تاریخ: ۱۳۹۷/۴/۳۰
من عاقیبەت بەخێرترین ژەنیاری ئێرانم

* ساڵی ١٣٢٨ی هه‌تاوی لە شاری ورمێی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان لە دایک بووە

* ساڵی ١٣٤٥ گرووپی مۆسیقای "کامکار"یان وێڕای ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی پێک هێناوە

*  ساڵی 1353 چۆته کۆلێژی هونه‌رە جوانەکانی تاران و له‌ بەشی مۆسیقادا درێژه‌ی به خوێندن داوە

* لەگەڵ هونه‌رمه‌ندانێک وەک محەممەد ڕەزا شەجەریان، محەممەد ڕەزا لوتفی، شەهرام نازری و... هاوکاری بووە

* یەکەم کەس بووە کە ئامێری "دەف"ی لە خانەقا دەرهێناوەتە نێو و له کۆنسێرت که‌لکی لێوەرگرتووه.

* بە "باوکی دەفی ئێران" ناسراوە

 

هاژە: با هه‌ر له‌سەرەتاوە بێینه سەر ئه‌و پرسیاره که گرووپی کامکارەکان چۆناوچۆن پێک‌هات؟

باوکم "حەسەن کامکار" ئەو کات کە کاربەدەستی حکومەت بوو، ساڵی ١٣٤٠ مەئموریەتیان دایە کە بگەڕێتەوە کوردستان و گرووپێکی مۆسیقایی بۆ کوردستان دروست بکات. باوکم ئەو کات هەرچی کرد  کەسانێکی ئەوتۆی بێجگە لە بەڕێز فەلسەفی و یەک دوویەکی دیکە بۆ پەیدا نەبوو. ئێمە ئەو ڕۆژە هەستمان بە تەنیایی باوکمان کرد و حەولماندا ئەو لەو پەرۆشییه ڕزگاری بکه‌ین، وابوو دوای 5 ساڵ (ساڵی ١٣٤٥) گرووپی کامکارەکان پێکهات. لە نێو گرووپەکەماندا هەر کەسەی سازێکی لێدەدا، باوکم وێڵۆن، هووشەنگ ئاکاردیۆن، بۆخۆم مێلۆدیکا، پەشەنگ سەنتوور، ئەڕژەنگ تۆنبەک و قەشەنگیش ئاوازی دەخوێند و ئاوا بوو کە گرووپی کامکارەکان بە چەشنی نیوە‌حێرفەیی پێک‌ هات.

 

هاژە: کەواتا لەو بارودۆخه سوننه‌تییه قەتیس بووە ئه‌ویش نیو سەدە له‌وە پێش له گرووپی ئێوە‌دا ئەو سونەتە شکا و جێگاتان بۆ ژنیش لە کاری هونەریدا کردەوە.

مۆسیقا لە بنەماڵەی ئێمەدا وەک عەقیدە و بیر و باوەڕ و ئەندێشەی لیهات، تا ئەو جێگایە کە تەعەسووبمان لە سەر پەیدا کرد و تەنیا لە چوارچێوەی مۆسیقای ویشکدا نەمایه‌وە. مۆسیقا هەستی پاک و بێگەردی مڕۆڤایەتی دێنێتە گۆ، من دەڵێم مۆسیقا وەک باوەڕی لێهات، هیوادارم بەردەنگەکانتان لێم دڵمەند نەبن ئەگەر ئەو قسەیە دەکەم کە "مۆسیقا لە بنەماڵەی ئێمەدا وەک دینی لێهات" بۆیە دەڵێم عەقیدەمان پێ پەیدا کرد، جا بۆیە لێرەدا عەقیدە ژن و پیاو ناناسێت، حەتا ئەگەر دایکمان توانیبای خوێندبای یا کاری مۆسیقایی کردبایە بە ڕاحەتی لەگەڵمان دەبوو و کاری لەگەڵ دەکردین، بەڵام چوون بۆخۆی پێی‌خۆش نەبوو نەهاتە نێو دنیای هونەرەوە.

