تاریخ: ۱۳۹۸/۱/۱
منداڵان و دەرفەتەکانی ئەدەبی فۆلکلۆری ( هەڵوێسێک لەحاند ڕەخنە لە سەر شێعرێکی منداڵانەی یوونس ڕەزایی)
سه‌لاح پایانیانی
 
ئەدەبیاتی زارەکیی منداڵان لە"ھەلاوە و مەلاوە" وە ھەتا " ھەكڵ‌مەكڵ"  و " ھەی ڕێزەڕێزە"  و " ھەتەرێ و مەتەرێ"  و " مام ڕێوی"  و " کووپە قاورمە"  و... بەشێکی زۆرتری دیکەش، داڕێژراو لەگەڵ داب‌ونەریتی کوردەواریی سەردەمی خۆیەتی کە بەشێکی وا گونجاوە لەگەڵ ئێستا، جووانی‌یەکانی خۆی ڕاگرتووە و بەشێکی دیکەشی کە ناگونجێ لەگەڵ دۆخی سەردەم، خوێندنەوەی نوێیان بۆ دەکرێ و سەرلەنوێ کەسانێک، یان لە تێم و فەزاکانی بۆ خوڵقاندنی دەقێکی دیکە کەڵک وەردەگرن یان هەر لەسەر قاڵبی فۆلکلۆر بەڵام بە ناوەڕۆکی نوێ‌وە دەنووسرێتەوە.
ئەو ناوەرۆکە دەتوانێ هەڵگری بابەتی تازەی وەک گۆڕینی چەشنی نیگای ئینسانی نەتەوەیەک بۆ بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی‌یەکان یان گۆڕینی فۆڕم و چوارچێوە بێ. جاری‌واشە تەنیا نووسەر بەهێنانەوەی ئیماژ یان نیشانەیەک لە دەقی پێشوو مەبەستی بیرهێنانەوەی فەزایەکی ئاشنایە بۆ دەربڕینی قسەیەکی جودا لەو قسانەی پیش‌تر باس کراون. لە هەموو ئەو بوارانەش‌دا بێ‌گومان دەقی پێشوو لە قالبی ئەدەبی زارەکی‌دا پارێزراوە و هیچ خەیانەت و سڕینەوەیەکی بۆ نەکراوە و خستنە ڕووی قسەیەکی وا دەتوانێ ئاکامی دوو شت بێ: یان کەسێک کە وەک پارێزەر و بەرگری‌کاری سوننەتەکانی پێشوو قسە دەورووژێنێ ئاگای لەو دەقانە نییە کە وەک دەقی داڕێژراوە لەسەر هەندێ شتی ئاشنای دەقە زارەکی‌یەکان خوڵقاون و دەوترێ کە گۆیا ئەو شێوە کارە ببێتە هۆی لەبار چوون و تێ‌داچوونی سامانی پێشوو. یان کەسێکە کە لە هەل دەگەڕێ بۆوەی بەبیانووی شتێکی واوە لە شکاندن و هێرش کردنە سەر کەسایەتی خەڵکی دیکە‌دا کارێک بکا کارستان و گرینگیش نییە کۆی دەقە شی‌کاری‌یەکانی ئەو بوارە لە دونیادا چییان باس کردووە و چەندە قسەی ئەو ڕێی تێ‌دەچێ. بەڵکوو گرینگ هەلێکە کە هەڵکەوتووە بۆ پەلاماری خەڵک. لێرەدا وێڕای ڕێز بۆ هەر دوو تاقم کە ڕەنگە لە ورووژاندنی ئەو باسەدا ڕۆڵیان بووبێ، زیاتر لەگەڵ تاقمی یەکەم هێندێک بابەتی پێوەندی‌دار بەو باسەوە دەخەمە ڕوو کە وەک خوێندنەوەی سامانی ئەدەبی زارەکی و منداڵانی دونیا باسی لەسەرە و هیوادارم توانیبێتم هەندێک لایەن ڕوون کەمەوە. تاقمی دووهەمیش گەردنیان خۆش و ئازا بێ و تەنیا ئەوەندیان عەرز دەکرێ کە حەول بۆ لێکتر تێگەیشتن و دۆزینەوەی ڕاستەقینەی بابەتەکان ئینسانی نوێمان بۆ بەرهەم دێنێ و نەوەی دواڕۆژیش ئەو چاوەڕوانییەی لێمانە و شتی لێ فێر دەبێ و ...
