تاریخ: ۱۴۰۴/۸/۱۹
چاپی دووهەم و پێ‌داچوونەوەی نوێی بەرگەكانی 1 و 2ی «فەرهەنگی زارەكیی موكریان» بڵاو كرایەوە.

«فەرهەنگی زارەكیی موكریان» لە فەرهەنگە ناسراو و هەرە بەنرخەكانی سەردەمی زمانی كوردییە كە لە لایەن توێژەر و فەرهەنگ­نووسی كورد، «سەلاح پایانیانی»یەوە، لە ماوەی 25 ساڵ­ و لە قەبارەی 15 بەرگ­دا وە بەرهەم هاتووە و دوا بەرگی ساڵی 2023 (1402) بڵاو بۆتەوە و پڕۆژەكە ڕواڵەتەن سەری گیراوە. بەڵام لەو ڕوانگەیەوە كە ناوئاخنی «فەرهەنگ»، بەتایبەت «فەرهەنگی زارەكیی» هەر هەڵقوڵاوی كەڵكەڵەكانی ناخی تاكە كەس نییە و بەری زار و زمانی كۆمەڵگەیەكە و پێی دەوێ هەتا هەرچی لەو قاڵبەدا بە سەر زارانەوەیە بانگهێشت كرێتە مزڵی كتێبەوە، یەك لە خەسلەتەكانی ئەوەیە كە قەت كەلێن­بڕ نابێ و هەمیشە دەی­مێنێ و ئەوەندی بوار هەبێ ئاتاجی سەر دانەوە و بەر نانەوە و جاروبارەش هەڵپەرتاوتنە؛ بۆیە دانەری ئەو فەرهەنگە لێ­بڕاوە بە بەرگەكانی یەك تا شەش­دا بچێتەوە.

سەلاح پایانیانی پاش تێ­پەڕینی نزیكەی بیست ساڵ بەسەر بڵاو كردنەوەی چاپی یەكەمی بەرگی یەك و دووی ئەو فەرهەنگە­دا، چاپی دووهەمی ئەو دوو بەرگەی بە بیچم و ڕوخسارێكی نوێ­وە كە بە ڕواڵەت دەچێتەوە سەر بەرگەكانی 6 تا 15، بڵاو كردەوە. جیاوازییە سەرەكییەكانی چاپی دووهەمی ئەو دوو بەرگە لەچاو چاپی هەوەڵێیان، بریتین لە:

مامۆستا «عەزیز ئالی» لە ڕووی زانستییەوە پێیان­دا چۆتەوە و بۆشاییە پرس­هەڵگرەكانی دەست­نیشان كردووە و لێیان دواوە و تەمی لێ ڕەواندوون.

لە ڕووی قاڵب و ڕوخسارەوە هێنراونەتە سەر داڕشتەی بەرگەكانی 6 بەولاوەی ئەو فەرهەنگە، كە داڕشتەیەكی زانستییانە و جێ­گیر و پڕبەپێستێتی.

دەقەكەی چاپی یەكەم وێڕای داڕێژرانەوە، هەڵەگریش كراوە و هەڵەی تایپی و زانستیی لێ بژار كراوە.

ئاشتەبای پێشووی بەشە جیاجیاكانی زۆربەی مەدخەلەكان شتی نوێیان لێ زیاد كراوە. ئەو لێ زیاد كرانە (لەگەڵ ئەوەی بە ناچاری سایزی وردتر بۆ فۆنتی ناوئاخنی چاپی نوێ دە كار كراوە) قەبارەی هەر كام لە بەرگەكانی گەیاندۆتە دوو هێندی پێشوویان. بۆ نموونە و وەك وردە ئاماژەیەك: «ئاور» لە چاپی یەكەم­دا دوو مانا (ل: 314) و لە چاپی دووهەم­دا حەوت مانای بۆ دانراوە (ل: 508)، یان «ئاواز» كە لە سێ ماناوە (ل: 307) بۆتە شەش مانا (ل: 488). «پێك­هاتەكانی لە چاوگ وەرگیراو»ی «بەڕە» لە دە دانەوە (ل: 432) بوونەتە چاردە دانە (ل: 745). «باوەڕ»ەكانی «بەفر» لە دوو دانەوە (ل: 456) بوونەتە چوار دانە (ل: 810). هەر وەها نزیكەی بیست «لێك­دراوی تر» بۆ «بەفر» دانراوە كە لە چاپی پێشوودا نین (بڕوانە ل: 816 بەولاوە).     

چاپی نوێی بەرگی یەك و دووی «فەرهەنگی زارەكیی موكریان» لە لایەن «دەزگای موكریانی بۆ چاپ و بڵاو كردنەوە»وە چاپ كراون، بەرگی یەك كە پیتی «ئـ»ی لە خۆ گرتووە 1025 لاپەڕە و بەرگی دوو كە بۆ پیتی «بـ» تەرخان كراوە 1105 لاپەڕەیە و نرخی 30هەزار و 50 هەزار دیناریان لەسەر دانراوە. ئەو چاپەی دووهەم وەك پێ­زانین بۆ پاڵپشتیی نووسەر، پێشكێش كراوە بە بەڕێز «دوكتور سەلاحەددین حیكمەت­ئارا».