تاریخ: ۱۳۹۸/۳/۱۲
ئۆتۆریتەی " کورد" و بێ نەزمی جیهانی لە سەدەی بیست و مەرگ دا
عەبدولقادر نیازی

 

ئەوەندەی لە سەدەی ڕابردوو دا هێژمۆنی شەڕ و پێک دادان و لانیکەم بیرۆکە و دوکتۆرینی شەڕانگێزی هەبووە، ئەوەندەش کورد لەو هێژمۆنییە شوومە دا شتێکی هەبووە بۆ لە دەست دان.

ئەگەر چی کوژمەی(هزینە)شەڕ لە هەر وڵاتێک بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، هەمیشە داوێنی کوردیشی گرتۆتەوە، بەڵام دەکرێ بگوترێ ئەوەندەی هێژمۆنی شەڕ و پێک دادان لەسەر ئێپیستمەی کورد شوێن دانەر بووە، ئەوەندەش کورد لە بواری خۆناسینەوە زۆر جار سەرکەوتوو دەرکەوتووە.

دەکرێ بە بەرپرسایەتی تەواوە بکوترێ کە لە باری ئێپیستمۆلۆژییەوە، کورد یکێ لە سەرکەوتووترین قۆناخەکانی خۆی ئەگەر تێ نەپەڕاندبێ، بێ گومان لە کۆتاییەکانی نزیک بۆتەوە.

ئەوە سەرەڕای ئەو هەمووە نەهامەتی و وێرانگەری و خوێن ڕێژییە بوو کە خودی کورد لە گەڵ ئەوەی کە دە ژێئۆپۆلێتیکێکی تەواو وێران دا هەڵکەوتووە، ئەزموونی کردووە و بە ناحەق خوێنی لێ ئەستێندراوە.

بەشێک لەو ئەزموونە سەرکەوتووەی کورد سەرچاوەی لەو ئاشتی خوازییە گرتووە کە کورد بە درێژایی مێژووی خۆی هەیبووە. ئەگەر چی کورد لەو سەد ساڵەی دوایی دا، زەبر و زەنگ و زەخت و گوشاری سیاسی زۆرینەی بە خۆیەوە دیت، بەڵام یک لەو فاکتۆرانەی کە ڕەگاژۆی دە سووژەی ئێپیستمیکی کورد دا کرد، ئەو هاوکێشییە سیاسی و کلتوورییە جیهانی و یۆنیڤێرساڵە بوو کە شان بە شانی مێژووی کورد ڕێگای شوناسی کوردی بڕیوە و سەر لە نوێ ڕێگای جیهانی بوونی بۆ هەموار کرد. ئەوە جودایە لەو هەمووە پێناسە سیاسی و ناسیاسیانەی کە تا ئێستا لە گلۆبالیزم کراوە.

وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، ئەوەندەی شەڕ و پێک هەڵپڕژان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا هەبوو، ئەوەندەش شوێن دانەرییەکی شوێن_کاتی لە سەر کورد داناوە. بەختەوەرانە ئەوەی لەو نێوە دا زۆر باش چەسپا بە شوناسی کوردەوە، هەر ئەو لایەنی ئێپیستمەی کورد بوو. ئەوە لە کاتێک دایە کە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستێکی باڵای هەبووە لە شەڕ و پێک هەڵپڕژانی دەرەکی و ناوەکی دا و هەر ئەوەش بەشێکی زۆری لە مێژووی هاوچەرخی کورد بە خۆیەوە تەرخان کردووە. ئەوەی دەو نێوە دا بە کورد سەلما ئەوە بوو کە بەشێکی زۆر لە مێژووی کورد، پەیوەست و پاشکۆی تەعامولی ئەو زلهێزانە بووە لە گەڵ یێکتر، کە "مەعریفەی کورد" یشیان کردە قوربانی و نێچیری ئامانجە فاشیستییەکانی خۆیان. جەمسەرەکەی تری ئەو هاوکێشەیە هەمیشە ئەوە بوو کە ئەوەی دەو ستڕاتژییەدا بۆ زلهێزەکان گرینگ بوو نە کورد بوون یا عەڕەب بوون و تورک بوون کە ئەو کێش و قورساییە بووە کە نەتەوەیەک بە هەموو پڕەنسیپە ئێپیستمۆلۆژییەکانییەوە  دەیتوانی لە سەر بارودۆخ و هاوکێشەکان دا هەیبێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.  بێ ئەوەی  نەتەوە پەرەستانە لە کورد بڕوانم، پێم وایە کورد لەو بارەوە هەمیشە شاز بووە و قورسایی ئەو تەرازووە هەمیشە بە لای ئەو دا بووە. واتا بارگراوەندی "کورد" لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا هەمیشە دیار بووە.

