تاریخ: ۱۳۹۸/۲/۱۶
تڕۆئیکای گلۆبالیزم وناڕسیزم و ژورنالیزم
عەبدولقادر نیازی
 
باوەڕ بەوەیکە لەو گەرماوگەرمەی شەڕدا بە هەر دوو شێوەکەی(ساردوگەرم)، جیهان و مرۆڤ ڕووی سوڵح و ئاشتی بە خۆیەوە دەبینێ یا خەونوچکە و وەنەوزە یا ئەگەریش حەقیقەتی هەبێ، درێژخایەن نییە.
ڕێک لەو کاتەوە کە بیرۆکەی شەڕ لە زەینی هێرش بەردا بیچم دەگرێ، جیهانیش خوازراو و نەخوازراو بەردەوام هان دەدرێ بۆ ئەوەی خۆی لە گەرمەی شەڕ و پێک دادان دا ببینێتەوە، کە بەرهەمەکەی هەرچییەکی بێ، دەبێ تاوانەکەی لە لایەن کەسانێکەوە بدرێ کە ئەزقەزا کوشندەترین زەبرەکانیش دەخۆن و ڕۆڵیان دە هەڵایساندنی شەڕ دا نەبووە.
بەر ئاوەردی شوێن دانانی ئەو توند و تیژییە لە پانتای جیهان دا ڕەنگە دەو دەم و دەستەدا نەکرێ، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەک دەلالەت بەوە ناکا کە پێوەندییەکانی شەڕ و گلۆبالیزم وەک دوو چەمکی دەلالەت زا لە بیر بکرێن یا بخرێنە پەراوێزەوە.
ڕەنگە شەڕ وەک کەرەستەیەک بۆ دابین کردن یا وەدی هێنانی خولیا ئابووری و سیاسییەکانیش بکرێ تێئۆریزە کرێ و هەر بەم هۆیە بە دانستە ببێتە هۆی لێک بڵاو بوونی بنەما ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتی بەرهێرش، بەڵام ئەوە لە بارەی ژورنالیزم و ئەوانەی وا زەبرەکانی شەڕ دە سێیەکانیان دا هەست پێ دەکەن، بە هیچ شێوەیەک دروست نییە.
ئەگەر ئامانج لە شەڕ و پێک دادان بەرهەمی سیاسەتە چەپەڵەکانی دیکتاتۆڕ یا شەڕخوازێکی گەندەڵ بێ، ئەوە لە بارەی بریندارانی شیمیایی دەبێ بکوترێ کە ئەو خولیا ئابووری و سیاسییە بە هیچ  شێوەیەک گەڵاڵە نەکراوە.
ئامانج لە هێرشی شیمیایی  بەرلەوەی دەخزمەتی وەدی هاتنی کەڵکەڵە ئابووری و سیاسییەکانی هێرش بەر دا بێ هەڵقوڵاو لەو ناڕسیزمە داڕووشاوە و ئەو مەرگ خوازییەی ئەوە کە ئەزقەزا لایەن و پوتانسییەلێکی ژورنالیستیشی پێوە دیارە. 
جیهانی بوونی مەرگ نەک بە واتا گشت گیر بوون و ناچاربوونی مرۆڤ لە ڕووبەڕووبوونەوەی، کە ڕێک ئەو کاتە خۆ دەردەخا کە هێرش بەرێکی خۆ ویست دەیهەوێ مەرگاندنی ژورنالیزم هەر لە کاناڵی ژورنالیزمەوە نیشان بدا و جیهانی بکا کە لە درێژ خایەن دا ڕەنج و خەمی برینداران و تێئۆریزەکردنی سایکۆلۆژیانەی ژینۆسایدی لێ دەکەوێتەوە کە تەنیا لە ناڕسیستێکی لێوەشاوە دەوەشێتەوە. 
ڕێکەوەندی بە جیهانی کردنی ناڕسیزمی داڕووشاو و مەرگی درێژخایەنی جیهانی، دوو تەوەری سەرەکی هێرشی شیمیایین کە هێرش بەر بە هەموو هێز و وزەیەوە، حەولی  خۆ پێناسە کردن و ئەڵبەتە خۆ بە جیهانی نیشان دان دەدا بۆ ئەوەی سترەکتۆرەکانی جیهانی بوون و شەڕ بە شێوەیەک لە شێوەکان بگۆڕێ.
