ئەوا هەوری ڕەشه و تەرزه دەبارێ
چرۆی دارم وەری و نەیماوه بارێ
لەپێش چاوم کەوت شانۆی بەهارێ
که تیری ناحەقی دوژمن به جارێ
ڕماندی کۆشکی بەرزی کوردەواری
نەما شادی له دێهات و له شاری
شەهیدی سوورخەڵاتی میللەتی کورد!
دژی گەل ، چی له تۆ کرد چی له تۆ کرد!
بلیمەت، شاریکەندی، عالمی ورد
له ڕێبازی ژیانی گەل، وەکوو پرد
له ژێر هەوری غەما، ون، ئەو هەتاوه
ئەوه شینی کوڕانی تازەلاوه
له تاسەی شاریکەندی دانراوه
که داخی وی لەدڵدا ماوه، ماوه
قەسەم بەو خوێنه پاکەی لێی ڕژاوه
قسەم بەو مێشکه ڕوونەی لێی پژاوه...
2ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، 43ـەمین ساڵیادی کۆچی سووری سوورخەڵاتی ڕێبازی «کوردایەتی و ئیسلامەتی» و شەهیدی ڕچەی نیشتماندۆستی و ئایینپەروەری و هزر-مەزنی و گەلویستی و ڕاستی و پاکی و دڵڕووناکی، عەللامه مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی شاریکەندییە.
مامۆستا شاریکەندی له شەوی سێشەممۆ،7ی پووشپەڕی 1305، له گوندی «سێوەدین»ی بۆکان له بنەماڵەیەکی هەژاری ئایینیی-نەتەوەیی هاتووەته دنیا و باوکی، «مەلا قادر» خەڵکی گوندی «شاریکەند»ی بۆکان، و دایکی «ڕابێعه»، خەڵکی «گەردیگلان»ی سەقز بووه. سەرەتاکانی خوێندنی له حوجرەی باوکی دەست پێدەکا و دوای کۆچی دوایی باوکی، له تەمەنی 10ساڵیدا سەرلەنوێ دەگەڕێنەوه بۆ زێدی باوکی، «شاریکە ند». دواتر له حوجرەکانی موکریان و له خزمەت زانا ئایینییه نێوبەدەرەوەکانی ئەوسەردەمە، وەک «مامۆستا مەلا عەلی وەڵزی»، له حەمامیانی بۆکان و «مامۆستا مەلا عەلی ڕەببانی»، له بوغدەکەندی سەقز و «عەللامه مەلا حوسێن مەجدی»، له مزگەوتی بازاری مەهاباد و هتد؛ سەرجەم زانسته باوە ئایینییەکان بە قووڵی و وردبینی و شێوازێکی ڕەخنه-تەوەرەوه دەخوێنێ و لەو ماوەدا، وشیاری و زیرەکی و توانست و بڕشتی بیرگه و زەینی عاجباتیی ئەو فەقێ بلیمەت و هەڵکەوتەیه و ڕادەی ئاگاداری ئەو له دەقه پیرۆزەکان و پەڕتووک و کتێبه باوەکانی ناو فێرگه ئایینییەکان و هەروەها ڕاوبۆچوونی جیاواز و شڕۆڤەکارانەی خۆی له سەر ناوەرۆکی زۆرێک لەم کتێب و پەرتووکانەی بە دەرس خوێندبووی، ببووه هۆی سەرسوڕمانی له ڕادەبەدەری مامۆستاکانی و هەروەها مامۆستاکان و خوێندکارانی فێرگەکانی تری موکریان و دەرەوەی موکریان؛ ئەم هەڵکەوتەیی و بلیمەتبوونەی ببووه هۆی ناو و ناوبانگدەرکردنی له سەرجەم فێرگه ئایینییەکان تا ئەو جێیەی که یەکێک له ئاواتەکانی خوێندکار و فه قێیەکانی ئەو سەردەمی موکریان و دەروەی موکریان ئەوه دەبێ که هەل و بواری ئەوەیان بۆ بڕەخسێ که فەقێ عەبدولکەریمی نابیغه و هەڵکەوته و بلیمەت، به چاوی خۆیان ببینن. مەشهووره که عەللامه مەلا حوسێن مەجدی، زانای بەناوبانگ و هەڵکەوتە و بلیمەت و پێشەنگی ڕووناکبیری و نیشتمانەپەروەری لە موکریان، گوتوویه: دوای پەنجاساڵ دەرسگوتنەوه به پتر له 200 فەقێ، له مەلا کەریم وشیارتر و زاناتر و قووڵتر و ماقووڵتر و وردبینتر و بیرمەندترم چاو پێ نەکەوتووە و له هەموو فەقێیەکانم خۆشتر دەوێ و له هەموویانم پتر هیوا پێیەتی بۆ دواڕۆژی میللەتی کورد.
