پوختە
هۆنراوەی ویسێ و ڕامین لە سەدەی پێنجی کۆچیدا لە لایەن فەخرەدین ئەسعەد گورگانی-یەوە نووسراوە. دوکتۆر جەباری ساڵی ٢٠١٨ ئەو بەرهەمەی لە زمانی فارسییەوە بۆ پەخشانی کوردی وەرگێڕاوە. وەرگێڕانی شیعر بۆ پەخشان لە قەیراناویترین بوارەکانی وەرگێڕان ناسراوە، چونکە شیعر تەنیا هەڵگری مانا نییە، بەڵکوو ئاواز، کێش، سەروا و جوانیی زمانیش دەگەیەنێت؛ بەڵام سنوورداربوونی پەخشان و جیاوازییەکانی پێکهاتەیی لەگەڵ شیعر وادەکات بەشێک لە جوانیناسیی شیعر، کاڵ بێتەوە. جەباری وەرگێڕانی ویسێ و ڕامین -ی بە شێوازی هێرمێنۆتیکی و پشتبەستن بە تیۆرییەکانی کولتووری ئەنجام داوە و بە هەڵبژاردنی وشە و زاراوەی ڕەسەنی کوردی، سەربەخۆیی زمانی بەو پەخشانە بەخشیوە. لەو خوێندنەوەیەدا بەو ئەنجامە دەگەین، ئەو وەرگێڕانە جۆرێک لە ئافراندنەوەی هونەری و نێوان ژانرییە کە بە بەهرەوەرگرتن لە شێوازی خۆماڵی کردنی زمانی و کولتووری، ئەزموونێکی نزیک لە دەقی سەرچاوەی خوڵقاندووەتەوە. وەرگێڕ بە دوورکەوتنەوە لە وەرگێڕانی وشەبەوشە و کەڵکوەرگرتن لە تواناکانی زمانی کوردی، بارگەی سۆزداری و شاعیرانەی ئەو بەرهەمەی بە شێوازێکی زانستی و پسپۆڕانە بەرهەم هێناوەتەوە. جەباری لە نێوان ئەمەگناسی بۆ دەقی سەرچاوە و ئازادی لە ئافراندنەوەدا، هاوسەنگییەکی تەواوی پاراستووە و توانیویەتی بەرهەمێک وەربگێڕێت کە هەم بۆ بەردەنگی کورد سەرنجڕاکێش بێت و هەم بۆ پاراستنی پەیامی دەقی سەرچاوە وەفادار بێت. بەم پێیە، دەکرێت ئەو وەرگێڕانە وەک وەرگێڕانێکی داهێنەرانە پێناسە بکرێت کە مانا و سۆز بەسەر وشەکانیدا زاڵە و وەرگێڕ لە ئاستی وشە تێپەڕیوە، بۆئەوەی کاکڵی ویسێ و ڕامین لە کولتوورێکی جیاوازدا بپارێزێت. ئەو توێژینەوەیە بە شێوازی وەسفی – شیکاری ئەنجام دراوە. لە لێکدانەوەی ئەو بەرهەمە دەردەکەوێت وەرگێڕ، تەنیا ناوبژیوان نەبووە، بەڵکوو نووسەری دووهەمە؛ کەسێک پەیوەندیی مانایی لە نێوان دوو زمان و کولتووری جیاوازدا دروست کردووە. ئەو وەرگێڕانە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە گۆڕینی زمانی چڕکراوی شیعری، بۆ سەر پەخشانی هونەرییە کە بەردەوام سۆز و جوانیی زمانی سەرەکیی لەخۆدا پاراستووە.
وشە سەرەکییەکانی: ویسێ و ڕامین؛ پەخشانی کوردیی ویسێ و ڕامین؛ ئافراندنەوەی شاعیرانە؛ وەرگێڕانی کولتووری.
