تاریخ: ۱۳۹۷/۶/۲۹
هەڵوەرینی تۆپەگوڵێکی تر لە باغچەی فەرهەنگ و کەلەپووری باب و باپیران

 

  سەلاح پایانیانی
 
ئەی وەی وای... ئاغام، ئەوە سەدایێ پیرەپایزێم لەبن گوێی دێ، ئەوە پایز چ محەللە چ مەجەلێ، ئەممان مەجەلێکە لە من ڕەبەنێ/ ئەوە شەختیێکی لەسەری کوێستانێ‌ڕا دێنا، دەی‌برد سەری هەڵاڵێ، بەیبوونێ، سوێسنێ، گوڵەمێلاقێ، خاشخاشکێ، چ ئاخری زەمانەی بوو سوورەگوڵی لە من لە ڕیشە هەڵدەکەنێ.

کار و هونەری مامۆستا ڕەسووی نادری، بەپێچەوانەی بۆچوونی خەڵک و تەنانەت بەشێک لە کۆمەڵی بەناو ڕووناکبیران، ناکرێ بخرێتە چوارچێوەی تەسکی نەقڵ و نەزیلە و قسەخۆشی‌یەوە. بەگشتی، ئەگەر لە دەلاقەی بیرێکی بەرتەسک‌ڕا سەیری خەرمانی بێ‌بنی ئەدەبیات و گەنجینەی وێژەوانانیی زارەکی بکرێ، بێ‌گومان هەڵەیەکی قووڵ و زەقیی لێ‌دەکەوێتەوە. ئەم هەڵەیە بە داخەوە هەر ئێستا بە شێوەی جۆراوجۆر بەرۆکی هێندێ کەسی گرتووە و  تەنانەت بەناو ژمارەیەک ڕووناکبیریشی تێوەگلاوە و داهاتەکەشی خەسارێکی گەورەیە بۆ کۆی وێژە و فەرهەنگی میللەتێک کە قەڵای فەرهەنگ و کلتووری لەسەر کۆڵەکەی ئاوەها کەڵەهونەرمەندانێک ڕۆناوە. داری ئەو شێوە ڕوانینە کاڵ‌وکرچە لە بازنەی جۆراوجۆردا وەجەستەی کۆمەڵایەتی و ڕۆحی زمانی کوردی دەکەوێ و پڕیشکە زیان‌دەرەکانی سەر بۆ داهاتووش دەکێشن و کانی‌یەک ئاوەگڵ دەکەن کە یەک لەو سەرچاوە شەبەق‌دەرانەیە وا ڕۆحی وەچەی ئەو گەلەی لێ پاراو دەبێت. بۆیە پێویستە چاوکراوەتر لەو گەنجینانە بڕوانین و نەکەوینە کۆنەپاڕێزی لەپێناو هێندێک نەریتی نەزۆکی باونەماو؛ بە وتەیەکی تر، لەباتی ڕوانینی قووڵی کلتووری، دەرووی دۆڕاوی چینایەتی کۆنەپاڕێزەرانی شەوکەت‌باوەڕ نەکەین بە پرد و پێوەری ڕوانگەی خۆمان. هەمیشە دەبێ هۆشی ئەوەمان بێ ئەدەبیات و وێژە و زمان کە سامانی نەتەوەیین، نەبن بە گۆڕەپانی تەڕاتێنی هێندێک گریمانەی دەروونی خۆمان، دەنا «کا پلەی بایەخ لە سوور دەباتەوە.»

مامۆستا ڕەسووی نادری نووسەرێکی سروشتی و زمان‌پاراوێکی بێ‌قەڵەم و دڵ و مێشک‌زاخاودەرێکی ڕیوایەتی فۆلکلۆری‌یە. ستەندئاپ کۆمێدی‌یەنێکی تاقانە و پسپۆڕێکی کەم‌وێنەی ژانرە جۆراوجۆرەکانی فۆلکلۆری کوردی‌یە. مامۆستا جگەلەوەی لە ماوەی ژیانی خۆی‌دا بەشێکی زۆر لە سامانی نەتەوەیی و فەرهەنگی کەلەپووری ئێمەی پاراست و شەقڵی لە جەزی کۆکۆی ئەو خەرمانە دا، چیها مەڵۆی ڕەنگینیشی خستە سەر ئەو سامانە نەتەوەیی‌یە. بۆ نموونەی بەردەست و بەپەلە، کەم نین ئەو مەسەل و ئیستلاحانەی کە یا لە زمان ڕەسووی نادری‌یەوە داکەوتوون یا بە «بەسامەد»ێکی زۆرەوە لە زمان ئەوەوە دەکار دەکرێن: «نان ئەو نانە ئەوڕۆ لە خوانە»، «پیرۆت بوونی کەسێک»، «دە پەروەندەدا گوتنی شتێک»، «وەک ڕەسووی نادری پێم‌وابوو هەچی شەپکەی لەسەر بێ کاری منی پێ ڕاست دێ»، «دەڵێی دۆڵمەی ڕەسووی نادری‌یە»، «وەک ڕەسووی نادری دەڵێ: پووڵت هەبێ و هیچ مەزانە» و زۆر شتێ لەم بابەتە. خاڵێکی دیکەی کارنامەی هونەریی خواڵێ‌خۆش‌بوو ڕەسووی نادری‌ بوو کە دەکرێ سرنجی بدرێتێ و تێ‌فکرینی واتاداری بۆ بکرێ. 

