عهزیز وهلیانی
سەرەتای وەرزی پاییزە، زریان تێهەڵدەکا، ڕەوەی هەور مڵکی ئاسمانی ساماڵ داگیر دەکەن. خۆر وردەوردە پەنا و پەسیوی هەورەکان دەکاتە داڵدەی خۆی و بژوێنی دەشت و زەمەندی کوێستان بێبەش دەکا لە تیشکی ژیان. زریان دەلوورێنێ و کراسی ئاودامێنی زەرد دەکاتە بەر باغ و دار و دەوەن. ڕوخساری سروشت زەرد دەچێ، وەک ئەوەی کفنی زەردی پۆشیبێ و بەرەو جیهانی نەمان کۆچ بکا.
وە بەڵام کۆمەڵگا چی؟ بۆ لێدوان لەم مەبەستە، شێعری "هەڵۆ" دەکەینە بیانوویەک کە بە بۆچوونی شارەزایان، لە ئەدەبی کوردیدا تەمسیلێکە لە شێوەی هەڵسوکەوتی ئینسانەکان بەرامبەر بە کێشەکانی کۆمەڵایەتی. وێنەیەکە لە دوو هەڵوێستی جیاواز لە ئاست فەلسەفەی ژیان و نەمان.
دیالۆگی "هەڵۆ" و "قەل" لە گوێن ئاوێنەیەکی باڵانوێنە لە دوو نیزامی فیکری دژ بە یەک، پێوانەیەکی بێخەوشە لە هەڵسەنگاندنی کەسایەتیی ئینسانەکان کە لە چ دەلاقەیەکەوە دەڕواننە ئاکامی ژیان. بێگومان هەرتک لا وەک "دەرفەت" دەڕواننە خەزان، بەڵام بە چ مەبەستێک؟
"هەڵۆ"، نمادی مرۆڤێکی گەشبین و سەربەستە. ئەو سەرەڕای تەنگەژەی ڕۆژگار و تاپۆی خەفەتهێنی شەوگار، ورە بەرنادا و چاوی لە سپێدەی بەیانییە؛ وەدیهێنانی ئاسۆی ڕوون و شەکانەوەی ئاڵای بەختەوەری کۆمەڵگا، ئاواتی بەرزی ئەوە. هیچ کات بە فەرتەنەی نەیار و تانەی ناتەمیزان سڵ ناکا لە خزمەت.
"هەڵۆ" نمادی نەسرەوتوویەکی خۆبەخشە لە پێناو هەتوانی دڵبریندارنی شەو. تووڕە و جاڕزە لە ئیفادە و خۆڕانان و دروشمی چەواشە. شەوبەکێوی و ماڵبەکۆڵی، پێدزەی پێناکا لە بەستێنی خزمەت بە ئاوەدانیی نیشتمان.
"قەل" نمادی مرۆڤێکی گەلنەویستە. خوازیاری پاراستنی پلە و سامانە بە هەموو بایخێک و چ پەرژینی بۆ نییە.
دەمێکە قیڕەی "قاڵاو"ەکان بووەتە شەواهەنگی کۆڕی ستەمکاران و شاباشی بەردەوامیی بە یەک دەبەخشن. بە پێی لاپەڕەکانی مێژووی وڵات لەبەر یەک ڕاوەستانی ئەم دوو شێوازە لە بیر و بڕوا، هەر لە زۆوە وەباڵی کۆمەڵگا بووە. لە هیچ سەردەمێکا بە ڕادەی ئەوڕۆ شەقام و کۆڵانی شار و شارۆچکەکان ژاوەیان نەهاتووە لە جموجۆڵی قەلئاکاران؛ بە چەشنێ کە ڕوخساری کۆمەڵگا بە چڕنووکی چاوچنۆکانی پلە و سامان داڕووشاوە. تەنانەت بەشێ لە بیرتەسکانی ئەم ڕێبازە بایخە پیرۆزەکانی کۆمەڵگاشیان کردووەتە دەمامکی کەسایەتیییان.
چ زۆرن بەناو پیاوماقووڵانی ئەوڕۆ کە بە زنەئاوی ڕیا دەستنوێژ هەڵدەگرن و تەنانەت ناو و لەقەبیشیان کردووەتە ئەستووندەکی خێوەتی پلە و سامان! مەبەستی خێر و چاکەشیان تەنیا خۆڕانان و دوا نەکەوتنە لە قافڵەی بەناو دۆستان نەک ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی.
بێگومان ئەگەر ڕوانگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە هانامانەوە بێن، تێدەگەین کە: نەبوونی ئەمنییەتی ئابووری، جیاوازی چینایەتی لە ڕادەبەدەر، خۆ بەکەم زانین، نزم بوونی فەرهەنگی خۆبەخشیی و دەروەست بوون و ... چەند فاکتۆڕی بەهێزن لە پەرەسەندنی ئەم دیارە دزێوە لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا.
لە ڕاستیدا خەزان بۆ ئادەمیزادی لەم چەشنە، دەرفەتە بۆ ڕاهاتن لە پێناو بڕینی تاقە ڕێچکەی تەسک و چۆڵی پووچیدا. بەشێ بێ ئەوەی هەست بکەن دەمێکە تەرمی کەسایەتییان لە ژێر باڕستی خەزەڵ گەنیوە و تەنیا لەشیان لە شەقامی شاردا پیاسە دەکا.
بۆ تاقمێ تر خەزان دەرفەتە بۆ تێفکرین و ڕامان لە ژیانی "قەل". هەلێکی ڕەخساوە بۆ بە خۆدا هاتنەوە و داڕشتنەوەی کۆشکی ژیان. خەزان بۆ ئەوانەی بە گەشبینییەوە دوور دەڕوانن و هەست بە شنەی شەماڵی بەربەیان دەکەن، نمادی ژیانە.
گەڵۆ! لە قاودانی ئەم خەسارە کۆمەڵایەتی ــ فەرهەنگییە، بەم مانایە نییە کە کۆمەڵگامان بێبەشە لە خۆبەخشانی نەسرەوتوو.
هەبوون و هەن ئەویندارانێ کە هەر دەم پێویست بێ لە ناخی دڵ و بە گوێرەی هەستی بەرپرسایەتی، گشت خێروبێری تاکەکەسی خۆیان دەکەنە فیدای بەختەوەریی کۆمەڵگا. ئەوانەن کە پشت لە خێڵی تاریکی، ئیزن نادەن دەرگای هومێد و هیوا گاڵە بدرێ، ئەوانەن کە دەوری بەرچاویان هەیە لە سووڕانی چەرخی مێژوو بەرەو پێشکەوت و سەرفرازی. ئاخر ئەمانە “شعووری گەرمی هەبوون بە گیانیانا ئەگەڕێ.”