای ئایینی وەرگیرا کە لە حوجرە خوێندبوویان و خوێندنی ئاکادێمیان نەبوو. مامۆستا بە پلەی هەرەبەرز و هاوسەنگی دوکتوڕا هاتە ئەژمار و بەو پێیە هەڵس و کەوتی لەگەڵ کرا. دیارە بۆخۆشیان لە حوجرە  سووختە و فەقێی زۆری پەروەردە کرد و ئیزنی مەلایەتییان وەرگرت.

مامۆستا دەنگ و سەوتێکی خۆشی هەبوو و کاتێک لە سەر کلاس قوڕانی پیرۆزی دەخوێندنەوە، کلاس تەواو بێدەنگ دەبوو و گوێی دڵیان بۆ ئایەتەکانی قوڕئان هەڵدەخست.

مامۆستا دەست و خەتێکی یەکجار خۆشی بە خودنووس و قەڵەمقامیش هەبوو و کاتێک حەوسەلەی بوایە زۆر بە ڕێک و پێکی نووسراوەکانی سەر تەختەسیای بە خەتی خۆش دەنووسی.

مامۆستا هەوشار زەوقی شێعر و ئەدەبیشی هەیە و گوڵستان و بووستانی سەعدی باش دەزانی و دەستێکی باڵای لە وەرگێڕان لە زمانی عەڕەبی بۆ کوردی و فارسی هەیە و زۆر بەرهەمی شێعر و نەزمی نووسیوە کە تا ئێستا چاپ و بڵاو نەبوونەوە. ئەوکات شێعرێکی بە سەرشاری مەهاباد هەڵکوتبوو کە زۆرمان لەبەرمان بوو.

هەر وەها قسەی نەستەق و مەتەڵ و نوکتەی زۆری هەبوو کە وەک گەنجێنە و خەزێنەیەکی پڕبایەخ بۆ قوتابێکان بوو و من زۆر کات لە سەردەمی خوێندکاری زانستگاشدا لە دەمەتەقەی هاوپۆلێکانم کەلکم لێ وەردەگرتن.

بۆ ڕۆژی زەماوەندی خۆم و هاوژێنم مامۆستا محەممەد ئیکڕامی وەک یەکێک لە شاهیدەکانی مارەبڕان بوو کە بەڵگەی زەماوەندەکەشی واژۆ کرد و بە خەڵات دوو بەیتێکی بە زمانی فارسی پێشکەش کردم کە هەر ڕامگرتووە.