تاریخ: ۱۳۹۸/۷/۴
وت‌ووێژی تایبەتی هاژە لەگەڵ ڕۆمان‌نووسی کورد فەتاح ئەمیری

* فەتاح ئەمیری ساڵی 1325ی هەتاوی لە گوندی مەنیچەر لە محاڵی ئاختاچی لەدایک بووە

* سێ ڕۆمانی "هاوارەبەرە"، "میرزا" و "زیندە‌خەو"ی نووسیوە و بڵاو کردۆتەوە

* ڕۆمانێکی بەنێوی "خەم و خەیاڵ" نووسیوە کە ئامادە بڵاو بوونه‌وەیه

* لە گۆڤاری "سروە"دا کاری کردووه و "سروەی ئازیز" وەک بۆڵتۆن له‌سەر ئه‌رکی ئه‌و بڵاو بۆته‌وە

* خانەنشینی ئیدارەی کارەبای بۆکانە

 

هاژه ـ چۆن بوو فەتاح‌خان هاتە نێو دنیای ئەدەبی کوردییەوە؟

مازلۆ تاقمێک نیاز و پێداویستی وەکوو (فیزیۆلۆژیک، ئەمنییەت و...) خۆدۆزینەوەی (خودیابی) وەک لوتکەی ئەم پێداویستییە لە نەزەر گرتبوو. پێم وانییە لە دەوروبەری ئێمەدا مرۆڤێک بتوانێ هەنگاو بە هەنگاو بە هەمووی ئەو پێداویستانە بگات و ئەگەر من نەقسێکم هەبێ دیارە، ئەو نیازانه بە جۆرەی پێویست نەهاتونەتە جێ. وەک شاعیری فارس گوتەنی: (کیستم من! داستان از یاد رفتە منم / شاهکاری ناتمام از کار استادی منم). من پێم وایە مرۆڤەکان ناقیسن، خەیام دەڵێت: "بۆ هەر شتێک کە ویستم فێری بم، فێری بووم، بەڵام وەختێک کە فێری بووم، زانیم کە هیچ نازانم". یانی هەر ڕادە کە تۆ وەدووی فێربوون کەوی، ئەو دەم دەزانی کە زۆر ناقیسی.

من کارێکی ئەوتۆم نەکردووە، ئەوانەی کە نووسیومن، بڵاوبوونەوە و هێندێکیش بڵاو نەبوونەوە، ئەو شتانەی کە نووسیومن، بۆ دڵی خۆمم نووسیوە، بە جۆرێک خۆم پێ ڕازی کردووە و منەتیش لەسەر کەس ناکەم کە بڵێم: "ئەوە کتێبم بۆ ئێوە نووسی" و کارم بە قسەی کەسیش نێ، حەتا ئەوانەی کە دەڵێن: "کارێکی خراپی کردووە، دەبوو هەر نەنووسێ"!

بۆ بەشی نووسین دوو بەشی هەرە بە هێزمان تێدایە کە یەکیان لە سرووشتی مرۆڤەکان سەرچاوە دەگرێ کە لەمندا ئەو بەشە تا ڕادەیەکی زۆر لە بابمەوە سەرچاوە دەگرێ، هەر چەند ئەمن بابم نەدیوە، بەڵام زۆر شتیان لەسەر جێگە و پێگه‌ی ئەو لە کۆمەڵگادا بۆ گێڕاومەوە، بەشێکی ڕەنگە میراتێک بووبێ کە من لەویم وەرگرتووە، بەشی دووهەمی ئیکتیسابییە، کەسێک کە زۆر دەخوێنێتەوە، حەتمەنیش دەتوانێ بنووسێ. من لە تەمەنی 10 ساڵییەوە هەر خەریکی خوێندنەوەم، لێرەدا سرووشت زۆر کاریگه‌رە. یانی ئەوەندەی کە من خوێندوومەتەوە، هیچ زانکۆیەک ئەوەندەی دەرس بە خوێندکارەکەی ناڵێت. ئێستاشی لەگەڵ بێت لە هیچ شوێنی زانکۆیەک، دەرس و وانەیەک و لەقێکی خوێندن بە نێوی ڕۆمان‌نووسی نابینی، لە حاڵێکدا نەمایشنامەنووسی تا پلەی دوکتۆرا لە زانکۆ هەیە، کە ئەوە بۆ خۆی کەلێنێکە. ڕۆمان شتێکە کە لە خەیاڵی مرۆڤەکان سەرچاوە دەگرێ و پێک دێ و ئەوە لە‌مندا تا ڕادەیەک هاتە دی.

 هاژه ـ  چۆن بوو تەماتان گرت ڕۆمانی "هاوارەبەرە" بنووسن، نێوی "هاوارەبەرە" لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ.

