تاریخ: ۱۳۹۸/۲/۱۳
چەپڵە بەدەستێک لێ نادرێ
جه‌هانگیر بابایی
شارستانیەت و پێشکەوتن، بەرهەمی عیلم وزانیارییە. وڵاتانی ێۆنان و ڕۆم و چاخەزێرینەکانی سەردەمی ئیسلام و  گەورەزل هێزی عوسمانی ،کە دەکەونه مێژووی کۆن ، هەرهەموویان بەشان و پیلی زانایان، کۆشک و باڵاخانەی شارستانیەت و پێشکەوتنیان لەسەریەک داناوە.
کاتێک شوێنەواری مێژوویی شارستانیەت، ستڕایەوە سەرلەنوێ، لەئەورووپا و دوایش ئەمریکا، چەقەرەی هەڵداو و پەلی هاویشت چاخی نوێ.ئەو گوێزتنەوەش، بەهیممەت و چالاکی و شەونخوونی، کۆڕی زانیاری و کتێب خوێن، بەڕێوەچوو.
لە سەراسەری جیهاندا، دەرکەوتوە کەهیچ بلێمەت و پسپۆرو مامۆستایەک، بەتەنیاو بێ پشتیوانی حاکمان و کاربەدەستانی وڵات، نەیانتوانیوە ڕێگای سەرکەوتن هەموارکەن.
دەسەڵات و ەک هێزێکی ماددی و گیرفان پڕو بەتوانا،  دەتوانن کاریگەرو شوێن دانەربێ هەتا هێزی بیرمەندو مامۆستا ، بەبێ دڵنیگەرانی و قەلەق و دڵەڕاوکێ و بێ کێشە، بەرەو ئاسۆیەکی روون و گەشاوە، بڕۆنە پێش وهەنگاو هەڵێنن.
حەوت وڵاتی زەبەلاحی پیشەسازی  ، کەتوانیویانه ببنە ئاغاو کوێخاو ریش سپی جیهان، هەمووی لە حورمەڕاگرتن و باڵادەستی زانایان و خوێندنگا و زانستگادایە. 
هێزی مامۆستا ، لەتەک هێزی دەسەڵات و ساماندار،لەو وڵاتانەدا بوونە جووتە شاباڵی سەرکەوتن و مشوورخۆرو دڵسۆزی گەل و وڵاتیان.
وڵاتانی پێشکەوتوو، بەپلانێکی چڕو پڕ، لووتکەی زانێاریان بڕیوە نەک بە درووشمی قەڵەو و جوان.ئاستی سەروەری و رێزی مامۆستا و دارودەستەی زانیاری هێندە بەرزە کە تێکرای خەڵک بەدرێژایی ژیانیان، سەری بۆ دادەنوێنن.
بەرزنرخاندی ڕۆژی مامۆستا بە درووشمی ڕەنگاوڕەنگ و نەخشاوە وهۆنراوە و پێ هەڵاکوتن و دەسکەگوڵ، نابێتە مەڵحەمی پڕناسۆری مامۆستایەک و ئاوەدانی وڵاتێکی ئاوەدان.
هەرکات مامۆستایان،حورمەت و رێزیان لەناو کۆمەڵگا ، ڵەئاست دەوڵەت و دایکان وبابان، بەرزبۆوە و بەچاوێکی پیرۆزو سەروەر و پێشەنگ ،چاویان لێکردن، ئەودەم رۆژی هەلاییسانی مۆمی مامۆستایە!
دەبێ فکرو ڕۆانگەی کۆمەڵگا سەبارەت بە پلەو مەقامی مامۆستای مناڵەکانی بگۆردرێ، بەچاوێکی ڕێز سەیری چالاکی و تێکۆشانەکەی بکرێ ئەوکات دەتوانین هیواداربین کە جۆگەی ئاودێری شاریستانیەت، جۆمال دەکرێ و ڕەوان دەبێ.
نەمامی هیچ دروشمێکی جوان و نەخشین، بێ سەرمایەی مەعنەوی و ماددی، پێناگا بەڵام، ویشک دەبێ.کاتێک باغەوانی پەروەردەو وبارهێنانی وڵاتێک، لەئاست سەرۆک کۆمارو وەزیرو ئەندامانی پەرلەمان، ڕێزی لێ گیرا و جێگەو پێگەی پێدرا ئەودەم ئاپۆرەی خەڵکیش، لاسایان دەکەنەوە و دەبێته یاسای گشتی.
    باباش بزانین:
ڕێزلەمامۆستا، ڕێزلەنیشتمانە،ڕێزلە پێشکەوتن و شارستانییەتە،ڕیزلە مرۆڤایەتییە، ڕێزلەزانایان و کتێب و موتالایە،سەردانواندن بۆداهاتوێکی پرلەشانازی وڵاته، وەبن پێ نانی دێوەزمەی گێلی و حۆلییە،بەرز ڕاگرتنی پیسەسازی و ئاسایشی ئینسانە،دەوڵەمەندی و پیت و بەرەکەتی دانیشوانی نیشتمانە.
 ڕێزلەمامۆستا:
ڕیزلەکاروباری زانایانی ماندوونەناسی ڕابردوویە، ناشتنی نەمامی عەقڵ و بیرە، سەروەری یاسای ژیانە،بەرزکردنەوەی هەست و سۆزو باوەڕە،پاشەکشەی نەگبەتی و چەپەڵی و ڕژدی و گەندەڵییە.
  ڕێزلەمامۆستا:
بەرزبوونەوەی کەسایەتی دەسەڵاتداران لەئاستی  نەتەوایەتی وجیهانیە، گەورەیی و پیاوبوونی پەرلمانتارانی یەک وڵاته.
  بۆیە دەڵێم مامۆستایەتی :
کارو پیشە و کەسابەت نیە، بەڵکوو:مرۆڤایەتییە، ئەرکە، کردەوەی پێغەمبەرانە،هەڵچوون بەرەو هەورانە، شنەبای بەهارییە، گاڵە گاڵی شەماڵە، هەوری ڕەشی پڕبارانە، دادەبارێ ،دەڕوێنێ، شین دەکا، بەهاردێنێ ژین دەبووژێنێ ،خونچەی مڕۆڤ دەپشکوێنێ.
هەروڵاتێک زیاتربتوانێ ئاستی مامۆستایانی بەرزتر ڕاگرێ و وڵات بداتە دەستی ئەوان پشکووتن و پێشکەوتن و شارستانیەت و سەروەری مسۆگەرە. بەپێچەوانە، شوێنەواری لەناو گەلان، دەسڕێتەوە و لەژێر پێی ڕەقی مێژوودا دەپڵیشێ .
مامۆستایانی خۆشەویستم، ژیان و بوونتان پیرۆز!