 

هاژه: هەڵس‌وکه‌وتی خەڵک سەرەتاکان لەگەڵ ئێوە چۆن بوو؟ زۆر زوو وەرگیران یان بەرهه‌ڵستان بوونەوە؟

هەواڵنێرێک لێی پرسیم: بۆچی ژنەکانتان هەموویان فارسن؟ گوتم: لە کوردستان کچیان نەدەداینێ دەیانگوت: "ئێوە لۆتین"، حەتا چەند دانە لە براکانم خۆشەویستەکەیان لە کوردستان بەجێهێشت و لەگەڵ کەسانی دیکە زەماوەندیان کرد، یا حەتا زۆر کەڕەت خەڵک لە شەقام و کۆڵانان‌دا بە قسەی ناحەز و ناشیاو هەرای بابمیان دەکرد.

هەڵبەت ئەم ئەدەبیاتی لۆتی گوتنە هی ٦٠ ساڵ لەمەو بەرە. بەڵام ئێستا هەموو خەڵکی کوردستان بە بنەماڵەی کامکار، بەتایبەتی بە بابم "حەسەن کامکار" شانازی دەکەن. پارێزگاری کوردستان پێی گوتم: "دەمانهەوی گردی هونەرمەندان لە سنە دروست بکەین، ئەگەر نابێتە زەحمەت بەڕێزیشت لەگەڵ براکانت قسەیەک بکەن و ئێمە حەتا لەگەڵ مامۆستایانی ئایینیش لەسەر ئەم بابەتە قسە دەکەین کە فتوایەکمان بۆ دەرکەن کە قەبری بابتان بدەینەوە و گڵکۆکەی بهێنینە گردی هونەرمەندان و دەمانهەوێ بە گڵکۆی بەڕێزیان ئەم شوێنە بکرێتەوە". هەڵبەت ماڵە ئێمە بەو کارە ڕازی نەبوون. مەبەستم لە باس کردنی ئەو قسەیە ئەوە بوو کە خەڵک لە سەردەمی ئێستادا ڕێز و حورمەت و گەورەیی تایبەت بۆ مامۆستا حەسەن کامکار و گشت هونەرمەندان بە نیسبەت ڕابردوو دادەنێ.

 

هاژە: بۆخۆتان یەکەم ساز کە بە دەستانەوە بووە و لێتان داوە، چ سازێک بووە؟

من وەک باوکێک کە ٦٨ ساڵی تەمەنە، نەک وەک کەسێک کە کاری مۆسیقایی دەکات، پێشنیارێکم هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێ مۆسیقی فێر بن، پێشنیارم ئەوەیە هەر کەس دەیهەوێ کاری مۆسیقایی دەست پێ‌بکات بە ئامێری "تۆنبەک"ەوە دەست پێ‌بکات، چون تۆنبەک "ڕیتمە". مۆسیقا ئەگەر چوار کۆڵەکەی هەبێ، کۆڵەکەیەکی"ڕیتمە". ئێمە بۆخۆمان زۆربەمان بە ئامێری "تۆنبەک" دەستمان پێکردووە. من بۆخۆم لە یه‌که‌مین کۆنسێرت‌ کە لەگەڵ گرووپی "شیدا" و شەجەریان بەشداریم کرد تۆنبەکم لێدا. دواتر سازی دیکەمان هەڵبژارد، مەودای تەمەن قەت ئیزنی ئەوەت پێنادا کە تۆ ٣٠ دانە سازان فێر بی. شایەد ئەگەر ئەو قسەیە بکەم زانایان ڕامێنن کە "ئیستیعداد و بیر و هۆشی زۆر مڕۆڤ لە بەین دەبات"، چون مڕۆڤ کاتی نابێ بە هەموو ئامێرێکی مۆسیقایی کار بکات و لە هەمووی ئەوانەدا ببێتە مامۆستا. ئێستا براکانی خۆم هەر یەکەی شارەزای سازێکی تایبەتن و هەر یەکەی لە سەر سازێکی کار دەکەن.

