"بان"، پاشگرێکی چالاک و بەرهەمهێنەری زمانی کوردییە کە مانای پاراستن و ئاگاداری لێکردن و بژیو پێدانی هەیە و لە زۆربەی زمانە هێندوئوروپاییەکاندا بەدی دەکرێت. شێوەمۆڕفەکانیتری ئەو پاشگرە لە زمانەکانی فارسی و کوردیدا بریتین لە: پان (چۆپان)؛ وان (باغەوان، شوان، گاوان، نێچیروان، دیوان (کتێبی شێعر کە سواوی "دیووان"ـە و لە "دیو": دیم و گۆیەکیتر لە "دیپ" یان "دیپی" بە مانای لۆحە و نووسراوە + "وا": دیمێکیتر لە "با" بە مانای پاراستن و بژیو پێدان + "ن": سواوی "نە"ـی ئەوێستایی کە لێرەدا پاشگری شوێن یان ئاوەڵناوی کارایە و وشەی دیوان مانا ڕیشەییەکەی دەبێتە "دیپ" یان نووسراوە پارێز یان شوێنی پاراستنی "دیپ" یان نووسراوە؛ ڤان (شەڕڤان، ڕۆژنامەڤان) فان (گیرفان) و وانە (دەستەوانە). پاشگری "بان"، وەکوو زۆر پاشگریتر، لە بنەڕەتەوە وشەیێکی ناسادە و داڕێژراو بووە کە بە هۆی بەرهەمهێنەری و کەڵک لێوەرگرتنی زۆری لە کۆتایی وشەکاندا، وەکوو پاشگر بە ئەژمار هێندراوە بەڵام ئەو بابەتە لە سەرچاوەکاندا -تەنانەت سەرچاوە ڕێزمانی و ڕیشە و ڕەچەڵەکناسییەکانی فارسی و کوردیشدا- ئاماژەی پێ نەکراوە و جەماوەر -زمانناس و زمانەوانەکانیشی لەگەڵ بێت- پێیانوایە کە تەنیا پاشگرێکی سادەیە و وشەیێکی داڕێژراو و سەربەخۆ نەبووە. پێکهاتەی پاشگری "بان" لە زمانی ئەوێستاییدا کە گۆ و دیمی "پان"ـی هەبووە، بەو چەشنەیە: "پا": پاراستن، بژیو پێدان + "نە": پاشگری ئاوەڵناوی کارا (وندهای پارسی، ص: ۱۲). جگە لە پاشگری "بان"، پاشگرەکانی "ستان" و "دان"ـیش ناسادە و داڕێژراون کە پێکهاتەکانیان بەو چەشنەیە: ستان": "ستا": مانەوە، ڕاوەستان + "ن": سواوی "نە"ـی ئەوێستایی کە لێرەدا پاشگری شوێنە. دان: "دا": ڕەگی سەرەکیی وشەی "نان" کە لە بنەڕەتەوە "نیـ + دان"بە مانای "بەرەو خوارەوە دانان" بووە + "ن": سواوی "نە"ـی ئەوێستایی کە لێرەدا پاشگری شوێنە؛ بەو پێیە پاشگری "دان" بە مانای شوێنی دانانە؛ وەکوو: خوێدان (شوێنی دانانی خوێ)، قەندان (شوێنی دانانی قەند). کەرتی هەوەڵی پاشگری "بان" واتا "با" کە شێوەمۆڕفەکانیتری "پا، وا"ـن، لە زۆر وشەی سەربەخۆدا بەدی دەکرێن. بۆ وێنە ئەو وشانە، ڕەگی ناوبراویان تێدایە: باب (سواوی بابا کە دوو جار ئەو ڕەگەی تێدا هاتووە)، باوک (با + و > "ب" و ئەوەش سوای "با" + ک: پاشگری نیسبەت، ئاوەڵناوی کارا یان