لە درێژەی باسی سەرەتای ئەو نووسینەدا پێویستە ئاوڕێک لە نووسەرانی گرینگی ئەو بوارە لە وڵاتانی جودا و زمانە جوداکان بدەمەوە. "هانس کریستیەن ئاندرسۆن" کە لە جیھان‌دا بە "باوکی ئەدەبیاتی منداڵان" دادەنرێ، کاری خۆی بە دیسان خوێندنەوی چیرۆکە زارەکی‌یەکانی فۆلکلۆر دەست پێ‌کرد و دواتر بە کەڵک وەرگرتن لە کەسایەتی "پەری دەریایی" کە یەکێک بوو لە دیارترین کەسایەتی‌یەکانی فولکلۆری ئه‌ورووپا، چیرۆکی ناوداری "پەری دەریایی بچکۆڵە"ی خوڵقاند کە تا ئێستاش یەکێکە لە شازترین چیرۆکەکانی جیھان.
دەقە فۆلکلۆری‌یەکان بەلای منداڵانەوە ھەمیشە سرنج ڕاکێشن و دەتوانن دەلاقەیەکی یەکجار باش بن بۆ ھاندانی منداڵان بەرەو بیستنی واتا و ناوەرۆکی نوێ. جگە لە کورت بوونی ئەو دەقانە، ھەبوونی وشەگەلی جوان و جادوویی وەک :
ھەلاوە مەلاوە
ھەتەرێ مەتەرێ و... خۆی‌لە‌خۆی‌دا دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ جووانکاری‌یەکی بێ‌وێنە کە تایبەتی ئەدەبیاتی منداڵانە.
بەڵام جگە لەوانەش ھەروەک چۆن نەتەوە و زمان بەدرێژایی مێژوو گەشە دەکا، ئەدەبیاتیش چ لە قاڵبی فولکلۆر و چ لە قاڵبی فەرمی‌دا ڕوو لە گەشە و 
ئاڵ‌وگۆڕە و شاعیران و نووسەران بەپێی خواستەکانی مرۆڤی سەردەم حەولیان داوە ماکە سەرەکی‌یەکان ڕاگرن و وێڕای ئەوەش نەتەوەی ئامانج بۆ گەشەی زیاتر یان بیستن و خوێندنەوەی جودا ھان بدەن،  فۆلکلۆریش یەکێک بووە لەو دەرفەتانە.
لە گێڕانەوەی نوێ لە ئەدەبیاتی زارەکی‌دا، سەرەڕای پاراستنی پەیامی سەرەکی دەبێ ناوەڕۆک ھاوتەمەن بێ لە گەڵ ڕاوێژ و تێگەیشتن و جۆری گەشەی مرۆڤی سەردەم کە ئامانجی دەقەکەیە. جگە لەوەش خوێندنەوەی نوێ لە ئەدەبیاتی فولکلۆر دەبێ گەڵاڵە و وشە جادووی‌یە‌کان تا ڕادەیەک بپارێزێ، بەڵام بەتەواوی بۆی ھەیە زمان و بەشێک لە لایەنە‌‌کانی گێڕانەوە بگۆڕێ.
لە جیھان‌دا جگە لە "ئاندێرسۆن" کە پێشتر باسمان کرد؛ "مارسیا براون"،"مارگرێت ھاجز"،"واریک ھاتۆن"،"لیزا وێرگێر" کە خۆی براوەی خەڵاتی ئاندێرسۆنیش بووە، "جی .کەی.ڕۆڵینگ" کە نووسەری پڕفرۆش‌ترین کتێبی جیھان یانی "ھەری پاتێر"ە، و دەیان کەسی دیکەش ئەدەبیاتی فۆلکلۆریان بە زمانی نوێ خوێندوەتەوە و دەقە فۆلکلۆری‌یەکانیان کردووه‌تە ڕێگایەکی دیکە بۆ گەشەی دەقی منداڵانی نەتەوەی ئامانجیان...

