تاریخ: ۱۳۹۷/۷/۴
تێبینیەک لەسەر شانۆی دزمان هەیە تا دز
ئه‌بوبه‌کر پیرووزی
 
لە ناو کۆمەڵگای بگۆڕا بۆی نییە هەمیشە ڕەوشتی چاکە پەرە بسێنێ. لەو شانۆیەدا ئەوی تا ئیستاش بە پاک‌ڕەوشتیمان زانیوە ئەکەوێتە ژێرپرسیارەوە چوون ئەوی ڕەوشت تا ئیستا متمانەمان پێکردوە لە بەرانبەر ئاکار و دۆخی نوێی مرۆڤا ڕەنگ‌و ڕووی خۆی ئەدۆڕێنێ. بۆیە کۆمەڵناسی ئەخلاق پێمان ئەڵێ هیچ ئاکارێک تا سەر نییە و لەمەودواش ناتوانین بڵێین کام ئاکارە  چاکەی ئەبەدییە و کامە خراپەی ئەبەدیی. بگرە ئەو بگۆڕییە هێزی گەوجاندنی کۆمەڵگای ساویلکەشی تیایە چوون ناتوانێ سەرەندەر لە دۆخە نوێیەکان بکات.
ماکیاولی ئەڵێ: لەبەر دەمی خەڵکی گەوجێنراوا خۆنواندن بەدادوەریی ئاسانترە لە دادوەربوون. ئەوە نیشان لەوە ئەدا کە مرۆڤ سروشتێکی تەمەڵی هەیە لە تێگەیشتن بۆیە ئاسان فریو ئەخواو زۆر زۆریش ئامادەیە بۆ خۆ فریودان و خودفەرامۆشی. سروشتی مرۆڤی نەریتی زیاتر وەرگری ڕواڵەتەکانە تا دەرکەوتەیەکی ڕاستەقینە. تۆ هەر چییەک هەی ببە بەڵام لەئاستی گەوجییەتی جەماوەر نابێ ئەولاتر کەوێت.
ئەو کەشفەی داریۆفۆ لە وەی کە بەد ڕەوشتی و چاک ڕەوشتی مرۆڤ پێکدا دەدا لەوەدایە کە لە ئەنجامدا ئەوە بەد ڕەوشتییە کە گشتگیر ئەبێ و جێگۆڕکێیەکی زیرەکانە و ناهوشیارانە لە نێوان ئەو دوانەدا ئەنجام ئەگرێت کە بە سوودی بەد ڕەوشتی ئەشکێتەوە. سەیر ئەوەیە کە داریۆفۆ ئەوشتەمان بە قسە پێ ناڵێت بەڵکوو دراماتیزەی ئەکات و پێمان نیشان ئەدات. هەر چەن بە بڕوای من لەم وەرگێران و دراماتۆرژییەدا بەرتەسک‌کارییەک ئەنجامی گرتووە ئەویش ئەوەیە کە داریۆفۆ دوو هاودژی نۆرم و نانۆرمی دەڵاندۆتە ناو کارەکەی بەڵام لێرەدا دوونانۆرم بوونە هاودژی یەکترین. هەر ئەو بەرتەسک‌کارییەش قووڵایی قەیرانەکەی  کەم کردۆتەوەو بینەر تووشی ئەو ڕاتڵەکانە نابێت کە داریۆفۆ خۆی لەبەر چاوی گرتووە.
ژان والژان ئەڵێ کۆمەڵگای ئەخلاقی نەریتی هێند گەوجە کە بۆ ئەوەی من پاروە نانێکم لێ دزیین پێنج ساڵ لە زیندانا نانی خۆڕاییان دامێ. ئەوە هەمان شت بوو کە من بەدوایەوە بووم بەڵام من نەمتوانی لە ڕێی یاسایی و تێگەیاندنەوە ئەویان پێ بڵەم کەچی بە دزییەکی چکۆلە ئەوانم گەوجاند و  ٥ ساڵ نانی خۆراییم لێ ستاندن. ئەو تەشەرەی ژان والژان ڕێک کۆمەڵگای ئەخلاقی ئێمە ئەگرێتەوە کە هەرچی جارە مار ئەتوانێ لە کونێکەوە چەن جار پێوەی بات. کەواتە ئەم دوو ڕووییە سەپێنراوە لە کونترۆلی خۆیا نییە بەلکوو وەک ئەتکێک وایە پێی بکەن. واتە بەڕاشکاویی ئەتوانیین بڵێین هەموو ئەو ئاکارانەش کە پێی چاکە لە بەر زیرەکی خۆی نەبووە کە پێی گەشتووە بەڵکوو وەک ئەوە وایە ئەتک کرابێ و ناچارە تا ئەو ڕۆژەی خوا وەرەقی لێ نەگۆڕیون هەندێکیان بە چاکە لەقەڵەم بات و هەندێکیشیان بە خراپە. ئەوە هەلو مەرجەکانن کە رەنگ لە ئاکار ئەگۆڕن نە ئەخلاقی ئەرەستوویی. کارل یۆنگ ئەڵێ:  ئەوانی ئاگەداریی دەروونی تاریکیی خۆیان نیین زیاتر تووشی دووروویی دێن. بەو پێیە کۆمەڵگای دەرەکییخوازیی ئێرانیی زیاتر تووشی ئەو دوورووییەی خۆیان دەبنەوەو هەر کەسیش دەمامکیان لێ بگۆڕێ زوو فریوی دەمامکەکەی ئەخۆن و شوێنی ئەکەون. بەو پێیە ببۆ مرۆڤی ساویلکەی گەوجێنراو تەنانەت دەرفەتە زێڕینەکانیش کە پیتی سەربەرزی ژیانین ئەبنە داوو تێی ئەکەون. بۆ ئەوەی ئێرانیی بەدەستی ئەمریکا گەوج نەبن ئاغای زەریف لە جوابی پرسیارێکی رەشیدپوورا کە ئایا بۆ ئەبێ سەرەرای هەموو دونیا، ئەمریکا تەنیا لەگەڵ ئێمەدا دوژمنایەتی بکا؟ جوابێکی زۆر ڕەوشت بەرزانەی ئەداتەوەو ئەڵێ: ئاخر لە هەموو جیهاندا تەنیا ئێمەین کە ڕەوشتی خۆمان هەڵبژاردووە.