تاریخ: ۱۳۹۸/۳/۲۶
زبڵ و پاشماوەکانی شار

سیستمی بەڕێوەبردنی زبڵ‌ و پاشماوە ڕەقەکان بە یەکێک لە گرینگترین نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە ئەژمار دێت. زیادبوونی قەبارەی پاشەڕۆکان و جۆراوجۆربونیان لە لایەکی ترەوە کێشە لە ڕەوەندی خڕکردنەوە و دوورخستنەوەیان ساز دەکات.

پەرەسەندنی زانست و تێکنۆلۆژی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کیمیا، فیزیا، پزیشکی و... هۆی سەرهەڵدانی سەدان جۆر پاشماوەی ترسناک تەنانەت بە زبڵ‌وزاڵی ماڵێشەوە پێکدەهێنێت، کە دەبێ لە شێوازی بەڕێوەبەردنی کۆکردنەوە و دەفن کردنیان بە شێوەی زانستی سەرنجی پێ بدرێت.

لە ئێستادا سیستمی کۆکردنەوە و دوورخستنەوەی زبڵ و پاشماوەکان، ناتوانێ بە شێوازی نەریتی وڵامدەری ئەو هەمووە مەسرەفی ڕۆژانە بێ و لە لایەکی ترەوە بە گوێرەی پێویست ئەو سیستمە ئەو جۆرەی کە دەبێ ناتوانێ ڕێگری لە پیسبوونی ژینگە لە ئاکامی پاشماوە کیمیایی، میکرۆبی، ڕادیۆئەکتیڤی و... بگرێ.

دانانی یاسای سیستمی بەڕێوەبرایەتی زبڵ و پاشماوەکان بە یەکێک لە هەنگاوە گرینگەکان لە پێناو باشترکردنی بەڕێوەبردنی پاشماوە ڕەقەکان لەئاستی وڵاتان و شارەوانییەکان لە ئەژمار دێت. 

 

بە پێی ئەم یاسایە شارەوانییەکان لەسەر ئاستی شارەکان بۆ یەکەم جار بە پێی یاسا بە بەڕێوەبەرایەتی لە شێوازی خڕکردنەوەی پاشماوەکانی نێوماڵ ناسراون، ئەگەرچی کاروچالاکی شارەوانییەکان تا ڕادەیەک دەتوانێ کاریگەری لەسەر چۆنییەتی باشتر بەڕێوەبەرایەتی زبڵی شار بێت، بەڵام ئەو خاڵانەی خوارەوە بۆ باشتربوونی بارودۆخی بەڕێوەبردنی پاشماوە ڕەقەکان پێویستن:

1. گۆڕینی شێوازی بەکارهێنان لە لایان خەڵکەوە لە ڕێی فێرکردن، فەرهەنگ‌سازی و دانانی یاسا.

2. سوود وەرگرتن لە خەڵکی شارەزا و خاوەن بیروڕا وەک NGO کان لە بواری تەندروستی و ژینگە پارێزی

3. هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی بایۆ کۆمپوست(Bio Compost) زبڵ و جیاکردنەوەی پاشماوە ترسناکەکان لە کاتی بەرهەمهێنان‌دا.

4. بەهرە وەرگرتن لە سیستمی نوێی کۆکردنەوە، هەڵگرتن و گواستنەوەی پاشماوەکان بە شێوەی ئاپدەیت و ئەوڕۆیی.

5. دیاری کردنی شوێنی گونجاو بۆ شاردنەوەی پاشماوەکان لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێ بوونی هاوڵاتیان.

بە شێوەیەکی گشتی و لە ڕوی ئەندازیاریی تەندرووستییەوە، دوورخستنەوەی پاشماوەی ڕەق پرسێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو پرسێکی ژینگەییە، بۆیە دوورخستنەوەی بە شێوەیەکی هەستیار کاریگەریی لەسەر پیسبوونی ژینگە و پەرەسەندنی نەخۆشییەکان دادەنێت.

لەم شارانەی کە بایەخێکی ئەوتۆ بە پرسی پاراستنی ژینگە و چۆنییەتی بەڕێوەبەرایەتی پاشماوە ڕەقەکان بە شێوەی سیستماتیک نادرێ، دانیشتوانی ئەم شارانە بە هۆی ئەو پاشماوە و زبڵانەوە بەرە ڕووی بەربەست و  نەخۆشی دەبنەوە.

 

پێناسەی زبڵ و پاشماوەکان

لەوانەیە زۆر یەک لە شتە کۆنەکان و شکاوەکان کە چیتر پێویستییەکی ئەوتۆمان پێیان نییە، دووریان خەینەوە، بەڵام زبڵ ‌و پاشماوەکانمان تەنیا بەشێکی بچووک لەو زبڵ و زاڵانەن کە بە بەردەوامی لە سەرانسەری جیهان فڕێ دەدرێن.

دووبارە بەکارهێنانەوەی زبڵ ‌و پاشماوەکان به هۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی سەرچاوە سرووشتییەکان پێکدەهێنرێ، چونکە ڕۆژێک دادێ پاشەکەوتی سەرچاوە سرووشتییەکان کۆتایی پێدێت. دووبارە بەرهەم‌هێنانەوە دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی پیسبوون کە لە ئەنجامی ئامێرەکانی سووتاندنی زبڵ ‌و پاشماوەکاندا درووست دەبێت.