 

هاژه: بارودۆخی دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران به‌ربه‌ستی بۆ ئێوە و گرووپەکەتان ساز نەکرد؟

لە سەرەتادا پێشیان به کار و چالاکی ئێمه گرت. دیتمان ڕادیۆ مۆسیقای نییە بڵاوی بکاتەوە. ئەگەر بۆخۆمان وەخۆ نه‌که‌وین و دەست پێنەکەین خۆمان لە بەین دەچین. بە گشتی گرووپی چاوش و شەیدا و کامکارەکان، شەجەریان و نازری دەستمان دایە دەستی یەک و گوتمان ئێستا کاتی درووست کردنی گۆرانی و مۆسیقایە. دوای سەرکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران کاربەدەستان تەنگیان بە مۆسیقا هەڵچنیبوو، دەیانگووت نابێ ڕیتمی ٨ – ٦ به کار بێ، لە حاڵێکدا ڕیتمی نه‌ته‌وەیی ئێرانی تەواو ٨ -٦ە یا نابێ گۆرانی خەڵک وە سەما بێنێ، لە حاڵێکدا ڕەقس و سەما پاڕانەوە لە دەرگای مەعبوود و خودایە، یا دەیانگوت نابێ که‌لک له ئامێری مۆسیقایی تۆنبەک وەرگیرێ (بە جۆرێک کە تا ساڵی ١٣٦٧ کەڵک وەرگرتن لە ئامێری تۆنبەک قەدەغە بوو!)

دەورەی ئێمە دەورەیەکی ناخۆش بوو، بەڵام چوون ئەوین و هۆگری و تەعەسووب بە کار کردن هەبوو، بڕوامان بە کار کردنی خۆمان هەبوو، بۆیە درێژەمان پێدا لە هەمان کاتدا زۆر کەسی وەک لوتفی، فەڕشید فەریۆسفی و سینەکی لەو باروودۆخەدا وەڕەز بوون و تاقەتیان تەواو ببوو. منیش بۆخۆم بڕستم لێبڕا، چوار جار نەشتەرگەری دڵم بۆ کراوە، لە گەدەم (معدە) تومۆریان دەرهێناوە.

 

هاژە: دەوترێ بۆ یه‌که‌م جار ئێوە ئامێری "دەف"تان لە چوارچێوەی خانەقایە هێنایە دەر بۆیه به باوکی دەفی ئێران ناوەزەد کراون، چۆن بوو ئەو بڕیارەتان دا؟

لە هەر گەڕەکێکی کوردستان‌ ئەو دەم هەر نەبێ دوو خانەقای لێبوو، لە هەر خانەقایه‌ش نزیکە ٢٠ کەس دەف‌ژەنی چاک وەک مامۆستا (محەممەد شێخە، کەریم شێخە، خەلیفە کەریم) لێ‌بووە کە هەموویان مامۆستای من بوون. چون من دەفم هێنا نێو مۆسیقاوە خەڵک لە گەورەیی خۆیەوە نێوی منیان "باوکی دەفی ئێران" ناوە، هەڵبەت بەرێز محەممەدڕەزا لوتفی زۆری یارمەتی دام و ئەو دەگوت: "دەف لە نێو مۆسیقای کۆنی ئێرانیدا بووە".

کاتێک عەڕەبەکان هێرشیان بۆ ئێران هێنا زۆر یەک لە سازەکانی وەک "چەنگ"یان لە بەین برد و قەت نەهاتەوە نێو مۆسیقای ئێران، یا ئامێری "عوود"یان لەگەڵ خۆیان برد و لە ئێران بە تەواوی لە ناویان برد، جا ئەگەر ئێمە بمانهەوێ تەکنیکی ئەسڵی "عوود" فێر بین دەبێ بچینە کن هونەرمەندە عەڕەبەکانی وەک (موونیر بەشیر، جەمیل بەشیر، مارسۆل خەلیفە، ئەسعەد خان) و لەوان فێر بین. ئەگەر ئێمە چاو لە هێرشی عەڕەبەکان بکەین ئەوان تاقمێک لە سازەکانیان لە بەین برد و تاقمێکی دیکەیان لەگەڵ خۆیان برد، هەر لەو بەینە‌دا هێندێک لە سازەکان لە سووچێکدا گۆشەنشینیان بۆخۆیان هەڵبژارد و ئەویندارانی ئه‌م سازانه هەر لە چوارچێوەیەکی داخراودا لێیاندا و بەم شێوە خۆیان لە حەرامی و حەڵالی نەجات ‌دا کە دەف یەکێک لەوان بوو کە لە ناو "دەروێشەکانی قادری".