مامۆستا شاریکەندی له ساڵی 1331، له فێرگەی مزگەوتی بازاری مەهاباد و لەدەست زانای ڕووناکبیر و نیشتمانپەروەری ناوداری کورد عەللامه مەلا حوسێن مەجدی(=وەزیری داد/ 1946)، بڕوانامەی ئیجتیهاد و مودەڕڕیسی وەردەگرێ و ماوەیەک له گوندی خەلیفەلیانی ناوچەی سندووسی نەغەده وتاربێژ و دەرسوێژ و پێشنوێژ دەبێ و هەر لەو ماوەدا حەمەڕەزاشا دێته ناوچه و مامۆستا شاریکەندی وەک مەلاکانی تر، ناچێ بۆ پێشوازی له شا. ساواک له دوای دەنێرێ و ئەویش هەلەکه دەقۆزێتەوه و به شا دەڵێ ئەمن تەمام نەبوو بێم بۆ پێشوازی لە تۆ، بەڵام ئێستا که به داخوازیی ساواک و بە زۆری و بە تۆپزی هێناویانم، پێم خۆشه زوڵم و حەقخۆری و زێف و زۆری و زۆرەملی بەرپرسەکان و کاربەدەستانی ناوچەت به تێروتەسەلی بۆ باس بکەم، چونکه دڵنیام جیا له من ئەو شتانەت له کەسی دی گوێ لێ نابێ و کەسی تر ئەو خزمەتەت پێ ناکا که من پێت دەکەم!!!
ماوەیەک دواتر و دوای ڕۆیشتنەوی شا بۆتاران، مامۆستا شاریکەندی لەژێر چاودێریی چڕ و بەردەوامی ساواکدا دەبێ و بەو هۆیەوە مەجبوور دەبێ لەو ناوچەیە بڕوا و کۆچ بکا. ڕێک لەو کەش و هەوا و هەل و مەرج و بارودۆخەدا، جەماوەرێکی ئێجگار زۆر له خەڵکی مەهاباد به بازاڕی و موعەللیم و کارمەند و کەیخودا و بەساڵاچوو و لاو و خوێندکار و تازەلاوەوه، که دەبیستن مامۆستا شاریکەندیی هەڵکەوتە و بلیمەت و ڕووناکبیر و نیشتمانپەروەر و بوێر و چاونەترس، لێبڕاوه لەو ناوچەیه کۆچ بکا، دەچن بۆ خزمەتی و بە تامەزرۆییەوە تکای لێدەکەن و لێی دەپاڕێنەوه که ببێتە مامۆستای مزگەوتی مەولەویی مەهاباد و مامۆستا شاریکەندی ساڵی 1341، دێته مەهاباد.