له ئێرانیش‌دا کەسانی وەک "بەھرامی بەیزایی"، "سەمەدی بێھرەنگی"، "ئەفسانە شەعبان‌نژاد"، "زەھرا خانلەری"، "مەھدی ئازەر یەزدی"، "موحەمەد کازم مەزینانی"، "ئەفشین عەلا"  و زۆرکەسی دیکەش لەو بوارەدا کاریان کردووە و کارەکانیشیان یەکجار دەنگ‌دانەوەی بووە.
بۆ وێنە لە فۆلکلۆری فارس‌دا شێعری "اتل متل توتوله، گاو حسن چە جورە"
بۆتە بنچینەیەک بۆ دەیان شێعری تازەی منداڵان. بۆ وێنە کتێبی "اتل متل یە جنگل" كە تازە لە دەزگای "چاپ و پەخشی زەعفەران" چاپ بووە یەکێکە لەو دەرفەتە باشانەی کەڵک وەرگرتن لە فۆلکلۆر کە شاعیر بەتەواوی لەو دەرفەتە بۆ گواستنەوەی واتای نوێ ، یانی ناساندنی جەنگەڵ و دارستان بە منداڵان کەڵکی وەرگرتووە.

اتل متل دو تمساح
دوتا دُم و هشت تا پا ..

اتل متل قلقلی،
تو جنگل پازلی
زرافه و شیر داریم
درخت انجیر داریم..

پێویستە ئەوەش بگوترێ کە خوێندنەوەی نوێ تەنیا تایبەتی ئەدەبی منداڵان نیە بۆ وێنە "سیمین دانشوەر" ماکی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی خۆی "سووشون"ی لە "ئەفسانەی خوێنی سیاوەش" وەرگرتووە کە لە "شاھنامەی فێردەوسی"‌دا باسی کراوە. (بە سرنج دان بەوه‌ی شاھنامەش داڕشتنی چیرۆکە ئەفسانەیی و جاروبار مێژوویی‌یەکانی ئێرانە لە قاڵبی نەزم‌دا). ھەڵبەت ئەوەش بەو مانایە نەبووە کە دەقی سەرەکی فڕێ درێ، چون‌کە ئەدەبیاتی زارەکی جگە لە کارکردی تایبەتی خۆی لە جیھان‌دا، ڕێچکەیەکە بۆ خەسارناسی کۆمەڵ‌ناسانەی نەتەوەی ئامانج بەدرێژایی مێژوو کە بەتەنیا ئەو بابەتە هەڵگری توێژینەوەی زۆر دوور و درێژە ... ھەروەھا لایەنی پێک‌ھاتەیی و فۆڕم و لایەنی جوانی‌ناسانەی دەقە زارەکی‌یەکان کە بەشێکی گرینگن لە فۆلکلۆر، بۆ داڕشتنی شوناسی نەتەویی پێویستە. جگە لە لایەنی ئیستاتیکای ئەدەبیاتی زارەکی، ئەو جۆرە ئەدەبیاتە ھەمیشە دەتوانێ ڕۆچنەیەک بێ بۆ خوڵقاندن و ئافراندنی ناوەڕۆکی نوێ.
بەڵام داخۆ ھەموو ئەو شتەی کە ئەدەبیاتی زارەکیی منداڵان کوتوویەتی، ئەوڕۆ قەبووڵ دەکرێ و دایک و باب و مامۆستای ئەوڕۆ پێی باشە؟ بۆ وێنە چیرۆکی "مریشکەقوڵە" بۆ منداڵێک بگێڕدرێتەوە کە تێی‌دا مریشکەقوڵە هەر چون‌کە دەیھەوێ ژیانی ھاوبەش پێک‌بێنێ، مەحکووم بە مردن دەبێ؟
یان دایک و بابێک حازرە ئەو شێعرەی بە سەر زارانەوە بێ:
ھەتەرێ ومەتەرێ
شتێکم بۆ بخەنە بن چەپەرێ
سەری ئاواڵم بە قوونی کەرێ!!!

