تاریخ: ۱۳۹۷/۱۲/۵
یەکەم بەرهەمی مینیماڵی چیرۆکنووسی پیرانشاری لە چاپ درا
به پێی هه‌واڵیی هاژه، کۆمەڵە چیرۆکی "خەون لە ناو مەرگ دا " لە نووسینی "محەممەد مەردانی ئەفزەل" چیرۆکنووسی پیرانشاری بە هاوکاری دەزگای چاپەمەنی زانکۆی بۆکان  ڕەوانەی بازاڕ کرا.
ئەم بەرهەمە ئەدەبیە کە لەسەر شێوازی مینیماڵ نوسراوە ۷٤ چیرۆکی کوردی و هەروەها ۲۰ چیرۆکی فارسی لە خۆی دەگرێت و  ۱۰٤ لاپەڕەیە.
ئەفزەل لە حاڵێکدا یەکەم بەرهەمی خۆی بڵاو دەکاتەوە کە ماوەی ۱۲ ساڵە بەشێوەی فەرمی کاری نووسین دەکات و لە ساڵی ۱۳۸٤ ی هەتاوی بە بەشداری کردن لە دانیشتنەکانی " ئەنجومەنی ئە‌دەبی چرا"ی پیرانشار و هەروەها چالاکیەکی بەرچاو لە کارگای چیرۆکی ئەو ئەنجومەنە توانی وەک نووسەرێکی بەهرەمەند خۆی نیشان دات.
شایانی باسە کە ناوبراو ساڵی ڕابردوو پلەی یەکەمی فستیواڵی  کورتیلە چیرۆکی تەنزی هاژەی مسۆگەر کردبوو.
ئەفزەل لە ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی لە پیرانشار لە دایک بووە و جیا لە کاری نووسین چالاکێکی میدیاییە و هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی داکۆکی لە مافی مناڵانە.