هەفتەی رابردوو لەماوەی ٣٠ کاتژمێردا سێ کەس لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشت، بە سەرنجدان بەو هەواڵ و راپۆرتانەی لەناو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەبنەوە هەست بەوە دەکرێت کە لە ماوەی رابردوودا دیاردەی خۆکووشتن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
خۆکوشتن وه‌ک دیارده‌یه‌کی بە ئازار و وێرانکه‌ر یەکێکە له دیارترین کێشه چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌کانی ژیانی مرۆڤ، که به‌رده‌وام وه‌کوو تارماییەک له ناو هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا بوونی هه‌یه و هاتووچۆ ده‌کات، باسکردن لە خۆکوشتن له ئه‌ده‌بیات و هونه‌ردا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌کانی که‌ونارا و له‌و کاته‌وە بایه‌خی پێدراوه، شانۆنامه‌نووسه‌کانی یۆنانی کۆن ده‌ستیان برد بۆ خاڵه لاوازه‌کانی ناو رۆح و ده‌روونی پاڵه‌وانه‌کانیان و به‌ره‌و مه‌رگ یان خۆکوشتن ره‌وانه‌یان ئه‌کردن، شانۆنامه نووسه‌کانی سه‌ده‌ی شازده‌یه‌میش وه‌ک شکێسپیر له شاکارەکانی هۆملێت، رۆمیۆ و ژوولیێتدا درێژه‌یان به‌م نەریتە یۆنانییە داوە.
له‌م شێوازە شانۆییه‌دا که‌سایه‌تییه‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه لە چارەنووسیاندا نووسرابوو به‌وه‌ی دەبێت خۆیان بکوژن و مافی ئازادی و هه‌ڵبژاردنیان پێنه‌درابوو، به‌ڵام نووسه‌رانی هاوچەرخ ئه‌م نەریتەیان تێک شکاند، له به‌رهه‌مەکانی شانۆنامه‌نووسانی وه‌ک ئیبسن، هۆگۆ و میللهردا شتێک نییە به ناوی چارەنووسی پێشوەختەی مرۆڤه‌کان، مرۆڤ خاوەنی ئیرادەیە و دەتوانێت خۆی چارەنووسی دیاری بکات، به‌ڵام بەوحاڵەشەوە له به‌رهه‌مەکانی نووسه‌رانی هاوچەرخیشدا له ژێر کاریگه‌ری ئه‌و دۆخه‌ی تێیدا دەژین پاڵەوانەکان دیسان خۆیان ده‌کوژن.
به سه‌رهه‌ڵدانی فەیلسوفگهلێکی وه‌کوو نیچه و سارتر ئه‌م روانینه بۆ خۆکوشتن تا راده‌یه‌کی زۆر گۆڕا، لای ئهگزیستانسیالیزهکان که سارتر یه‌کێک له دیارترین بیرمه‌ندانی ئه‌و ڕیبازەیه، جیا له‌وه‌ی کێشه‌یه‌ک به ناوی چارەنووسی پێشوەختەی مرۆڤ بوونی نامێنێت، چیتر که‌سه‌کانیش ناکه‌ونه ژێر کاریگه‌ری دۆخی ژیانیانه‌وه. سارتر ده‌ڵێت مرۆڤ ته‌نها (بوون)ی هه‌یه هه‌ر بۆیه له هه‌موو شتێکدا ئازاده و یه‌کێک له‌م ئازادیانه‌ش ئازادی خۆکوشتنه که به بڕوای سارتر هیچ که‌س و یاسایه‌ک ناتوانێت ئازادی خۆکوشتنی لێ زەوت بکات.
ئه‌گه‌رچی خۆکوشتن گرنگترین کێشه‌ی ئێستای مرۆڤ نییە، به‌ڵام بەپێی ئه‌و ئامارانه‌ی رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی (who) بڵاویده‌کاته‌وه ساڵانە زیاتر له یه‌ک ملیۆن که‌س له جیهاندا خۆیان ده‌کوژن و پێشبینی دەکرێت ئه‌م رێژەیە له ساڵی ٢٠٢٠دا بگاتە ملیۆن و نیوێک، ئاماری خۆکوشتن له پەنجا ساڵی رابردوودا ٦٠٪ زیادی کردووه، خۆکوشتن یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردنی ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان له نێوان ١٥ تا ٤٤ ساڵدایە.