مامۆستا شاریکەندی له ساڵی1341ڕا تا نزیکەی 10ساڵ له فێرگەی گەورەی زانسته دینییەکانی «مزگەوتی سوور»ی مەهاباد هاوڕێ دەگەڵ مامۆستا خۆشەویستەکەی، عەللامه مەجدی و چەندین مامۆستای زانا و ناوداری تر، کتێب و بابەتەکانی زانستەکانی فه لسەفه و حیکمەت و کەلام و تەفسیر و فیقهـ و بنەماکانی فیقهـ و بلاغەت و مێژووی ئیسلامیان گوتەوه و خوێندکار و فەقێی زۆر زانا و ڕووناکبیر و لێهاتوویان پەروەرده کرد که زۆربەیان دواتر بوونه دەرسوێژ و مودەڕڕیسی ناوداری ناوچه و هەروەها بەشێکی زۆریان بوونه مامۆستای زانکۆ و نووسەر و وێژەوان و قازی و کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی نەتەوەپەروەر. دوای خاوبوونەوە و کز و لاوازبوونی چالاکیی ئەم فێرگه گەوەره ئایینییه و دەست بەسەرداگرتن و شێواندنی باری ئاسایی ئەم ناوەندە له لایەن دەسەڵاتەوە، لە ساڵی 1351ڕا، مامۆستا شاریکەندی بوو بە مامۆستای قوتابخانه دواناوندییەکان و لەم ڕێگەیەوە بوو به خۆشەویست و جێی بڕوا و باوەڕی لەڕادەبەدر و بێوێنەی لاوان و خوێندکاران، له بواری زانستی و ئایینی و فیکری و مه عریفی و کوردناسی و تەنانەت له بواری وێژەیی و کەلتووری و کوردناسییەوه. مامۆستا شاریکەندی وەک ئینسایکلۆپیدیایەکی ڕێپیشاندەر و ڕێنوێنیکەر و ڕووناکیدەر و تەنانەت وەک پێشەنگی ڕوناکبیری و فیکری و پێشەوای زانستی و مەعریفی و وەک خۆرێکی پڕشنگهاوێژ و ژینبەخش، ببووه داڵده و داشدار و ڕێپیشاندەرێکی کاریزماتیک بۆ سەرجەم فەقێ و مەلا و خوێندکار و قوتابی و مودەڕڕیس و مامۆستاکانی زانکۆ و چالاکانی بواری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و تەنانەت وێژەیی و کەلتووری. زۆریک له مامۆستاکانی زانکۆکان ڕێساله و تێزی دوکتۆرایان به ڕێنووینی خۆبەخشانه و بێبەرانبەری مامۆستا شاریکەندی نووسی؛ بۆ وێنە: خوالێخۆشبووان دوکتۆر مستەفا خوڕڕەمدڵ و دوکتۆر مەحموود ئیبڕاهیمی(کە فەقێی مامۆستا شاریکەندیش بووە). مامۆستا شاریکەندی کەسایەتییەکی ئێجگار فرەڕەهەند و «مجمع الفضایل» و «بحرالعلوم» و «ذوالفنون» بوو. جیا له بوارەکان و لقەکانی جۆراوجۆری زانسته ئایینی و ئیسلامییه باوەکان وەک: فیقهـ و ئوسوول و فیقهوللوغه و مەنتیق و ئاداب و تەفسیر و حەدیس و بەلاغه و وێژەی عارەبی و سەرف و نەحو و هەیئەت و نوجووم و ئە ستێرەناسی، هەروەها له مێژووی ئیسلام و مێژووی ئێران و مێژووی کورد و کوردوستان و مێژووی ئەدیان و جوغڕافیا و کۆمەڵناسی و حوقووق و فەلسەفەی ڕۆژئاوا و وێژه و ئەدەبی کوردی و فارسی و عەڕەبیدا سەردەرچوویی و شاره زایییەکی زۆری هەبوو. هەر بەو بۆنەوه و بەبۆنەی پێوەندیی دەگەڵ زانستگاکانی وڵاتانی ئیسلامی و گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوونی دەگەڵ زانستگای ئەلئەزهەری میسر و زانستگانی تر، خەڵاتی تایبەتی ئەو زانستگایانەی پێشکەش کرابوو.
