تاریخ: ۱۳۹۷/۱۲/۲
سووکە ئاوڕێک لە سەر یۆتۆپیزم کردنی زمانی شێعری کوردی
عەبدولقادرنیازی ـ شاعیر و ڕەخنەگر

"بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی"

 

خۆپاراستن لە پەرە‌پێدانی زمان وەک پێکهاتە و پڕەنسیپ لە گشت بوارەکاندا، کە خاوەنی پێشینە و قورسایی تایبەت بەخۆیەتی و هەمیشە خۆی لە قەبارەی گەلێک نیشانەی کەلتووری و ئەدەبی و سیاسی کڕژ و پڕ حەجم دا بەرجەستە کردووە، دەکرێ وەک هەڵوێست و تەنانەت دژکردەوە و لە خراپترین حاڵەتی خۆیدا، وەک جۆرێک ئینفعال و بەرهۆکاری لێی بڕواندرێ.

 پێشینە و کڕژایی  و هەروەها بارستایی و هەڵکێش داکێشی زمان (نوسان)، کە لە بنەڕەتەوە سەرچاوە لە زەین دەگرێ و بە دیالۆگی ڕۆژانە و ئەدەب و سیاسەت و تەنانەت شانۆ و سینەماش کۆتایی دێ، گرینگایەتی ئەو سەرێتیەی مرۆڤ دردەخا کە زمان گرینگایەتی خۆی هەیە و خانەی وجوودیشە.

ئەوەیکە لەو مابەینەدا بە چ ڕوویکەرد و مێتۆد گەلێکەوە لە زمان بڕواندرێ و چ ئاکام و دەرئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە و شڕۆڤەی زمان و بەسووژە کردنی بە چ ئاقارێکدا بەرێ و.... هەم بابەت گەلێکی گرینگ و جیاوازن هەم دەکرێ وەک بنەما و پڕەنسیپی لێکۆڵینەوە لەمەڕ زمان بێنە ئاراوە. بەتایبەت کە یەکێ لە ئەستۆندەکانی پێناسەی گەلەکان و شوناسی مرۆڤ لانیکەم لەم سەدەیەدا بێ گومان زمانە و وەک گرینگترین فاکتی شوناس دێتە ئاراوە.

ئەدەبی کوردی بە گشتی و شیعر بەتایبەتی، لە دەسپێکی خۆیەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، حەولی ئەوەی داوە کە دانستە یا ناخودئاگا خۆی لە دووتۆی شێوەیەک لە دینامیزم و ئسنۆبیزمی زمانیدا، بدۆزێتەوە. ئەوەش سەرەڕای باس و خواس گەلێکی ئەرێنی و نەرێنی بووە کە ماوەیەکی زۆرە لە کۆمەڵگای کوردیدا لە حاند بەستاندارد کردن و نەکردنی کراوە. ئەوەی کە بەستاندارد کردن و نەکردنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چ ئاقارێکدا دەڕوا و بە چ ئاکام و دەرئەنجامێکدا بێ شک خۆی لە بەستەرێکی گشتی کۆمەڵگای کورددا دەدۆزێتەوە و ئەوەیکە بێ ئەو باس و خواسەش زمان لە ئەدەبی کوردیدا ڕاندۆمان و کردە و هەڵوێستی خۆی هەبووە و بەردەوام زاوزێی کردووە، لە پانتای گشتی و خسڵەتی زماندا شیاوی لێکۆڵینەوە و شڕۆڤەیە.

 سەرەڕای ئەوەش، خوێندنەوە و قەڕائەت گەلێکی کە لەو کردە زمانییە (کنش زبانی)، کە وەک دیاردەیەک خۆی لە شێعری کوردیدا نیشان داوە، کراون، خۆی هەڵگری گەلێک پرسیارە، کە لە زۆر جێگادا بە هۆی نەبوونی ڕەخنەگری جدی و بێ لایەن، بێ وڵام ماوەتەوە.

