تاریخ: ۱۳۹۷/۱۲/۲
ئەوین و زمان بەری دارێکن
عه‎زیز وه‎لیانی
    
 زمان، بنەمای هەرە گرینگی پێناسەی نەتەوەیی‌یە بۆ هەر قەوم و میللەتێک. لە چوارچێوەی "زمان"دایە کە کەلتووری نەتەوەییت دەگوورێ، دەبووژێتەوە و گەشە دەکا؛ داب‌و‌نەریتی کۆمەڵایەتیت ڕوحی وە بەر دێ. بە گوێرەی "زمان"ە کە ڕابردووت لە ئێستادا بەدی دەکەی و گیانێکی نوێی پێدەبەخشی. بە هۆی "زمان"ە کە خۆت بە جیهان و بە مێژوو دەناسێنی و دەسەلمێنی. بەڵێ! زمان، هەوێنی بوون و مانەوەتە لە ڕەوتی مێژوودا.
زمان گرینگتر و پڕبایخ ترە بۆ ئەو نەتەوەی بە درێژایی مێژووی شارستانییەت دڵی کەلاوڕێژە لە تاسەی سەرفراز بوون. ئەو نەتەوەیەی هەموو ساتێ، چ لە سێباری شەوان و چ لە بەر تیشکی خۆرەتاوان، تاسەی هەڵمژینی بۆن‌و‌بەرامەی گوڵی سەربەستی لە دڵایە. 
هەر لە ئێران‌دا، زیاتر لە سی ساڵە خەڵک، چاولەڕێی بەڕێوەبردنی ئەسڵی 15ی قانوونی ئەساسین کە بەشقێ خودای، ڕۆژێ ئەم خەونە بێتە دی، بەڵام هەر جار نا جارێ ئەم خولیایە لە لایەن کاربەدەستانی باڵای فەرهەنگییەوە، وەک مۆتە تەعبیر دەکرێتەوە نە وەک "دەرفەتێک" بۆ درەوشانەوەی پەلکەزێڕینەی زمانی هەموو نەتەوەکان!
دەمێکە خەڵکی کورد  لە مەڕ  چارەسەری ئەم گرفتە بە جارێ دڵ‌سارد و هیوابڕاو بوون. تەنیا لە سەردەمی هەڵبژاردنەکانە کە لە قالبی وادە و بەڵێنییەکان، سەرلەنوێ غونچەی هیوا و هومێد لە دڵان‌دا  دەپشکوێ  کە  ئای بەڵکوو... .
ئاکامی ئەم خۆ سڵ کردنەی کاربەدەستانی باڵایە، بۆتە هۆی ئەوە کە 85% حەشیمەتی گشت شارەکان، بێ‌بەشن لە خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایک.
ئەگەر هەوڵی نەسرەوتووانی قەڵەم لە بەستێنی شێعر و نووسین نەبوایە، دەمێک بوو گڵۆڵەی زمانی کوردی بەرەو لێژی گلۆر دەبۆوە.
جاڕنامەی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی یۆنسکۆ و هەر وەها نیهادەکانی مەدەنی، دەیان جار وریایی ئەوەیان داوە کە لە سەردەمی ئەوڕۆدا پارێزگاری لە کەرامەتی ئینسانەکان پەیوەستە بە ڕێز گرتن لە زمانی کەمینەکان، وەک پێناسەی نەتەوەیی ئەوان.
خاوەن‌ڕایان بە پێی ئەزموونە تاقی‌کراوەکان لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو، لە سەر ئەم  ڕایە سوورن کە مەقوولەی زمانی دایک لە وڵاتانی فرەنەتەوە، باشترین دەرفەتە بۆ سڕینەوەی دەمارگرژیی بێ‌بنەمای نێوان نەتەوەکان، هەلێکی گونجاوە بۆ یەک‌ڕیزی و بە یەکەوە حاوانەوەی گشت نەتەوەکان لە بەستێنی پێشکەوت و سەرفرازی‌دا.
بەداخەوە کەش‌و‌هەوای وڵات بە شێوەیەک ئاڵۆز بووە کە تەنانەت ئەندامانی پایەبەرزی "فەرهەنگستان" دژبەری زمانی نەتەوەکانن و وەک "هەڕەشە"یەک دژ بە زمانی فەرمی لێکی دەدەنەوە!
هەڵوێستی بێ بەڵگەی چەند ساڵ لەمەوبەری مەزنەپیاوانی "فەرهەنگستانی علووم" زۆر لە کارناسانی زمان و فەرهەنگیان سەر‌سوڕماو کرد. 
تۆ بڵێی کۆشکی زمانی فارسی سەرەڕای هەزاران ساڵ تەمەنی دەسەڵاتداری و خاوەنی مێژووی ئەدەبی نووسراوە، بە گەشەی یەک لە زمانەکانی هاوڕیشەی خۆی درزی تێ‌بکەوێ؟!  
سەردەمی "سوقڕات"مان دێتەوە بیر. بریا عیلم و سیاسەت، هیچ کات یەک‌ماڵ نەبان. بریا سنوورێکیان تێکەوتبا بە پانایی هەموو وڵات.  
زمانی زگماکی، شیری حەیات‌بەخشی دایکە. خوێنی نێو شادەمارەکانی جەستەی نیشتمانە. بۆ نەتەوەی ئێمە ئەوین و زمان بەری دارێکن؛ دارێک بە ناوی ژیان و مان.