تەقریبەن من 20 ساڵم تەمەن بوو کە من گوێم لە ئاهەنگی "هاوارەبەرەی شمشاڵ" بووە. ئاهەنگێکی تا بڵێی ڕەمزاوی، پڕ لە بڵیند و نەوی و هەڵسوکەوتم تێدا دەدیت. من لە سوێنگەی ئەوەی کە پەروەردەی لادێ بووم، زۆر یەک لە ئاهەنگه‌کانی شمشاڵم بیستبوو، بەڵام ئەو ئاهەنگەم نەبیستبوو. لە هەموو شایی و زەماوەندەکانی ئەو سەردەم‌دا، زۆرتر بە شمشاڵ هەڵپەڕکێیان دەگرت. جا ئەو کەسەی کە ئەو ئاهەنگەی بە شمشاڵەکەی لێدەدا، لێم پرسی: "ئەو ئاهەنگە چییە؟ من نەمبیستووە"، ئەو گوتی: "ئەوە هاوارەبەرەیە". ئەو دەمی زانیم کە ئەوە ڕۆمانێکی چڕ و پڕ هەڵدەگرێ. بەو جۆرەی کە شوانێک عاشقی کچی سێحەب ماڵکەیەتی، چون تەبەقەی ژیانی ئەوان یەکتر ناگرێتەوە، ناتوانێ بە زمان پێی بڵێ، چون دەزانێ ئەو ڕووتە و ماڵە کچەش دەوڵەمەندن، ئەگەر وایە کچەی نادەنێ، ئەو شوانە و ماڵە کچەش مەڕدار و دەست‌ڕۆیشتوون. شوانە دەهاتە سەر بەردەبێرێ لە شمشاڵێ‌دا پێی هەڵدەگوت. چیرۆکەکە ئاوا درووست بووە، ورده وردە کچە لە ئێحساسی شمشاڵەی تێدەگەیشت، لە کاتی لێداندا، لە چەند جێگایان، شمشاڵ دەگریا، وردە وردە کچەش عاشقی بوو، حەتا شەوێکی چەتە ویستبوویان مەڕی بەرن [ئاخری هاوارەبەرەی]، کوڕ لە بەر کچەکان دەپاڕێتەوە کە لێمگەڕێن با ئاخرین شمشاڵی بە گوێی ئەو مێگەلەدا بژەنم، جا دوایە وەپێش خۆتانی دەن بیبەن، بڕێکیشتان شیر بۆ دەکوڵێنم، ئێوە تا شیرەکەی دەخۆنەوە، ئەمنیش شمشاڵی بۆ ئەو مەڕەی لێدەدەم. ئەوانیش پێی دەڵێن: "جا مەڕی خەڵکی بە تۆ چی؟". ئەویش دەڵێ: "عادەتم پێیان گرتووە". کوڕە دەستی بە ژەنینی شمشاڵەکەی کرد و به جۆرێکی هەرای کچەی دەکرد کە "یارمەتیم بۆ بنێرە، ئەوە مەڕی دەبەن". کچەش لە شمشاڵەی حاڵی بوو و کەس و کاری خۆی و خه‌ڵکی ئاوەدانی ئاگادار کردەوە و ناردنی. ئەگەر چەتەکان زانیان کڵاویان چۆتە سەری، تفەنگێکیان لە کوڕەی هەڵکردووه و گوللەیەکی وەباسکی دەکەوێ. شەکێکی مەجازی کە شەکی "خەزاڵ" بوو، کچەش نێوی خەزاڵ بوو، ئەوە شوانە بە عیشقی وی، ئەو عیشقە مەجازییەی بۆخۆی ساز کردبوو، هەمیشە لە په‌نای دەنووست، لە دوایەدا ئەو ئەویندارییە ئەفلاتونییە بە ئاکام دەگات، ئەوانەشم هەر عەمدەن هێناونە تێوێ.

جا بە قەولی کابرا گوتەنی: "ئەسپەکەم هەڵیگرتم، بۆم نەگەڕاوە"، منیش دەستم کرد بەو کارانە و دوایە کار گرتی. مرۆڤ نازانێ بە هیوای چی دەڕوا و چی بۆ دێتە پێش. ئەمن کە هاوارەبەرەم نووسی، بە هیوا بووم فەسڵ‌فەسڵ بۆ "سروە"ی بنێرم و وەک پاوەرەقی چاپ کرێن. سەلاحی ئاشتی ئەو دەم کە لە باشووری ئێرانێ سەرباز بوو، هەمیشە لە کاتی گەڕانەوەدا سەردانێکی من و مامۆستا حەقیقی و... دەکرد و دوایە بۆ مەهاباد دەگەڕاوە. ئەو سەردەم ڕۆژێکی کە لە ماڵە ئێمە بوو، گوتی: ئەوە چ دەکەی؟ منیش گوتم: ئەوە ڕۆمانێکە نیگەرانی ئەوەم بۆم چاپ نەکەن، لە ڕاستی‌دا هیچ هومێدێکم پێی نییە، دەمهەوێ فەسڵ‌فەسڵ بۆ سروەی بنێرم. کاک سەلاحیش گوتی: "خاڵە ئەگەر بە قسەی من دەکەی، قەت کاری وا مەکە و ئابڕووی مەبە، تەواوی کە جا بیبە، ئەگەر بۆیان چاپ نەکردی، ئەودەم لەت لەتی کە". منیش قسەکەی ئەویم بەدڵەوە نووسا. جا بۆیە تەواوم کرد و بۆ ئینتشاراتی سەلاحەددینم برد و لەوێش زۆر زوو چاپیان کرد. حەتا ئەو دەمی کە پرسیم، ئەوان نەشیانتوانیبوو کە بۆ سەر زمانی فارسی وەری‌بگێڕنەوە. خودی خۆشم زمانی فارسی لە کوردی باشتر دەزانم، بەڵام لە توانام دانییە کە ئەو کتێبە بۆ سەر زمانی فارسی وەربگێڕمەوە. بەو هۆیەی کە شتەکانی زۆر ڕەسەنن، وەک ئەو کوردییەی کە لە هاوارەبەرەیدا هاتووە، دەبێ ئه‌و فارسییە ڕەسەنەش بزانی کە بەداخەوە نەماوە، یانی تۆ دەبێ هاوشێوەی ئەو دەستەواژانەت هەبێ کە بتوانی ئەو کارەی بکەی.

ئەو کات کە هاوارەبەرە لە تیراژی 3 هەزاردا چاپ کرا، هەر خێرا فرۆشرا، دەوروبەر ئەوەندەم هاندەر بوون کە توانیم ڕۆمانی "میرزا" بە 6 مانگان بنووسم، لە حاڵێکدا هاوارەبەرەم بە 3 ساڵان ‌نووسیوە. 

 

 لە ڕاستەوە: مام‌جەلال، سەلاحەددین ئاشتی، فەتاح ئەمیری، عەتا نەهایی، بەهاری ١٩٩٩ی زاینیی، سلێمانی

هاژه ـ لە بەینی ڕۆمانی "هاوارەبەرە" و "میرزا" کامیانت لە لا پەسندترە؟

من بۆخۆم "میرزا"م پێ لە "هاوارەبەرە"ی کتێب‌ترە. چونکە لە هاوارەبەرەیدا، بۆمبارانی وشە زۆرن، لە بنەڕەتدا شایەد هێندێکیش زەربەی لە ناوەرۆکی خودی ڕۆمان داوە. هەر چەند زۆریشم پێخۆشە و زۆریش شتی چاکە، چون هەر خودی ئەو وشە و ئیستلاحانە نێعمەتن. من ئەو وشە و ئیستلاحاتانەم لە کن مەعقوڵ و خۆشەویست بوون، پێم خۆش بوو هەرچی زووترە بۆ سەر کاغەزیان بێنم و بیاننووسم، تا بەو جۆرە لە نێو ئەدەبیاتی ئەوڕۆی کوردییان باوێم تا تۆزی لەبیر چوونەوەیان لەسەر نەنیشێ.

