تاریخ: ۱۳۹۸/۳/۱
هێندێک نهێنی ژیانی حەسەن زیرەک ئاشکرا کرا

دوازدە ساڵ سەرۆكی ئۆركێسترای رادیۆ و تەلەفزیۆنی كرماشان بووە، هەموو ئەو گۆرانیانەی مەزهەری خالقی و هونەرمەندانی دیكە لەو رادیۆیە تۆماریان دەكرد، دەبوو بە فلتەری ئەودا رۆیشتبان، مەحموود میرئاتی لە هەڤپەیڤینێكدا باس لە ئەزموونی خۆی لە رادیۆی كرماشان دەكات.

هەروەها باس لە چوونی حەسەن زیرەك دەكات بۆ رادیۆی كرماشان و بە سەردەمی زێڕینی هونەری گۆرانیی حەسەن زیرەكی دەزانێت و دەڵێت: باشترین گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك ئەوانەن كە لە رادیۆی كرماشان تۆماركراون، چونكە دابەشكردنی میوزیكەكەی لەلایەن میوزیكزانانی كوردەوە دەكرا.

 

پرسیار: ئەگەر لەسەر ئۆركێسترای رادیۆ و تەلەڤزیۆنی كرماشان قسەمان بۆ بكەیت، ساڵی چەند دامەزرا و جەنابتان ساڵی چەند سەرۆكی ئۆركێستراكە بوون؟

من لە ساڵی 1339ی كۆچیی هەتاوی (1960 یان 1961) هاتمە رادیۆی كرماشان. ئەوكات تەلەڤزیۆن نەبوو، تەنیا رادیۆ بوو، ئەویش تەنیا یەك كیلۆوات بوو. شەقامی بیستییان پێدەگوت، لەوێ بەرنامەمان دروستدەكرد، ئۆركێستراكەش لەوێ دامەزرا، دوای ماوەیەك گوازرایەوە بۆ شەقامی شابەختیی جاران. دواتریش ئەو باڵەخانەیەی ئێستای رادیۆ و تەلەفزیۆن دروستكرا و رادیۆكەش گۆڕا بۆ 100 كیلۆواتی. 100 كیلۆوات هەموو ناوچەی رۆژئاوای ئێرانی دادەگرت. بەرنامەی كوردی پێشتر لە رادیۆی ئێرانەوە پەخش دەكرا، بەڵام كاتێك وێستگەكەی كرماشان بوو بە 100 كیلۆواتی، هەموو بێژەران و جێبەجێكارانی بەرنامەكان بۆ كرماشان گوازرانەوە. ئیدی ئاوا بەرنامە كوردییەكان لە تاران وەستان. ئەو ئۆركێسترایەش كە هەمانبوو بە ناوی ئۆركێسترای كوردی رادیۆ كرماشان كارمان دەكرد. هەڵبەت لە پاڵ ئەوانە هەندێكجار ئاوازی فارسی یان پۆپیشمان دەكرد، بەڵام ئۆركێستراكە ئۆركێسترای كوردی بوو، كاریان لەسەر ئاوازە كوردییەكان دەكرد.

 

پرسیار: ئەوانەی ئۆركێستراكەیان دامەزراند كێ بوون، لە بیرتە؟ 

 من بووم، خوالێخۆشبوو محەممەد عەبدولسەمەدی بوو، بەڕێز ئەكبەر ئیزەدی بوو، بەهمەن پولەكی بوو، بەڕێز ئیسماعیل مەسقەتی بوو، مەحموود بلووری بوو كە نابیناش بوو، ئینجا عەرزتان بكەم خوا لێی خۆشبێ مامۆستا موجتەبا میرزادە بوو.

 

پرسیار: ئەمانە هەموویان كورد بوون؟

نا، ئاغای بلووری هەر كورد نەبوو، لە ئازەرییەكانی تاران بوو. بەڵام عەبدولسەمەدی كورد و خەڵكی سنە بوو. من و بەڕێز موجتەبا میرزادە، ئیزەدی و پولەكی و بەڕێز مەسقەتی كوردی كرماشان بووین.