مامۆستا شاریکەندی وەک ڕێفۆڕمخواز و چاکسازێکی ئایینیی دژ به ڕادیکاڵیزم و توندئاژۆیی، هەروەها وەک بیرمەند وئیسلامناس و شەرعزانێکی نوێخواز و ڕووناکبیرێکی دژبەری خوڕافەی ئایینی و دژی بەڕێچوون لەڕێی ئایین (=ارتزاق از دین ) و دژ به چەوساندنەوەی خەڵک بەنێوی ئایین، هەروەها وەک وێژاوەر و وێژەوانێکی کوردناس و کوردیزان و شارەزا له مێژووی کورد و کوردستان و وەک هزروانێکی شوناسخواز و مافخواز و نەتەوەپەروەر، بۆ سەرجەم شارۆمەندان و چین و توێژەکانی جۆراوجۆری موکریان و دەرەوەی موکریان و به تایبەت بۆ چینی نوخبه و ئێلیتی گشت موکریان و بگره دەرەوەی موکریان، جێی ڕێز و حورمەتی لەڕادەبەدەر و جێی شانازی و فەخر وهەوێنی هیوا و هومێدی دواڕۆژیان بوو.
هەر له بەر سەرجەم ئەم تایبەتمەندییه بێوێنانه بوو که گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگای موکریانی ئەو سەردەمه بۆ ڕاووتەگبیر و پرسیار و وڵاموەرگرتن له مەڕ کێشه و تەنگ و چەڵەمەکانی خۆیان و بۆکردنەوەی گرێ و گرفنچک و گرێپووچکەکانی زەینی و فیکری و ئایدیۆلۆژیکی و مەعریفەتی و فیقهی و تێئۆلۆژیکی وتەنانەت دەروونناسانه و بگره وێژەیی و که لتووری و ڕۆشنبیریی خۆیان، وه ک مەرجەعێکی باوەڕپێکراو و ئۆتۆریتەیەکی بێوێنه هانایان دەبرده بەر بارگای زانست و ئه ندێشە وحیکمەت و تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویی ئەم حەکیمه بلیمەته و ئەم زانا هەڵکەوتەیەی کورد، تا لەزەریای بێبن و فرەڕەهەندی زانیاری و هۆزانوانی و چازانی و فرەزانی ئەم زاته خوداپێداوەدا، خۆیان تێرئاو کەن و بەڕادەی توانست و بڕشت و بیر و فامی خۆیان لێی هەڵێنجن.
له ڕاستیدا مامۆستا شاریکەندی داهات و سامان وسەرمایەیەکی کۆمەڵایەتیی بێوێنه بوو بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەمان کە به هۆی سپڵەیی و ناسپاسی و ناشوکری و ناتێگەیشتوویی و نەزانی و نەفامی و گەوجی و گەمژەیی و گەندەڵیی بیر و ئاوەز، به بڕیاری ڕادیکاڵیسمی سەرەڕۆیانە و تاقمچییانەی توندئاژۆی چەپئاژۆ، له تەمەنێکدا که تازه کاتی حاسڵاتی ئەو باغ و گوڵستانه پڕبەهره و و پڕگوڵ و عەتر و بەرامەیه گەیشتبوو، بێبەزەیییانه و شەختەئاسا، دوژمنانی گەل و ئایین له ناویان برد و شەهیدیان کرد.