ئەو کارەی من لەگەڵ فەرهەنگ وشەیەکی وشک و خاڵی زۆر جیاوازە. ئەتۆ بۆ وشەیەک لە فەرهەنگدا دەتوانی بگەڕێی و بیبینێوە. بەڵام کاتێک کە لەگەڵ ڕستەکەی سەرفی دەکەی، ئەوە چاکتر لە فریای زمان دەکەوێ هەتا فەرهەنگێکی وشە. سەد بریا فەرهەنگەکانمان ئاوا نووسرابان، چون ئاوا وردە وردە دێنەوە کایە و کاتێک کە دێنەوە کایە کار لە جێگایەکی دیکەیە.

ئەو کوردییەی کە من ئەلان پێم نووسیوە، لەو کوردییەش بەقەوەتتر و بەهێزتر مامۆستا هێمن شێعری پێ نووسیوە. دوای مامۆستا هێمن، مامۆستا هێدی، شێعری پێ نووسیوە. هەر سێکمان یەک کارمان کردووە، بەڵام ئەوان بە شێعر گووتوویانە و من بە نەسر. ڕەنگە ئەوان لە من زیرەکتر بوون، چاکتری فێربوون. ئەلان زۆر جار بۆ گەڕانی وشە پەنا بۆ کتێب و فەرهەنگۆکی ئەوان دەبەم. بەداخەوە مامۆستا هێمن کەم ژیا، دەنا ئەمن زۆرم تکا لێکرد کە ئەو "لە کوێوە بۆ کوێ"یەی تەواو کات، قەولیشی پێدام کە وابکات، بەڵام ئەو 64 ساڵی ژیان کرد، ئەو تەمەنە بۆ کەسێکی ئاوا کە لە چوارچێوەی قه‌ڵەم‌دا ئەزموونی وەسەر یەک ناوە، زۆر کەمە. قەڵەم شاکاری زۆر گەورە دەنوێنێ، من شاکاری زۆر گەورەم نەکردووە، ئەوانەم ئاوا دەست پێکردووە، جا نازانم دوایە چۆن دەبێ...

 هاژه ـ ڕۆمانی "میرزا" لە چی دەدوێ؟

"میرزا" درێژەی "هاوارەبه‌رە"یە، ئەو کاراکتێرانەی لە هاوارەبەرەدا هەن، لە میرزاش‌دا سەر وەدەر دەنێن. بەڵام ئەدەبیات و شێوەی داڕشتنەکەی جیاوازە. دەتوانم بە ڕاشکاوی ئەوەت پێ بڵێم کە "میرزا" ڕۆمانێکی تەواوە. چون میرزا هەر دوو لایەنی "ڕۆمانی" و "وشە و ئیستلاحی" بەقەوەتە. من وەک هەوەڵێش گوتم هیوام بە چاپ کردنی هاوارەبەرەی نەبوو، چون لە ئێران‌دا نەدیترابوو کە کتێبی ئاوا چاپ بکرێ، کە بە خۆشحاڵییەوە چاپیش کرا. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ کە ئینتشاراتی سەلاحەددین خزمەتێکی زۆری بە زمانی کوردی کرد. من نازانم لە کێ و لە چ کەسانێک سپاس و پێزانینی خۆم دەرببڕم، لەوانەی کە بۆیان دەنووسی یا لەوانەی کە بۆیان چاپ دەکرد.

 هاژه ـ ئێوە لە "هاوارەبەرە"دا گرینگییەکی زۆرتان بە بەشی زمان داوە، وەک چۆن خوالێخۆشبوو مارف ئاغایی لەوێدا 800 وشەی دەرهێنابوو کە هەنبانە بۆرینە نەیگرتبوو؟

بەڵێ ڕاستە، ئێستا بۆ چاپی نوێی "هاوارەبەرە" و "میرزا" فەرهەنگۆکم بۆ دەرهێناوە. مامۆستا هەژار هەموو زاراوە و بن زاراوەکانی دەزانی، ئەو لە زمانی کوردی‌دا شارەزایەکی بێ‌وێنە بوو. بەڵام مەبەستی سەرەکی لە کارەکەم‌دا زاراوەی موکریانییە، نەک زاراوەکانی دیکە. چون غه‌یری موکریانی نازانم و بۆخۆشم هەر کات کتێبێکی غەیری زاراوەی موکریانی دەخوێنمەوە، ئەو تام و چێژی لێ نابەم کە لە زاراوەی خۆماندا دەیبەم.

من لە مامۆستا هێمنم زانیوە کە دەیگوت: "ئەمن پێم وایە دەبێ بنەمای زمانی کوردی، موکریانی بێ. دەبێ لە زاراوە و بن زاراوەکانی دیکەش بۆی بکێشنەوە و دەوڵەمەندی کەن". تۆ ئەگەر لە ئەدەبیاتی موکریان‌دا بگەڕێی لەسەر هیچ وشەیەک پەکت ناکەوێ، من ناڵێم هەمووی، بەڵام بەشی هەرە زۆری وشەی تێدایە و مەعنا کراوەتەوە. ئێستا لە ئێمە ئەدەبیاتی دیوانمان کزە، چون دیوانمان نەبووە. زمانی ئێمە زمانێکە کە تێکەڵاوی سرووشتە، جوانییەکەی لەوەیدایە کە لەگەڵ سرووشتی کوردستان تێکەڵاو بووە. چاو لە بەیتەکان، ڕۆمانەکان دەکەی هەمووی بە چەشنێک و بە جۆرێک ئەو جوانییە نیشان دەدەن.

 

هاژه ـ وەک دەزانین ڕۆمانی "زیندەخەو" ڕۆمانێکی شارە و تا ڕادەیەک شێوەی ئاخاوتنەکەی لەگەڵ "هاوارەبەرە" و "میرزا" جیاوازە. چۆن بوو بڕیارتان‌ دا ڕۆمانێک جیاواز لە زمانی ئەو دووانە بنووسن؟

"هاوارەبەرە" و "میرزا" هەر دووکیان ئەدەبیاتی دێهاتن. لە وت‌ووێژێکی‌دا لە مامۆستا هێمنیان پرسیوە: ئەگەر تۆ مردی، ئێمه بڵێن مامۆستا هێمن چ جۆرە شاعیرێک بوو. دەڵێ: "بڵێ هێمن شاعیرێکی دێهاتی بوو". لە ماڕکێز دەپرسن کە تۆ چ جۆرە ڕۆمان نووسێکی؟ دەڵێت: "من ڕۆمان نووسێکی دێهاتیم". هێندێک پێیان وایە دێهاتی شتێکی نامۆ و خراپە، لە حاڵێک‌دا ئەسڵەن وانییە. ئەو وشە و ئیستلاحاتانەی کە من هێناومن، بۆیە دێهاتین، چونکە وشەکانی کەرەسە و کارێکن کە لە دێی‌دا زۆرتر لە کار دەکرێن تا لە شاردا.