 

پرسیار: ئێوە لەو ماوەیەدا چەند بەرهەمتان تۆمار كرد؟

زۆر، بەڵام ئێستا بە وردی لەبیرم نییە، ئەوەی تۆ باسی دەكەیت دەگەڕێتەوە بۆ پەنجا ساڵ لەمەوبەر، ئاساییە كە بیرم نەبێ پەنجا ساڵ لەمەوبەر چەندەمان تۆمار كردووە، بەڵام زۆرمان تۆمار كرد. ئێمە هەموو هەفتەیەك دوو بەرنامەمان دەكرد، ئینجا خۆتان حیسابی بكەن بزانن چەند دەردەچێ، بەڵام ئەگەر بمەوێ بە وردی پێت بڵێم نازانم.

 

پرسیار: ئۆركێسترای كرماشان هەتا كەی بەردەوام بوو؟

بەردەوام كارمان دەكرد هەتا نزیك دوو یان سێ مانگ پێش شۆڕشی ئیسلامی.

 

پرسیار: شتێكی گرنگ هەیە لێرەدا، ئەویش هاتنی حەسەن زیرەكە بۆ كرماشان، چ بیرەوەرییەكت هەیە؟

خوا روحی خوالێخۆشبوو حەسەن زیرەك شاد بكات. كاتێك كە ئێمە لە بیسیمدا بووین، یەك كیلۆواتی بوو، ئەوكات حەسەن زیرەكمان هەر نەبینی، من خۆم نەمدەبینی و نەمدەناسی. گوایە لە بەغدا بووە و لەوێ كاری دەكرد، هەڵبەت هەندێكجاریش دەچووە تاران، چونكە هاوژینەكەی واتە خاتوو زەندی، بێژەری بەشی كوردی رادیۆی ئێران بوو، بەڵام كاتێك بەشی كوردی بۆ كرماشان گوازرایەوە، ئەویش هات و لە رادیۆی كرماشان بێژەری بەشی كوردی بوو، بەڵام ئەو كاتەش كە خاتوو زەندی لەوێ بوو، ئێمە هێشتا حەسەن زیرەكمان نەبینیبوو. كاتێ وێستگەكە بوو بە 100 كیلۆواتی، لەو كاتەوە خوالێخۆشبوو حەسەن زیرەك هات و ئێمەش چاومان پێیكەوت. عەرزتان بكەم پیاوێكی یەكجار ئازیز بوو، شتێك كە هەر دەبێ بیڵێم ئەوەیە پێش هەموو شتێك ئەو خوێندەواری نەبوو، بەڵام دەهات و لەوێ گۆرانی دەگوت. بیرەوەرییەكیش هەیە با بیگێڕمەوە بۆتان: بەڕێز عەبدولسەمەدی كورد و كوردزمان بوو بە زاراوەی سۆرانی قسەی دەكرد. جاری دووەم یان سێیەم بوو گۆرانیمان تۆمار دەكرد، ئۆركێستراكە لێی تێكچوو، ئەوكاتیش میكس نەبوو، ئەگەر تێكچووبایە، ئەوە ئۆركێسترا لە سەرەتاوە ئاوازەكەی دەژەنییەوە. ئیدی ئەوە بوو گوتمان با لە سەرەتاوە دەستپێكەینەوە. بەڕێز عەبدولسەمەدی گوتی ئەو شیعرەی گوتت خۆی نەبوو، ئەو شیعرە چی لێهات؟ حەسەن زیرەك گوتی: "نازانم". گوتی: "شیعرەكە چە بی؟". ئەویش دیسان گوتی "نازانم". ئەو هەر بە ئیرتیجالی گۆرانی دەگوت، هەر بەڕاستی بلیمەت بوو، بێ وێنە بوو، هەر لەو كاتەی گۆرانییەكەی دەگوت شیعرەكەشی دەگوت. ئیدی تێگەیشتین ئەو شیعرەی پێشتر پێی دراوە هەر بیری نەماوە و ئەو شیعری خۆی دادەنا.

 