ڕکەبەرایەتی و مرۆڤ کوژی و سیاسەتی چەپەڵ و ئاژاوە نانەوە لە نێو جۆغڕافیایەکی بێ سووژەدا، ئەوەندەی چەسپاندنی ئەنگی توند وتیژی و تیرۆرپەروەری لێ کەوتەوە، ئەوەندەشی شوێن دانا لە سەر سڕانەوەی شوناسی مرۆڤ لەو جۆغڕافیا بێ سەر و بەرەیە دا. ئەوە لە کاتێک دایە کە سەرەکی ترین کەڵکەڵەی جیهانی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا هەر ئەوەبووە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا دەبیندرێ.

خسڵەت و تایبەتمەندی سەرەکی ئەو تێئۆریزەکردنەی شەڕ و ژینۆسایدی شوناس و هۆویە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا لە لایەن زلهێزەکانەوە، بە پێچەوانەی زۆر یەک لەو وڵاتانەی لە سەر نەقشەی جۆغڕافیا و ئەرزی واقع دا خاوەن پڕستیژێکی سیاسی و ئابووری و یا هاڕت و پوورتێک بوون، لە باری ئێپیستمۆلۆژییەوە نەیتوانی دەرەقەتی سووژەی "ئینسانی کورد" بێ. خاڵی بە هێزی کورد کە لە هەر شوێنێکی ناوچەی دووکەڵ و تەقەمەنی دا نیشتەجێ بووە ئەوە بووە کە لەو  بارودۆخە قەیراناوییەدا، بە دەگمەن وازی لە کوردبوونی خۆی هێناوە. بە واتایەکی تر دە ناخودئاگای ئەو کوردانەی دا کە سەر بە سیستمە دژە کوردەکانیش بوون، جموجۆڵی ئاڕکی تایپی کوردی هەستی پێ کراوە.

ئەگەر چی سووژەی کورد لە زۆر لایەن و بواردا کەم و زۆر دەستی دە مێژووی خۆی دا گەڕاوە و لە سازدانی ئەو "شوێن _ کات" ە سیاسییەدا کە تا ڕادەیەکی زۆریش نەزۆکە،  ڕۆڵی هەبووە و تووشی زۆر قەیرانیش بووە.

باس لە ئێپیستمەی کورد کە دەکرێ لێرە دا، هیچ کات بە مانای خۆ دزینەوە لە خوێندنەوەی خەسارناسانەی مێژووی سیاسی کەونارا و هاوچەرخی کورد نییە و بە ڕاشکاویش دەڵێم کە کورد قەرزدارترین قەرزداری مێژووی خۆیەتی. سەرەڕای ئەوە کێشەکە ئەوەیە جیهان جیهانێکی شپرزە و ئاڵۆزە و ئەوەی سەردەمی ئێستا لە سەردەمەکانی پێش خۆی هاوێر دەکا هەر ئەو تێهەژاندنە(تزریق)تێئۆریکەیە کە هێژمۆنی وڵاتانی زل هێز لە ناوچەدا دەیکەن و تێچووە مەعریفی و سیاسی و ئابوورییەکەشی دەکەوێتە سەر شانی ئەو گەلانەی کە قەزایەن هێژمۆنییەکیشیان ئەگەر لە ناوچەدا هەبێ ئەوەندە دیار و مەعنادار نییە. هەر بەم هۆیەشەوە دەکەونە ژێر هێژمۆنی ئەو ئۆڕیانتالیزمە سەقەتە کە دواتر وەک بەشێک لە مێژوو دەرخواردی نەتەوەکان دەدرێتەوە. کوردیش  بەش بە حاڵی خۆی لەو ئۆریانتالیزمە بێ بەش نەبووە و کەم و زۆر خەساری لێ وەرگرتووە لە بەر ئەوەی  کە کەلتووری لیبڕاڵی ڕۆژئاوا بەردەوام لە دەریچەی خۆیەوە لە نەتەوە ژێردەستەکانی ڕوانیوە. کوردیش لەو قاعیدەیە موستەسنا نەبووە.