ئەوەی جێی سەرنج و مەترسیداریشە رێژەی بەرزی خۆکوشتنی ژنانه، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ده‌ڵێت ژنان قوربانییه سهرهکییهکەی دیاردەی خۆکوشتنن له جیهاندا. ژنان سێ ئەوەندەی پیاوان زیاتر پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن، بەڵام ژماره‌ی خۆکوشتنی سه‌رکه‌وتوو ( هەوڵێکی خۆکوشتن کە کەسەکە بمرێت) لەناو ژناندا که‌متره له پیاوان.
خۆکوشتن له کوردستاندا
بەپێی ئاماری فه‌رمی رێکخراوه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و پلاندانانی ئێران، ڕێژەی خۆکوشتن له ساڵی 2012 له ئێران له هه‌ر سه‌د هه‌زار که‌س 4 تا پێنج که‌س بووه که ئه‌م ژمارەیە له دونیادا له هه‌ر سه‌د هه‌زار که‌س ١٢ که‌سه، ئه‌گه‌رچی بەپێی ئاماره‌کان ئاستی خۆکوشتن له ئێران زۆر خوارتره له نموونه جیهانییه‌که‌ی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ئاماره فه‌رمییه‌کان باوەڕپێکراویش بن بەبۆچوونی توێژەرانی کۆمەڵایەتی له خواره‌وه‌بوونی ته‌مه‌ن و زۆر بوونی ئاماری خۆکوشتنه‌کان له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتیش لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام دوو دیارده‌ی مه‌ترسیدارن که دەبێت زۆر بە جدی هەڵوەستەیان لەسەر بکرێت.
ئاستی خۆکوشتن له پارێزگای ئیلام له هه‌ر سه‌د هه‌زار که‌س ٣٢ که‌سه که هه‌شت ئەوەندە بەرزترە لەو ئامارەی کە لە سەر ئاستی ئێران راگەیەنراوە، ئه‌م ئاماره له پارێزگای کرماشانیش ٢٦ که‌سه و له پارێزگای سنەش بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ٢٤ کەسە، ئه‌وه‌ی ئاماری خۆکوشتن له‌م پاریزگانهدا به‌رجه‌سته‌تر ده‌کاته‌وه ژماره‌ی بەرزی خۆکوشتنی ژنانه کە زۆربەشیان خۆیان دەسووتێنن.
زۆرترین رێژەی خۆکوشتنی ژنان له دوو پارێزگای کرماشان و ئیلامە کە هێشتا کلتوری عه‌شیره‌یی به تایبه‌ت لەناو گوندەکاندا بەهێزە، هەرچەندە بەهۆی به‌رز بوونه‌وه‌ی ئاستی خوێندن و گۆڕانکاری کلتوری و ئابورییەوە رۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناغی پهڕینهوەدایە له دۆخێکی نەریتییەوە بۆ دۆخێکی تا راده‌یه‌ک مودێڕن، که هه‌ر ئه‌مەش خۆی بووه به هۆکاری دروستبوونی قه‌یران، واته سیستمی به‌هاکان تووشی قه‌یران بووه، له کۆمه‌ڵگای نەریتیدا به‌ها و پێکهاته کۆمه‌لایه‌تییه‌کان بوونێکی یه‌کپارچه‌یان هه‌یه و لێک دانه‌بڕاون بۆیه ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا هیچ کێشه‌یه‌کیان نییه و بێ هیچ بیانوو و پاساوێک پابەندن بە سیستمەکەوە، به‌ڵام لە ئێستادا کۆمه‌ڵگا نە بەو ڕادەیە نەریتییە که ئەندامەکانی بە تەواوی پابەندی بەها کۆن و نەریتییەکان بن و نە ئەوەندەش مودێڕنه که بەرگەی ئاڵوگۆڕه خێراکان بگرێت، هه‌ر بۆیه دورکهیم وته‌نی دۆخێکی ئانۆمیکه که یه‌کێک له ده‌رکه‌وته‌کانی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خۆکوشتنه.