شار تایبەتمەندی خۆی هەیە، فکرت دەکرێتەوە، دەگۆڕدرێی. مرۆڤ ژیانی ئاوا چۆتە پێش، لە نیشتەجێ بوون لە ئەشکەوت‌دا هاتۆتە نێو خێوەت، لە ژیانی بن خێوەت‌دا هاتۆتە گوندنشینی، لە دێ‌نشینی ڕا هاتۆتە شار نشینی. ئەمنیش لەو بوارەدا ئەویشم بە تاقی کردۆتەوە. خودی ڕۆمانی "زیندەخەو" هێندێک مایەی دۆناودۆنی هەیە. ئینسانێکی دوو شەخسیەتیم لەوێدا نیشان داوە کە لە سوێنگەی ئەو دوو کەسایەتی بوونەی شەوانە خەونی سەیر و سەمەرە دەبینێ و بەو خەونانە ناڕاحەتە. کوڕە کوردێکی مەزلومە کە لە خەونەکانی‌دا دەبێتە مەئموری ئە‌شکەنجەی ساواکی. کاتێک وەخەبەر دێ، بێ‌ڕادە بەو خەونانە ناڕاحەتە...

"زیندەخەو" چەندین سەبکی تێدایە. بۆ نمونە ڕئاڵیستی تێدایە، بەشێکی مێژوویی تێدایە، بەشێکی پۆست‌مۆدێڕنی لە خۆ گرتووە. ئەوانە بە بێ‌ئەوەی لە چاو بدەن لەوێدا زۆر تێکەڵ کردووە. "زیندەخەو" بەڵێ ڕاستە ئەدەبیاتی شارە، دوای زیندەخەویش کتێبێکم نووسیوە  تێکەڵاوێک لە هەر دووک ئەدەبیاتی دێ و شارە. من لەسەر ئەو بڕوایەم، جیاوازی تەنیا لە "شێوەی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە".

شار جێگای کامڵ بوونی فکرە. جا بۆیە ئێمە دەبێ هەم ڕۆمانی دێ و هەم ڕۆمانی شارمان هەبێ. لە بەر ئەو هۆیە من ئەوەم بۆ ئەوێ ڕاگوازتۆتەوە. لە ئاکامدا هیچ ئیرادێکیان لە "زیندەخەو" نەبوو، بەڵام وەک گلەیی، گوتبوویان: "فەتاح نەدەبوو بێتە نێو ئەدەبیاتی شارییەوە، دەبوو هەر لە دێیدا بمێنێتەوە"، بەڵام من ئەوەم کرد.

 هاژه ـ ئەو کتێبەی کە ئەدەبیاتی شار و گوندتان لەوێدا تێکەڵ کردووە، نێوی چییە؟

نێوی "خەم و خەیاڵ"ە. بەداخەوە کاتێک کە ئەو کتێبەم تەواو کرد، بۆ ماوەیەک تووشی ناسازی هاتم، کاتم نەبووە، پاکنووسی بکەمەوە، لە هەمان کاتدا بژارێکیشی کەم. دەبێ ویراستارێکی باشی بۆ بکەم، خاڵبەندییەکه‌ی بۆ تەکمیل کەم، عەلایمی نیگاریشەکەی بۆ دانێم.

ئەلان بە نیسبەت جاران، بۆ ئەو شتانە خێراتر بووم و پتر دیقەتێ دەکەم، جوانتر دەست و فکرم ڕاهاتووە و تا کاتێکیش بزانم کە لێم تێکەڵ نابێ، دەنووسم. جارێکی کتێبێکی جەماڵ‌زادەم لە 92 ساڵیدا خوێندۆتەوە، گریانم بۆی هات، ئاخری کتێبەکەی ئەوەیە: "قصه ما به سر رسید". ئه‌و جەماڵ‌زادەیەی که ["دارالمجانین"، "سر و تە یک کرباس"، "یکی بود یکی نبود"]ی نووسیوە. ئەو کتێبانە هەمووی سەرەتای کتێب خوێندنەوە و موتاڵەعەی من بوون. من دیتم بە تەواوی مەعنا لەو ئاخر کتێبە‌دا تێکەڵی کردووە، بەداخەوە ویراستارەکەشی هەناوی خرا بێ، نەیتوانیوە ئەوانی بۆ عیلاج کات. ئەگەر خودای نەخواستە ڕۆمان‌ نووسێک بێتو بمرێ، ئەوە ئەرکی منە بۆی تەواو کەم. ئەگەر ویراستاری پێویستە، دەبێ بۆی جێبەجێ کەم، ڕەنگە وەک هی خۆی نەهێتەوە، بەڵام لە ویراستارێکی سادە و مەعمولی هەر باشترە.

 هاژه ـ  سەرەڕای ئەوەی کە ئەو زمانە خۆش و پاراوەتان لە نووسین‌دا هەیه، بۆچی فەتاح خان وا بەرهەمی کەمی نووسیوە؟

ئەمن لەسەر ئەو بڕوایەم بە زۆری و کەمی کتێب ناڵێن کار، من ئەلان [جای خالی سلوچ] مەحموود دەوڵەت‌ئابادیم لە [کلیدر]ی پێ بەهێزترە. لە [کلیدر]دا، زەعف و کەلێن زۆرە، کار ئەوەیە بگا، ئەگەر گەیشت، بێتە دەرێ. ئەمن لە تەمەنی 20 ساڵیدا هاوارەبەرەم لە زەینی‌‌ دا بووە، هەتا بوومە 40 ساڵ هەر بیرم لەوە کردۆتەوە کە من ئەوەی چۆن بنووسم، چون نوسخە نەبوو. ئەمن پیشەی سەرەکیم کارمەند بووم و نزیکەی 31 ساڵ  لە ئیدارەی کارەبای بۆکان کارم کردووە، نزیکەی 10 ساڵان لە دێی جووت‌بەندە بووم، جا بۆیە ژیان پێیدەوێ، خۆ وەک ئەمریکای لاتین نێ، تۆ بە نووسینی ڕۆمانێک بژیوی ژیانت دابین بکەی، لە لایەکی دیکەشەوە چاپ و هێنانە دەری کتێبیش لە ئێران وەدواکەوتنی دەوێ. من لە 40 ساڵی‌دا دەستم بەو شتە کرد، هەر ئەو زەمان لە باشووری کوردستانیش ڕۆمانەکان لە پەنجەی دەست تێنەدەپەڕین، بەڵام لێرە لە "ڕۆژهەڵات" هەر ڕۆمان نەبوو. جا بۆیە کێشەیە بۆ کەسێکی کە لە پێشدا نوسخە ڕێنوێنێکی نەبووبێ، هەر بۆیە دوای 20 ساڵان تەمام گرت کە هاوارە‌بەرەی بنووسم.