پرسیار: بەڵام هەمان ئاواز بوو؟

 بەڵێ گۆرانی و ئاوازەكەی هەردووكیان، من شتی وەهام هەر نەبینیبوو. بەڕاستی بلیمەت بوو، بیرەوەرییەكی دیكەشی لێ بگێڕمەوە، ئەو جگەرەی زۆر دەكێشا، لە ستۆدیۆ هەندێك جگەرەی پێبوو دەیگوت لە بەغدا هێناومە، دوو جگەرەی دەخستە سەر یەك دارجگەرە، جارێك پێیگوتم "ها قومێك لێدە". من ئەوكات جگەرەشم دەكێشا، یەك قومم لێدا نزیكەی 10 خولەك كۆكیم، گوتم: ئاغا تۆ هونەرمەندی، ئاخر ئەم جگەرەیەت لە چییە". خەریكی تۆماركردن بووین، گڵۆپەكە سوور بوو، لەكاتی تۆماركردن كۆكە دەیگرت، مێزێكی كۆنی قاوەییمان هەبوو، دەچووە ژێر مێزەكە دەكۆكی و هەڵدەستایەوە، بێ ئەوەی دەنگی بێتە ناو مایكرۆفۆن. سینەی ساف دەكرد و دیسان دەهاتەوە بۆ گۆرانیگوتن. سەربوردەی خۆیشی بۆ ئێمە گێڕایەوە، ئەوەی كە چ كارە بووە، چۆن بووە و ئەوانە

 

پرسیار: حەسەن زیرەك لە رێگەی میدیا زەندییەوە هاتە كرماشان؟

بەڵێ خاتوو زەندی گوازرایەوە، ئەو بێژەری بەشی كوردی بوو، هاتە كرماشان. دوو كچی بچۆلانەشی هەبوون. دوای ئەوە حەسەن زیرەكیش هات. حەسەن زیرەك مووچەخۆری فەرمی رادیۆی كرماشان نەبوو، ئەویش وەك ئێمە لە چوارچێوەی سیستەمی كڕینی خزمەت (موكافەئە) لەوێ بوو. من خۆم لە وەزارەتێكی دیكە كارم دەكرد، قەدەغەش بوو لە دوو وەزارەت مووچە وەربگری، هونەرمەندەكان، ئەكتەرەكان، شاعیرەكان و نووسەرەكان رێگەیان پێدەدرا لە چوارچێوەی "كڕینی خزمەت" كار بكەن. من خۆم 12 ساڵ سەرپەرشتیاری ئۆركێسترا بووم، بەتایبەتیش ئەو كاتەی مامۆستا خالقی لەوێ بوو، من لە خزمەتی ئەودا بووم. ئەو كاسێتەی كە تۆماریان دەكرد، یەكەمجار من سەیرم دەكرد، گوێم دەدایە. بەڕێز هۆمایون كەمانگەری شاعیر بەرپرسی بەشی كوردی رادیۆی كرماشان بوو، بَیجگە لەو ژمارەیەك نووسەر و شاعیری كوردی دیكەش لەوێ بوون، لەوانەش بەڕێز ئەمینی و بەڕێز هاشمی. ئەوانە هەموو لە بەشی كوردی بوون. ئەوانە چاویان بە شیعرە كوردییەكاندا دەخشاندەوە، منیش بە موزیكەكەیدا دەچوومەوە و واژۆمان دەكرد. دواتر بەڕێز خالقیش سەیری دەكرد بۆ ئەوەی بزانێ بۆ بڵاوكردنەوە دەشێت، پاشان فەرمانی بە بەشی دارایی دەدا كە پارەی ئێمە بدەن، بەڵام ئەو كاتەی بەڕێز خالقی لەوێ بوو، حەسەن زیرەك لەوێ نەبوو، رۆیشتبوو.

 

پرسیار: لە گفتوگۆیەكدا هونەرمەند عارف ئیبراهیم پوور دەڵێ مامۆستا خالقی بووەتە هۆی ئەوەی حەسەن زیرەك لە رادیۆی كرماشان دەربكەن.

هەرگیز شتی وانییە.. بەڕێز عارف ئیبراهیم پوور دەناسم، ئەویش هاوكاری بەڕێز مەحموود بلوری بوو لە هونەرستانی روودەكی. بەڕێز ئیبراهیم پوور ئۆكۆردیۆن و پیانۆی لێدەدا و كەمانیشی باش دەژەنی. بەڵام ئەو مەسەلەیە هەر پەیوەندی بە بەڕێز خالقییەوە نییە، ئەو لە كوێ ئەوە دەزانێ؟ هەموو ماوەی كاركردنی مامۆستا خالقی من لە خزمەتیاندا بووم، ئەوكات حەسەن زیرەك لەوێ نەبوو هەتا دەریبكەن.