داخۆ مرۆڤی ئێستای کورد چۆن دەڕوانێتە ئەو دەقانە؟

ئایا باش‌تر وایە ئەو دەقانە فڕێ درێن یان بەجۆرێکی دیکە دابڕێژرێنەوە؟
ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە ئێمە ئێستا لە جیھانێکی نوێ‌ترداین و پێویستیی نوێ کردنەوەی ڕوانگە و دەقیش بێ‌شک  حاشاهەڵنەگرە. ھەڵبەت پێویستە ئەوەش بڵێم کە باسی قەزاوەت و بایخ بەخشین بە دەقێکی نوێ لە ئاستی دەقێکی فۆلکلۆری نییە، بەڵکوو مەبەست کەڵک وەرگرتن لە فۆلکلۆرە بۆ داڕشتنەوەی دەقێک کە ویستێک یان بابەتێکی جودای تێ‌دا خراوەتە ڕوو. زۆربەی ئەوانەی ورد تیۆری‌یە نوێ‌یەکانی ئەدەبی منداڵانیان نەپشکنیوە ،پێیان وایە ھەر شتێک کە مۆرکی ڕابردووی پێوە بێ تازە پیرۆز و نەگۆڕە و دەس‌کاری و کەڵک وەرگرتن لەبەشێکیان لە دەقێکی دیکە‌دا  نەشیاو و تەنانەت تاوانە. بەڵام ڕاستیی ئەوەیە کە لە هەموو وڵاتان و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی ئەدەبی منداڵان بەجیددی تێیان‌دا وەرگیڕاوە و کاری بۆکراوە و تەنانەت لە ئێرانیش‌دا نوێ بوونەوە لە ھزری دینی‌یەوە تا کۆن‌ترین واتاکانی مرۆڤایەتیی گرتووەتەوە و بە کەسیش نە پێشی گیراوە و نە بەربەست دەکرێ.

لەو ڕۆژانە‌دا شێعرێک لە شاعێری کورد، مامۆستا "یۆنس ڕەزایی" بڵاو کرایەوە و کەسانێک بە هەر هۆیەک لەو هۆیانەی لە سەرێ‌دا باسی کرا، بەمەبەستی جوداوە هێرشیان کردە سەر و  پێیان وایە ئەو چەشنە ڕووبەڕووبوونەوەیە بۆ سڕینەوە، دەتوانێ دەرفەتێک بێ بۆ وەی ئەوان بانگەوازی ئەوەی پێوە بکەن گۆیا دەقە فۆلکلۆری‌یەکان چەواشە دەبن. هەرچەند دەبێ ئەوە بگوترێ چون ئەو دەقانە تۆمار و چاپ کراون و پارێزراون نە چەواشە دەکرێن و نە دەسڕدرێنەوە بەڵکوو لەمەودواش دەیان حەولی دیکە دەدرێ کە لە وزەی ئەو دەقانە کەڵک وەرگیرێ و ببنە هەوێنی نووسینی دیکە. جا لە نووسینێک‌دا پشکی زۆری نووسینەکە پاراستنی دەقە فۆلکلۆرەکەیە و لە نووسینێک‌دا ڕەنگە هەر لە هەندێک ئیما و ئیشاڕەی دەقە فۆلکۆری‌یەکە کەڵک وەرگیرێ...

