بە پێی هەواڵی هاژە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕی ٩٧ هەڵمەتی خوێندوومەتەوە- بیخوێنەوە بە بەشداری کۆمەڵیکی بەرچاو لە هۆگرانی کتێب لە باغی مکاییلی مەهاباد لە لایەن ڕێکخراوەی سەوزبیرانی لاوی مەهاباد بەڕێوەچوو.
بەرپرسی لێژنەی کتێبی ڕێکخراوەی سەوزبیرانی لاوی مەهاباد لە گوتوبێژ لەگەڵ هەواڵنێری هاژەدا گوتی: ئێمە وەک ڕێکخراوەی سەوزبیرانی لاوی مەهاباد ئەم هەڵمەتەمان لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا دەستپێکردووە و ئەمڕۆ بۆ یەکەمجارە کە وێستگەی کتێبی ئەم هەڵمەتە دادەمەزرێ.
ڕۆیا ڕۆستەمی هەروەها گوتی: ئەم کتێبانە لە لایەن خەڵکەوە بە ئەمانەت دراوە بە ئێمە و هەر بە ئەمانەتیش دەدرێنەوە بە هۆگرانی ئەم بوارە.
ناوبراو ڕایگەیاند: لەسەر لاپەڕەی هەوەڵی ئەم کتێبانە نووسراوە: خوێنەری هێژا، ئەم کتێبەم خوێندوەتەوە و چێژم لێ بردووە، تۆش بیخوێنەوە، چێژی لێ ببە و لە شوێنێکی گشتی بۆ خەڵکانیتری جێ بهێڵە.
پەخشان قەلەندەری، بەرپرسی ڕێکخراوەی سەوزبیرانی لاوی مەهاباد لەم بارەوە ڕایگەیاند: کۆمەڵە بەرنامەیەکیترمان لە هەمبەر کتێب و کتێبخوێندنەوە لەبەر دەستە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوەیان دەبەین.
پێویست بە ئاماژەیە کە ڕێکخراوەی سەوزبیرانی لاوی مەهاباد لە ساڵی ۹٤ بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و کاروباری فەرهەنگی دامەزراوە