ڕەنگە دە کورتە نووسینێکی وەهادا نەتوانرێ بەک گڕاندی ئەو ئیدعایە بە هەموو لایەکانییەوە بخرێنە بەر باس، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە وەها بارودۆخێک دا، کە شەڕ و چەمکەکانیش خۆ لە ڕاستیییەکان دەدزنەوە دەبێ بکوترێ کە جیهانی بوون و بەجیهانی کردنی مەرگ لە کاناڵی ژورنالیزمەوە، خۆی یکێ لە کەڵکەڵەکانی ئەوانەیە کە نموودی خۆیان تەنیا لە دەستەمۆ کردنی ژورنالیزم دا دەدۆزنەوە.
 ئەوە لە حاڵێک دایە کە لەسەرەتای هاتنە ئارای ژورنالیزم بە هەموو شاخە و ژێرشاخەکانییەوە، زۆر جار ئامڕازێک بووە بۆ سڕینەوەی شوناس لەلایەک و لە لایەکی تریشەوە پاکتاوکردنی لەشی ئەوانەی وا ئەگەر کەڵکەڵەی بەجیهانی بوونیشیان نەبێ، ڕازی بەپاکتاوکردن و ژینۆسایدنین و نەبوون.
ژوڕنالیستی کردنی مەرگ و لیبڕاڵی کردنی شەڕ بە هەر دوو مانا فیزیکی ومێتافیزیکییەکەیەوە، هەمیشە بەرهەمی تێڕوانینی نەخۆش و بیرۆکەی گەندەڵی ئەو دیکتاتۆڕ گەلە بووە کە بەم شێوەیە هەڵس و کەوتیان لە گەڵ شەڕ و مەرگ و ژورنالیزم کردووە.
بەرهەمی ئەوهەڵس و کەوتەی هێرش بەر کە لە بنەڕەتەوە تووشی مشت ومڕی رووحی و ڕەوانییە لەگەڵ خۆی، لە وەها بەستەرێک دا پەرە بە خۆی دەدا و لە پانتای جیهانی بوونێکی نۆلیبڕاڵی دا خۆی دەدۆزێتەوە کە هەم پێناسەیەکی ترسناک تر لە پێشوو بە شەڕ دەبەخشێ  هەم مەرگ بەشێوەیەکی تر جیهانی دەکا هەم لە ڕێگای ژورنالیزمەوە بازرگانی پێوە دەکا.
ئەو مەرگەی بریندارانی شیمیایی تا ئێستاش لە گەڵی دەژین ڕێک ئەو بە جیهانی کردنە نەزۆکەیە کە بەرهەمی عەقڵانییەتێکی نەزۆکیشە کە هێرش بەر بۆ خۆی مسۆگەری کردووە و لە ڕێگای ژورنالیزمەوە دەیچەسپێنێ. 
لە وەها کاتێک دا بازاڕی جیهانی بوون و گۆڕەپانی پۆزەتیڤ و ئیجابی ژورنالیزم کە قەزایەن هەمیشە مەزڵووم و بەش خوراو بووە دەبێتە مەیدانی ڕووح کڕین و ویژدان فرۆشی و خوێن ڕشتن. ئەو فاکتەرەی لەو دۆخەش دا وەک خاڵێکی هاوبەش دێتە ئاراوە و لە گشت لایەکیشەوە شوێنی خۆی دادەنێ فاکتەری مراندنی بە کۆمەڵ و ئیفلیج کردنی درێژخایەنی ژیانە کە بەر و پتر لەوەی لە پانتای جیهان دا بتوانێ خۆی چارەسەر بکا، ڕۆڵی  مانشێتی یەکەمی مەرگ دەگێڕێ بۆ بەرجەستەکردنەوەی کەڵکەڵەکانی هێرش بەر کە لای وایە نۆژەن کردنی توند و تیژی و مەرگاوی کردنی بە جیهانی بوون، ئەگەر مەشڕووعییەتیشی پێ نەبەخشێ، مانەوەی مسۆگەرتر دەکا.