ئەوەیکە باس لە زمانی کوردی و ئەکتیویتە و ڕەهەندەکانی لە شێعری کوردیدا دەکرێ، ڕەنگە چەمک و تەوەرێکی زۆر کوللی و گشتی بێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناکرێ پێوەندی هەر کام لەو کردە زمانییانە نەخرێتە بەر شڕۆڤە و لێکۆڵینەوە. ئەوەی دیارە ئەوەیە کە دیاردە ناسی زمانی کوردی لە شێعردا، بە هۆی هەندێ خوێندنەوەی خێڵەکی و دەمارگرژانە و داڕماوەوە هێشتا بەو جۆرەی شیاوە نەچۆتە خانی بە پڕۆبڵۆماتیک بوونێکی تێئۆریک و زانستی شیاوی خۆی. ئەو خەسارانەش نە تەنیا سەربەخۆیی زمان وەک فاکتێکی خوڵقێنەر کە زمانی کوردیشیان تا ڕادەیەکی زۆر خستۆتە پەڕاوێز و ئینزوا و گۆشەگیرییەوە.

دیارە لەو بەستێنەشدا، کە باس لە سەربەخۆیی زمانی شێعری دەکرێ، نە بەمانای پاکتاو کردن یا سڕینەوە یا نکۆڵی کردن لە دیکەی کردە زمانییەکان، کە ڕێک ئاماژە بەو ئیگزیستە سەربەخۆیە دەکا کە زمان لە شوێن کاتێکی دیاری کراو و خاوەن موختەساتی تایبەت بەخۆیدا مانیفێستی بۆ دەردەخا و لەو دۆخەدا خۆی لە بەکارهێنەرانی جیا دەکاتەوە و دەبێتە دیسکۆڕسێک کە تەنانەت خۆی لە ژێر کۆگای بەرهەڵستی بە ڕواڵەت ئەخلاقیشدا دەدزێتەوە.

جیا لەوەیکە ئەو کردە زمانییە و زۆرجار بێ ئەخلاق و سکۆلارە، تاچەند دەرەتانی دیالکتیک لەگەڵ فەزای زاڵی ئەدەبی کوردی و بارگراوەندی ئەخلاقی و کلتووری و تەنانەت ئوستوورەیی کۆمەڵگای کورددا پێک دێنێ، زۆرجار مەکۆی موناقشە بووە. لەبەر ئەوەیکە ئەو کردە زمانییە سکۆلار و غەیر ئەخلاقییە (نەک دژە ئەخلاق)، بەردەوام دیالۆگ و تەعامولی لە گەڵ هزر و ئەندێشە هەبووە و خوێنەریش لە کۆمەڵگای کوردیدا زۆر بە دەگمەن خۆی لە قەرەی زمانێکی بنەماشکێن و لە خۆشخیم‌ترین حاڵەتی خۆیدا (سکۆلار)، نزیک کردۆتەوە. باس لە زمانی سکۆلار کە دەکرێ مەبەست لە پێکهاتە و پڕەنسیپێکی زمانی و زمانەوانییە کە ڕەخنە و دەق لە کەسایەتی ئافرێنەر دەرهاوێ و بێ ئەوەی تووشی ڕوویکەرد و خوێندنەوەگەلێکی سانتی مانتاڵ و دروشم ئاسا بێ، ئەرکی خۆی بەجێ بێنێ، بێ گومان ئەو دووبەرەکییە و دەبەرێکدا ڕاوەستانەی ئێستا  لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەدا، دێتە ئاراوە، سەرچاوەی لە تاک لایەنی و ئوستوورە پەرەستییە گرتووە کە تاقمێک لە ژێر دەمامکی پەرەپێدان بە زمانی کوردی و بە ڕەسەن هێشتنەوەی ئەو دیکەن، کە نە تەنیا لە سترەکتۆر و فۆڕمدا، کە ڕەگاژۆی دە تەئویل و بەستەرێکی هێڕمنۆتیکی تەواو ئەخلاقی و خێڵەکیدا کردووە کە بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان نە تەیاری وەرگرتنی زمانی سکۆلار و تێئۆریکە نە حازرە تەعامولی لەگەڵ بکا و نە بە فەرمیشی بناسێ.