مەخابن که ئێستاکه و لە بارودۆخی هەستیاری ئەمڕۆکەدا، جێگه و پێگە و شوێنی بەتاڵ و لەکیسچووی ئەم حەکیمه گەورەیە و ئەو خواناس و کوردناسه هەڵکەوتەیەی گەلەکەمان پتر له هەرکات و سات و زەمەنێکی تر، هەست پێدەکەین. یادەوەری و بیرئانینی گەورەیی و شکۆی ئەم حەکیم و بیرمەند و خواناس و کوردناسه نەمره بێمیناکە دەبێته هۆی ئەوه که پێداویستی و ئاتاجی و موحتاجیی گەله چەوساوه و بەشمەینەتەکەمان بەو پێشەنگ و ڕابەر و پێشەوایه، لەو هەل و مەرجه ناسک و هەستیارە مێژوویییەی ئێستادا، پتر و پتر وەبیر خۆمان بێنیتەوه؛ بەڵکوو وردبوونەوه وخوردبوونەوه و قووڵبوونەوە و تێڕامان و تێفکرین وخوێندنەوەی ڕەخنەگرانه و سەرلەنوێی بەسەرهاتی میژووی ڕابردوومان پاڵنەر و یارمەتیدەرمان بێ بۆ پێناسەکردنی پاڕادۆکسیکاڵیتەی نێوان: «نەتەوه» و «نەتەوی»، و «یار» و «نه یار»، و «بەرەی نەتەوەیی» و «دژبەری نەتەوەیی» و...
بە ڵکوو ئیدی چی دیکە لەوەبەدوا ئەو چیڕۆکە و ئەم پێناسه و وەسف و ناسکردنەی شاعیر و بیرمەندی هەڵکەوتە و بلیمەت و ڕاستگۆ و بوێری گەلەکەمان، «مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێو» له بابەت مێژووی خۆخۆری و براکوژیی گەلەکەمان وەڕاست نەگەڕێ، کە لە «دوانزەوانە بۆ مناڵان»دا، ئاوا مێژووی تاسەباری سەردەمی کورد، ڕاستگۆیانە و بوێرانە بۆ مناڵان ئەگێڕێتەوە و وریایان دەکاتەوە و دەفەرموێ:
«مناڵەکان،
ئەی یاخییە ژینتاڵەکان،
سبەی ئێوه کە گەوره بوون،
له لاوکا،
له حەیرانا،
له مزگەوت و دیوەخانا،
له چیڕۆکا،
له هۆنراوەی شاعیرێکی ترسەنۆکا،
ڕەنگه زۆرتان بەرگوێ کەوێ،
باسی ئێمه و ئازایەتی،
باسی ئێمه و کوردایەتی،
بەڵام نەکەن بڕوابکەن،
هەمووی درۆن، درۆی پەتی!
مناڵەکان!
مناڵەکان!
ئێمە تووشی سەد کوێرەڕێین،
چرای بیرمان ئێجگار کزە،
هەنگاوی کوێرانە ئەنێین!
مناڵەکان لە وانەکانی دوێنێما
گوتم ئێمە، لەوەتی هەین
درۆ لەگەڵ خۆمان ئەکەین
لە ژیانمانا
لە کردەوە و نووسینمانا، بێفەلسەفەین!
مناڵەکان!
تۆخوا بچن بپرسن لێیان
بپرسن لەوانەی چاویان تینی ناگاتە بەر پێیان!
مەترسن، بپرسن، بڵێن:
لە سەفەری دوورگەی خوێنا
بۆ مناڵان چیتان هێنا!؟
پێمان بڵێن، چیتان هێنا!؟
له کۆتاییدا و له زمان نزیکترین و خۆشەویستترین دۆست و هاوبیر و هاوڕێی دواساتەکانی ژیانی مامۆستا شاریکەندی، واته عەللامه ئەحمەدیان که لەکاتی تەلقین دادانی مامۆستا شاریکەندی و له نێوان چین و توێی گریان و ئەسرین و فرمێسک و شین و شەپۆڕ و هاوار و ناڵه و فیغان و ڕۆڕۆی حەشیمەتی بێوێنەی 20 هەزار کەسی و له ناو جمبوورەی جەماوەر و ئاپۆرەی چین و توێژه کانی سەرجەم شار و گوندەکانی موکریاندا ئاوای فەرموو، ئێمەش هەرئاوا دەڵێین:
«...ئەی ڕووحی بەرز و بڵیند و گیانی ئارام، ئەی متورفەی دین و ئایینی ئیسلام، ئەی مامۆستا شاریکەندی! ئێمە و ئەو خەڵکە هاتووین کە بەر لە بەڕێکردنت بۆ لای خودا، پیرۆزبایی ئەو خەڵاتە سوورەت عەرز بکەین کە لەباتی هەموو زەرق و بەرقی ئەو دنیایە هەر ئەو خەڵاتە سوورە بە تۆ بڕا، پیرۆزبایی ئەو ماڵه تازەیەت پێ دەلێین که لەو دنیا هەراوه و دوای چل ساڵ کار و ماندووبوون، تەنیا خانوویەکی تازه و مڵکی تۆ، هەر ئەو بستە قەبره بووه!
