تاریخ: ۱۳۹۷/۶/۲۸
گرینگایه‌تی بەرهەمه زارەکییەکانی هونەرمەند ڕەسووی نادری
 
دکتور ڕەهبەر مەحموودزادە
 
له جیهانی ڕەخنەی ئەدەبی دا له مێژه ئەو پرسیارە سەرەکییه هاتۆته گۆڕێ کە ئایا هەر بەتەنیا ئەدەبیاتی فاخر به ئەدەبی داهێنەرانه هەژمار دەکرێ یان ئەدەبیاتی جڤاکیش بەشێکه له ئەدەبیاتی داهێنەرانه؟
ئەگەر هەر بەتەنیا ئەدەبی فاخر به داهێنانی ئەدەبی حیساب کەین بۆ نموونه له ئەدەبی فەڕانسی دا پرۆست و بوودلێر به ئەدیبی داهێنەر حیساب دەکرێن بەڵام ڕەنگه ڕابله ئەو پلە و پایەی پێ نەبڕێ. کەچی دەبینین به کردەوه ڕابله له دنیای ڕەخنەی ئەدەبی دا له کۆنەوە، وەک ئەدیبانی دیکە کاری جیددی و ئاکادێمیکی لەسەر کراوه.
واته ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئاڕاستەکان له دنیای ڕەخنە و تیۆری ئەدەب دا بەو ئاقاره داگەڕاون کە داهێنانه بەرچاوەکانی ئەدەبی جڤاکی و ئەدەبیاتی فۆلکلۆری له بەشەکانی دیکەی ئەدەب هەڵناوێردرێ. 
ئەگەر بەو کێشانە و پێوانەیه تەماشای کارنامەی کەسێکی وەک خوالێخوشبوو مامۆستا رەسووی نادری بکەین بەو ڕاستییه دەزانین بۆ نموونه چۆن له ئەدەبی فەڕەنسی دا ناوی ڕابله له پاڵ ناوی بوودلێر و پرۆست دێ، هەر ئاواش بۆ توێژەری ئەدەبی کوردی، بەرهەمه زارەکییەکانی مامۆستا ڕەسووی نادری دەکرێ وەکوو بەرهەمی کەسانێکی وەک مامۆستا گۆران و سواره جێگای تێڕامان و شەن و کەوی تیۆریک و ڕەخنەگرانه بن.
له ئەدەبی هەموو گەلان دا ئەدەبی فۆلکلۆری وەک گەنجینەیەکی بە نرخ چاوی لێ دەکرێ، بەڵام به بڕوای من له ئەدەبی کوردی دا، ئەدەبیاتی فۆلکلۆر ــ به هەموو ژانرەکانییەوە ــ گرینگایەتییەکی چەند قاتی هەیه، چونکه له ئەدەبی کوردی دا بەشێک لەو بارەش که له ئەدەبی گەلانی دی بە شێوەی ئاسایی لەسەر شانی ئەدەبی کلاسیک بووە، ئەدەبی فۆلکلۆر شانی وەبەر داوه. 
لەنێو فۆلکلۆروانانی هاوچەرخیش دا، جێگە و پێگەی خوالێخۆشبوو ڕەسووی نادری پێویست به ئاماژه کردن نییه. کەم ئەدیبی کورد وەک ڕەسووی نادری قسه و نەقڵ و نەزیلەکانی بیستراون و بڵاو بوونەتەوه و بوونەته بەشێک له کلتووری گشتی و حافزەی بەکۆمەڵی خەڵک.
هیوای ئەوە دەخوازم دوای تەواو بوونی ڕێ و ڕەسمی ناشتن و پرسەیەک کە شایانی ئەو ئەدیب و هونەرمەنده خۆوێژە بێ، دڵسۆزان وێ کەون و بەرهەمه زارەکییەکانی ڕەسووی نادری بهێننه سەر کاغەز و تۆماری کەن و ئەو گەنجینه به بارستا گەوره و بە قیمەت گرانه بگوازنەوه بۆ نەوەکانی داهاتوو.
سەرەخۆشی له بنەماڵەی ئەو مامۆستایه و له هەموو ئەدیبان و بوێژانی کورد دەکەم.