دەقی سەرەکیی وتار
وەرگێڕان، وەک یەکێک لە بناخە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوەی وێژەیی و کولتووری، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پێکهێنان و بەردەوامیی گفتوگۆی نێوان زمان و کولتوورە جیاوازەکاندا هەیە. لە توێژینەوەکانی هاوچەرخدا، وەرگێڕان نەک هەر وەک ئافراندنەوەیەکی زمانی، بەڵکوو وەک کردارێکی نێوان کولتووری و دەقی پێناسە دەکرێت کە لە درێژەیدا مانا لە چوارچێوەیەکی نوێی زمانی و کولتووریدا جارێکی دیکە لێکدەدرێتەوە، بۆیە وەرگێڕان تەنیا ئامرازێک بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەرهەم و بیرۆکەی کولتوورەکانی دیکە نییە، بەڵکوو وەک فاکتەرێکی کاریگەر بۆ پەرەسەندن و گەشەسەندنی زمانی ئامانج دێتە ئەژمار. لەم ڕوانگەیەوە وەرگێڕان نەک هەر لە گواستنەوەی بیرۆکە و بەرهەمە ئەدەبییەکان لە نێوان نەتەوەکاندا یارمەتیدەرە، بەڵکوو لە دینامیزمی زمانی ئامانج، فراوانبوونی وشەسازی، چەمکی نوێ و پێکهێنان و داهێنانی شێوازی نوێی دەربڕینیش کارتێکەری هەیە. لە ڕوانگەی پیتەر نیومارک -ـەوە، وەرگێڕان بەو ڕادەیەی لە گواستنەوەی زانست و لێکتێگەیشتن لە نێوان گرووپ و نەتەوەکاندا گرنگی هەیە، بەو ڕادەیەش لە گواستنەوەی کولتوورەکاندا کارتێکەری هەیە. لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ئەم دوو بەشەدا، واتە زمان و کولتوور هەندێک وەک کریستیان نۆرد، وەرگێڕان وەک ئامرازێک بۆ بەراوردکردنی کولتوورەکان پێناسە دەکات.
لەڕاستیدا پرۆسەی گواستنەوەی توخمە کولتوورییەکان، پرۆسەیەکی بەربڵاوە و جوانیی تایبەت بەخۆی هەیە کە تێیدا ڕۆڵی وەرگێڕ بە بڕوای فاریس وەک نێوەندگیرێک، یان قاچاخچییەک لە نێوان هەردوو زمانی سەرچاوە و ئامانجدا دەمێنێتەوە. وەرگێڕ هەم وشە و هەم کولتوور لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە دەگوازێتەوە. تەنانەت دەتوانین بڵێین وەرگێڕ گوێزەرەوەی وشە، هزر و چەمکەکانە؛ بەڵام بە شێوەیەکی دیار کولتوور دەگوازێتەوە کە دەتوانرێت پێی بڵێین قاچاخچیی کولتوور، بۆیە وەرگێڕان تەنیا ئافراندنەوەی دەقی سەرچاوە نییە، بەڵکوو خۆی دەقێکی سەربەخۆیە و ڕۆڵ و ئەرکێکی نوێی لە کولتووری زمانی ئامانجدا هەیە. لە ڕوانگەیەکی لەو جۆرەدا وەرگێڕ دەورێکی چالاکانەی لە پرۆسەی ئافراندنەوەدا هەیە، دەتوانێت پێکهاتە، شێواز و ناوەڕۆکی دەقەکە بەپێی بایەخ و عەقڵییەتی بەردەنگی ئامانج سەر لە نوێ بخوڵقێنێتەوە.
وەرگێڕان لە نێوان وێژەی فارسی و کوردیدا، دەتوانێت بەستێنێکی کاریگەر بۆ یەکترناسین و بەراوردکردنی توخمەکانی شێوازناسی و کولتووریی نێوان ئەو دوو نەریتە ئەدەبییە دروست بکات. وەرگێڕانی بەرهەمە فارسییەکان جگە لە گواستنەوەی زانست و ئەزموونی وێژەیی، بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی لە بواری تیۆری و جوانیناسیدا یارمەتیدەرە و ڕەخنەی وێژەیی و وێژەی بەراوردکاری لە هەردوو بوارەکەدا بەربڵاوتر و گەشەسەندووتر دەکات.