لەحن و زمان لە شێوەی گێڕانەوەدا، قامک‌ خستنە سەر هێندێک باوەڕ و بابەتی تایبەتی، بوێری و دەروەستی لە ورووژاندن‌دا و ڕەخنەگریی و لەقاودانی شتە نەشیاو و درۆکان ئەویان کردبوە هونەرمەندێکی بیرڕوونی خاوەن‌شێواز. بوێری تایبەتمەندی‌یەکی گرینگە بۆ شکڵ‌گرتنی هەوێنی کەسایەتی شازی مرۆڤی هونەرمەند و بیرمەند.  بەداخەوە هەتا ئێرەش بەشی زۆری جەلەی هونەروەرانی کۆمەڵگای کوردی، بوێری‌یان بۆ دەربڕینی هونەر و بیری خۆیان لەئاست و پێویستی زەمانەی خۆیان‌دا نییە. جا بۆیە دەکرێ بڵێین مامۆستا ڕەسووی نادری، لەو بارەشەوە سەرتۆپ بووە. مامۆستایانی لەچەشنی ئەو تۆپەگوڵێکی سروشتیی باخچەی وێژە و کەلتووری ئەو نەتەوەیەن کە ئەو هونەرەی هەیانە ناچارەکی نییە و بەشێکە لە پێک‌هاتە و جەوهەری بوونیان. ئەوانە بێ‌ئەوەی لە کاتی خۆی‌دا جێگە‌وپێگەی ڕاستەقینەی هونەرەکەیان لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە بناسرێ، خۆیان لەو فەرتەنەیە هاویشتووە و تەمەنیان تەرخانی خزمەتێک کردووە کە دەکرێ وەک «سەربازی ون»ی پارێزەری شوناس و ناس‌نامەی کەلتووری نەتەوەیەک مەزەندە بکرێن. داخی گرانم کە وەرزی ئەو تۆپەگوڵانە سەری بە پاییزەوە ناوە و گژەبای خەزەڵوەرێن تەنکەی پێ‌کردوون.   

ئەگەرچی نەکرا لە ماوەی ژیانی ئەو کەڵەهونەرمەندەدا کارێکی ئەوتۆ لەسەر بەرهەمەکانی بکەین، زۆر شکور کە شەرمەزاری بەڕێ‌کردنی بەرەو دوامەنزڵی نەبووین و بەدڵ‌خۆشی‌یەوە توانیمان بە حورمەت و ڕێزێکی شایانەوە تەرمی پیرۆزی بەرەو بەرزایی بەڕێ بکەین. ئەو شێوە بەڕێ‌کردنە و ئەو جێ‌ناشتن دیاری کردنە وەکوو نموودی شۆڕشێکی فەرهەنگی‌یە و بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی لە ڕوومان هەڵبێ مدەعای ئەوە بکەین کە گەیشتووینەتە ئاستێکی ئەوتۆ کەوا قەڵب و عەسڵ لێک بکەینەوە و پلەوپایەی ڕاستەقینەی ئەو کەسایەتیانەمان بۆ دەرکەوێ و چی‌دی بەچاوێکی نزم لەو هونەرمەندە میللییانەی خۆمان نەڕوانین. دیارە  بێ‌نازبوونی مامۆستایانی وەک ڕەسووی نادری لە دنیای ڕۆژئاوا و لە نێو گەلانی خوداپێ‌داویش پێشینەی هەیه و هەر تایبەت‌ بە مەمانان نییە. ئێستاش ڕاستە مامۆستا ڕەسووی نادری لە ناومان‌دا نەماوە بەڵام تەمەنی بەرهەم و هونەر و شوێنەوارە شازەکانی هەتاهەتایین و هەتا دنیا دنیاشە لە ڕمێن ناکەون. لەکۆتایی‌دا جێی خۆیەتی سەری ڕێزی بۆ دابنوێنین و بڵێین: تەمەنت باش و هونەرت باش و کۆچت کۆچی خێر بێ ئەی کەڵە هونه‌رمەندی ناوەزە و خاوەن‌شێواز.