 

پرسیار: لە كرماشان بایەخیان بە حەسەن زیرەك دەدا؟

زۆر. كاتێك گۆرانییەكی نوێمان ئامادە دەكرد، یەكسەر نامەمان بۆ دەهات، ئەوكات تەلەفۆن نەبوو یان زۆر كەم بوو، لە ناوچە كوردییەكان، لە كوردەكانی سووریا و كوردی توركیا و كوردی خۆمانەوە پەیتا پەیتا نامە دەهات و داوای گۆرانییەكانی حەسەن زیرەكیان دەكرد. بێژەری كوردی دەیگوت، ئەو نامانە هاتوون و داوای لێدانی فڵانە گۆرانیی حەسەن زیرەكیان كردووە. كاریگەرییەكی زۆری هەبوو.

 

پرسیار: باشترین قۆناغەكانی گۆرانیگوتنی حەسەن زیرەك كەیە؟

خوالێخۆشبوو حەسەن زیرەك لە تارانیش لەگەڵ ئۆركێسترای رادیۆی ئێران هەندێك بەرنامەی كردبوون، بەڵام خۆی دەیگوت زۆر بۆی باش و سەرنجڕاكێش نەبووە. ئەگەر راستیت دەوێ، باشترین كارەكانی حەسەن زیرەك ئەوانەن كە لە رادیۆی كرماشان و لەگەڵ ئۆركێستراكەی ئێمە كراون. بەتایبەتیش خوالێخۆشبوو موجتەبا میرزادە كاریگەرییەكی سەیری هەبوو لەسەر كارەكانی حەسەن زیرەك. چەند كارێكی دابەشكاری كردبوو كە یەكجار باش بوون، بە بۆچوونی من باشترین كارەكانی حەسەن زیرەك لەوێ بوون، خۆیشی دەیگوت باشترین كارەكانی هەر ئەوانە بوون كە لەگەڵ ئۆركێسترای رادیۆی كرماشان كردبووی. مەسەلەكەش ئەوەیە كەسێك كە دابەشكاری بۆ ئاوازێك دەكات، ئەگەر ئاوازەكە كوردی بێ، دابەشكارەكەش دەبێ كورد بێ، من خۆم كوردی كرماشانم و چێژ لە بیستنی گۆرانییەكی كوردی وەردەگرم، ئاوازەكە دەچێتە ناو خوێنمەوە، بۆیەش ئەگەر بمەوێ دابەشكاری بكەم یان تەنانەت ئەگەر لە سفرەوە دایبنێم، ئەوە ئەو ئاوازە لە بوونمدا هەیە و هەستی پێدەكەم. بەڵام تارانییەك یان كرمانییەك دەكرێ موزیسیەنێكی زۆر باشیش بێ، بەڵام خاوەنی ئەو هەستە نییە كە هونەرمەندێكی كورد هەیەتی. حەسەن زیرەك خۆیشی هەستی بە دڵخۆشی دەكرد و دەیگوت. بەڕای من باشترین كارەكانی ئەوانەن كە لەگەڵ رادیۆ كرماشان كراون.

 

پرسیار: ئەگەر لەبارەی ئەرشیڤی ئۆركێسترای كرماشان قسەمان بۆ بكەیت، ئەو ئەرشیڤە ئێستا ماوە؟ ئایا كردووتانە بە ئەرشیفێكی دیجیتاڵی بۆ ئەوەی بپارێزرێ و نەفەوتێ؟

ئەگەر باسی ئەرشیفی رادیۆ كرماشان دەكەی، بە داخەوە بەشێكی زۆر لە كاسێتەكان، بە تایبەتیش كاسێتەكانی موزیك، لە ئەرشیفی هەموو رادیۆكانی ئێران و بەتایبەتیش كرماشان لەناوچوون.  لەبەر چ هۆكارێك بووبێ نازانم، من خۆیشم لەبەر گرفتارییەكانی ژیان نەچووم. بەڵام هاوڕێكانم كە دەچوون قسەیان لەگەڵ دەكردن، پێیاندەگوتن ئەو شتانە نەماون، دەهاتن بە منیان دەگوت فڵانە گۆرانییەمان بدەرێ، منیش دەمگوت ئەو گۆرانییەم نییە، دەیانگوت هەرچی لە ئەرشفی رادیۆ كرماشان گەڕاون ئەو گۆرانییانە نەبوون، دواتر زانیم بڕێكی زۆری فەوتاوە. ئەگەری زۆرە لە كارەكانی حەسەن زیرەكیشیان تێدا بێ، بێگومان گۆرانی ئەویشی تێدایە كە لەناوچووە.  