چیرۆکی ویسێ و ڕامین لە بەرهەمە دیارەکانی وێژەی فارسییە کە لە سەدەی پێنجی کۆچیدا لە لایەن فەخرەدین ئەسعەد گورگانی- یەوە نووسراوە. ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی ڕۆمانسی نووسراوە، لە کۆنترین و گرنگترین چیرۆکەکانی زمانی فارسی هەژمار دەکرێت کە بەهۆی پێکهاتەی وەێژەیی دژوار و ناوەڕۆکی دەوڵەمەند و کاسایەتییە جۆراوجۆرەکانی لە زمانی فارسیدا پێگەیەکی تایبەتی وێژەیی هەیە. دوکتۆر جەباری ساڵی ٢٠١٨ ئەو بەرهەمەی لە فارسییەوە بۆ سەر پەخشانی کوردی وەرگێڕا. شیعری فارسی ڕەنگە بۆ بەشێک لە خوێنەران و بەتایبەت ئەوانەی شارەزای فۆرمەکانی شیعری فارسی نین، تێگەیشتنی ئاستەم بێت؛ بەڵام بە وەرگێڕانی ئەو بەرهەمە بۆ سەر پەخشان کوردی، دەکرێت چەمک و هەستە شاراوەکانی ئەو هۆنراوەیە بە فۆرمێکی تێگەیشتووتر بۆ خوێنەری کورد دەستەبەر بکرێت.
وەرگێڕانی شیعر بۆ پەخشان لە قەیراناویترین بوارەکانی وەرگێڕانە، چونکە شیعر تەنیا هەڵگری مانا نییە، بەڵکوو مۆسیقا، کێش، سەروا و جوانیی زمانیش دەگەیەنێت؛ بەڵام سنوورداربوونی پەخشان و جیاوازییەکانی پێکهاتەیی لەگەڵ شیعر وایکردووە لە وەرگێڕانی شیعر بۆ سەر پەخشان بەشێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی شیعر دووپات نەبێتەوە. هەرکام لەو تایبەتمەندییانە ڕۆڵێکی بەرچاویان لەسەر ئەزموونی وێژەیی و سۆزداریی خوێنەر هەیە. لەو پرۆسەیەدا وەرگێڕ ڕووبەڕووی چەند پرسیاری بنەڕەتی دەبێتەوە؛ چۆن دەتوانرێت چەمکە ڕۆمانسییەکان، هێما ئەفسانەییەکان، یان پێکهاتەی دێڕە ئاڵۆزەکانی زمانی سەرچاوە بە فۆرمێکی ڕەسەن لە زمانی ئامانجدا بخوڵقێنێتەوە؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە وەرگێڕ بەرەو داهێنان و بنیاتنانەوەی زمانی دەبات و توانا زمانییەکانی زمانی دووهەم زێدەتر دەکات. وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبییەکان، بەتایبەت بەرهەمە فارسییەکان، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە دەوڵەمەندیی زمان و وێژەی کوردیدا بگێڕێت. بە وەرگێڕانی ئەو بەرهەمانە و گواستنەوەی چەمک و زاراوە جیاوازەکانیان، ئابووریی زمانی کوردی دەوڵەمەندتر دەبێت.