 ئەوە لە کاتێک دایە کە دەکوترێ 
خسڵەتە دژوازەکانی جیهانی بوون لە هەناوی نامرۆڤێکی بێ ئارام دا، بەردەوام خۆی لە دووتۆی قەیرانی ڕووح و وەهمی هێز(اقتدار)دا دەدۆزێتەوە کە مەرگی تێکەڵ بە لەش و ژیانی ئەوانە دەکا کە سەرەکی ترین بەرهەم و لێکەوتەی ئەو دیالکتیکەن کە مەرگ و ژورنالیزم ڕێکی دەخەن و بە شێوەیەکی سەلبیش ڕاگوێزی پانتای جیهان دەکرێ.
 لێک دابڕانی واتای مەرگی ژورنالیزمی و مەرگی ژورنالیزم ڕێک لەو بەستەرەدا خۆ بە دەستەوە دەدا کە یکەمینیان حاسڵاتی گلۆبالیزمێکی بێ جەوهەرە و دووهەمینیان بەرهەم هاتووی کەڵک لێ وەرگرتنێکی ناڕسیستییانە.
ئەم هەڵێنجانەی لە کەسایەتی و ڕووح و مەرگ و ژیان کراوە، هەمیشە ئەم ئەویترێکی نێگەتیڤی لێکەوتۆتەوە کە لە بنەڕەتەوە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی دیسکۆڕسێکی توند ئاژۆیانە لە شەڕ و مەرگ. ئاخێزگەی ئەودیسکۆڕسە هەر چییەک بێ، بێ هیچ شک و شوبهەیەک ترسە.  ترس لە لە بیرچوونەوە و زەوالی هەرمان کە بە درێژایی مێژوو تەرخان کراوە بە شوناسی هێرش بەر و ماهییەت و چییەتی مەرگ،کە بەردەوام لە ناخی دا دە مشت و مڕ دایە. پێویستە بکوترێ کە خاڵی هاوبەشی هێرش بەر و قوربانی لێرەدا لە دوو تۆی تەنیایی دا خۆی دەدۆزێتەوە.
دیکتاتۆڕ هەست بە تەنیایی ڕووحی خۆی دەکا و وەک خۆکوژێکی زیندوو پێناسە دەکرێ و لە ڕێگای کوشتن و شیمیایی کردنی قوربانییەوە، درێژە بە مەرگی خۆی دەدا، قوربانی دوای چەندین ساڵ لە هێرشی شیمیاییش هەست بە تەنیایی خۆی دەکا و لە ڕێگای هاوار و دەنگ هەڵبڕین دەیهەوێ ژیان درێژەپێ بدا.
 غیاب و ئنزوای ژورنالیزمیش وەک ئامڕازێکی شوێن دانەر کاتێ خۆ نیشان دەدا کە بە دەگمەن دەخزمەت خولیاکانی بریندارانی شیمیایی دابووە و ئەوە یانی تەنیایی ژورنالیزمی دەستەمۆی پارە و دەسەڵات و ئایدیا.
لەو بەستێنە تڕاژیکەدا، ئەوانەی نێو و نێوبانگییەکیان دەرکرد ئەوانە بوون کە لە ژێر تیتری مرۆڤایەتی و ئازادی و ماف خوازییەوە، بەردەوام لافی مرۆڤایەتی و هێمنایەتی و سوڵح و ئارامییان لێ دەدا بەڵام بە تڕۆئیکای مەرگ و ژورنالیزم و شەڕ، دیکتاتۆڕیان بەهەموو خسڵەت و کەرەستەکەیەوە جیهانی کرد و ژیانی بریندارانی شیمیایی و قوربانییەکانی وەهم و ناڕسیزمیان، تەنیا کردە مانشێتی یەکەمی جیهان و بڕەویان بەو مەرگە درێژخایەنە دا کە بە هیچ شێوەیەک دەرچوونی لێ ناکرێ.
 ئەوەیە ڕازی مانەوەی دیکتاتۆڕ، ئەوەیە نهێنی پێناسەکردنی شەڕ و هەر ئەوەشە ڕازی بەردەوام بوونی مەرگی وردە وردەی مرۆڤایەتی لە ڕێگای دەوا و دەرمانی شیمیایی کە هەمیشە مانشێتی یەکەمی ئەو ژورنالیزمە نەزۆکە بووە کە هەواڵی مەرگی پێیە...