خۆشەویستی)، نەبان (نە: پێشگری نەرێنیساز + "با": پاراستن، بژیو پێدان + "ن": سواوی "نە"ـی ئەوێستایی کە لێرەدا پاشگری ئاوەڵناوی کارایە)، بانین (با: پاراستن، بژیو پێدان + "ن": سواوی "نە"ـی ئەوێستایی کە لێرەدا پاشگری ئاوەڵناوی کارایە + "ـین": پاشگری چاوگساز)، بن ("بـ": سواوی "بۆ" کە ئەوەش دیمێکیتری "با" بە مانای پاراستنە + "ن": سواوی "نە"ـی ئەوێستایی (وندهای پارسی، ص: ۱۲) کە لێرەدا پاشگری ئاوەڵناوی کارایە). رەگی "پا" کە سواو و گۆڕدراوەکەی دەبێتە "پَ/پِ"، لە وشەی "پَِدَر"ـی فارسیدا بەدی دەکرێت. ئەو وشە، پێکهاتەکەی بەو چەشنەیە: "پـَِ ": سواوی "پا" بە مانای پاراستن + "دَر": گۆڕدراو و بیچمێکیتری "tra/thra"ـی ئەوێستایی کە پاشگری ئاوەڵناوی کارایە. بەو پێیە، وشەی "پَِدَر"ـی فارسی، مانای "پارێزەر" دەدا. پاشگری "tra/thra" لە وشەکانی "چادر، چەتر"ـیشدا بەدی دەکرێت. ئەو دوو وشە لە بواری ڕیشە و پێکهاتەوە، جیاوازییەکیان لە نێواندا نییە و تەنیا تۆزقاڵێک لە بواری گۆ و پیتەوە لێک دوور بوونەتەوە و بۆ دوو مانای جیاواز بە کار هێندراون. ئەو دوو وشە سواوی "چاددر، چەتتر"ـن کە بەهۆی کەوتنە تەنیشت یەکتری دوو پیتی یەکسان، یەکێکیان تێداچووە و پێکهاتەکەیان بەو چەشنەیە: "چاد، چەت": داپۆشین + "در،تر": پاشگری ئاوەڵناوی کارا (برهان قاطع،صص: ۹-٦۰۸). کەوایە، هەردووک وشەی "چادر، چەتر"، مانای سەرەکی و ڕیشەییەکەیان دەبێتە "داپۆشەر". رەگی "با/پا/وا" بە گۆ و دیمی جۆراوجۆر ڕەنگە لە وشەی تەواو یان زۆربەی زمانە ئوروپاییەکانیشدا بەدی بکرێت؛ بۆ وێنە دەتوانم ئاماژە بەو وشانە بکەم:
ئینگلیسی: pope (ئەو وشە لە بواری ڕیشەییەوە مانای "باب"ـی هەیە. لە زمانی یونانیدا گۆی منداڵانەی وشەی pope بووەتە Páppas . بیچمی لاتینیی ئەو وشە، pāpa ـیە و خاچپەرستەکان دیمی pápas ـیان لە سەدەی پێنجی زایینییەوە بۆ قەشەی گەورە بە کار هێنا. زمانی ئینگلیسی وشەی papa ـی لە ڕێگەی زمانی فەڕانسەوییەوە لە Pāpa ـی لاتینی وەرگرت. ڕەگی گشت ئەو وشانە دەگەڕێتە بۆ کەرتی هەوەڵی وشەی patēr کە [pa: دیمێکیتری "با" بە مانای پاراستن] لەگەڵ وشەی father هاوڕەچەڵەکە (فرهنگ ریشەشناسی انگلیسی، ص: ۹۰٥))؛ father: باب (ئەو وشە جیاوازییەکەی لەگەڵ وشەی "پِدَر" ئەوەیە کە پیتی "پ"، بووەتە "ف" و پیتی "د" بووەتە "th" کە ئاڵوگۆڕێکی ئاسایی و باوە.