لە دەقی ئەسڵی "ھەلاوە مەلاوە"دا ئەو ڕۆڵ و پێگەیەی بۆ کوڕ و کچ پێناسە دەکرێ  ئەوەیە کوڕ ببێ بە زاوا و کچی ماڵێش  ببێ بە بووک و بەچاوە نەبێ. واتە ئاواتی خوازراوی ئەو منداڵەی چۆتە ھەلاوە مەلاوە ئەوەیە. کە بەڕای من بەزاوا بوونی کوڕی ماڵێ ڕەنگە شتێکی ناحەز نەبێ و ڕەنگە بوارێک بێ بۆ بە ئاوات خواستنی شادی، بەڵام ڕۆڵی کوڕ
 بەتەواوی ڕوڵێکە نەریتی نێرسالارانەی کۆمەڵگای پێشوو پێی بەخشیوە، کەچی ڕۆڵی کچ ڕۆڵێکی نائەکتیو و مانەوە لە دۆخی بووک و ... کۆی ئەو نەریتەیە کە کۆمەڵگای نێرسالار بەئاواتی خواستووە وابێ. ڕەنگە لە ڕوانینی ساکاردا  نە بووک بوون و نە زاوا بوون، نە بایخ بن و نە 
دژەبایخ، بەڵام کێن ئەوانەی لە گۆڕانی ئەو ڕۆڵ و کارانە دەترسن. وڵامی ئەو پرسیارە خۆی بابەتێکی جودا دەخوازێ و وردبوونەوەیەکی کۆمەڵ‌ناسانە.
بەڵام مامۆستا یۆنس لەو نووسینەدا ھاتووە لە ھەلاوە مەلاوە وەک دەرفەتێک بۆ دیسان داڕشتنەوەی ڕۆڵی کچ و کوڕ لە دونیای ئەوڕۆی کوردەواری‌دا کەڵکی وەرگرتووە و بە ھەر دووکیان ڕۆڵی بکەری غەیرەجینسی دەبەخشێ و ئاواتی بۆ کوڕان ئەوەیە مێعمار بن و بۆ کچانیش پزیشکێک کە ڕەنگە لە ئەوپەڕی دەقەوە بکرێ بڵێین مێعمارانی کۆمەڵگا و چارەئەندێشەکانی داھاتوو بن و نەک تەنیا هەر ببنە دکتۆر و موهەندیسیش. واتە ئاواتەخوازی بۆوەی بکرێ دەرفەتێکی دیکە بۆ ڕۆڵی کچ و کوڕ جودا لە جینسییەت دیاری بکرێ و تەنیا کوڕ و کچ وەک نێر و مێ و بووک و زاوا نەبیندرێن.
داخۆ ئەو ڕۆڵە و ئەو ئاواتە بۆ منداڵی کورد ناحەزە؟
داخۆ کاتی ئەوە نەھاتووە کە کچانی کوردیش وەک کوڕانی کورد چالاک و بکەری کۆمەڵگای خۆیان بن؟
ھەر وەک پێش‌تر باسم کرد، ئامانج ئەوە نییە دەقی فۆلکلۆریکی ھەلاوە مەلاوە بسڕدرێتەوە و ئەو دەقە هەر لەو ڕادەیە‌دا پێوەندی بەوەوە هەیە کە منداڵی کورد بتوانێ دەرفەتێکی ھەبێ بۆ ھەڵبژاردنێکی نوێ و ئافرانی دیسانەوەی خۆی لە کڵێشەی فۆلکلۆردا.
جگە لەوەش ئەو شێعرە ھەرچەند لە باری کێشەوە ھیچ گرێیەکی نیە، و ئەگەر کەسێک بزانێ بیخوێنێتەوە ئەوە کێشەکەی پارێزراوە و ...  ، بەڵام پێویستە ئەوەش بگوترێ کە لە خودی دەقی ھەلاوە مەلاوە‌دا کێش پەنجەیی‌یە و عەرووزیی نییە و لە فۆلکلۆردا دەیان نموونە هەیە کە کێشەکان زیادوکەم دەکرێن. هەر بۆ ئاگاداری ئەو دۆستانە، مامۆستا گۆران لەسەر ئەو سامانەیە کە دێ و دەنووسێ: 
کوردستان گەڕام     دۆڵاو دۆڵ پێوام
نە لەشار و نە لەدێ   نەمدی کەس وەک تۆ جوان بێ 
یان لە شێعری ساوای ئاشتی‌دا:
 باوکم نابێ بێ‌کار بێ
ڕووت‌وقووت و هەژار بێ
وەک دڵۆپی بەهار بی
مناڵیکم مناڵێکم ئاشتی‌خواز

یان لە دەقی فارسی‌دا:
گُل گُل گُل اومد
کدوم گُل
همون کە رنگارنگە
برای شاپرکها یە خونەی قشنگە و ...

ئەوانە و  زۆر بابەتی دیکە ئەوە دەردەخەن ئەو بوارە یاساوڕێسای تایبەتی خۆی هەیە و باسی تایبەتی خۆی پێویستە. واتە بابەتی پاراستن و نەپاراستنی کێش لە بوارێک‌دا بە ناوی کێش لە شێعری منداڵان‌دا بەدرێژی و وردی لە هەموو کتێبە شیکاری‌یەکانی ئەو حەوزەیەدا خراوەتە ڕوو و قسە زۆر زیاتر لەوە هەڵدەگرێ.
ھەڵبەت ھەر ئێستاش شاعیری ئەدەبیاتی منداڵ دەستی ئاوەڵایە بۆ تێک‌دانی کێش و سەروا کە لە نیماوە لە ئەدەبیاتی ئەم دیوەدا دەستی پێکردووە و بەردەوامە.
بەو ھیوایە کە بەجێی دوژمنایەتی و پەلاماردان هاودڵانە بیر لە دۆزینەوەی هۆکارەکان و خستنە ڕووی خەسارەکان بکرێتەوە و هەموو بیر لە ڕاھێنان و خەلقی نیگای نوێ بۆ ئەدەبیاتی منداڵان بکەینەوە و ئەگەر مەبەست سازکردنی پردی تازە بوو ئەو دەمە کەم‌کەس واتای نوێ‌خوازی و خستنە ڕووی ئاواتێکی بچووکی لە دەقێک‌دا لێ تێک‌دەچێ.