تاریخ: ۱۳۹۷/۵/۲۸
شێعرێكی مامۆستا هێمن که له دیوانه‌که‌یدا نییه بڵاو کرایه‌وە
سەلاحەددین ئاشتی


برای بەڕێزم مامۆستا سدیق ساڵح لە بنکەی ژینەوە ئەم دیارییە بەنرخەی بۆ ناردووم و ئاوای نووسیوە:
سڵاو براکەم!
ئەمە شێعرێكی هێمنە لە دیوانەكانی‌دا نییە؛ ئەم ڕۆژانە لەناو ئەوراقی بەهەشتی "ڕەفیق حیلمی"‌دا دیمەوە كە تازەكی لە بنەماڵەكەیم وەرگرتووە؛ بەڵگەنامەی گرنگی تێدایە، حەزم كرد جەنابتان بیبینن.  


هەمیشە تەوئەمی ئەندووھ و هەمسەری میحەنم
نەماوە قووەتی ئەژنۆم و تاقەتی بەدەنم
نییە تەفاوەت و فەڕقێك لە بەینی كوند و منا
منم كەلاوەنشین و كەلاوەیە وەتەنم
لەگوێن بەهەشتە وەتەنیان ئەوانی پێدەكەنن
كەلاوەیە وەتەنی من، ئیرادە پێبكەنم
ڕەفیقی كوندی كەلاوەنشین ببم حەیفە 
ئەمن كە هەمدەم و ئاواڵی بولبولی چەمەنم
مەڵێن خەرابوو ئورووپا و ئاسیا، چ بكەم
وەتەن خەرابە، چ دەربەستی "بیرلەن" و "پیكەن"م؟
لە عیشقی تۆیە وەتەن، ئەی وەتەن كە وەك فەرهاد
بە نووكی تیشەیی خۆم بێستوون هەڵدەقەنم
خوایە یارمەتیم دە، ئەمن خەریكی ئەوەم
نەمامی دووبەرەكیی كورد لە ڕیشە هەڵبكەنم

م. ش. هێمن، بانەمەڕی ١٣٢٢ / ١٩٤٣
دیارە وەك لە سەرەوە نووسراوە هی دەورانی "ژێ. كاف"ە و هەر ئاوا وەکوو دیاری بڵاو کراوەتەوە. 
بۆ ئاگاداریتان: تەنیا ڕێنووسیم گۆڕیوە.
                             
                                      سدیق ساڵح، سلێمانی