تاریخ: ۱۳۹۷/۶/۲۲
گەڵاڵەیەک بۆ ژیان
وەرگێڕان: سەلاحەددین ئاشتی
چیتان دەوێ لە ژیان؟ ڕەنگە لە وڵام‌دا بڵێن هاوسەرێکی دڵسۆز، ئیش و کارێکی باش و خانووبەرەیەکی دڵگر و جوان؛ بەڵام ئەوەی ڕاستی‌ بێ ئەمانە ئەو شتانەن کە لە ژیان‌دا دەتانهەوێن. من کاتێک ئەم پرسیارە دەورووژێنم و دەڵێم چیتان دەوێ لە ژیان، مەبەستم هێنانە گۆڕی بەربڵاوترین مانایە لەم بوارەدا. کارم نەداوە بە سەر ئەو ئامانجانەوە کە لە جەنگەی کار و هەڵسووڕانی ڕۆژانە‌دا هەڵیاندەبژێرن و دەکەونە پێ‌وشوێنیان. پرسیاری من سەبارەتە بە ئامانجەبەرزەی ئێوە لە ژیان‌دا. بە واتایەکی تر، پرسیارەکەم سەبارەتە بە شتێک کە ڕەنگە زۆر بەچڕی بە شوێنییەوە بن؛ واتە بە دوای شتێکەوە بن کە پێتان وایە چڵەپۆپەی ئاوات و ئامانجەکانتانە.
زۆربەی مرۆڤەکان لە کاتی دەربڕینی ئەم ئامانجە‌دا بنێشتیان لێ پووچەڵ دەبێ. ئەو کەسانە چرکە بە چرکە یان تەنانەت دەساڵەو دەساڵەی تەمەنیان دەزانن چییان گەرەکە، بەڵام هەرگیز ڕانەماون هەتا سەبارەت بە ئامانجەبەرزەی خۆیان بکەونە بیر کردنەوە. ڕەنگە تێگەیشتنی ئەم بابەتە ساکار بێ، چونکە فەرهەنگی ئێمە مرۆڤەکانی وا ڕانەهێناون و هانی نەداون هەتا لەم مەبەستانە ورد ببنەوە و تێیان‌ڕامێنن. لە ڕاستی‌دا ئەم فەرهەنگە ڕەوتێکی بەخۆداگلانی بێ‌بڕانەوەی وا بەدی دێنێ، کە مرۆڤ ببڕای‌ببڕ لای وا نییە دەبێ لە بابەتێکی ئەوتۆ ڕامێنێ. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، هەبوونی  ئامانجێکی بەرز لە ژیان‌دا، یەکەمین  دیاردەی بەرچاوی فەلسەفەی ژیانە، یانی ئەگەر مرۆڤ لە ژیانی‌دا ئامانجێکی ئاوای نەبێ، فەلسەفەی ژیانی تووشی ئاڵۆزکاوی دەبێ.
 بۆچی بوونی فەلسەفەیەکی ئاوا گرینگە؟ چونکە بێ بوونی ئەو، ئەم مەترسییە لە ڕێ‌دایە کە ژیانمان بە شێوەیەکی شایان تێنەپەڕێ و سەرەڕای گەلێک هەڵسووڕان و داسووڕان و تەواوی ئەو ڕابواردنە بەتام و خۆشانەی کە لە ماوەی ژیانمان‌دا چێژیان لێ وەردەگرین، دیسانیش ژیانێکی چاک ڕانەبوێرین و داینەکووژێنین. بە واتایەکی دیکە، ئەم ترسە لە ئارادایە کە وەختایەک دەکەوینە سەر جێ‌وبانی مەرگ و نەمان، بۆ دواوە بڕوانین و بۆمان ڕوون بێتەوە کە تاقە هەلی ژیانمان بەتڵاندووە. یانی ئێمە لەبری ئەوەی ژیانمان بەختی شتێک کردبێ کە بەڕاستی بایخدارە، بە فیڕۆمان داوە؛ دەزانن بۆ؟ چونکە خۆمان شل کردووە هەتا بکەوینە شوێن ئەو خلخلە و پلپلە ڕەنگاوڕەنگانەی کە ژیانی سەردەمی ئەمڕۆ داونی بەدەستمانەوە.
 
گریمان ئێمە توانیمان ئامانجەبەرزەی خۆمان دیاری بکەین و  بکەوینە داکۆکی کردن لە تێکۆشانمان لە پێناو وەدەست‌هێنانی‌دا. تەنانەت دیسانیش لە بار و هەوایەکی ئاوادا، ئەم مەترسییە هەر لە ئارادایە تا بەم شێوەیەی کە شانمان هەڵیدەگرێ، ژیانمان تێنەپەڕێ، بەتایبەت ئەگەر خاوەنی بەرنامەیەکی کارا نەبین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، دوور دەنوێنێ کە دەستمان پێی‌ڕابگا. جا لەم پێ‌وڕستە دەگەینە دووهەمین دیاردەی بەرچاوی فەلسەفەی ژیان، کە ئەویش دۆزینەوەی ڕێ‌وشوێنێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان. بوونی ڕێ‌وشوێنێکی ئاوا، لە گەرمەی کاری ڕۆژانەشمان‌دا، لێمان ڕوون دەکاتەوە کە دەبێ چ بکەین؛ دەبێ چ بکەین هەتا ئەوپەڕی  ڕێ خۆش بێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کە لە ژیان‌دا بە چڵەپۆپەمان داناوە.
سەرچاوە:
فلسفە‌ای برای زندگی؛ روش‌های کهن رواقی برای زندگی امروز، مقدمە، ص ۲۱ - ۲۲، ویلیام بی. اروین، ترجمەی محمد یوسفی، چاپ چهارم ۱۳۹۷، انتشارات ققنوس، تهران.
( وەرگێڕانێکی مەیلەو ئازادە.)