مەبەست ئەوە نییە کە ئەو وشانە لە زمانی فارسییەوە ڕەگەڵ زمانە ئوروپاییەکان کەوتوون بەڵکوو ئەو ڕەگ و وشانە لە زمانە هێندوئوروپاییەکاندا هاوبەشن. ؛ paternal (باوکی، باوکانە)؛ pattern (نموونە، سەرمەشق؛ ئەو وشە لە سێ کەرت پێکهاتووە: pa: پاراستن + ter: پاشگری ئاوەڵناوی کارا + n: پاشگری نیسبەت کە ڕەنگە بزوێنێک پێش ئەو پیتە تێداچووبێت. مانای ڕیشەیی و سەرەکیی گشت کەرتەکان پێکەوە دەبێتە "باوکانە" کە مەبەست شتێک یان شێوازێکە کە شیاوی ڕەچاوکردنە و ڕەنگە ئەو وشە و ماناکەی لە ئاقاری داب و نەریتێکی باوکسالارانەدا سەری هەڵدابێت)؛ patrcian (نەجیبزادە، لە تۆرەمەی گەورەپیاوان)؛ patriot (نیشتمانپەروەر (فرهنگ ریشەشناسی انگلیسی، ص: ۸٦٥))؛ وشەی "پاتریۆت" ئەوڕۆکە وەکوو زاراوەیەکی سەربازی، بۆ ناوی هاژەکێکی دژە هاژەک و فڕۆکەی دوژمن دەستنیشان کراوە چوونکە وڵات لە هێرشی دوژمن دەپارێزێ؛ patriarch (گەورەی ماڵێ، سەرۆکی خێڵ)؛ patricide (باوک کوژی)؛ jupiter (ئەستێرەی مشتەری یان بێرجیس؛ ئەو وشە لە دوو بەشی سەرەکیی "ju": جوو، پێداهەڵگوتراو، خودا + piter: باوک پێکهاتووە کە مانای "خودا-باوک" دەدا. بەشی دووهەم واتا piter هەر ئەوجۆرەی پێشتر ئاماژە کرا، خۆی دوو کەرتە (فرهنگ ریشەهای هندواروپایی زبان فارسی، ص: ۳۷)). لە گشت ئەو وشە ناوبراوانەدا دوو کەرتی هەوەڵ بە تۆزقاڵێک جیاوازییەوە لە دیم و گۆدا، وشەی "پِدَر" پێکدێنن و پێشتر باس کرا کە کەرتی هەوەڵی وشەی "پِدَر" واتا "پَـ"، کورتکراوەی ڕەگی "پا" بە مانای پاراستنە کە ئەوەش خۆی شێوە مۆڕفی "با" (کەرتی هەوەڵی پاشگری "بان") ـیە.
فەڕانسەوی:patriot) نیشتمان پەروەر)، patriotism)نیشتمان پەروەری)، père)باوک)، patriarcal)باوک سالاری)، patron )نموونە، سەرمەشق). ئەو وشانەش وەکوو وشە ئینگلیسییەکانی پێشوو کە باسیان کرا، بەشی هەوەڵیان، "patr" بە مانای "باب"ـە کە خۆی لە دوو کەرتی "pa" پارستن کە دیمێکیتر یان شێوەمۆڕفێکی "با" بە مانای پاراستنە و tr کە پاشگری ئاوەڵناوی کارایە، پێکهاتووە.
ئیتالیایی:padre باوک، patricida)باوککوژ)، patriota)نیشتمانپەروەر). ئەو وشانەش وەکوو وشە ئینگلیسی و فەڕانسەوییەکانی کە پێشتر باسیان هاتە گۆڕێ، بەشی هەوەڵیان patr/padr ـە.