ئەوەی لەو نێوەش دا بەردەوام کایەی پێ دەکرێ و بەردەوام وەک موتیڤێکی سەلبی و بێ بنچینە لێی دەڕواندرێ، هەر ئەو غیابی ئێپستمۆلۆژییەیە کە تا ئێستا ئەگەرچی بارتەقای نەتەوەکانی تر دەست بە یەخەی کورد نەبووە بەڵام ئێستاش لە نێو زلهێزەکان دا دەستاودەست دەگەڕێ بۆ لە ناوبردنی یکجاری.

 ئەوە لە کاتێک دایە کە کورد سەرەڕای ئەوەش، هێشتا لە گەڵ گەلێک کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی بەرەو ڕوویە، دەگەڕێتەوە سەر گەلێک فاکتەری جیهانی و ناوچەیی. بۆنموونە بەرتەسک کردنەوەی هێژمۆنی ئامریکا وەک زلهێزێکی نەڕۆخ، بۆ زۆر یەک لە وڵاتانی جیهان و ناوچە ئەگەر نالۆژیکی نەبێ بە یەقین دژوارە، ئەوەش بەو واتایە دێ کە ئێمە لەو ناوچە پڕ لە دووکەڵ و تەقەمەنییەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا، بە ناچار لە گەڵ سوڕگەیەکی مێژوویی(محورتاریخی)بەرەوڕووین، کە یا چاوەڕوانی هیچ ئاڵ و گۆڕێکی بنەڕەتی و بنیاتنەرانەی تێدا بەدی ناکرێ یا ئەگەر بشکرێ بە گوێرەی ئەو ئۆلگووە مێژووییە(زلهێز بوون و نەڕۆخ بوونی ئامریکا)بووە کە لانیکەم پتر لە سەدەیەک باڵی بە سەر دۆخی سیاسی و ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوین دا کێشاوە. سەرەکیترین کێشە لێرەدا ئەو سەر لێ شێواوییە ئێپیستمۆلۆژیکییە بووە کە بەختەوەرانە کورد بە پێچەوانەی دیکەی  نەتەوەکانی ناوچە بە باشی زەفەری پێ بردووە.

ئەگەر چی نکۆلی لەوە ناکرێ  لە گەڵ ئەوەی کە دۆخی سیاسی کورد چ  لە کاتی دەوڵەت دارییەوه، لە ئێستادا دانانی ئەو ئۆلگووە مێژووییەی ئامریکا بێ بەری نەبووە کە پێشتر ئاماژەی پێ کرا. بە واتایەکی تر کوردیش وەک زۆربەی نەتەوەکانی تر بۆتە قوربانی ئەو دوکتورینەی ئامریکا کە هەمیشە زەواڵ و غیاب و گۆشەگیری نەتەوەکانی تری مەبەست بووە.

ماوەتەوە بڵێم که ئەو فاکتۆرەی  لەو نێوەدا هەمیشە شەڕی لە  ناوچەدا تێئۆریزە کردووە و بۆتە بەشێک لە ئێپیستمەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو گۆشەگیری و ئنزوایەیە لە گۆشەی مێژووی سیاسی هاوچەرخ دا، و ئەو ترسە پۆزەتیڤ و ئیجابییەش کە کورد موجاب دەکا بە پاراستنی پڕەنسیپەکانی"کوردبوون"، ئەو قەرائەتە ڕێئالیستییانەیە کە کورد لە مێژوو و ناسیۆنالیزم و ئیپیستمەی خۆی دەبێ هەیبێ و خۆی سەر لە نوێ پێناسە کاتەوە بۆ ئەوەی زەفەر بە بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی خۆی بەرێ کە لە زۆر لایەنەوە گەمارۆی داوە.