تاریخ: ۱۳۹۷/۴/۱۸
ڕێگاوبانەکانمان بۆنی مەرگیان لێدێ!

پێژمان ئیسماعیل نژاد

گواستنەوەی زەمینی وەک یەکێک لە گرینگترین پێوەرەکانی پەرەئەستاندن، کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر گەشە و بووژانەوەی ئابووری هەیە. بەشێوەیەک کە خاوەنڕایانان و ئابووریزانان لەسەر ئەم بڕوایەن کە بۆ پەرەی یەکەیەکی ئابووری  دەبێ گواستنەوەی زەمینی لە دوو بوار دا پەرە پێبدرێت. ئاشکرایە کە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرەکیی پەرەئەستاندنی گواستنەوەی زەمینی بە پلەی یەکەم، گەشە و بە ئیستانداردکردنی ژێربیناکانی پەیوەندی و گەیاندنی زەمینییە
.

لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژئاوای وڵات (بەتایبەت دوو پارێزگای کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا) وێڕای بوونی 5خاڵی گومرکیی سێروو، تەمەرچین، ڕازی و پۆلدەشت لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و دوو خاڵی سنووریی باشماق و سەیرانبەن لە پارێزگای کوردستان بارودۆخێکی تر لە گۆڕێ دایە. ژێربیناکانی گەیاندن لەم دوو پارێزگایەدا نەتەنیا بۆ بواری تڕانزیت ئیستانداڕد و گونجاو نین بەڵکوو ڕێگاوبانی ئەم دوو پارێزگایە بۆتە قەتڵگایەک بۆ دانیشتووانی. دەڵێی بەرپرسانی پەیوەندیدار لە گشت پلەکاندا نە هیچ بڕوایەکیان بە بۆچوونە ئابوورییەکان هەیە و نە هیچ نرخێک بۆ بۆچوونی کارناسان دادەنێن.

گیانلەدەستدانی 351کەس و برینداربوونی 8هەزار و236 کەس تەنیا لە یازدە مانگی ساڵی 1396ی هەتاوی لە ڕێگاوبانەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و هەروەها کوژران و قوربانیبوونی 388کەس لە جادەکانی پارێزگای کوردستان لە ساڵی 1396هەتاویدا و بەرزبوونەوەی 3.7 لە سەتی ڕێژەکە بە بەرامبەر لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا( بە پێی وتەی بەڕێوەبەرانی گشتیی ناوەندەکانی پزیشکیی یاسایی ئەم دوو پارێزگایە) شایەدییەکە بۆ ئەم وتانە.

لە شازدەهەزار کیلۆمیتر تۆڕی شارێگەی وڵات، پشکی پارێزگای کوردستان تەنیا 195 کیلۆمیتر و لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەگەڵ قوڵینگلێدانی  800کیلۆمیتر شاڕێگە، دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ ئێستا بە تەواوی نەکەوتوونە بواری جێبەجێکردن و کەڵک لێوەرگرتن و لە زۆر شوێن بەنێوەچڵی بەجێ هێشتراون.

بە پێی ئەم بارودۆخە نالەبەرە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئامارانە دەتوانین بڵێین کاتی ئەوە هاتووە کە بەرپرسان چیتر گوێی خۆی لێ نەئاخنن و بە لەبەرچارگرتنی هەنگاوگەلێکی کردەییی وەک: ئەندازیاری ڕێگاوبانەکان، ئەندازیاری کەرەستەکانی گواستنەوە، بەهێزکردنی فریاگوزاری ناو ڕێگاکان، چاککردنی خاڵە مەترسیدارەکانی ڕێگاکان و باشکردنی ئەوان وەک فراوانکردنییان، زۆرکردنی هێڵەکانی سەر جادەکان و کردنیان بە چوارهێڵ و شەش هێڵە، جیاکردنەوەی ڕێڕەوەکانی هاتن و چوون، زۆرکردنی هێماکان و ئامرازی هێمنایەتی  و فێرکاری و پەرەپێدانی کلتووری دروستی لێخوڕێن و ئاژۆتن دەرکەوتەکانی پێکدادان  و پێکانی هاتووچۆ و گواستنەوەی کەم بکەنەوە.