ئەلانیش بەیتەکانمان، هەر یەکەی دەتوانن ڕۆمانێکی شاهکار بخەنە دەرێ، بەڵام کوڕم دەوێ هەستێ بچێ لەسەر هەر کام لە بەیتەکان‌دا لێکۆڵینەوە بکات، بزانێ کامیان مەعقوڵترە، کامیان دەوڵەمەندترە و مەتڵەبی جوانتر بەدەستەوە دەدات.

شایەد بەیتێک بە 50 شێوە گوترابێ، بەڵام یەک دوو دانەیان لە هەموویان تەواوترن، خۆشترن. جا دەبێ وەدووی ئەو یەک دوو دانەی کەوێ، ناورۆک و ئاکامی کارەکە یەکە، بەڵام خودی کارەکە یەک نییە. بە چ شێوازێک نووسراوە، چۆن بووە، چ بەرهەمێکی داوە. ئەگەر مامۆستا هێمن تەنیا "ناڵەی جودایی" گوتبایە، بۆ ئەوی تەواو بوو، چون شاعیر بوو. لە حاڵێک‌دا شاعیرمان هەیە چەندین دیوانە شێعری نووسیوە و بە کەڵکی هیچ نەهاتووە، جا من نامهەوێ ئاوابێ. بەڵکوو وەک دەگوترێ: "هەشت بێ و لە مشت بێ، نەک نۆ بێ و نەبێ".

هاژه ـ کاری دیکە چتان بەدەستەوە؟

من قاعیدەم ئاوایە، ئەگەر ئەو ڕۆمانەی "خەم و خەیاڵ"م لە چاپ دا، بیر لە کاری داهاتوو دەکەمەوە. ئەو ڕۆمانە زۆرە، لانیکەم 450 لاپەڕەی A چواره، تازە لە دەستیشم دەرچووە، دەمهەوێ بڕێکی لێ کەم کەمەوە، چون بۆخۆم هێندێکیش زگ بە خوێنەری دەسووتێ، بۆچی زۆر ماندوو بێ. با ئەو تەوەرە بگۆڕدرێ و شتێکی جوانتر و ڕێک‌وپێکتر بە دڵی خۆی ببینێتەوە. ئەمن هیوادارم ئەو بەرەی ئێستا کە هاتۆتە پێشێ، بتوانن، شتی زۆر جوان دەرهێنن. جحێڵی ئەمڕۆ ڕەنگە داهێنەریان لە هی من پتر تێدابێ. دەی زمانەکەشی کە دیاری کراوە، هەر ئەو کتێبانەی کە من نووسیومن، دەکرێ بەو ئەدەبیات و زمانە قسان بکەن.

هاژه ـ وەک دیارە ڕۆمانی "هاوارەبەرە" و "میرزا" لە سەرڕا چاپ و بڵاو کراونەوە، ئەو کتێبانە لە کوێ چاپ بوونە و تیراژەکەیان چەندەیە؟

کاک ئازاد حسێنی گرێبەستی دووبارە چاپ بوونەوەی ئەوانی لەگەڵ نووسیوم و لە بڵاوکراوەی خانی لە سەقز چاپ کراوە و تیراژەکەشی هەزارە و هەر دوو ڕۆمانەکە لە تۆی کتێبێک‌دا چاپ و بڵاو بوونەوە. من خەریک بووم "زیندەخەو"یان لە ئەستۆ گوتم و ئەویان پێ چاپ کەمەوە، چون زیندەخەو لە ئێران‌دا چاپ و بڵاو نەبۆتەوە. حەتا برادەرێک کە خەڵکی بۆکانە و لە زمانی فارسیی‌دا شارەزاییەکی چاکی هەیە، یەک دوو جاری ئیزن لێ خواستووم کە "زیندەخەو"ی بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕێتەوە.

زیندەخەو ئەوڕۆیی‌ترە، غرور نەیگرتووم، تەنانەت لە ئەدەبیاتی فارسیش‌دا شتی ئاوام نەدیوە. پێم خۆش بوو ئەو لە پێشدا چاپ بکرێ و وەبەر دەستی خەڵکی بکەوێ. بۆ چاپێکی نوێ، ئەو کتێبەم داوە کە لەسەرڕا تایپ کرێتەوە. هەڵەی کەم تێدایە، من سەر و بنی ئەو 270 _ 260 لاپەڕەیەم لێکداوەتەوە، 17 وشەی هەڵەی تێدا بووە، ئەوانیشم چاک کردووە، داومە بە تایپیستی تا تایپیان کاتەوە.

هاژه ـ بەڕێزتان لە گۆڤاری سروەدا چالاکیتان هەبووە، بە بڕوای ئێوە "سروە" چ ئەزمونێکی لەسه‌ر ڕۆژنامەگەری کوردی و بەتایبەت زمان هەبووە؟

