(مهاباد و بۆشاییه‌ک له مێهره‌جانی هێمن دا)
کورته یادداشتێک له بابه‌ت یه‌که‌مین مێهره‌جانی ناوچه‌یی هێمن
ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب
مێهره‌جانی ناوچه‌یی هێمن له یه‌که‌م رۆژی ڕه‌زبه‌ری ئه‌مساڵدا بۆ ماوه‌ی رۆژێک له شاری مهاباد به‌به‌شداری چه‌ندین پارێزگای کوردزمان به‌ڕێوه چوو، مێهره‌جانێک که له‌م سه‌رماوسه‌خله‌تی ئه‌ده‌بیاته‌دا تینێکی به گوڕیدا به وێژه‌ی کوردی و گه‌لێک باس و خواسی زانستی و نوێی هێنایه ئاراوه. له‌م بابه‌ته‌وه ده‌کرێ ئاماژه به وتاری دوکتور مه‌سعوود بینه‌نده بکه‌م له مه‌ڕ ڕه‌وایه‌ته‌کانی مۆدێرنێته له شێعری هێمن دا که باس له سه‌رهه‌ڵدانی چینێکی شارنشین و خوێنده‌وار ده‌کا که به ئه‌زموون کردنی مۆدێرنیته و تێڕامان له دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستان پرسێکی سیاسی و مه‌عریفیان لا درووست ده‌بێ و به پرۆبلیماتیک کردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسانه له به‌ستێنی ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌تدا ره‌وایه‌ته‌کانی مۆدێرنیته پێکده‌هێنن که دوکتور بینه‌نده له وتاره‌که‌یدا هێمن وه‌ک یه‌کێک له‌و که‌سانه باس ده‌کا و له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ده‌قی هێمن ده‌دوێ وه‌ک پردێک له نێوان ده‌قی کلاسیک و مۆدێرندا. یان وته‌کانی دوکتور ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده له مه‌ڕ هێمن و زمانی ستانداردی کوردی که به لێکدانه‌وه‌یه‌کی زانستیانه چه‌ندین پرسی خسته به‌ر باس و شرۆڤه و نه‌سری هێمنی وه‌ک نموونه‌یه‌کی زیندوو و پڕ جووڵه بۆ به ستاندراد کردنی زمانی کوردی به هه‌ژمار هێنایه‌وه. ئه‌وه پێمان ده‌ڵێ ده‌قی زیندوو ئه‌و ده‌قه‌یه که هه‌رده‌م له تێۆری و خوێندنه‌وه نوێباوه‌کان بێبه‌ری نییه و ده‌کرێ به ده‌یان راڤه و شیکاری نوێی له سه‌ر بکردرێ.
وه‌ک بزانم یه‌که‌م جاره وه‌ها مێهره‌جانێک له‌و ئاسته‌دا بۆ مامۆستا هێمن ده‌گیردرێ و تا ئێستا به هۆکاری ده‌ره‌کی و ناوه‌کی و سیاسی وه‌ها کارێک مه‌یسه‌ر نه‌ده‌بوو، به‌ڵام پێشوازی گه‌رم و گوڕی خه‌ڵکی له‌م مێهره‌جانه، سه‌لماندی که ده‌قی هێمن و رۆحی مه‌زنی ئه‌و شاعیره ئاوێته‌ی ژیان و بیر و ئه‌ندێشه‌ی تاکی خوێنده‌واری کورد بووه و هیچ به‌ربه‌ستێک نه‌یتوانیوه دوای تێپه‌ڕینی سی ساڵ له کۆچی ئه‌و پیاوه مه‌زنه له یادانی به‌رێته‌وه و حاشا لێ کردنی کارێکی بێهووده‌یه و هێمن بۆ هه‌میشه له زه‌ینی تاکی خوێنده‌واردا هه‌رماو ده‌مێنێته‌وه.