 

پرسیار: هونەرمەندانی كورد لە شارەكانی دیكەی رۆژهەڵات دەهاتن بۆ رادیۆی كرماشان؟

 زۆریان دەهاتن، بۆ نموونە جارێ لە پاوەوە گۆرانیبێژێك هات كە بینیمان دەنگی زۆر باشە. ئێمە شیعرەكەیمان دەنووسی، دەماندا بە بەڕێز كەمانگەر، ئەویش لە ئەنجوومەنی نووسەران دەیخستەڕوو. هەتا ئەو پەسندی نەكردبایە من هیچم نەدەكرد. ئەو دەبووایە شیعرەكە پەسەند بكات، منیش كارم لە ئاوازەكەی دەكرد. ئەگەر ئاوازەكەی باش بووایە دەمانكرد بە نۆتە و دەمانگوت هەفتەی داهاتوو وەرەوە. كاتێك دەهاتەوە گۆرانییەكەمان تۆمار دەكرد. بەڵام گۆرانیبێژ هەبوو تەنیا ئەو یەكجارە دەمبینی و ئیدی نەدەهاتەوە. یەكجار دەهات و ئیدی دەڕۆیشت. بەڵام ئەوانەی كە گۆرانیبێژی چاك بوون، دەمانگوت دیسان وەرەوە. زۆر هەبوون كە دەهاتن بۆ لامان.

 

پرسیار: باسی ئەوە دەكرێ كە مامۆستا عەلی مەردان و ئەوانەش هاتوونەتە كرماشان؟

ئەها، بەڵێ ئەوە هی سەردەمی یەك كیلۆواتییەكە بوو. ئەوە باسی كۆنە، زۆر كۆن. رادیۆكە یەك كیلۆوات بوو، بیرمە لە شەقامی شابەختی بوو. بەڕێز عەلی مەردان لە بەغداوە هات، بەرنامەیەكی كرد و گۆرانی كرمانجیشی گوت، زۆر بە جوانیش گۆرانییەكەی گوت. بەڵام كورت بوو. بەڕێزێكی دیكەش له هۆزی شکاک هەبوو كە گۆرانی باشی دەگوت. وابزانم ناوی محەممەد جەزیری بوو.

 

پرسیار: حكومەت سانسۆری دەخستە سەر كارەكانی ئێوە؟

مۆسیقا هەر هیچ پەیوەندی بەوانەوە نەبوو، لەلایەنی شیعرەوە كەسانی بەرپرسیاری كورد هەبوون كە كاریان لەسەر دەكردن، ئێمەش كە ئەهلی مۆسیقا بووین كارمان لەسەر لایەنی مۆسیقی دەكرد. ئەو مۆسیقایانە لایەنی سیاسییان نەبوو، حكومەتیش هیچ كاری پێمان نەبوو. بۆ پەخشی بەرنامەكانیش ئێمە خۆمان بەرپرسیار بووین، بەڵام حكومەت بەهیچ شێوەیەك هیچی نەدەكرد، چونكە ئێمە خۆمان هیچ كارێكی سیاسیمان نەدەكرد، هەمووی كاری هونەری بوو. من 19 ساڵ بۆ رادیۆی كوردی كرماشان كارم كرد، نەمبینی بڵێن فڵانە شتە لەڕووی سیاسییەوە بۆ بڵاوكردنەوە ناشێ، بەڵام لە رووەكانی دیكەوە چاودێری هەبوو، مامۆستا مەزهەری خالقی جارێك بانگی كردم، گوتی دوو بەرنامە هەن كە یەكێكیان هی بڵاوكردنەوە نییە، سەرۆكی كۆمیسیۆنی مۆسیقای رادیۆی ئێران ناوی دكتۆر فەرهاد بوو، نامەی نووسیبوو كە ئەو كارە بۆ بڵاوكردنەوە ناشێ، دانەیەكیشیان هەر مامۆستا خالقی خۆی گوتی ئەو بەرنامەیە بۆ پەخش دەستنادات، هی دیكەش هەبوو كە لە رادیۆی ئێرانەوە دەیانگوت ئەوە تەنیا لە ناوچەكەی خۆمان پەخش بكرێ. ئاوا بڕیار دەدرا، بەڵام حكومەت بەهیچ شێوەیەك دەستی تێوەرنەدەدا.