ئەم وەرگێڕانە ڕۆڵێکی گرنگی لە پەیوەندیی نێوان ئەو دوو نەریتە ئەدەبییە، واتە دووبارە ناسینەوەی هاوبەشییە کولتوورییەکان و گەشەسەندنی وێژەی کوردی هەیە؛ بەڵام ئەم پرۆسەیە کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە وەرگێڕانەکە بتوانێت مانا، ناوەڕۆک، پەیام و هەستەکانی دەقی سەرچاوە بۆ بەردەنگ نوێ لە زمانی ئامانجدا بئافرێنێتەوە، بێئەوەی بشێوێت؛ بۆیە پرسی سەرەکیی ئەو لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە بزانرێت وەرگێڕانی کوردیی ویسێ و ڕامین تا چەند لە پاراستنی تایبەتمەندییەکانی شیعری و فەزای سۆزداریی دەقی ڕەسەن سەرکەوتوو بووە و چۆن توانیویەتی هاوسەنگییەک لە نێوان سەرڕاستی و ئەمانەتداری بۆ دەق یەکەم و داهێنان لە وەرگێڕانەکەدا دروست بکات. ئەم خوێندنەوەیە ڕوونی دەکاتەوە کە وەرگێڕانێکی وێژەیی سەرکەوتوو لەو جۆرە حاڵەتانەدا، پێویستی بە چ پێکهاتە و تایبەتمەندییەک هەیە. وەرگێڕان هەمیشە لە وێژەی کوردیدا دوو ڕۆڵی بووە؛ لە لایەک ئامرازێک بۆ گواستنەوەی زانست و کولتوور لە زمانەکانی بیانی بۆ نێو زمانی کوردی و لە لایەکی دیکەش وەک کەرەستەیەک بۆ گەشەکردن و دینامیزمی زمانی کوردی دەوری بووە. جەباری بە وەرگێڕانی ویسێ و ڕامین درێژەی بەم ڕێبازە داوە؛ بەڵام شێوازێکی جیاوازی گرتۆتەبەر و خۆی لە وەرگێڕانی وشەبەوشە بەدوور گرتووە و بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی زمانی و کولتووریی کوردی، مانا و هەستی گشتیی ئەو بەرهەمەی لە فۆرمێکی نوێدا و بە زمانێکی جیاواز ئافراندووەتەوە. ئامانجی جەباری تەنیا گواستنەوەی مانا نەبووە، بەڵکوو دووبارە لێکدانەوەی ئەزموونی ئەویندارانە و شاعیرانەی دەقی ویسێ و ڕامین بە زمانی کوردی بووە. لەم وەرگێڕانەدا وەفاداری بۆ دەق تەنیا لە گێڕانەوەی واتای وشەکاندا نییە، بەڵکوو لە پاراستنی ناواخن و پەیامی سەرەکیی بەرهەمەکە دەردەکەوێت.
بەرهەمە کلاسیکییەکانی وەک ویسێ و ڕامین نەتەنیا لە ناوەڕۆکدا، بەڵکوو لە باری فۆرم، ناواخن و لە ئاستی زمانیشدا ئاڵۆزییان هەیە. وەرگێڕانی ئەو بەرهەمە بۆ زمانی کوردی، واتە لە شیعرەوە بۆ پەخشان، بەشێکی ئەو جۆرە ئاڵۆزی و دژوارییانە دەردەخات. جیاوازیی بنچینەیی فۆڕمی شیعر و پەخشان، لە ئاستی زمانی، ڕێزمانی و هتد، زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی توخمە سەرەکییەکانی شیعر، وەک کورتبڕیی هونەری، ڕازەکانی ڕەوانبێژی و وێنە خەیاڵاوییەکان لە پرۆسەی وەرگێڕاندا کاڵ ببنەوە، یان تەنانەت نەمێنن. لە لایەکی دیکەوە زمانی ئامانج، یان دووهەمیش سنوورداربوونی تایبەت بەخۆی هەیە کە کاریگەری لەسەر پرۆسەی وەرگێڕاندا دەبێت. جەباری لە وەرگێڕانی ویسێ وڕامین- دا، بە تێگەیشتنێکی ورد لەم ئاڵۆزییانە، ڕێبازێکی گرتووەتەبەر کە دەکرێت لە پەخشاندا بە ئافراندنەوەی شیعری پێناسە بکرێت. وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، یەکێک لە گرفتە هەرە دیارەکانی وەرگێڕانی شیعر، لەدەستدانی کێش و سەروایە. پەخشان پێکهاتەیەکی لەو شێوەیەی نییە و هەوڵدان بۆ پاراستنی کێش و سەروا بەتەواوی دەتوانێت ڕوونی مانایی دەقەکە تێک بدات. جەباری لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ کێش و سەروا بەکار بهێنێتەوە، هەوڵی داوە بە هەڵبژاردنی وشەی ورد و ڕێکخستنی ڕستەکان بە شێوەیەکی هونەری، کێشی شیعرەکە لە فۆرمی پەخشانێکی هونەری بئافرێنێتەوە.