کەرتی دووهەمی پاشگری "بان"، واتا "ن"، سواوی "نە"ـی ئەوێستاییە. ئەو پاشگرە چەند شێوەمۆڕفیتری لە زمانی ئەوێستاییدا هەیە کە بریتین لە: "انە، ان، ئەنە، نە" کە ئەوڕۆکە بە دیمەکانی: ان، ـەنە، ـەن، ـن لە زمانی کوردیدا بەدی دەکرێن و ماناکانی: شوێن، نیسبەت، چاوگ، ئاوەڵناوی کارا، کۆ، کات و سات، زێدەڕەوی و مانای لەو چەشنە دەدەن بە وشەکان. بۆ وێنە چەند وشەیەک دەخەمە بەر چاو کە هەڵگری ئەو پاشگرانەن: گیران (چاوگ)، ئێران (شوێنی ئاگر یان ئارییەکان)، ئێواران (کاتی ئێوارە)، ڕەوان (ڕەوەندە کە پاشگری "ان" ئاوەڵناوی کارای پێکهێناوە)، گێڵان (لێرەدا پاشگری "ان"، مانای نیسبەت و شوێن دەداتە وشەکە)، چیمەن (شوێنی "چیم": قوڕ و لیمی مێرگ کە بە هۆی هەبوونی تەڕایی و ئاو، گیا و سەوزەی لێ دەڕوێ و بەو هۆیەوە مانای خوازەکیی شوێنی خاوەن سەوزەی گرتووە)، ڕەقەن (شوێنی ڕەق و بەرداوی. لە زمانی عەڕەبیدا "حَزن"ـی پێدەڵێن کە لەگەڵ "حُزن" بە مانای غەم، هاوڕیشەیە)، نەرمان (زەوی و شوێنی نەرم و بێبەرد. لە عەڕەبیدا "سَهل"ـی پێدەڵێن کە دەبێتە دەشت و شوێنی ڕۆیشتنی بە هاسانی؛ هەر لەبەر ئەوەیە کە لە زمانەکانی فارسی و کوردیدا بۆ واتای "هاسان" کەڵکی لێوەردەگیرێت)، کوڵکن (زۆر کوڵکەدار کە لێرەدا پاشگری "ـن" مانای ئاوەڵناو و زێدەڕۆیی داوەتە وشەکە)، ڕۆچنە ( شوێنێک کە لەوێوە "ڕۆچ (ڕۆژ) دێتە ژوورێ. لە زمانی ئەوێستاییدا بۆ وشەی "ڕۆژ"، "ڕۆچ" بە کار هێندراوە و پیتەکانی "ز" ـێی ئەوڕۆکە لە زمان و سەردەمی ئەوێستادا "چ، ج" بوونە. وشەی "ڕۆچ" ئێستا لە وشەی "بەربەڕۆچک/ بەربەڕۆچکە"ـدا ماوەتەوە)، ڕەخنە (شوێنی "ڕەخ": درز، قەڵشت، کوون). جگە لەو مانایانەی کە بۆ شێوەمۆڕفەکانی پاشگرەکانی "ان" و "ن" هاتنە ئاراوە، هەر مانایەکیتر کە لەو پاشگرانە وەرگیرێت، لە بواری ڕیشەییەوە هەر دەکەوێتە بازنەی ئەو مانایانەی کە لێرەدا باس کران. بۆ وێنە لە زمانی فارسیدا کە وشەی "کوهان" بۆ پشتی وشتر بە کار دەهێندرێ و مانا سەرەکییەکەی دەبێتە "وەکوو کێو"، پاشگری "ان" لەو وشەدا، پاشگری نیسبەتە کە پاشان مانای "وێچوون"ـی گرتووە؛ چوونکە کاتێک شتێک یان کەسێک بە شتێک یان کەسێکیتر دەشوپهێندرێ، ئەو شت یان کەسە لە تایبەتمەندییەکدا بە شتێک یان کەسێکیتر نیسبەت دراوە.
پاشگری "بان" و هەمبەر و هاوڕەچەڵەکەکانی لە هێندێک زمانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێن: پەهلەوی: bān؛ ئەوێستایی و سەردەمی باستان: pāna سانسکریت: pāna ؛ سوغدی، فارسیی تورفانی و خارەزمی: pُn؛ ئاسی: wan؛ ئەرمەنی: pan؛ (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، ص: ٦۷٦).
ئەگەر بمانەوێ کەمتاکورتێک ڕادەی کەڵک وەرگرتن لە پاشگری "بان" و شێوەوەمۆڕفەکانی ئەو لە زاراوەی کورمانجیی ناوەڕاست و زاراوەکانیتر دەستنیشان بکەین، بەو ئاکامە دەگەین کە دوو دیمی "بان" و "وان" لە زاراوەی کورمانجیی ناوەڕاستدا زۆرتر کەڵکیان لێوەردەگیرێت و "پان" بە دەگمەن لە گشت زاراوە کوردییەکاندا دەکەوێتە بەر چاو؛ "وانە"ـش بە ڕێژەیەکی کەم لە وشەکاندا دەبیندرێ. پاشگری "ڤان"ـیش زۆرتر لە کورمانجی سەروودا کەڵکی لێوەردەگیرێت و هەر لە ڕێگای وشەکانی ئەوێوە ڕەگەڵ کورمانجیی ناوەڕاست کەوتووە.