تاریخ: ۱۳۹۷/۶/۳۰
ڕێ‌وڕەسمی ماڵئاوایی لەگەڵ هونەرمەندی نەتەوەیی کورد مامۆستا "ڕەسووڵ نادری"

نادر نادرزادەئەقدەم ناسراو بە "ڕەسووڵ نادری" ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە ئاوایی "ئوزونتاش" بەشی خەلیفانی شاری مەهاباد، لە دایک بووە. پازدە ساڵی تەمەن دەبێت کە دەست دەکا بە گۆرانی گوتن، باوکیشی حەیران و بەیتی زۆر زانیون. نیشتەجێی ئاوایی کانی‌سێو دەبێ و هەر لەوێ لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا زەماوەند دەکات. ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی بە تاوانی دژایەتی دەگەڵ ڕژیمی شاهەنشاهی بە ماوەی سێ ساڵ دەسبەسەر دەکرێ. هەر لە گرتووخانە چوار پۆلی وانەی سەرەتایی تەواو دەکات و ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی ماڵی دێتە شاری مەهاباد.

کاک ڕەسووڵ، حەیران و بەیت و گۆرانی کوتۆتەوە و نەقڵەکانی بە ناوبانگن. زۆر شتان لە "سەید عەلی سەردەشتی" فێر بووە. هەڵبەت "ڕەسووی نادری" زۆرتر بە نەقڵەکانی ناسراوە و وەک بۆخۆی باس دەکا ئەم نەقڵانە یا بەسەر خۆی هاتوون یان دیتوونی و بیستوونی.

شایانی ئاماژەیە کە هونەرمەند "ڕەسووڵ نادری" ڕۆژی بیست و شەشی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی پاش ماوەیەک نەخۆشی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی بیست و حەوتی خەرمانان کاتژمێر 10:30 بەیانی تەرمی هونەرمەندی ناوازەی ئەدەبی زارەکیی کورد، لە مزگەوتی سوورەوە بە شانان بەرەو مەقبەرەتوشوعەرا بەڕێ کرا و به ئامادەبوونی خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان تەرمی مامۆستا "ڕەسووڵ نادری" له گلکۆی شاعیران و ناودارانی کورد له مه‌هاباد به خاک سپێردرا.

 
 وێنەگران: پۆڵا ئاغاز، عادڵ کەریمی، مێهران شایەق، جەواد خاڵندپوور