تاریخ: ۱۳۹۷/۵/۲۵
شێعری "پاڕانۆیا" لە مەهاباد خوێندنەوە و شرۆڤەی بۆ کرا

 بە پێی هەواڵی هاژه، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ٩٧ ڕێ‌ڕەوسمی خوێندنەوە و شرۆڤەی شێعری "پاڕانۆیا" نووسراوەی شاعیری کورد، محەممەد کەریمی بە ئامادەبوونی تاقمێک لە هۆگرانی وێژە و ئەدەبی کورد، لە لایەن بنکەی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبیی موکریانی مەهاباد (ئەنجومەنی ئەدەبی) لە ئامفی تئاتری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.

کۆڕەکە بە خوێندنەوەی شێعری "پاڕانۆیا" لە لایەن محەممەد کەریمی دەستی پێ‌کرد و دواتر "هێمن ڕەحیمی" نووسەری کامیارانی بە خوێندنەوەی گوتارێک لەهەمبەر "ئاواشوناسی شێعری پاڕانۆیا" درێژەی بە ڕێ‌وڕەسمەکەدا.

پاشان، جەلال پوورحەسەن شاعیر و ڕەخنەگری مەهابادی پەیڤین‌ناسی ڕەخنەگرانەی (گفتمان‌شناسی انتقادی) لە شێعری "پاڕانۆیا"ی دایە بەر لێکدانەوەی ڕەخنەیی و بەشێک لە گوتارەکەی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لە درێژەی ڕێ‌وڕەسمەکەدا، بە ئامادەبوونی سێ ڕەخنەگری ئەدەبی کورد کە بریتی‌بوون لە: "ڕەسووڵ ئامادەپوور"، "محەممەد مووەفەقی"و "قادر نیازی"، پەنێلێکی زانستی پێک هات و شێعری "پاڕانۆیا" بە پێوارەکانی شێعری بەرەی چوار، شرۆڤە و شەن‌وکەو کرا.

لە کۆتایی‌دا، کۆمەڵێک پرسیار لە لایەن ئامادەبووانەوە ئاراستەی پەنێلی زانستی کرا و وڵام درانەوە.

 محەممەد کەریمی شاعیری مەریوانی، یەکێک لەو شاعیرانەیە کە لە دوو دەهەی ڕابردوو حەولی داوە بە ئەنجامی ئەزموونێکی نوێ لە پانتای شێعری هاوچەرخی کوردی، یارمەتی بیچم‌گرتنی رەوتێکی نوێ بدات.
پێویست بە ئاماژەیە کە شێعری پاڕانۆیا دەرکەوتەی بزاڤی ئەوپەڕ نوێخوازی شێعری هاوچەرخی کوردییە و بەرهەمی مامەڵەی وردتری ڕەوتی شێعری کوردی لەگەڵ ئەزموونی شێعری ئاوانگاڕدی جیهانە.