من ساڵی ١٣٥٣ ئەو ئامێرەم لە خانەقاوە بۆ دنیای مۆسیقا و گۆرانی هێنایە دەر. ئەو کات لەگەڵ گرووپی شەیدا لەگەڵ بەڕێز محەممه‌د ڕەزا شەجەریان لە جەژنی گەورەی هونەری شیراز بۆ یه‌که‌م جار دەفم لێدا، لەو جەژنەدا دەف به شەوێک ڕێگای ٢٠ ساڵەی پێوا، یانی بیژەن کامکار ئەگەر بە یارمەتی (لوتفی، گرووپی شەیدا و شەجەریان) نەبایە ٢٠ ساڵی دەویست تا ئەو ئامێرە هاتبایەتە نێو دنیای هونەرەوە.

لە شیراز لەو شەوەدا پێشوازێکی گەرم لە ئامێری دەف کرا و تەواو ئامادەبووانی وەجۆش خست و بۆخۆیان پێشنیاریان ئەوە بوو کە دووبارە کەلک لەم سازە وەرگیرێتەوە. ئەم ئامێرە بۆیە بە یەک شەو ڕێگای ٢٠ ساڵەی پێوا چون "دەف، ئی ئەم گەل و میللەتەیە، ئی خۆیانە و لە خۆیانە و بێگانە نییە".

هەمیشە گوتوومە: "من عاقیبەت بەخێرترین ژەنیاری ئێرانم" چون من بە هیوای ئەو ڕۆژە بووم کە هەزاران کەس لە ئامێری دەف کەڵک وەرگرێ و لێیدەن، جا ئێستا میلیۆنان کەس دەف لێدەدەن و ئەوە بۆ من گەورەترین بەختەوەرییە.

 

هاژە: هاوکات ئاواز و گۆرانیشتان لەگەڵ ژەنینی مۆسیقا دەست پێکرد؟

من ئێستا نەچووبوومە قوتابخانە لە تەمەن چوار ساڵیدا لە بەرنامەی "منداڵی" ڕادیۆ سنە گۆرانیم دەگووت. ئێمە ئەو کات لە ماڵە خۆمان ڕادیۆمان هەبوو، تەنانەت بۆ دەنگی ژێر لە من و بەڕێز شەهلا وەلیدی "خوشکی فەتانەی وەلیدی" و هوشەنگی برام کەلک وەردەگیرا. بۆ وێنه بەڕێز نەوروزی، مەزهەر خالەقی و حەسەن زیرەک کە دەیان خوێند، دەنگە ژێرەکان ئێمە بووین کە دواتر بۆ بەرنامەکانی فەرمی قوتابخانەکان (تەک‌خانی)شمان دەکرد.

 

هاژە: یەکەم کۆنسێرت کە لەوێدا ئاوازتان خوێندووە کوێ بوو؟

قوتابخانەی سەرەتایی (ئیتحاد) کە ئی جوولەکان بوو. بابم ویۆڵۆنی لێدەدا و هوشەنگیش سەنتور، یەکەم کۆنسێرتمان ئاوا بەڕێوەبرد. با ئەوەش بڵێم کە ٨٥ دەرسەدی ئەو شاعیرانەی کە بۆ بابم شێعریان دەنووسی جوولەکه بوون.

 

هاژە: باروودۆخی مۆسیقای کوردی لە ئێستادا چۆن دەبینن؟

مۆسیقا بەیانی هەستی پاکی ئینسانییە، مۆسیقا مۆری ئیستانداردی نییە، بەداخەوە ئەو داوەری و قەزاوەتانەی دەکرێن ئەوەندە خراپن کە سەرچاوەکەی زۆرتر بۆ بێسەوادی ئەوان دەگەڕێتەوە، تۆ ناتوانی بەرەنگاری ببیتەوە تا مۆسیقای مەسرەفی لە سەروی هەموو شتێک بێت. کاتێک کەسێک بەهێز دەکەی و سەرمایەگوزاری لەسەر دەکەی و گەنج و لاوەکان بۆ لای دەڕۆن و پشتی دەگرن، ئالێرەدا دنیا دنیای سەرمایەدارییە و لێرە دایە کە غیرەت و گەورەیی و نامووس و شەڕەفی سونەتی بایەخی نامێنێت.