وەرگێڕی ویسێ و ڕامین، لەو وەرگێڕاندا ڕێبازی لێکدانەوەیی هەڵبژاردووە و لە زمانی کوردی بەشێوەیەک کەڵکوەردەگرێت کە سەرەڕای سادەبوونی، دەوڵەمەندیی وێژەیی و کولتووریی ئەو بەرهەمەی پاراستووە. لە باری زمانییەوە پەخشانەکە ڕەوان و هونەرییە؛ بەڵام لە توێژەکانی ناوەوەیدا بەگشتی جۆرێک ئاوازی واتایی و شاعیرانەی هەیە کە پێکهاتەی سەرەکیی ویسێ و ڕامین بیردەخاتەوە. لە هەڵبژاردنی وشە و هاوتاکاندا لە وشە و هاوتای ڕەسەنی کوردی کەڵکی وەرگرتووە، بۆئەوەی سەربەخۆیی و لایەنی جوانیناسیی زمانی کوردی بپارێزێت. لە هەمان کاتدا لە پەند، خواستن و درکە و هتد، بۆ کارتێکەریی وەرگێڕانەکە لەسەر هەست و زەینی خوێنەر سوود وەردەگرێت. ئەو تایبەتمەندییە وایکردووە ئەو وەرگێڕانە وەک دەقێکی زیندوو و باوەڕپێکراو بۆ خوێنەری کورد دەرکەوێت. لایەنێکی زانستیی دیکەی ئەو وەرگێڕانە، گرنگیدان بە ئاوازی ناوەوەی پەخشانەکەیە. جەباری هەوڵی داوە ئاواز و جوانیی وێژەیی ویسێ و ڕامین لە فۆرمی پەخشاندا بپارێزێت. ڕستەکانی ئەو پەخشانە کورت و هاوئاهەنگن. شێواز و جۆری زمانی گێڕانەوەکە لە تەواوی بەرهەمەکە هاوسەنگی تەواوی هەیە؛ نە زۆر هونەری و نە زۆر شێوازی ئاسایی هەیە. ئەو هاوسەنگییە شکۆیەکی وێژەیی بە پەخشانەکە بەخشیوە کە لە نێوان نەریت و مۆدێرنیتەدایە. جەباری جگە لەو تایبەتمەندییە لێکدانەوەی ناپێویست و زێدە و دووپاتی شاعیرانەی دەقی سەرەکی لە گێڕانەوەکەیدا کەم کردووەتەوە، بۆئەوەی جۆری گێڕانەوەکە بۆ خوێنەر ڕەوانتر بێت؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، لە نووسینەوەی گێڕانەوەکەدا هێڵی سەرەکیی چیرۆک و ڕۆحی ئەویندارانەی بەرهەمەکەی پاراستووە.
ئەو وەرگێڕانە تەنیا بەرهەمێکی زمانی نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە وتووێژی نێوان دوو نەریتی وێژەیی؛ نەریتی ڕۆمانسیی فارسی و نەریتی گێڕانەوەی کوردی. جەباری بە تێگەیشتنێکی قووڵی ئەو دوو کولتوورە، وەرگێڕانی وەک پردێک لە نێوانیاندا بەکارهێناوە و سەلماندوویەتی زمانی کوردی دەتوانێت ئاڵۆزترین چەمکە سۆزداری و ئەدەبییەکان لە فۆرمی پەخشاندا بگەیەنێت، بێئەوەی پشت بە پێکهاتەی زمانەکانی تر ببەستێت. ئەو وەرگێڕانە نەک هەر بۆ ناساندنی شاکارێکی ناوازەی وێژەی فارسی بە خوێنەری کورد یارمەتیدەر بووە، بەڵکوو لێهاتوویی و تواناییەکانی زمانی کوردی لە دەربڕینی هەست و بیری ئەویندارانەدا وێنا کردووە، بۆیە دەکرێت بەو ئەنجامەش بگەین کە ئەو پەخشانە لە ڕووی پێکهاتە و ناوەڕۆکەوە لە ئاستێکی بەرز دایە. وێنە ڕۆمانسی و شیعرییەکانی ویسێ و ڕامین لەو پەخشانەدا، بەردەوام زیندووە و خوێنەر نوقمی خەیاڵ دەکات. ئەو وەرگێڕانە نموونەی وەرگێڕانێکی داهێنەرانەیە کە تێیدا وەرگێڕ وەک نووسەری دووهەم دەردەکەوێت. وەرگێڕ دەقەکە نە وەک بابەتێکی داخراو، بەڵکوو وەک بوونەوەرێکی زیندوو دەبینێت کە دەبێت لە ژینگەیەکی نوێدا دووبارە زیندوو بێتەوە. هەروەها لە ڕوانگەی تیۆرییەوە، وەرگێڕانی جەباری نموونەیەک لەو وەرگێڕانەیە کە لە خوێندنەوەی وەرگێڕانی مۆدێرندا، بە وەرگێڕانی لێکدانەوەیی، یان هێرمێنۆتیکی ناسراوە. لەم ڕێبازەدا وەرگێڕان پرۆسەیەکە وەرگێڕ بە پشتبەستن بە تێگەیشتنی کولتووری و جوانیناسی، مانا بنیات دەنێتەوە.