من زۆر جار لەوانەی کە ژۆرنالیستن، بیستوومە کە دەیانگووت، بە نیسبەت گۆڤارەکانی دیکە زۆر بەهێزتر بووە. هەر چەند ناتوانین بڵێین زۆریش ئازادی ئازاد بووە. بەدڵنیاییەوە ئەو گیر و گرفتەی گۆڤارەکانی دیکە هەیانە، ئەویش لێی بێ‌به‌ری نەبووە. بەڵام شتەکە زۆر چاک دامەزرا. مامۆستا هێمن کەسێکی مەتبوعاتی بوو، زۆر چاک بناغەی بۆ داڕشت و ئەوانەی دوای ئەویش بەتایبەتی کاک ئەحمەدی قازی، درێژه‌دەری ئه‌و ڕێگایه بوون. دیارە هەر بۆخۆیان به تەنیا نەبوون، بەڵکوو تەواوی موکریان به‌بێ چاوەڕوانی کاری بۆ ئەوان دەکرد. چون خەڵکەکە تینووی زمان و فەرهەنگەکەی بوو. دوایەش گۆڤاری دی هاتن و سروەیان برده سنە. من ئەو دەم لەوێدا بەشێکم بەنێوی "سروەی ئازیز" پێ‌بوو. ئەو مەتڵەبانەی کە من لەو بەشەدا دەمنووسی، هەر زۆر سەیر جێی خۆی کردەوە. خەڵک پێشوازێکی باشیان لێ دەکرد. من هەر جارێ مەتڵەبێکم لەوێدا دەنووسی. ئەو مەتڵەبانە کۆمەڵایەتی بوون و لە بازەی نەقد و تەنز و... . من ئەو دەم دوو مەتڵەبی جودام لە سەر "نان" و "ئاو" نووسی، کە یەکێک لە ماندگارترین مەتڵەبەکان ئەژمار دەکرێن. ئاخرین "سروەی ئازیز"م ئەو کات کە دەیان برد بۆ سنە نووسی، بەڵام چاپیان نەکرد. نووسیبووم: "کابرایەک دوای تەمه‌نێک ڕابواردن، کوڕێکی بوو، بۆ کوڕەی گوێزەبانەیان بۆ ساز کرد و بانگیان به گوێدا خوێند و مەلۆتکەیان لابرد. بابە زۆری دڵ بە کۆرپەکەی خۆش بوو، گوتی: ئەو کوڕەم دەکەمە دوکتور! یەکی عاقڵ لەو مەجلیسەی بوو، پێی گووت: "بە من دەکەی جارێ لەو قسانە گە‌ڕێ!" گوتی: بۆ؟ کوتی: "سورێژە، کۆخە، مێکوتە و... هەن، شایەد بە یەکێک لەو دەردانە بمرێ، بۆیە جارێ ئەو چاوەڕوانییەت لێی نەبێ". منیش هەر لەسەر ئەو مەتڵەبەی نووسیبووم: "سروەی ئازیز، تۆ ئەگەر بچێ سنەی دەمری، تکا دەکەم، مەچوو". کە تکاکەیان قەبووڵ نەکردم و بۆ سنەیان برد و لەوێ مرد. چون زەمانی مامۆستا هێمنی لە تیراژی 15 هەزاردا چاپ دەکرا و یەک جڵدیشی نەدەما، بەڵام لە سنە وای لێهات گەیشتە تیراژی 400، کە بەڕاستی ئەوە جێگای داخە و ئەو بڵیند و نەوییە بۆ هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارێک دێتە پێش. 

 

هاژه ـ کاتێک "هاوارەبەرە" چاپ دەکرێ، بەدەست مامۆستا "حسێن عارف" دەگات. نامەیەکت بۆ دەنووسێ و دەڵێ: "ئەگەر بە ئینسافەوە قسان بکەین، زمان یانی زمانی موکریانی"، بە بڕوای ئێوە بن‌زاراوەی موکریانی، کاریگه‌ری باڵای لەسەر زاراوەی سۆرانی بووە؟

هەر چەند موکریانی بن زاراوەیە، بەڵام زۆر بەهێزە. بەهێزەکەشی لە خۆڕا نییە. ئەم مەڵبەندە [مه‌بەست ناوچەی موکریانە] زۆر شتی بۆ هاتۆتە پێش کە ڕەنگە بۆ شوێن و جێگای دیکە نەهاتبێتە پێش. هیچ شتێک لە خۆڕا تەکمیل نابێ، هیچ شتێکیش لە خۆڕا ناقیس نابێ. ئەمن بن زاراوەی موکریانی زۆر بە گەورەیی دەبینم و لەسه‌ر ئەو بڕوایەم: "ڕۆژێک بن زاراوەی موکریانی، زاراوەی سۆرانی دەخاتە سەروی خۆی". چون موکریانی زۆر پڕە، حەتا ئەدیبان و ئەو کەسانەی کە لە باشوور کاری زمان دەکەن، زۆر بە چاکی ئه‌و شتە دەزانن. جارێکیان مامۆستا حسێن عارفم لە سلێمانی دیت، لەوێ پێی گوتم: "هەر ڕەئالیستی بنووسە"، وڵامی ئەوەم نەداوە. چون من ناتوانم شتێک بنووسم کە هۆشم هەر بە سەبکەکەیەوە هەبێ، چون ئەو هۆشە بیر و فکرت لێ دەستێنێ و پەرتەوازەت دەکا.

وەختێک کتێبێک یاخود نووسراوەیەک دێتە دەرێ، ئەو کەسەی کە نەقدی دەکات، لە پێشدا دەیخوێنێتەوە. ئەو دەبێ دیاری بکات کە ئەوە بە چ شێوازێکی نووسراوە، نەک ئەمنی نووسەر. چوون قەڵەم زۆر جاران ئیختیارم لە دەستی ده‌ستێنێ، یەک زەڕەش دەسەڵاتم به‌سەریدا نابێ و شتێکی زۆر شاهکاریش دێته دەرێ. بۆ نمونە لە کتێبی "میرزا"دا یەکێک لەو فروعاتەی کە هاتۆتە گۆڕێ، مەسئەلەی "ڕەشیدە دزەیە". من ئەسڵەن بیرم لەوە نەکردبۆوە کە کاراکتێرێکم بەو نێوەوە هەبێ. بەڵام میرزام ئەو ڕێگا دوور و درێژەی پێ تەواو نەدەبوو. شەوێ دەبوو لە کوێی دانێم؟ لە ئاوەدانی ڕەنگە چاکی خەو لێ نەکەوتبایە. ئەگەر لە چۆلیان و لە ئەشکەوتان نووستبایە، ئەسپەکەیان لێ دەدزی یا گورگ دەیخوارد. لەوێ "مەولوودکەوان" پێی دەڵێ: ["تەنیا ڕێگای تۆ ئەوەیە، ئەگەر بە شەوێ بڕۆی تا بەیانی، دەگەیە لای ئاشی ڕەشیدی، هەر چەند ڕەشید زۆر ناپیاوە، بەڵام پێم وانییە لەگەڵ میرزا کاری وا بکات. بچۆ میوانی ئەو ببە و دوایەش لەگەڵ خۆت پەتی بکە و بیبە بۆ لای ماڵە میران"]. "ڕەشیدەدزە" ئاوا هاتۆتە گۆڕێ. زۆربەی خوێنەرانی "میرزا" گلەییان لەوە بوو کە بۆ "ڕەشیدەدزە"ت بە کوشت داوە. "ڕەشیدەدزە" لەو ڕۆمانەدا وەک مۆرەیەکی بەقەوەتی لێ هاتبوو.