ئەی کۆگای نوور و ڕووناکی، ئەی پێشەنگی ئیمانداری و دڵپاکی، ئەی ڕێنومای دینداری و کارچاکی، ئەی مامۆستا شاریکەندی، ئەی زانای هەڵکەوتووی کورد، دەڕۆی و خودات لەگەڵ بێ، بەهەشتی بەرین جێگەت بێ، خێر و خۆشی و ڕەزای خودات له پلەیەکی زۆر بەرزدا بەنسیب بێ و، هەر وەکوو ئەتۆ وەفریای هەمووکەس دەهاتی، خوداش وه فریای تۆبێ....»
به شێک له شێعرێکی کوردیی مامۆستا شاریکەندی(تەخمیس):
«به گەرمی ئاوری سینەم عەجەب دڵ بۆ نەبرژاوه
به سەیفی قاتیعی هیجری ڕەگی مل چۆنە نەبڕاوە
له دووریی میهری وەک موهری وجوودم غەرقی خوێناوه
له توغیانی قەتاری ئەشکی لێڵم، بێئەسه رماوه
موسافیرخانەی چاوم دەڵێی سێڵاوه، لێڵاوه
سەرم گێژی خەیاڵاته له سەحرا و بادیەی مەیلا
وەکوو مەجنوونی سەرگەشته له عیشق و سۆزشی لەیلا
سەفینەی زاتەکەی ماتەم غەرق بۆبوو له ناو سەیلا
دڵم کەوتۆته زاری و گاهـ گاهێ شین و واوەیلا
به زەعمی من له خەودا، شەو پەری خۆیان نیشان داوه
تەماشای شەعشەعەی دوو نێرگسی کاتی پڕئازەرمی
دەڕێژێ خوێنی موشتاقانی مەفتوونی، به بێشەرمی
به بێهاویشتنی تیری موژەی قەلبم دەکا زەخمی
خەریکی جەزبی ڕۆحه، کافرەی زوڵفی به بێڕەحمی
له زومرەی زاهیره گەر چاوی فەتتانی دنەی داوه
نەخۆشه تایری ڕۆحم، چ زۆره عیللەت و زامی
چەقاندی بەیرەقی هیممەت دەنێرێ پیاو و پەیغامی
دەڵێ نایه وسووڵی مەقسەدی دڵ وەخت و هەنگامی
بڵێی هەروا بناڵێ عەندەلیبی دڵ به ناکامی
بڵێ پێی دوگمەیی سینەی لەبۆ کێیه ترازاوه
ئەگەر سەر کەیته پێ، سەد ڕۆژه ڕێ، لەو دائیرەی ڕاکەی
به مەعلوومی کە دەتکێشێ کەمەندی زولفه تاتاکەی
منیش گیرۆده بووم بەینێ به قەیدی ئاڵ و واڵاکەی
وتم سەروی جیهانئارا ئەرێ تۆبی و خودا تاکەی
دیاریی شوانه، ئاڵەکۆکی بۆ جێژنانه هێناوه ...»