لە تاوتوێی گرنگیی کولتووریی ئەو وەرگێڕانە، دەبێت لە کاریگەرییە کولتوورییەکانیشی بکۆڵرێتەوە. ئەو وەرگێڕانە نیشان دەدات کە چۆن وەرگێڕان دەتوانێت ئامرازێک بۆ بنیاتنانەوەی ناسنامەی زمانی بێت. وەرگێڕ سەلماندوویەتی زمانی کوردی هاوشانی زمانی فارسی توانای دەربڕینی هەستە مرۆییەکان، وێنەسازیی شاعیرانە و پێکهاتەی گێڕانەوەی ئاڵۆزی هەیە.
ڕێبازی وەرگێڕ، لە ئەمەگناسی بۆ شێوازی دەقی سەرچاوە و زمانی وەرگێڕانەکە نموونەیەکی سەرکەوتووی وەرگێڕانی کولتووری-یە؛ وەرگێڕانێک کە نەک هەر پەیام، بەڵکوو بەشێک لە یادەوەری و نەریتی زمانیی دەقی سەرچاوەش دەپارێزێت. ئەم شێوازە نموونەیەکە لە تیۆرییە مۆدێرنەکان لە خوێندنەوەکانی وەرگێڕاندا، وەک تیۆری ئێسکۆپوس کە جەخت لەسەر ئەرک و خۆماڵی کردنی زمانی دەقی سەرچاوە دەکەنەوە. جەباری بەم ڕوانگەیەوە وەرگێڕانەکەی لە گواستنەوەیەکی زمانییەوە بۆ ئافراندنەوەیەکی وێژەیی کە شوناسێکی سەربەخۆی هەیە، گۆڕیوە.
لە ئەنجامی ئەو لێکدانەوەیە، بۆمان دەرکەوت ئەو وەرگێڕانە، ئافراندنەوەی ئەزموونێکی وێژەییە لە چوارچێوەیەکی نوێدا؛ ئەزموونێک لەگەڵ بەها، چاوەڕوانییەکان و چوارچێوەی کولتووریی بەردەنگی نوێدا گونجاوە. ئەو وەرگێڕانە لە هەر چوار ڕەهەندی سۆزداری، زمانی، کولتووری و پێکهاتەییدا، لە ئاستی گێڕانەوەی مانا تێپەڕیوە؛ پرۆسەیەک کە دەقی سەرچاوە ژیانێکی نوێ لە ژینگەی زمانی ئامانجدا دۆزێتەوە. لە ڕەهەندی سۆزداریدا، بە ئافراندنەوەی هەستی ئەویندارانە لەسەر بنەمای سەلیقەی سۆزداریی بەردەنگ، وەرگێڕ توانیویەتی خۆشەویستیی ویس و ڕامین لە حاڵەتێکی دەرهەست و کلاسیکییەوە بۆ ئەزموونێکی بەرجەستە بگۆڕێت. لە ڕەهەندی زمانیدا، لە فۆرمی پەخشانی سەرواداردا، ڕۆحی ئاوازیی ئەو بەرهەمە شیعرییەی لە پارێزراوە و پەیوەندییەکی هونەری لە نێوان هەردوو فۆڕمی شیعر و پەخشان دروست بووە.