هاژه ـ دەگووترێ ڕۆمانی "پێشمەرگە"ی ڕەحیم قازی یەکەم ڕۆمان بووە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسراوە، ڕا و بۆچونی جەنابت لەسەر ئەم شتە چییە و ئەوی وەک دەسپێکی ڕۆمانی کوردی دەناسی؟

بەڵێ، مامۆستا ڕەحیم قازی یەکەم کەس بووە کە ڕۆمانی نووسیوە، بەڵام هێندێک پێیان وایە نۆوێلە و نەگەیشتۆتە ڕۆمان. من قسەی ئەو کەسانەشم قەبووڵ نییە و پێم وایە دەسپێک لەوێڕا بووە. بەڵام ئێمه مەبەستمان ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە حاڵێک‌دا ئەو لە بەغدایەی چاپ کردووە نەک لە ڕۆژهەڵات‌دا. ئەو جۆرەی کتێبی (از رمان تا ملت) باسی لێدەکات و بە قسەی جەعفەر حسێن‌پوور "هێدی" کە هەوەڵ کەس کێیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆمانی نووسیبێ، ئەویش دەڵێ: "ڕەحیم قازیی"ە.

هاژه ـ دۆخی ڕۆمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ چلۆن ده‌بینی؟

ئەگەر بڵێین لە کەنگێوە دەستمان بە ڕۆمان‌ نووسی کردووە، لە ڕووی کتێبەکانی خۆمەوە، دەڵێم: "لە 30 ساڵ لەوە پێشەوە"، 30 ساڵ مێژوویەکی یەکجار کەمە. هەر لە بنەپاڵەوەی ئێمە زەمانی تێزارەکان لە ڕووسیا کە جیرانی شان بە شانی ئێمە بووە، چیها کتێبی بە نرخ هاتۆتە دەرێ، ئەمن پێم بەهێز نییە. ئێمە 120 ساڵە ڕۆژنامەگەریمان هەیە، لە حاڵێک‌دا میللەتی وا هەیە 2 هەزار ساڵە ڕۆژنامەگە‌ری دەس‌ پێکردووە. بە 30 ساڵان منداڵێک دەبێتە پیاو، بەڵام نابێتە هەموو شتێک، بۆیە جارێ ئەو ڕێگایە ڕۆیشتنی دەوێ.

هاژه ـ بە بڕواتان لە نێو چیرۆکی کوردی‌دا تا چەند تواندراوە گرینگی بە بەیتەکان بدرێ و ئەو تایبەتمەندییانەی کە بەیتی کوردی وەکوو دەرفەت لە ئیختیاری پێکهاتەیی، زمانی، گێڕانەوەی چیرۆکی کوردی بنێ، توانیوێتی خۆی ببینێتەوە؟

بەیتەکان زۆر باڵان، ئەو ئەدەبیاتی زارەکییەی کە لە نێو میللەتی ئێمەدا هەیە، ڕە‌نگە هیچ یەک لە میللەتەکان یا نەیان بێ یا نەیان مابێ و ون بووە. ئێستا فکری نوێ و مەسائیلی ئەوڕۆیی لە تاقمێک لە زمانەکان‌دا ڕابردووی پێچاوەتەوە. خاتوو نەسرین جەعفەری کتێبێکی بە نێوی "بڵیند و نەوی" نووسیوە و باسی بەیتی "دم‌دم"ی دەکات. دوای ڕۆمانی "میرزا"ی ئەو کتێبە هاتە دەرێ. خاتوو نەسرین دوو جاران، جارێکیان نووسخە خەتییەکەی، جارێکیش نووسخە تایپەکەی بۆ هێنام، بۆخۆم پێشەکیم بۆ نووسیوە. ڕۆمانێکی خۆشه، زمانەکەشی تایبەتە، بەڵام دوایه کشاوە و کاری نەکرد. زۆر کەم لەسەر بەیتەکان کار کراوە. هەر چەند لە بەیتەکانیش ڕەنگە لە 10 بەشان، بەشێکمان مابێ و 9 بەشمان ون کردووە. بەڵام، هەر ئەوانەی کە ماویشن، ڕۆژێکی دەبنە بنەما بۆ ڕۆمانی گەورە، چون دەتواندرێ زۆر سەبک و شێوازی نووسینی ڕۆمان لەو بەیتانەدا بدۆزێوە، جا با مۆوزون و شێعر نەبێ، نەسر بێ.

 

مریەم قازی و فەتاح ئەمیری 


هاژه ـ ناوەرۆکی نووسینی چیرۆک لە ئێستادا لەگەڵ دەیەکانی 60 و 70 چلۆن دەبینی؟

بەدڵنیاییەوە ئەلان چاکترە، بەرەو پێش هەنگاوی هەڵێناوەتەوە، بەڵام بە بڕوام ئێستاش هەر کزە. من بۆخۆشم لە نووسینی خۆم ڕازی نیم. بۆکان چیرۆک نووسی چاکی تێدایە و ئێستا ئەو شارە، شاری چیرۆکە.

هاژه ـ چ شتێک ئەدەبیاتی کوردی لە ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەدەبی کوردی شوناسێکی سەربەخۆی هەبێ؟

کاتێک کە تۆ دەتهەوێ ڕۆمانێک بنووسی، ئەگەر بە کوردی فکر نەکەیەوە، ئەو ڕۆمانە دەگۆڕێ، بەڵام ئەگه‌ر بە کوردی بیر بکەیەوە، تۆ ناتوانی لەو شتە لابدەی. بەڵام ئەگەر تۆ بێی کارەکانی کلاسیکی ئورووپایە لەگەڵ کتێبی کوردی لە پەنا یەک دانێی، بەدڵنیاییەوە ئێمە نەمان توانیوە، وەک ئەوان بێینەوە. چوونکە لە ئاست کات، شوێن و ڕابردوو و... جیاوازین، ئە‌وان تەواو بوون، بەڵام ئێمە تازە دەس پێدەکەین.

لە بنەڕەتدا ڕۆمان دیاردەیەکە لە ڕۆژئاواوە هاتووە و هی ڕۆژهەڵات نییە، ئێمە لاسای ئەوانمان کردۆتەوە. ئەگەر چاکمان لاسا کردبنەوە، ئەوە ماڵمان ئاوەدان بێ، ئەگەریش خراپمان لاسا کردبێتەوە، ئەوە هی وانیشمان تێک داوە.