گەنجێک که مۆسیقای دەشتی، سێ‌گا و شوور نازانێ و لە بەرەوە دەڵێ مۆسیقای کلاسیک خراپ و بێ‌کەلکە، بەڕێز تۆ لە پێش‌دا بچوو فێری بە، دوایە وەرە داوەری لەسەر بکە کە ئاخۆ خراپە یا چاکە.

مۆسیقایەک کە تۆ بتوانی بە ڕاحەتی بیخوێنی، عەلاقە و هۆگری پێ پەیدا دەکەی، مۆسیقا بە هەزار جۆر لە سەر تۆ شوێن دادەنێت کە من بە دوو جۆر دابەشی دەکەم کە یا "هەستی تۆ ببزێوێ یا ئیعجازت وەگەڕ خا". لاوەکانی ئەمڕۆ زۆرتر لە "ئیعجاز" کەڵک وەردەگرن چون ئەوان وەجۆش و خرۆش دەخات، بەڵام بەداخەوە ئەوان لەو بەشەدا هەستیان بەجێهێشتووە. ئەو کەسە سەرکەوتوویە کە هەست و ئیعجاز پێکەوە تێکەڵ بکات.

 

هاژه: لەو بەینەدا کێ گوناه‌بارە؟

لە دەرەجەی یەکەم‌دا بەرپرسان، چون پشتگیر نین و لە هەمان کات‌دا لەم بوارەدا بێ‌لیاقەتن چون لێی حاڵیی نین. لە دەرەجەی دووهەمدا سەرچاوەی ئیلهام گۆڕاوە. هونەرمەند سەرچاوەی ئیلهامی دەوێ کە ئەو شتەی لە دەروونی خۆیدا پێویستی پێیەتی، هەڵیڕێژێ.

بەڕێزان بەنان و ڕووحوڵڵا خالەقی و قەوامی لە سەر سەرچاوەی ئیلهام بە ئێمە دەڵێن بۆچی مۆسیقای ئێوە ئەو جۆرە کە دەبێ شوێن دانانێ، من دەڵێم سەردەمی پێهەڵاگوتن بە گوڵ تەواو بووە و ئەگەر من بێنم دەرونیشی کەم، کەس گوێی ناداتێ. سەرچاوەی ئەوان گوڵ، کێو و دارەستانەکانە، لە حاڵێکدا سەرچاوەی لاوی ئەمڕۆ داعش، شەڕ، تیرۆر و دەنگی گولەیە، جا ئەگەر ئەوان دێن مۆسیقا دروست دەکەن، ئاهەنگ و مۆسیقاکەیان چەشنێک "قەڵسی" و "تووڕەیی" پێوە دیارە.

بەداخەوە ئەو عیشق و ئەوینەی کە دەبێ لە نێو خۆشەویستیدا دەبێ هەبێ نەماوە، جا ئەلێرەدا "بارهێنانی کۆمەڵایەتی" بایەخی خۆی هەیە. ئەڕژەنگی برام قسەیەکی جوان دەکات، دەڵێ: "لە مۆسیقی جاز و پاپ سێکسی لێ‌ بگرە، هیچی بۆ نامێنێ"، گرینگ لێرەدا لەباوەش گرتنی کچ و کوڕ لە نێو فیلمەکە دایە، دەنا ناوەرۆک لەم جۆرە ئاهەنگانەدا بەداخەوە گوێی نادرێتێ و بەتاڵه.

هەمیشە گوتوومە: "ئەگەر دەتانهەوێ لە بازاڕەکانی جێهاندا لە تەنیشت نەواری مایکێل جەکسۆن و... بەرهەمی ئێوە ببیندرێ، دەبێ ئەو مێلۆدییەی کەلکی لێ وەردەگرن (ئێرانی) بێ. زۆربەی زۆری ئەوانەی کە کاری ئەم جۆرە مۆسیقایانە دەکەن، هەر نازانن کە دەزگای شوور و دەشتی یا ڕیتمی ئێرانی چییه، دوایەش که چوونە دەرەوەی وڵات، ئەو جار لەوێ گۆرانی ئینگلیزی و تورکی دەڵێن.

