تاریخ: ۱۳۹۷/۷/۲۹
سمکۆ پاکزاد خەزێنەیەکی پڕبەهای وێژە و ئەدەبی کوردی
عەلی ئازیز:
کاک سمکۆ کوڕی دێ و پەروەردەی کوێستان بوو و لە بنەماڵەیەکی ڕەسەنی کوردەواریدا پەروەردە ببوو و بە فرمێسکی ڕنووی کوێستانی کورد فرچکی گرتبوو، بابی بەڕێزیان کە لە خۆیم بیستبوو لە ناو عەشیرەتاندا گەورە ببوو، هەر بۆیە پیاوێکی قسەزان و لە کولتووری کوردەواریدا شارەزاییەکی کەم وێنەی هەبوو، دایکی سمکۆ هێمای ژنەکوردێکی ڕەسەنی لادێی لێهاتوو و تژی چیرۆکی کۆنی کوردەواری ئەژمار دەکرێت.
سمکۆ لە ژێر باڵی وەها دایک و بابێک‌ لە ئاسمانی ئەدەب و کولتووری کوردەواریدا باڵی گرتبوو، من لە خۆیم بیستووە دەیگوت: "نەمهێشتووە بابم هیچ وشەیەکی ڕەسەنی کوردی لەگەڵ خۆی بباتە ژێر گڵ هەمووم لێ وەرگرتووە و لێی فێر بووم".
سمکۆ لە خوێندنەوەی کتێبی کوردی بەتایبەت شێعری شاعیرانی کۆن و سەردەم خافڵ نەبووە، هۆگرییەکی سەیری بە شێعری کلاسیک و شێعری شێوازی سوارەیی هەبوو و لە هەر دوو شێوازی کلاسیک و نوێدا شێعری زۆر لەبەر بوو، هیچ وشەیەک نەبوو لە شێعرێکی کوردیدا گوترابێت و سمکۆ واتاکەی نەزانێ، چون ئەگەر  واتای وشەیەکی نەزانیبا هەتا نەیدیتباوە لێی نەدەگوزەرا، هەتا ڕادەیەک کە لە ساڵی ٥۸ لە کۆڕێکی ئەدەبی‌دا کە لە سینەما ئاریا گیرا مامۆستا هێمن لە پشت میکڕۆفۆن ڕایگەیاند "هەر ئێستا دونیای شێعر" سمایل پاکزاد، شێعرێکمان بۆ دەخوێنێتەوە.
کاک سمکۆ دڵی وەک دەریای بێ بن بوو، هەتا بڵێی گفت و لفت خۆش و شارەزا لە قسەی نەستەق و خوێن شیرین و ڕەزاسووک بوو، وەک کورد دەڵێ گێرەت لەسەر سەری کردبا شلوێ نەدەبوو، تەنیا بە شتێک تێک دەچوو و وەک خەنجەری چاک لە کالاندا خۆی بۆ ڕانەدەگیرا و وەدەنگ دەهات، ئەویش ئەوەبوو کە کەسێک شێعرێکی کوردی بە هەڵە خوێندباوە یان وشەیەکی ڕەسەنی کوردی نابەجێ بەکار هێنابایە، بەتایبەت ئەگەر لەسەر ئەو مژارە پێداگریشی کردبا، دەستی لێهەڵنەدەگرت هەتا بۆی شەن و کەو دەکرد و دە بنی کوولەکەی دەکرد.
لە بواری وێنەگەری لە چەند ساڵی ڕابردوودا کارێکی زۆری لەسەر پۆرترەی ناودارانی کورد لە شاعیران، هونەرمەندان، مۆسیقا زانان و بەیت و حەیرانبێژانی کورد کردبوو بەبێ هیچ چاوەڕوانێکی ماڵی، بۆ بژیوی ژیان کاری مکانیکی دەکرد و بۆ هەر ڕووداوێکی فەرهەنگی و ئەدەبی لە هەر شارێک بەڕێوەچووبا دەرکی کارگەی گاڵەدەدا و بەشداری دەکرد، بەداخەوە سمکۆ وەکوو زۆربەی زۆری هونەرمەندانی کورد دەست تەنگ بوو بەڵام دڵی زۆر ئاوەڵا بوو، ماڵی وەک خانەقا و مەکۆی  هونەرمەندان بوو و هیچ بێ پەنایەک لە ماڵی ئەو هەستی بە نامۆیی نەدەکرد.
 
د. عەبدولڕەحمان شەکوور:
کاک سمکۆی پاکزاد کەسێک بوو کە خاوەنی چەندین هونەر بوو، جا لە نیگارکێشی ڕا بگرە تا هەڵسەنگاندنی شێعری شاعیران. بەواتایەکی‌تر خەزێنەیەکی پڕ بەهای وێژەی کوردی، کلتووری کوردەواری و پارێزەری بەیتەکانی کوردی بوو.
مامۆستا سمکۆ دڵسۆزێکی بە تەواو مەعنای وێژە و هونەری کوردی بوو، لە هەر شوێنێک کارێکی فەرهەنگی و هونەری و ئەدەبی کرابا، ناوبراو لە یەکەم کەسانێک بوو لە بەشداری چالاکانەی دەبوو، ناوبراو مرۆڤێکی ڕووح سووک و لە بەر دڵان بوو، کەسێک بوو کە پاک دەینووسی، پاک دەدوا.
پاکزاد کەسێک بوو کە پێگەیشتووی مەکتەبی مامۆستا هێمن بوو، زۆر بە سادە و ساکاری ژیانی تێپەڕ کرد. لە هەر تاکێکی کورد بپرسرێ کە سمکۆ پاکزاد کێیە؟ پێت دەڵێت: "سمکۆ پاکزاد دڵسۆزێکی گەلی کوردە، هونەرمەندێکی دڵ پاکی گەلی کوردە".
کاک سمکۆ خزمەتێکی زۆری بە خەرمانی ئەدەبی کوردی کرد، لە ڕێگای دیکلەمەی شێعری شاعیران هەنگاوی بۆ تۆمار کردنی هۆنەری شاعیران لە قاڵبی دەنگ‌دا کرد و شێعرەکانی نوێ و کلاسیکی ئەوانی دەخوێندەوە کە وەک ئاڕشیوێک هەتا ئەبەد هەر دەمێننەوە.
پاکزاد دەیگووت: "هەر کیژ و کوڕێک کە تامەزجرۆی فێر بوون بووبێ، ئەوەندەی لە توانام دابووە، یارمەتی‌دەر و هاندەری بووم تا بەرەو پێش هەنگاو بنێت".
لەو چەند ساڵەدا کە دنیای مەجازی پەیدا بوو، کاک سمکۆ ئەو هەلەی قۆستەوە و لەم ڕێگایەوە یارمەتیکی باشی بە گەنج و لاوەکان لە بواری ڕێنووسی کوردی، چۆنییەتی خوێندنەوەی شێعر و ... کرد.
کاک سمکۆ زۆر کاری بەنرخی بە دەستەوە بوو کە تۆمار یا وەک کتێب لە چاپیان بدات، بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا کە کە ئەم کارانە بە سەرەنجام بگەیەنێت، ڕووحی شاد بێت.