لە ئاستی کولتووریدا، ئافراندنەوەی وەرگێڕ جۆرێک لە وەرگێڕانی نێوان کولتوورییە کە توانیویەتی چەمک و هێما ئێرانییەکانی بەرهەمەکە لەگەڵ توخمە کولتووری و خەیاڵییەکانی زمانی کوردی لێک بدات و بەم شێوەیە، بەرهەمەکەی، وەک بەرهەمێکی کوردیی ڕەسەن نووسیوەتەوە. لە ڕەهەندی گێڕانەوەدا، وەرگێڕ بە ڕێکخستنی ڕیتم و ئاخاوتنی دەق لەسەر بنەمای نەریتەکانی گێڕانەوەدا، توانیویەتی هەناسەیەکی نوێ بخاتە ناو گێڕانەوەکە و لە پێکهاتەی شیعرییەوە بۆ فۆرمێکی زیندوو و ئاخاوتنیی نزیک بکاتەوە؛ بۆیە دەتوانرێت بڵێین وەرگێڕانی ویسێ و ڕامین نموونەیەکی دەگمەنی وەرگێڕانی داهێنەرانەیە؛ وەرگێڕانێک تێیدا وەفاداری نەتەنیا بۆ ئاستی زمانی سەرچاوە، بەڵکوو بۆ ڕۆحی بەرهەمەکەش گرنگ و لەبەر چاو بووە.
لەم ڕێبازەدا وەرگێڕ وەک نووسەری دووەم مامەڵە دەکات و بە پشتبەستن بە خەیاڵ و زانیاریی کولتووری و هەستیاری زمانیی خۆی، دەقێکی نوێ بەرهەم دەهێنێت کە هەم ڕیشەی لە دەقە کۆنەکاندا هەیە و هەم لە نیشتمانێکی زمانیی نوێدا گەشە دەکات. بەم شێوەیە وەرگێڕان نەتەنیا پەیام، بەڵکوو ئەو کەش، لەحن و ئەزموونی وێژەییە و تەنانەت ئەو دونیابینییەی لە بەرهەمەکەدا نهێنییە، بۆ بەردەنگی نوێی ڕاستەوخۆ نواندووە. وەرگێڕانی ویسێ و ڕامین نموونەیەکی دیار لە چۆنیەتیی گۆڕینی زمانی چڕکراوی شیعری کلاسیک بۆ سەر پەخشانی هونەرییە کە بەردەوام سۆز و جوانیی زمانی سەرەکیی لەخۆدا پاراستووە، بۆیە زۆر گرنگە لە چوارچێوەی تیۆرییە مۆدێرنەکانی وەرگێڕاندا شیکاری وەرگێڕانێکی لەو شێوەیە بکرێت – بەتایبەت تیۆریی ئێسکۆپوس کە جەخت لەسەر ئامانجداربوون و ئەرکی وەرگێڕان لە چوارچێوەی کولتووری ئامانجدا دەکات، هەروەها تیۆریی کولتووری، وەرگێڕان وەک جۆرێک لە دووبارە نووسینەوەی ئایدیۆلۆژی و کولتووری دەزانێت. بۆیە دەتوانرێت وەرگێڕانی ویسێ و ڕامین بە هەوڵێکی سەرکەوتوو بۆ زیندووکردنەوەی دەقێکی کلاسیک بە فۆرم و زمانێکی نوێ هەژمار بکرێت؛ هەوڵێک کە ئەزموونێکی نوێی لە گێڕانەوەیەکی کۆن لە نێوان ڕابردووی وێژەی فارسی و ئێستای وێژەی کوردیدا خوڵقاندووەتەوە.
بۆ ئاگاداری خوێنەری هێژا، ئەو وتارەی کورتکراوەی وتارێکی زانستی - توێژینەوەییە و دەقی تەواوی وتارەکە لە داهاتوودا بڵاو دەبێتەوە، بۆیە لەو وتارەدا سەرچاوەکان و گەڕانەوەکانی ناو دەق بۆ پاراستنی ماف توێژەر لابردراون.