ئەگەر چی بەهیچ شێوازێک ناکرێ ڕوویکەرد و فەرایەندە زمانییەکان، دە چوار چێوەی پێناسە و ناساندنێکی هەمەلایەنە و چڕدا شڕۆڤە بکرێن. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ ئەوەیە کە لە حاست زمانی سکۆلاری شێعری کوردیدا، ئێپستمۆلۆژی زمانی کوردی بە هەموو جێگە و پێگەی خۆیەوە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی سەردەمیانەتر و یۆنیڤێرساڵتر هەیە بۆ ئەوەی خۆ لە هەندێ ئوستوورە پەرەستی و ئەو دوگماتیزمە واتایی و ناوەرۆکییە دوورە پەرێز کاتەوە، کە زۆر جار دژبەری ڕاسیۆناڵیزم و عەقڵانییەت باوەڕییە.

 زەروورەتی وەها ڕووبەڕوو بوونەوەیەک لەگەڵ زمان و شێعری کوردی، ڕێک سەرچاوە لەو دیالکتیکە زیندوو و ئەو دینامیزم و کاتالیزۆرە عەقڵانییە دەگرێ کە لە پێوەندی و تەعامولی زمان و تاکدا خۆی دەردخا و لە پانتای گشتی و کۆمەڵایەتیدا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەگەر پێشتر باس لەوە دەکرا کە شێعر ڕووداوێکە دە زماندا ڕوو دەدا ئێستا وێڕای ئەو پێناسە گرینگە لە شێعر و زمان، زەروورەتەکانی بە جیهانی بوون وا ئیجاب دەکەن کە شێعر دەبێ خۆی بەدیهێنەر و ئافرێنەری زمان بێ. ئەوەش بێ خۆ دوور خستنەوە لە خوێندنەوەی خێڵەکی و دوورە پەرێزی لە ئوستوورە پەرەستی و دەمارگرژی، بەو دەرئەنجامە ناگا.

ئەوەی کە دیارە ئەوەیە، زمان بە هۆی ڕۆچوونی دە بارودۆخ گەلی جیاوازدا هەمیشە خاوەن هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەیە و تاکیش بە هۆی چەمەوازبوونی لە مابەینی ئەندێشە و زماندا بەردەوام  پێویستی بە شوناسێکی عەقڵانی تر هەیە. پێوەندی نێوان ئەو دوو تەوەرە پتر لە وەی کە پێوەندییەکی ڕۆژانە و ژورنالیستی و داڕووشاو بێ، ڕوویکەردێکی تەواو فەلسەفی و ڕەوان ناسانەیە کە بەر لەوەی زمان و ئەندێشە بەرەو ناشوێن ڕاگوێز کا، سووژە وەک "من"ێکی ئافرێنەر و خاوەن هەڵوێستێکی ئیجابی و پۆزەتیڤ دێنێتە کایەوە. بۆ ئەو مەبەستە پتر لە گشت مێتۆدەکانی خوێندنەوە، هەست بە لێک دابڕینی زمان و ئەو بەستەرە کۆمەڵایەتییە دەکرێ کە هێشتاش پەلەقاژەی ئوستوورە پەرەستی و چەنگەپرچەی دوگماتیزمیەتی.

 دیارە بۆ ئەوەش پاساوی تایبەت هەیە و پێشتریش ئاماژەی پێ درا کە سازکردن و لانیکەم هەموار کردنی فەزایەکی کراوە بۆ مسۆگەر کردنی دیسکۆڕسێکی تێئۆریک پیویستی بە کردە و ئەمری زمانی مۆدێڕن و پێشکەوتوو  هەیە کە بتوانێ هاوکات پێوەندی نێوان زمان و خوێنەر و دەق مسۆگەر کا. ئەوەش بێ شک دەگەڕێتەوە سەر توانایی و خسڵەتی زمان بە گوێرەی ئەو توخم و ماکانەی کە لە تەعامول لەگەڵ دنیای زەین و دەرەوەی زەیندا وەک ئۆبژە دەیانبینێ.