به‌هۆی ئامادەبوونی سیستمی پیاوسالاری و داب و نه‌ریتی کۆن لەناو هه‌موو کەلێن و قوژبنێکی ژیانی تاکه‌که‌سیدا، ژنان ده‌که‌ونه به‌ر خراپترین شێوازه‌کانی توندوتیژی، ژنان له ژێر زه‌خت و فشاری ئه‌م پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دا هەرچەندە هه‌ست به هه‌ڵاواردن دەکه‌ن به‌ڵام تا راده‌یه‌کی زۆر ئاگاداری مافه‌کانی خۆیان نین و دوای دروستبوونی کێشە ئاگر لە جه‌سته‌یان بەردەدەن، به پێی لێکۆڵینه‌وه‌کان له زۆربه‌ی وڵاتان ژنان بۆ خۆکوشتن زیاتر پەنادەبە بەر شێوازە نەرمەکانی وه‌ک خواردنی حه‌ب و ژه‌هر، به‌ڵام له پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان و سنە خۆسووتاندن به‌رچاوترین شێوازی خۆکوشتنی ژنانه.
بەپێی ئامارەکان، لە مانگی ئازاری ٢١٠٨وە بۆ مانگی ئازاری ٢٠١٩ لانیکەم ١٠٠ ژن و کچ لە هەر چوار پارێزگاکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کووشتووە، بە پێی ئەم ئامارانە ٤٢ کەس لە پارێزگای ورمێ، ٢٧ کەس لە پارێزگای سنە، ١٧ کەس لە پارێزگای ئیلام و ١٤ کەسیش لە پارێزگای کرماشان خۆیان کوشتووە.
سەرچاوەکە هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنان دەگەڕێنتەوە بۆ کێشەی خێزانی بە پلەی یەکەم و دوای ئەوەش هەژاری و کەمداهاتی وەک هۆکارێکی دیکە دەستنیشان دەکات، نزیکەی ٣٢%ی خۆکوشتنەکان منداڵی ژێر تەمەن هەژدەساڵن کە دە کەسیان تەمەنیان لە خوار پازدە ساڵەوە بوون.
بە چاوخشاندنێک به‌سه‌ر هه‌واڵه‌کانی خۆکوشتنی ژنان له رۆژهەڵاتی کوردستان ده‌ریده‌خا که زۆربه‌ی ئه‌م ژنانه له لایه‌ن باوک و برا و ته‌نانه‌ت دایکه‌وه ده‌که‌ونه به‌ر په‌لامار و توندوتیژی و فشاری ده‌روونی و هه‌ڵاواردنی جنسییه‌وه، هه‌ر بۆیه کاتێک هه‌ست ده‌که‌ن له دۆخێکی بندهستیدان و مافه‌کانیان زه‌وت کراوه و هێزی گۆڕینی ئه‌و دۆخه‌یان نییه، ته‌نها رێگه‌یه‌ک که بۆیان ده‌مێنێته‌وه په‌نا بردنه به‌ر خۆکوشتنه. توێژەرانی کۆمەڵایەتی گرنگترین هۆکاره‌کانی خۆکوشتنی ژنان له پارێزگا کوردنشینه‌کاندا دەگەڕێننەوە بۆ:
تۆمه‌تبار کردن، کێشه‌ی نامووسی، توند و تیژی جه‌سته‌یی، به شوودانی زۆرەملێ، کێشه‌ی خێزانی، بێ‌کاری کچانی خوینده‌وار و پەراوێزخستنیان لەلایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه، ئازار و هه‌ڵاواردنی جنسی، ژن هێنانی دووباره‌ی پیاوان و هەژاری و..