تاریخ: ۱۳۹۵/۷/۱۶
کۆڕی پەردەلادانی کتێبێک له بۆکان بەڕێوە چوو+ وێنه

به پێی هه‌واڵی هەواڵنێری هاژه له شاری بۆکان، ڕۆژی پێنج شەممه 15ی ڕەزبه‌ری 95ی هەتاوی کۆڕی پەردەلادان له کتێبی "هه‌را و تووڕه‌یی" نووسراوەی ویلیام فاکنێر و وەرگێڕدراوی محه‌ممه‌د ڕەمەزانی له ساڵۆنی سیمورغی شاری بۆکان به‌ڕێوە چوو.

له‌م کۆڕەدا که به هیممه‌تی ئه‌نجومه‌نی ئه‌دەبی بۆکان و به بەشداری بەرچاوی ئه‌دیبان و نووسەرانی موکریان بەڕێوە چوو، وەرگێری کتێب وێڕای ئاماژه به ڕەهەندەکانی جۆراجۆری وەرگێڕان لەسەر چۆنیه‌تی وەرگێڕان دوا و وتی: وەرگێڕان له زمانی سەرەکی بۆ زمانی کوردی دەتوانێ دەورێکی کاراتر له ڕاگوازستنی مانا و مەفهوم به دەسته‌وە بدا. له درێژه‌دا سەیدقادر هیدایه‌تی که ئه‌رکی پێداچوونه‌وەی کتێبه‌که‌ی له ئه‌ستۆ بووه لێدوانێکی له سەر باری قورسایی کتێبه‌که به کورتی ئاراسته کرد.

به‌شداربووانی کوڕی زانستی ئه‌م مەڕاسمه بریتین بوون له بەڕێزان عەتا نەهایی، محەممەد ساڵح سووزەنی و دکتور بەختیار سەجادی.

نەهایی ڕۆمان نووسی کورد له وتەکانیدا ئاماژەی به‌وە کرد که بۆ تێگه‌یشتن له‌م ڕۆمانه پێویسته بەردەنگ سەرەتا پێشه‌کی به وردی بخوێنێته‌وە و زێهنیه‌تی چۆنیه‌تی گێڕانه‌وە لای شتێکه که به جوانی سێبه‌ره‌که‌یم لەوێدا به‌دی کردووە و زۆر دەربه‌ستی خوێنه‌رەکه‌یه‌تی.

نه‌هایی هه‌روا وتی وەرگێڕانی "هەرا و تووڕەیی" دەرگای چوونه ناو ئه‌دەبێی نوێمان بۆ دەکاتەوە.

هه‌روەها دکتور سەجادی مامۆستای زانکۆی کوردستان، محه‌ممه‌د ڕەمەزانی به وەرگێڕێکی به توانا و لێهاتوو وەسف کرد که توانیویه‌تی به وەرگێڕانی چەند ڕۆمان به نرخ به زمانی کوردی خزمه‌تێکی شایان بکات. سەجادی وتی: ئه‌مڕۆ له جیات کۆڕی پەردەلادان بێ زۆرتر جێژنێکه بۆ زمانی کوردی که بەم وەرگێڕانه پەرە دەستێنێ. لەم کۆڕەدا پەیامی پیرۆزبایی ئه‌نجومه‌نی ئه‌دەبی مەهاباد، وژینی مەریوان، فێرگه‌ی زمانی کوردی ئه‌دەب و شاعیری بەتوانا یوونس ڕەزایی، هاشم ئه‌حمه‌دزاده و نه‌شری گوتار خوێندرایه‌وە. 

محه‌ممه‌د ڕەمەزانی له دایک بووی ساڵێ 1339ی هەتاوی له شاری بۆکانه و خوێندنی قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی له شارەکانی بۆکان، بانه و مەهاباد ته‌واو کردووه و کارناسی زمان و ئه‌دەبیاتی ئینگلیزی له زانکۆی تاران وەرگرتووه.