تاریخ: ۱۳۹۸/۲/۳۰
مۆزەخانەی هەژار موکریانی لە مەهاباد دەکرێتەوە
بەرپرسی کۆمیسیۆنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی شووڕای شاری مەهاباد لە لێدوانێکدا لەگەڵ هاژە ڕایگەیاند: کڕینەوەی ماڵی باوکی مامۆستا هەژار‌ و گۆڕانی ئەم شوێنە وەک مۆزەخانە ماوەیەک لەمەو پێش لە کۆمیسیۆندا پێشنیار کرا و پاشان وەک گەڵاڵەیەک ئاراستەی شووڕای شار کرا.
د.مستەفا ئەحمەدزادە لە درێژەدا وتی: بەختەوەرانە ئەم گەڵاڵەیە لە شووڕای شار بە کۆدەنگی ئەندامان پەسند کرا و وێڕای چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی مامۆستا هەژار سەردانی ماڵەکەمان کردووە و خەریکی جێبەجێ کردنی کاروبارە سەرەتاییەکانین لەم بوارەدا.
بارزان شەڕەفکەندی نەوەی هەژار موکریانی وێڕای بەرز نرخاندنی هەڵوێستی شووڕای شار، بە هاژەی گووت: ئەم خانووبەرەیە 600 میتری ڕووبەرە و لە گەڕەکی ڕەزگەییان، بەرامبەر بە مزگەوتی ڕۆستەم بەیگ هەڵکەوتووە کە مڵکی خوالێخۆشبوو "مەلا محەممەدی بۆر" باوکی مامۆستا هەژار بووە و ئێستاش مڵکایەتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ میراتگران.
وتیشی: وەرگرتنی ڕەزامەندی و وەکالەتی میراتگران لە ناو و دەرەوەی وڵات وەک هەنگاوی یەکەم پێویستە، پاشان ڕادەست کردنی ئەو خانووبەرەیەش لە لایەن ئێمە تەنیا بە مەرجێکە کە وەک مۆزەخانە و شوێنی پاراستنی ئاسەوار و یادگارییەکانی هەژار موکریانی کەڵکی لێوەرگیرێ.
عەبدوڕڕەحمان شەڕەفکەندی ناسراو بە هەژار، شاعیر، وەرگێڕ و نووسەری بەناوبانگی کورد ساڵی 1300ی هەتاوی لە گەڕەکی خڕێی مەهاباد لە دایکبووە و ساڵی 1369 لە کەرەج کۆچی دوایی کردووە و لە مەقبەرەتوشۆعەرای مەهاباد بە خاک ئەسپێردراوە.
فەرهەنگی ھەنبانە بۆرینە، چێشتی مجێور، ئاڵە کۆک، بەیتی سەرە مەڕ، مەم و زین، بۆ کوردستان، شەرحی دیوانی مەلای جزیری، وەرگێڕانی ئاسەواری شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، چوارینەکانی خەیام، مێژووی ئەردەڵان، یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە، قورئان بە کوردی، قانوونی لە تێب و... لە گرینگترین ئاسەوارەکانی ئەم کەسایەتییە بە ئەژمار دین.