تاریخ: ۱۳۹۸/۱/۱۹
زایه‌ڵه‌ی ئه‌زمه‌ڕ له مەهاباد دەشنێته‌وە

دوای 27 ساڵ دووبارە دێته‌وە ناو قەڵای جوانی و به گوڵدانێک پڕ له بیرەوەی سوور و سپی و وەنه‌وشەیی و ئامێزێک بڵێسە و تەشق و گڕ لە چەشنی هه‌وری بەهار بەسەر گڵکۆی مامۆستا ماملێ و هاوڕێیانی ڕۆژانی سەختیدا دەبارێنێ...

له دوای 27 ساڵ هاوژینە باوەفاکەی ماملێ و دایکی دڵسۆزی نیشتمان باوەشی خۆشەویستی بۆ دەکاته‌وە و به دەم پڕمه‌ی گریانەوە دەڵێ: به‌خێر بێیه‌وە کوڕە گه‌ورەکه‌ی ماڵێ...

ئەم هونه‌رمه‌ندە هەڵکه‌وته‌ی کورد لە ساڵی ١٩٩١ دا لە کۆڕەوە گەورەکەی کورددا بەرەو ڕۆژھەڵاتی کوردستان کەوتە ڕێ و لە شاری مەھاباد بۆ ماوەیەک جێگیر بوو و بڕیاری هاودەنگی و هاوهەنگاوی لەگەڵ ڕۆحی سەربەستیی ئەم شارەی بەست. لەم ماوەیەدا بە خوڕەی ئاو و هەوای سازگاری ئەم دەڤەرە سوێندی هەرمانییەتی دەنگ و زایەڵەی ژیانی خوارد.  لەو ماوەیەدا چەندین کاری ھونەری لەگەڵ ھونەرمەندانی موسیقی ناوچەی موکریان وەک ژەنیاری عوود ئەنجام دا و چەندین بەرھەمی ھونەرییان بۆ ھونەرمەندانی وەک محەمەد ماملێ، محەمەد دانش، ئەحمەد ئیسلامی، ئیسماعیل شاھی و ھەندێک ھونەرمەندی تر تۆمار کرد.

ناوی عەدنان کەریمە. زادەی دارولمولکی بابانە. فرچک گرتووی شارباژێرێ هەمیشە ژیارمەند و باژێڕە. بۆن و بەرامەی نالی و سالم و مەحوی و کوردی و سەدان گەورە ئەدیب و نووسەری بەرزەفڕی لێ دێ و ئێستاش لە بارەگای مەهاباد دا دەست لە دەستی زاوابووک و خەزایی و داشامەجید سروودی گۆیژە و ئەزمەڕ دەچڕێ.

 کۆنسێرتی هونه‌ریی عەدنان کەریم له شاری مەهاباد له سێ ڕۆژی 21 تا 23ی خاکەلێوە لەگه‌ڵ پێشوازی گه‌رمی جەماوەر بەرەوڕوو بووە. هونه‌رمه‌ندێک که هه‌میشه پێی وابووە "ئه‌وەی هونه‌ر به‌رەو سووتان و نەمان دەبات غرووره به‌وەی هونه‌رمه‌ند هه‌ست بکات هەموو شتێک دەزانێت".

عەدنان کەریم بەیانی ڕۆژی دووشەممه لەسەر گڵکۆی هونەرمەند محەممه‌د ماملێ ئامادە بوو و وێڕای سەردان کردنی ماڵی ماملێ، دایه ئامین خێزانی باوەفای ماملێی بەسەر کردەوە و پاشان لەگه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عەزیز شارۆخ دانیشت و باسیان له بیروەرییه‌کانی ساڵانی ڕابردوو کرد.