جۆرەکانی زبڵ ‌و پاشماوە:

جۆرەکانی زبڵ‌ و پاشماوە بریتین لە: پاشماوە خۆراکییەکان، زبڵ و زاڵی نێو ماڵ، دووکان و بازار، خۆڵەمڕە، پاشماوەکانی خانووبەرەسازکردن، زبڵ‌وزاڵە تایبەتییەکان(وەکوو: کەلاکی ئاژەڵان، ماشێن)، پاشماوە پیشەسازییەکان، زبڵ ‌و پاشماوە مەترسیدارەکان و پاشماوەکانی نەخۆشخانەکان.

زۆربەی شتە بێ‌سوودەکان ئەو زبڵ و پاشماوانەن کە دەخرێنە نێو ڕووبارەکان یا لەسەر زەوی فڕێ دەدرێن. هەر وەها ڕۆژانە کەشتییەکان سەدان تۆن زبڵ و پاشماوەی وەکوو: "تۆڕە گەورەکانی ڕاوە ماسی، مەوادی پلاستیکی و نایلۆنی" بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ نێو دەریاکان دەڕێژن.

لە هۆکارەکانی تری پیس بوونی ژینگە، ئاوەڕۆکانە کە لە زۆر یەک لە شارەکانی کەناری دەریا لە ڕێی لولەی ئاوەڕۆی ژێر دەریاوە، تێکەڵ بە ئاوی دەریا دەبن. بەڵام بە دەگمەن ڕوو دەدات کە ئاوەڕۆکان پێش تێکەڵ بوونیان بە دەریا بپاڵێودرێن، لە ئەگەری نەپاڵاوتنیان ئاوی دەریاکان پیس دەبێت و ئەمەش ژیانی سەرجەم بوونەوەرەکانی نێو دەریا دەخاتە ژێر مەترسییەوە. ژیانی دەریاش بۆخۆی تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی گرێ دراوە کە بەدڵنیاییەوە ئەویش لەو زیانە بێبەری نابێت.

ئاوەڕۆی نێو پاڵاوگەکان و کێڵگە نەوتی و گازییه‌کان کە پێکهاتەی فۆسفات و نیتراتیان تێدایە، یەکێکی‌تر لەو هۆکارانەیە کە دەتوانن ئاوی دەریا پیس بکەن.

دزە کردنی نەوت بۆ نێو ژینگە دەتوانێ لە جۆری خۆیدا کارەسات بخوڵقێنێت کە قەرەبووکردنەوەی دژوارە. بۆ نەموونە وەرگەڕانی تانکێڕە بارهەڵگرە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە جادەی مەریوان لەو ساڵانەدا کە چەندین جار شاهیدی ئەو شتە بووین کە بەم هۆیە لە لایەک ڕێگا و بانەکانیان خرا کرد و لە لایەکی‌ترەوە بە هۆی دزە کردنی نەوت بۆ نێو ڕووبار و چۆمەکانی ئەو مەڵبەندە زۆر یەک لە ماسی و بوونەوەرییە ئاوییەکان تووشی قڕ بوون هاتن و بەم جۆرە زیانی زۆر بە سرووشت گەیشت.

 

کلۆر، فلۆر و کاربۆن گازێکە کە دەتوانێت زیان بە لایەی ئۆزۆن بگەیەنێت. بڕێک لەم گازە بۆ درووست کردنی سەلاجە بەکاردێت. زۆر یەک لە وڵاتان لەسەر ئەوە ڕێککەوتون لە ساڵیی 2000 ڕا بەکارهێنانی ئەم گازە قەدەغە بکرێت.

 

بەکاربردنەکانی زبڵ و پاشماوەکان:

 

کۆمپوست

باشترین شێواز بۆ سڕینەوەی پاشماوە ڕەقەکان و یا سوود وەرگرتنێکی باشتر، دابین‌کردنی کۆمپوستێکە کە بە شێوەی گەرما و ئۆکسیژێن بەرهەم دێت.

گازی بەرهەم‌هێنراو لە ژێنێڕاتۆڕ و توربینە هەڵمییەکان بۆ کارەبا گۆڕدراوە و سەر لە نوێ کەڵکی لێ وەرگیراوەتەوە. پاشماوەی چێشتخانەکان سەرچاوەیەکی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی بایۆگاز دەخەمڵێندرێن، بایۆ گاز دەتوانێت جێگای سووتەمەنییەکانی چێشتخانەکان بگرێتەوە.

 

گازە بەرهەم‌هێنراوەکانی زبڵ و پاشماوەکان

هێندێک لەو ماددانەی کە لە کاتی پڕۆسەی جیا کردنەوەدا بەدەستدێن، گازەکانن. کاتێک زبڵ و پاشماوەکان جودا دەکرێنەوە، کۆمەڵە گازێکی جیاوازیان لێ بەرهەم دێت کە بریتین لە: ئۆکسیدی کەربۆن، هیدڕۆژێن، مێتان، نیتڕۆژێن و ئۆکسیژێن.

لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمان بڕی هەر یەک لەم گازانە کە لە زبڵ و پاشماوەکان بەدە‌ست دێن، دەگۆڕێت کە ئەویش لە شێوازی بەکار هێنانیان‌دا دەبێ سەرنجی پێ‌بدرێت.