ڕوانینێکی ئاسایی لە سەر زمان و ڕەنگ دانەوەکانی لە سەر شێعری مۆدێڕنی کوردی کە خۆی لە تیترێکی پڕناوەرۆکی وەک شێعری مێتڕۆپۆلدا دۆزیوەتەوە، سەلمێنەری ئەو ئیدعایەیە کە زمان لە شێعری شاردا بە پێچەوانەی هەندێ جەریانی شێعری، نە دە خزمەت پەیام و بۆنەیەکی تایبەت و تاکێکی تایبەت دابووە، کە پتر سەرهەڵداوی ئەو تەعامول و دیالکتیکە بووە کە زمانی کوردی لەگەڵ عەقڵانییەتی یۆنیڤێرساڵ و هەروەها مێژووی ئەدەبی جیهانی و ئەندێشەدا هەیبووە. باس لە شێعری مێتڕۆپۆل (کلان شهر) کە دەکرێ، مەبەست لە دۆخە زەمانی و مەکانییە کە مێترۆپۆل  دە پێناسەی فیزیکی خۆیدا هەرگیز نەیویست و نەشیتوانی خۆی لێ دەرباز کا. ئەوە لە لایەک دەرخەری پوتانسییەلەکانی زمانی کوردییە لە لایەکی تر وەک سەرەکیترین فاکتەری پێشکەوتوویی و بەڕۆژ کردنەوەی زمان دێتە ئاراوە کە ئێستا و لەو سەردەمەدا وەک زەروورەتێک بۆ نەتەوەی کورد دەبێ لێی بڕواندرێ.خاڵی هاوبەشی هەر دوو تەوەر کە ئاماژەی پێ کرا، ئەو چەمەوازێیە (انعطاف) کە زمانی کوردی بەهەموو شاخە و ژێرشاخەکانییەوە هەڵگرێتی.

دیارە ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو پڕەنسیپە کەلتووری و سیاسی و تەنانەت ئابوورییانە کە پتر لەوەی تەنیا بەرساخت یا  واسازی و نۆژەن کردنەوەی تیۆری سیاسی و کەلتووری بێ، سەرچاوەی لە زەرفییەتی کاربوردی و کۆمەڵناسانەی زمانی کوردی گرتووە کە خۆی بەشێکە لە تواناییەکانی زمان و کوردیش بە خۆشییەوە خاوەنێتی.

بە گوێرەی ئەوەی تا ئێرە کوترا، دەکرێ بکوترێ کە کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ ئەوەیکە هێشتا بەو جۆرەی شیاوە نەیتوانیوە خۆی لە گەڵ چەمکی شار و مێترۆپۆل دا ڕێک بخا تا ڕادەیەکی زۆریش لە مابەینی چەمکی سوننەت و مۆدێڕنیزمدا تووشی هەڵپەسێراوی و دۆخێکی ئانۆمیک و لە گەش بینانەترین حاڵەتدا تووشی خوێندنەوەیەکی سەقەت و لانیکەم دەڵەمە بووە، لە کاتێکدا کە شێعری کوردی بە هۆی تەعامولی زمانی، خۆی لە قەرەی شێعری پۆست مۆدێڕنیش داوە (شێعری بەرەی چوار)، هێشتاش خوێندنەوەی دەقی نوێ و تێئۆریک ئەو جۆرەی کە شیاوە ڕەگاژۆی دە ڕەخنەی ئەدەبیدا نەکردووە.

 بۆ دەرچوونی کۆمەڵگا لەو دۆخە پتر لە گشت کەرەستەکان، هەست بە زەرووری بوونی چەند فاکتەری گرینگ و سەرەکی دەکرێ کە گرینگترینی ئەوان ئەوەیە زمان نەک وەک ئامڕاز کە وەک ئامانج (هدف) سەیری بکرێ (فێردینان دۆسووسوور).

 دوورەپەرێزی لە خوێندنەوەی دوگم و تاک لایەن و دەمارگرژانە لە ناسیۆنالیزم کە ڕۆڵێکی گرینگ و سەرەکی بۆ شوناسی مۆدێڕنی کورد هەیە و هەروەها خۆ پاراستن لە ئوستوورە پەرەستی و سووژە کوشتن فاکتەرێکی ترە کە دەبێ بەشێوەیەکی جدی لێیان بڕواندرێ، بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە پانتای گشتیدا و لە ئەدەبیشدا خاوەنی واژۆی خۆی بێ.