هاژه ـ زۆربەی نووسراوەکانی کوردی، بە نووسراوەکانی ئێستاشەوە، بە شێوەی ئەدەبی کلاسیک نووسراون، ئایا ئەدەبی کوردی توانیوێتی ئینسانێکی مۆدێرن بێنێتە بەر چاوان؟

بەڵێ، بەختیار عەلی لە کتێبێکیدا باسی "جەمشیدخانی مامم" دەکات، ئەو کتێبە بە بڕوای من کتێبێکی زۆر زۆر نوێیە. ئەمن پێم خۆش بوو، "ئاخرین هەناری دنیا"ش پێنج شەش کتێبی وا بایە، نەک ئەو هەمووە بەحسی لە ڕەڵم و خیز و... کردبایە کە هیچت لێ وەدەست ناکەوێ. تەنیا ئەو شتەی نیشان داوە کە ئەو جێگایە سەحرایە و هیچت لێ دەست ناکەوێ. بەڵام "جەمشیدخانی مامم"، شتێکی‌تر بوو و خۆشیم لێی هات و بێ‌ڕادە خۆشم دەوێ.

هاژه ـ ئە‌دەبیاتی کوردی ڕوو لە گەشەیه یا ڕابردووی پڕشکۆیە؟

من هێندێک واقع‌بینم، نە ڕابردووی زۆر بە گەشە دەبینم، نە داهاتووی پڕشکۆ دەبینم. داهاتوو لە حەدی زەرفییەتی خۆمان دایە، تا ئێمە چ بین، ئێمە هیچ پشتیوانەیەکمان نییە، هیچ یەک لەوانە موعجیزەی ناکەن، نە ئەوەی ڕابردوو کردوویەتی، نە ئەوەی داهاتوو دەیکا و واقعییەتێکه دەبێ قەبووڵیی بکەین. ئێمە ئەوەین کە هەین.

هاژه ـ شێوەی نووسینی خوێندنەوە و نەقدەکانمان لە ئەدەبیاتی کوردی‌دا زۆربەیان کلاسیکن، ئایا وەهاشتێک نەبۆتە هۆی ئەوەی کە ئەدەبیاتێکی سنووردارمان هەبێ؟

بەڵێ وایە، ئێمە ئەدەبیاتێکی سنووردارمان هەیە و زۆر بڵاو نییە، چون ئەوەندەمان کار نەکردووە. ئێمە لە ئێستادا فەرهەنگێکمان نییە وەک فەرهەنگی وشە بێ. ئەوانەی هەمانن، هەموویان (لغت معنی)ن. هیچ کات نەهاتوون حیسابێکی دەستووری (فعل، فاعل، مفعول، مصدر) لەسەر فەرهەنگ بکەن. بۆ نمونە فەرهەنگی (دهخدا) ڕیشەیابی وشەکانی کردووە، لە باری دەستوورییەوە لێکی داوەتەوە، بەڵام ئێمە نیمانە، ئێستا گەورەترین فەرهەنگمان، هەنبانەبۆرینە و فەرهەنگی زانستگای کوردستانە. لە هیچیان‌دا ڕیشەیابی و مەسائیلی دەستووری تێدا نەنووسراوە کە ئەو وشەیه چییە؟ لە کوێ‌ڕا هاتووە؟ هەر بۆیە، جارێ بۆ ئەو قەزاوەتە زوویە، چون ئێمە ئێستاش لە قوتابخانە و زانکۆدا بە زمانی دایکی خۆمان ناخوێنین.

هاژه ـ بە گشتی چارەنووسی ئەدەبیاتی کوردی چۆن دەبینن؟

چارەنووسی ئەدەبیاتی هەر میللەتێک بۆ حەول و دەوری ئەو میللەتە دەگەڕێتەوە. عەبدوڕەحمانی زەبیحی دەستی بە نووسینی فەرهەنگێکی چاک کرد، کە تەنیا دوو سێ پیتی ئەلف و بێی چاپ بووە. سەددام زانیی کە ئەو کارێکی گەورە دەکات، بۆخۆی کوشتی و فەرهەنگەکه‌شی ئاور تێبەردا. ئەمن لە مامۆستا هێمنم بیستووە کە: "زەبیحی، بە قەرا وەتاغێکی گەوره لە خوارێ ڕا تا بنی میچی، هەر فیشی ساز کردبوو و وەسەر یەکی نابوو." زەبیحی 18 ساڵ کاری لەسەر کرد، بەڵام سەددام بە ئاورێکی هەمووی لە بەین برد.

هاژه ـ وەک دوایین وته فەرموون...

ئاواتەخوازم بەرەی داهاتوو هێندێک لە شێعر خۆ دوور بخاتەوە و به‌رەو نەسر بڕواتە پێشێ. بتوانین دەردی دڵەکانمان بە بێ‌قافیە و بێ‌وەزن و زۆر بە شێوەیەکی سادە و ساکار بنووسین. هێندەش تەوجیە و تەئویلی بە قسەی ئەو کەسانەی کە هی فەرهەنگی ئێمە نین و هی وڵاتێکی دیکەن، نەچین لە کامپیوتێڕدا دەری بهێنین و لە هەر مه‌تڵەبێکی‌دا لە هی وان دەر نەکێشین و لە هی خۆمان کەڵک وەرگرین.

ئەمن خۆشبینم. ئێمە کاتێک توانیمان بیر و فکرێکی سەربەخۆمان هەبێ، دەتوانین نووسراوەیەکی  سەربەخۆمان هەبێ. دەتوانین وەک کورد بیر کەینەوە و وەک کورد بنووسین.

زۆری وا هەیە وەک فارس فکر دەکاتەوە و وەک کورد دەنووسێ، زۆری وا هەیە وەک عەڕەب فکر دەکاتەوە و وەک کورد دەنووسێت کە ئەوە نابێ. بەوەش زۆر خۆشحاڵ یا بەدحاڵ نەبین کە ئەوە نووسراوەیەکی گوندییە یا شارییە.

نووسراوە، نووسراوەیە. زمانیش، زمانە. هەمووی ئەوەیە. بەداخەوە ڕووناکبیری ئێمە زۆریان خۆ بە "ئەسڵیی خۆمانەوە" ماندوو نەکردووە. باشترین کار ئەوەیە، ئەسڵی خۆمان لە بیر نەچێتەوە، ئەوەش تەنیا لە ڕێگای کاری فەرهەنگی ڕا دەکرێ. ئەو کەسانەی کە زمانی بێگانە دەزانن، کتێبەکانی خۆمان وەرگێڕنەوە. بە خاتری ئەوەی کە ئێمە سەرێک بین لە نێو سەران‌دا، کە بەڵێ کورد شارەستانییەتی هەیە. زۆرم لەسەر ئەو شتە هاوار کرد، بەڵام تا ئێستا کەسێکی وا جوابی نەداومەوە.