 

پرسیار: هەوڵتان داوە موزیكە كۆن و فۆلكلۆرەكانی ناوچەی كرماشان كۆبكەنەوە و بیاننووسنەوە و وەك نۆتە جارێكی دیكە دایانڕێژنەوە؟

ئەی چۆن. گۆرانی فۆلكلۆری زۆریش. خۆتان مامۆستان و دەزانن كە جوانترین گۆرانییەكان گۆرانییە فۆلكلۆرەكانی ئەم وڵاتەن. ئەوە كولتووری وڵاتەكەیە. زۆر گۆرانی فۆلكلۆری كوردی كرماشان یان سۆرانیمان تۆمار كردووە، زۆر زۆر. بەڵام دابەشكاریمان بۆ دەكردنەوە، واتە مێلۆدییەكە خۆی فۆلكلۆر بوو، بەڵام ئێمە پێشەكیمان بۆ دادەنا، چونكە خۆمان كورد بووین، زۆر جوان دەردەچوو، پێشەكی و بەشەكانی دیكەی دابەشكارییەكە ئاوێتەی ئاوازەكە دەبوو. لەوانە بوو تارانییەك كاری دابەشكاری بۆ ئەو ئاوازە بكات، بەڵام تامی نەدەبوو، بێتام دەردەچوو. بەڵام من كە كورد بووم، كاتێك دابەشكاریم بۆ ئاوازێك دەكرد، هەموویان دەیانگوت دابەشكارییەكە ئاوێتەی ئاوازەكە بووە و گۆرانییەكەی سەرنجڕاكێش كردووە.

 

پرسیار: هونەر و مۆسیقای ئێستای كوردی، كاریگەری هەیە لەسەر مۆسیقی ئێرانی بەگشتی؟

هەر لە كۆنەوە مۆسیقای كوردی كاریگەری گەورەی لەسەر مۆسیقای ئێران هەبووە، لە زۆر كۆنەوە ئەوە هەبووە. لە مەقامی شووردا كوردبەیات یان بەیاتی كوردمان هەیە. ئەمە بۆ زۆر كۆن دەگەڕێتەوە. بەیاتی ئیسفەهانیش هەیە و ئیسفەهان خۆی شارێكە لە شارەكانی هونەر، بەڵام من پێموایە مۆسیقای كوردی كاریگەری زۆری لەسەر مۆسیقای ئێرانی هەبووە. مامۆستا عەلی تەجویدی رەدیفیان هەیە، كاتێك رەدیفەكانی یەكەمجار چاپ بوو كڕیم. لە مەقامی راست پەنجگاه خەریكبووم دەمژەنی و لێكم دەدایەوە. خەڵكی ناوچەی خۆمان هۆرە دەڵێن، هی ناوچەی تەخت دەڵێم، نازانم وشەی هۆرە دروست دەڵێم یان نا، مامۆستا تەجویدی دەڵێ ئەمە هی سەردەمی میدییەكانە و لە ناوچە كوردییەكان گوتوویانە و هەتا ئێستاش دەیڵێن. هۆرە كاریگەری زۆری لە مەقامی راستی پەنجگاه هەبووە. نامەوێ رۆڵی خەڵكی دی كەم بكەمەوە، بەڵام مۆسیقای كوردی كاریگەرییەكی زۆری لەسەر رەدیفی مۆسیقی ئێرانی هەبووە.

 

پرسیار: مۆسیقا و زمان توانیویەتی ئەو هەستی كوردبوونە لە ناوچەی كرماشان پەرەپێبدات و وەك كورد بیانهێڵێتەوە؟

بەڵێ كاریگەری زۆری بووە، هەم لە زمانی كوردیدا كاریگەری داناوە، چونكە كاتێك كوردێكی كرماشان ئەو گۆرانییانە دەڵێتەوە و چێژی لێوەردەگرێ، هەر ئەم گۆرانیگوتنە بە كوردی كاریگەری زۆری هەیە و زانیاریشی لەبارەی وشەی كوردی زیاد دەبێ. بێگومان كاریگەری هەیە. گۆرانی و شیعر و لیریك كاریگەری زۆریان هەبووە.

 

پرسیار: كرماشانییەكان هەندێكجار بە گۆرانی ئەوە دەڵێنەوە كە “خۆم كرماشانی، فارسی نیەزانم”، بۆچی وادەڵێن...؟

"بە زمانێ كوردی قەزات وە گیانم".

 

پرسیار: بۆچی وادەڵێن، ئەوەندە زمانی كوردیتان لەلا شیرینە؟

زۆر شیرینە، وەك عەرزم كردن خانمی تارانی هەیە پێماندەڵێ چەند شیرینە ئەو زمانەتان.

 
سەرچاوە: ڕووداو