هێمن نه ته‌نیا شاعیرێکی کارامه و لێهاتوو بوو، ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌گر، وه‌رگێڕ، رۆژنامه‌نووس و په‌خشان نووسێکی به ئه‌زموون و چازان بوو، له پاڵ ئه‌وانه‌شدا ژیانی تاکه‌که‌سی هێمن و رۆڵی هێمن له خه‌باتی سیاسی و رووناکبیری کورددا هێنده به‌رچاو و زه‌قه که ناکرێ باس له هێمن بکردرێ به‌ڵام باس له ژیانی سیاسی و رووناکبیری هێمن نه‌کردرێ، ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ گرینگی هێمن به‌ده‌ر له ده‌قه‌کانیدا هه‌ڵسه‌نگێنین ده‌بێ به‌راوردی بکه‌ین له گه‌ڵ هاوسه‌رده‌مه‌کانی خۆی وه‌ک نووری، حه‌قیقی، خاڵه‌مین، سه‌ید کامیل و... له‌وێدایه به ڕوونی بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که هێمن ده‌یتوانی به‌ڵام نه‌یویست وه‌ک ئه‌و ناوانه‌ی وا ئاماژه‌م پێدا له ماڵی خۆی دانیشێ و به‌رهه‌می خۆی بئافرێنێ، چوونکا هێمن مرۆڤیکی پرۆبلۆماتکی بوو ئه‌و به‌و ئاسته له ئاگایی گه‌ییشتبوو که له غه‌یابی رووناک‌بیر و رۆژنامه‌نووس و کۆمه‌ڵناس و زمانه‌وان دا ده‌بێ که‌سێک هه‌بێ و باری ئه‌وانیتر له ئه‌ستۆ بگرێ، بۆیه ژیانی هێمن له چاو هاوبه‌ره‌کانی ژیانێکی ته‌واو ئاوارته‌یه، جا بۆیه کاتێ که ده‌مانهه‌وێ له هێمن بدوێین ده‌بێ بزانین له کام هێمن قسه ده‌که‌ین، هێمنێک که له ریزه‌کانی پێشه‌وه‌ی کۆماری کوردستان جێگه‌ی بوو و نازناوی شاعیری گه‌لی پێدرا، یان هێمنی سه‌رده‌می تاراوگه، هێمنێک که ئه‌ندامی کۆڕی زمانه‌وانی کورد بوو یان هێمنی سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداری، هێمنی رووناک‌بیر یان هێمنی گۆڤاری سروه و ره‌وتێک که وا به‌ڕێی خست؛ به‌ڵام مه‌به‌ست له‌و قسانه چییه؟ با ئاوا باسی لێبکه‌م هێمنێک که نیوه‌ی ته‌مه‌نی له پێناو ئه‌و بۆشاییانه دانا و ژیانی ده‌ربه‌ده‌ری بۆهه‌ڵبژارد، بۆچی ده‌بێ له وه‌ها مێهره‌جانێک دا ته‌نیا گرینگی به شێعره‌کانی بدرێ و ته‌نیا له سه‌ر شێعره‌کانی قسه و لێدوان بکرێ؟ ئه‌ی رۆڵی هێمنی خه‌باتکاری سیاسی، هێمنی رووناک‌بیر و وه‌رگێڕ، هێمنی ره‌خنه‌گر و له هه‌مووشیان گرینگتر رۆژنامه‌نووس له کوێدا ده‌بێ وێنا بکردرێ و توێژینه‌وه‌ی له سه‌ر بکرێ؟ مه‌گه‌ر ده‌کرێ باس له هێمن بکه‌ین به‌ڵام باس له ژیانی ئاواره‌یی هێمن که ڕێک گرێ دراوه به دۆزی کورده‌وه نه‌که‌ین، مه‌گه‌ر ده‌کرێ باس له هێمن بکه‌ین و باس له‌و خه‌باته رووناکبیرییه‌ی مامۆستا نه‌که‌ین وا له "نیشتمان"ی سه‌رده‌می کۆماره‌وه تا "سروه" درێژه‌ی هه‌بوو؟ که‌سێک که وتاری "ئه‌زموونی شاعیریم"ی هێمنی خوێندبێته‌وه ده‌زانێ که هێمن چه‌نده وردبینانه و وه‌ستایانه له‌و سه‌رده‌مه کلاسیکه‌دا شێعره‌کانی خۆی تێۆریزه ده‌کات و شیکارییان بۆ ده‌کات، یان چۆن خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌کارانه‌ی خۆی له مه‌ڕ شێعره‌کانی حاجی قادر دا ده‌نووسێته‌وه. ئێسته پرسیار ئه‌وه‌یه ئاخۆ له‌و شه‌ست و چه‌ند وتاره‌ی وا بۆ وه‌ها مێهره‌جانێک هاتبوو ته‌نیا گرینگی به شێعری هێمن درابوو؟ ده‌ی خۆ ئه‌گه‌ر وابێ ئه‌وه کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه و ده‌کرێ بڵێم ئه‌و که‌سانه هه‌ر هێمنیان نه‌ناسیوه و نه‌خوێندۆته‌وه، ده‌نا هه‌ڵاواردنی هێمن له‌و لایه‌نانه و کورت کردنه‌وه‌ی هێمن ته‌نیا به شێعره‌کانی له‌و په‌ڕی بێئاگاهییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، ئه‌گه‌ریش نا، ئه‌ی هۆکاری باس نه‌کردن و لێ نه‌دوانیان چی بوو؟ ئاخۆ ئه‌م تاک ره‌هه‌ندی وێژییه له‌گه‌ڵ رۆحی ئازادیخواز و ژیانی فره ره‌هه‌ندی هێمن ناته‌با نییه؟ خۆ خوێنه‌رانی هێمن ده‌زانن گرینگ‌ترین شێعره‌کانی ئه‌م شاعیره هه‌ر ئه‌وانه‌ن وا تێکه‌ڵ به بیری سیاسی هێمنه‌وه بوون و سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه که هێمن له‌و ده‌گمه‌ن شاعیرانه‌یه که ئایدئۆلۆژیاکه‌ی ئاستی شێعره‌کانی چ له باری جوانیناسی و چ له باری فۆڕمیکه‌وه دانه‌به‌زاند و ده‌کرا له زۆر لایه‌نی ئه‌و شێعرانه‌وه لێدوان بکرێ، چما له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی مارکسیسیتی دا ده‌ڵێین ئه‌ده‌بیات له ژێرخانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌وه کاریگه‌ری وه‌رده‌گرێ؛ که‌واته به‌ربه‌ست کردنی هێمن به چه‌ند دانه شیعری و نه‌دیو گرتنی لایه‌نه‌کانی تری هێمن به لای منه‌وه له شۆخییه‌کی بێتام ده‌چێ... ئه‌وانه پرسیارگه‌لێکن که ده‌بێ به روونی به‌رپرسانی ئه‌و مێهره‌جانه وڵامی بده‌نه‌وه.
ئه‌م مێهره‌جانه هه‌روه‌ک کوتم کۆبوونه‌وه‌یه‌کی پڕ ده‌سکه‌وت بوو، باسی نوێی هێنا ئاراوه و پرسگه‌لێکی نوێ و ره‌خنه‌گرانه‌ی خسته به‌رباس، بۆیه ئه‌گه‌ر شتێک ده‌وترێ و ده‌نووسرێ له گرینگی وه‌ها مێهره‌جانێکه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ و بێهه‌مییه‌تی به‌شداربوونی به‌دواوه نه‌بووه.
له کۆتایی ئه‌م کورته یادداشته‌دا ده‌مهه‌وێ سپاسی یه‌که‌به‌یه‌که‌ی ئه‌و هاوڕێ خۆشه‌ویستانه بکه‌م که به ته‌کووزی و دیسیپلینه‌وه وه‌ها مێهره‌جانێکیان به‌ڕێوه برد، به قه‌ولی فارس ده‌ڵێ "دو صد گفته چو نیم کردار نیست" دیاره تا که‌سێک خۆی له‌و وه‌ها کارێک نه‌گلێنێ نازانێ چ ئه‌سته‌مه و چ دژواره تا ئه‌و حه‌وت خانه تێپه‌ڕێنی و کارێکی وه‌ها به ئه‌نجام بگه‌یه‌نی.