مێلۆدێکانی سادە و فۆلکلۆر چوون سادە و خۆماڵین و حۆقەبازیان تێدا نییە، بە جوانی لە نێو دڵی مڕۆڤدا جێگای خۆیان دەکەنەوە. گۆرانییەکانی کوردستان بۆخۆیان هەر یەکەی کانگای ڕیتمن کە هیچ کەس لە دنیادا نایناسێ.

 

هاژە: ئێوە بۆ دووبارە سازکردنەوەی مۆسیقای فۆلکلۆر حەول و تەقەلاتان داوە، ئەو کارەی ئێوە جۆغڕافیای مۆسیقای کوێی گرتۆتەوە؟

من دەستم لە هیچ یەک لە مێلۆدییەکان وەرنەداوە. ئێسپەڕانتۆ کە زمانێکی هاوبەشی (ئیسپانیا، ئاڵمانی، ئینگلیزی، ئیتالیایی)ە و ئەوان زۆریش لەم بوارەدا زۆر سەرکەوتووبوون، ئێسپەڕانتۆی ئێمە گشتی کوردستانە.

 

هاژە: دووەمین جارە لەگەڵ گرووپی "فیلارمۆنیکی موکریان" کۆنسێرت بەڕێوە دەبەن، گرووپەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن و ڕا و بۆچونتان لە سەر کۆنسێرتی مەهاباد چییە؟

من ٧ – ٨ ساڵان دەبووم کە هونەرمەند خەلیل سەدیقی هاتووچۆی بابمی دەکرد و گۆرانی بۆ باوکم دەگوت. ئەو دەم کە هاتە سنە یەک دوو ئاهەنگی لە باوکم تۆمار کرد تا ئەگەر بۆ مەهاباد گەڕایەوە بیهێنێتەوە ئێرە و لێرە بڵاوی بکاتەوە. ئەو کات تەواوی مەهاباد گەڕابای ٤ دانە ژەنیارت پەیدا نەدەکرد، بەڵام ئێستاکە دەبینی چەندە بەرەو پێش چووە و شوێنی ئەوەیە کە زۆر گرووپی دیکەی لێ دروست بکرێت.

مۆسیقای کوردی لە مەهاباد لە ئاست کەمییەوە زۆر چاک بەرەو پێش چووە، بەڵام لە ئاست کەیفییەتەوە بە‌و شێوەی پێویسته نەیتوانیوە خۆی ببینێتەوە و ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە "سەرچاوەی ئیلهام" خرا بووە. چون تۆ لە سەرچاوەی ئیلهامدا ئەوینێک نابینی، ئێستاکە بارودۆخ گۆڕاوە، دەبێ لە هەمبەر خەڵک‌ تەعەسووبت هەبێ. کاتێک لە گەرمەی شەڕی داعشدا دەبینی کیژی کورد دەفرۆشترێ، دەی هونەرمەندی کورد مۆسیقاکەی تووڕه دەبێ. بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک بارودۆخەکە لە بواری سیاسی و ڕۆنێسانسی فکرییەوە باشتر و خۆشتر دەبێ، ڕەدیفەکانی مۆسیقا هەمووی تۆمار کراون و گەنجەکان تەنیا دەبێ هیمەتیان هەبێ و کاریان لە سەر بکەن.

 

هاژە: زۆر سپاس که بەشداری گوت‌وبێژی هاژه بوون. له کۆتاییدا ئه‌گه‌ر وتەیەکتان هه‌یه بیفەرموون

وەک باوکێک نەک وەک موزیسییەنێک، ئامۆژگاریم بۆ لاوەکان ئەوەیە کە هەلەکان لە دەست مەدەن، پانتایی ژیان بەرته‌سکه. داهاتووی مۆسیقای کوردی بە ڕوونی و بە خۆشی دەیبینم، چون هەموو ماددەکانی مۆسیقامان هەیە، تەنیا دەبێ کاری لەسەر بکرێ. جێگای خۆشحاڵییە ئەم ماددانەی کە سەرچاوەی ئیلهامن هەن و لە لایەکی دیکەشەوە ئەو کەسانەی کە کاری ژەنیاری مۆسیقا دەکەن، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێش هەنگاو دەنێن و تەنیا یەک ڕۆنێسانسی فکری و یەک ئیرادەی بەهێز پێویستە کە ئەوانە پێکەوە تێکەڵ بکرێت.