--------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
از شعر تا نثر: بازآفرینی روح شاعرانهی ویس و رامین در ترجمهی کُردی دکتر جباری
چکیدە
منظومهی «ویس و رامین» در قرن پنجم هجری توسط فخرالدین اسعد گورگانی سروده شده است. سال ۲۰۱۸ دکتر جباری این اثر را از زبان فارسی به نثر کُردی ترجمه کرد. ترجمهی شعر به نثر همواره یکی از چالشبرانگیزترین حوزههای ترجمه بهشمار میآید؛ زیرا شعر نهتنها حامل معناست، بلکه موسیقی، وزن، قافیه و زیباییهای زبانی را نیز منتقل میکند؛ عناصری که هر یک در تجربهی ادبی و احساسی خواننده نقشی اساسی دارند. جباری ترجمهی خود را به روش تفسیری و هرمنوتیکی و با تکیه بر نظریهی فرهنگی انجام داده است. او با گزینش واژگان و اصطلاحات اصیل کُردی، به این ترجمه استقلال زبانی و فرهنگی ویژهای بخشیده است. این ترجمه بیش از آنکه صرفاً یک ترجمهی زبانی باشد، نوعی آفرینش هنری و میانژانری است که از مفهوم نظریەی فرهنگی برای بازآفرینی «ویس و رامین» بهره گرفتە است. مترجم با پرهیز از ترجمهی واژهبهواژه و با استفاده از زیباییشناسی زبان کُردی، توانسته است بار عاطفی و شاعرانهی این اثر را در قالب نثری هنری بازآفرینی کند. او توازن میان وفاداری به متن مبدأ و آزادی در آفرینش در زبان مقصد را بهخوبی حفظ کرده، و اثری پدید آورده که هم برای مخاطب کُردزبان جذاب است و هم در انتقال پیام و روح داستان «ویس و رامین» وفادار است. ازاینرو، میتوان این ترجمه را نمونهای درخشان از ترجمهی خلاق و فرهنگی دانست که در آن، مترجم نقش خالق ادبی دوم را ایفا میکند. در این ترجمه، معنا و احساس بر کلمات غلبه دارد و مترجم از سطح واژگان فراتر میرود، تا جوهرهی اثر را در فرهنگی جدید زندە کند. این پژوهش بە روش وصفی – تحلیلی انجام شدە است.
واژگان کلیدی: ویس و رامین؛ نثر کُردی ویس و رامین؛ بازآفرینی شاعرانە؛ ترجمەی فرهنگی.
--------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
From Poetry to Prose: The Re-Creation of the Poetic Spirit of Vis and Ramin in Dr. Jabari’s Kurdish Translation
Jafar Ghahramani
Abstract
The Persian romantic epic Vis and Ramin was composed in the 5 th century by Fakhr al-Din Asʿad Gurgani. In 2018, Dr. Jabari translated this work from Persian into Kurdish prose. The translation of poetry into prose is widely recognized as one of the most challenging areas of translation studies, as poetry conveys not only semantic meaning but also rhythm, rhyme, musicality, and linguistic aesthetics—each of which contributes essentially to the reader’s literary and emotional experience. Employing an interpretive and hermeneutic approach grounded in cultural theory, Jabari produced a translation that demonstrates both linguistic and cultural independence through the deliberate use of authentic Kurdish vocabulary and expressions. Rather than a mere linguistic rendering, this translation represents an artistic and intergeneric recreation of Vis and Ramin that draws upon the theoretical framework of cultural translation. By avoiding literalism and utilizing the aesthetic resources of the Kurdish language, the translator successfully reconstructed the emotional and poetic resonance of the original text in an artistic prose form. He maintained an effective balance between fidelity to the source text and creative freedom in the target language, resulting in a work that is simultaneously engaging for Kurdish readers and faithful to the essence and message of Vis and Ramin. Consequently, this translation may be regarded as a distinguished example of creative and culturally oriented translation, in which the translator assumes the role of a secondary literary creator. In this process, meaning and emotion take precedence over the surface structure of words, allowing the translator to revitalize the core spirit of the original text within a new cultural context. This study has been conducted using a descriptive–analytical methodology.
Keywords: Vis and Ramin; Kurdish prose Vis and Ramin; poetic recreation; cultural translation.