عەزیز وەلیانی
چوار ساڵ بە سەر شەهید بوونی "ڕیهانە"، کچە کوردی کۆبانێ بە دەستی داعش تێپەڕی. ڕیهانە پاش کوشتنی دەیان چەتەی داعش کەوتە بۆسەی داگیرکەران و لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ٢٠١٤ سەریان بڕی و وێنەکەی لە تویتێر بڵاو کرایەوە.
ڕیهانە، ڕەمزی بەرخۆدان و ئەوین بە وڵات! تۆ لە کانیاوی کام هەوارگەی باسەفای نیشتمان پاراو بووی کە وا گیرۆدەی ئەم خاکە بووی؟ تۆ بە شنەی بەربەیانی دەشت و مەزرای کام ئاوایی ڕاهاتووی کە وا سوێندخۆر و سەر لە پێناوی ئەم خاکە بووی؟ کام بیرەوەری و خولیای پیرۆزت بۆ ئاوەدانیی خاپوورەوڵات دنەی دای تا ببیە غەنیمی نەیارانی سەدان "خەج" و "زین" و "خەزاڵ"ی وڵات؟ تۆ لە مێرغوزاری بنار و پاناوکی کام چیا گوڵت چنیوە کە بە عەتری کەزییەکانت، تەلان و بەندەنیش ڕموودەی ئەوینی تۆ بوون؟ تۆ کە هەموو هەست و هەناسە و مان و بوونت خستبووە لەپی دەست و وزەی قامکی شادە و سیلەی چاوەکانت، هاوار و نزای دایکانی چەند کۆڵانت کردە سروودی بەرگری؟ "تیسوو" و "تیروو"ی کام ڕەوەزت کردە تیری گیانئەستێنی سەد چەتە؟ کۆبانێ لە تۆدا زیندووە و تۆش لە ئەودا؟
دەمێکە لە گوێن دیاردەیەکی دەستکرد و بەرهەمی بارودۆخی پڕ کێشە و ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەڕواننە سەرهەڵدانی داعش وەک بیرۆکەیەکی سەدەکانی تاریکی مێژوو. چ وێناچێ شەپۆلەکانی سۆنامی ئەم ئایدۆلۆژیایە تەنانەت پاش گرتنەوەی "مووسڵ" و "ڕەققە"ش بەستێنی وڵاتانی ناوچە نەشڵەقێنێ و پڕیشک ناوێتە هەرێمی ئەمنی ڕۆژئاوا.
بە گوێرەی پێوەرەکانی کۆمەڵناسیی سیاسی، هۆکاری سەرهەڵدانی هەر ئایدۆلۆژیایەک دەگەڕێتەوە سەر هەلومەرجی ئەو کۆمەڵگایە کە لە ناخی خۆیدا هەڵگری تۆوی بەربەرەکانییەکی نادیارە تا لە کاتی پێویستدا چرۆ دەربکا و وا هەیە وەک مڵۆزمێک خۆی داسەپێنێ.
هەر ئایدۆلۆژیایەکی نوێ بە دانی وادەی جیهانێکی بێبەری لە دەرد و ئازار و داهاتوویەکی پڕشنگدار و پاراستنی کەڕامەتی ئینسان، پێ دەنێتە مەیدان. بێشک کەموکووڕی، قەیران و لە زیاد بوونی ئاستەنگەکانی سەر ڕێی بەختەوەری، یەکەم ئامرازێکن بە دەست ئایدۆلۆژیای نوێ بۆ بانگەشەی ڕزگاریی کۆمەڵگا.
بێکاری، نەبوونی ئەمنییەتی ئابووری، نەبوونی دەراوێکی ڕوون لەبەر دەم گەنج و لاوەکان، سەرکوت کردنی هەر چەشنە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی، ڕێگری لە دەربڕینی حەز و خۆزیاکان بە هەر ئیدە و بیرۆکەیەک، پەرەپێدانی دەمارگرژیی مەزهەبی و ... بەشێکن لە هۆکاری دروست بوونی بەتاڵایی لە فەزای سیاسی وڵاتانی ناوچەدا.
بە واتایەکی تر پێکهاتنی کەشوهەوایەک کە تاقمێک گەشە بکا و بە دانی وەعدەی مەدینەی فازیلە بۆ وەدی هاتنی گشت ئامانجەکانی ئەم جیهانە لە دنیایەکی تر و ... ببێتە هۆی تێوەگلانی گەنج و لاوەکان لە زەلکاوی دیاردەیەک لە چەشنی داعش. دیاردەیەک پشتئەستوور بە خوێندنەوەیەکی تایبەت لە ئایین کە ئەتک کردن، سەر بڕین، خۆف و وەحشەت گرینگترین تاکتیکی ئەوانە بۆ ڕاودوونان و خۆ داسەپاندن.
لە کارەساتی داعشدا ئەوەی تا ڕادەیەک لە خەڵکی ئاسایی شاراوەیە، کایەی شەتڕەنجی زلهێزانی دەرەکی و ناوچەیییە بە هەست و سۆزی لاوەکان؛ کایەیەکی پڕمەترسی کە هەڕەشەیەکە لە سەربەستی و کەڕامەتی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی.
کوژرانی هەزاران خەڵکی مەدەنی، کاول بوونی سەدان شار و شارۆچکە و ئاوایی، نوقم بوونی دەیان گەمیەی ڕاکردووانی جەهەننەمی شەڕ لە نێو تەوژمی شەپۆلەکانی دەریا و ... بەشێکن لە شەوچەلەی مێدیاکانی جیهان. شەو نییە بە بینینی تەرمی شەڵاڵ لە خوێنی مناڵان و هاواری دایکانی زگسووتاو دانەخورپێی، شەو نییە بە هەواڵی خرمەی تەقینەوەیەک، ڕمبەی بۆمبایەک و داڕمانی دەیان خانوو نەتاسێی؛ ڕۆژ نییە بە ڕاسانی دەیان "ڕیهانە" ڕانەتڵەکێی کە چلۆن بە گژ شەوپەرستاندا دەچنەوە کە چنگ نەخەنە پنچکێ لە خاکی وڵات.
ئەگەر لە ئاسۆیەکی دوورەدەستی کۆبانییەوە زرووقایییەک بەدی دەکەی تا دە گژ شەو ڕۆچێ، ئەوا برووسکەی ئەوینی سەدان "ڕیهانە"یە کە شەقڵی شەو دەشکێنن تا خۆری شارستانییەت هەمیسان لە ڕۆژهەڵات بدرەوشێتەوە.