به پێی هه‌واڵیی هاژه، ڕۆژی دووشەممه ڕێکه‌وتی 5ی خەرمانانی 97ی هه‌تاوی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی چوار قەقنه‌سی ژینگه‌ی کوردستان له مزگه‌وتی دارولئیحسانی مەهاباد بەڕێوە چوو.
مستەفا ئه‌حمه‌دزاده ئه‌ندامی شووڕای شار و بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایه‌تی ـ فەرهه‌نگی شووڕا وێڕای ئاماژه به دڵسۆزی و چالاکییه‌کانی شەریف باجەوەر به تایبه‌ت له ڕووداوی بوومه‌له‌رزه‌ی ئه‌زگه‌له، هه‌ڵوێست بەرامبه‌ر به کێشەی کۆڵبەران و لایه‌نگری له ئاژەڵان، وتی: کاک شەریف هەر دەم بۆ یه‌کسانی و دابین کردنی مافە کۆمەڵایه‌تییه‌کان هەنگاوی ناوە و له کۆتاییشدا له پێناوی پاراستنی ژینگه‌ی کوردستان گیانی بەخت کرد.
له درێژه‌دا ئایشێ عەبداڵی بەرپرسی ئه‌نجومه‌نی ژیانه‌وەی سروشت، جەماڵ خالیدی له لایه‌ن تهعاوەنی موحیتی زیست، واحید جەمشیدوون له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی حه‌یاتی وەحشی تاڵاوی کانی بەرازان، سەلام عیسازاده به نوێنەرایه‌تی کانوونی گه‌ردشگه‌ری کانی بەرازانی مەهاباد، فریا ڕەش ئه‌حمه‌دی به نوێنه‌رایه‌تی ئه‌نجومه‌نی سەوزبیرانی مەهاباد پەیامی پرسە و ماتەمینی خۆیان پێشکه‌ش کرد.
له‌م کۆڕەدا ڕەسووڵ کەریمی ناسراو به "سووتاو" دوو کۆپله شێعری بۆنه‌یی ئاراسته‌ی بەشدار بووان کرد.
پاشان سەید حه‌سەن سەید هادی وەک بەڕێوەبەر وێڕای گله‌یی و گازنده له بەرپرسی ئیدارەی موحیتی زیستی مەهاباد که له کۆڕەکانی تایبه‌ت به ژینگه‌پارێزیدا بەشدار نابێت، داوای له شارەوانی مەهاباد کرد که هاوڕێی ژینگه‌پارێزان بۆ بەرگری له سووتانی قامیشەکانی قەراغ چۆمی مەهاباد هەنگاو بنێت.
سەید هادی، گیان فیدا کردنی چوار قەقنه‌سی ژینگه پارێز و دوو کارگێڕی سەرچاوە سرووشتییەکانی له پێناو پاراستنی ژینگه و مرۆڤایه‌تی بەرز نرخاند و وتی به بێ شک ڕێگایان درێژه‌ی هه‌یه.
له کۆتاییدا مامۆستا ئه‌بووبەکر محه‌ممه‌د که‌ریمی پاراستنی ژینگه‌ی یه‌کێک له ئه‌رکه گرینگه‌کانی دینی ئیسلام وەسف کرد و وتی: ئیسلام ڕێز بۆ ژینگه و ئاژه‌ڵ و گیانلەبەران دادەنێ و نموونه‌ی ئه‌وەش له ڕێوڕەسمی حه‌جدا به ئاشکرایی بەرچاو دەکه‌وێ که ئه‌گه‌ر حاجییه‌ک لقه دارێک بشکێنێ یان مێشووله‌یه‌ک بکوژێ دەبێ فیدیه بدات.
ڕۆژی شەممه 3ی خەرمانان به هۆی سووتان و ته‌قینه‌وە چوار ژینگه‌پارێزی کورد به ناوەکانی شەریف باجەوەر، ئومێد کۆنه‌پۆشی، ڕەحمهت حێکمه‌تی نیا و محەممهد پەژووهی له لێڕەوارەکانی مەریوان گیانیان بەخت کرد.